
كاوە مەحموود
لە ڕۆژی نێودەوڵەتی دیالۆگی نێوان شارستانییەكاندا
لە كاتێكدا چاوەگەكانی بارگرژی و گۆڕەپانەكانی جەنگ هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهان و ڕێگرتن لە گەشەسەندن و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی پێكدەهێنێت و بۆ بیانووهێنانەوە و بەردەوامبوون بەم ئاراستەیە بیانووی جۆراجۆر بەكاردێت و لە ناوەندێكی فراواندا بانگەشە بۆ گوتاری دەمارگیری و توندوتیژی و ململانێی شارستانییەكان و بەكەمتەماشاكردن و سڕینەوەی بەرامبەر دەكرێت، گوتارێكی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی ئەلتەرناتیف بەشێوەیەكی زانستی و بە پشتبەستن بە لۆجیك و خوێندنەوەی مێژوو، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی مرۆڤایەتی و كرۆكی شوناسی ڕاستەقینەی شارستانییەكانی جیهان، بەناونیشانی گوتاری دیالۆگی نێوان شارستانییەكان گەڵاڵە دەبێت.
ئەمساڵ كە ساڵێك تێپەردەبێت بەسەر بڕیاردانی 10ی حوزەیران وەك ڕۆژی نێودەوڵەتی دیالۆگی نێوان شارستانییەكان، كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاردرا و بۆ ڕێزگرتن لەم بۆنەیە كە دەبوایە چالاكی جۆراجۆر بكرایە هەروەك بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان داوادەكات، شەڕ لەبەر دەرگای ماڵەكانمانە و خەریكە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گڕدەگرێت و هەردەم بۆ جۆشدانی چاوگەكانی بارگرژی و بەرپاكردنی شەڕ و ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان، هۆكاری جیاوازی ئایینی و كەلتووری و ناكۆكی شارستانییەكان بەكاردەهێنرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هۆكاری سەرەكی ململانێیەكان بریتین لە ناكۆكی بەرژەوەندییەكان و خولیای خۆسەپاندن و چەوساندنەوە و زەوتكردنی ماف و ئیرادەی گەلان.
لەم جیهانە پڕ كێشەیەدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەر دەوڵەتێكدا، كە دووچاری كێشەی ناوخۆیی دەبێتەوە و لەسەر ئاستی كێشەكانی جیهانیشدا، دیالۆگی هاوسەنگ و پشتبەستن بە فرەبوون و هەمەجۆری و هاوسەنگی شارستانییەكان ڕێگای ڕاگرتنی بەفیرۆدانی سامانی مرۆیی و سروشتی و داهاتی ئابووری ئەم هەسارەیەیە، كە مرۆڤایەتی ژیانی تێدا بەسەر دەبات. ئەم هەسارەیە مرۆڤایەتی لە یەك كەشتی كۆكردۆتەوە و كەس مافی ئەوەی نییە ژێرخۆی چاڵ بكات و قۆرت لێبدات، چونكە مەترسی لەسەر بوون پێكدەهێنێت، بۆیە جگە لە پردی لە یەكتر تێگەیشتن و متمانەدروستكردن، بژاردەی دیكە كارەساتبارە.
پاشخانی سیاسی و هزری ئەم بڕیارەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرۆسەی "دەستپێشخەری شارستانی جیهان"، كە لەلایەن شی جین بینگ، ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە ئاداری 2023 و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ زیاتر لە دوو سەد پارتی سیاسی و كەسایەتی نێودەوڵەتی لە جیهاندا ڕایگەیاند.
گرنگی ئەم دەستپێشخەرییە هەر ئەوە نییە كە لەلایەن سیاسەتمەدارێكی شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و سەرۆكی دەوڵەتێكی كاریگەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی خراوەتەڕوو، بەڵكو گرنگی دەستپێشخەری شارستانی جیهانی لەوەدایە، كە دیدێكی ستراتیجی شی جین بینگە وەك بیرمەندێك و تیۆریستێك، كە چەندین داهێنانی هزری هەیە سەبارەت بە حەوكەمەی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی چەمكەكانی كۆمەڵگەی چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی و بابەتەكانی تایبەت بە مۆدێرنەكردن. لە هەمان كاتدا ئەم دەستپێشخەرییە تەواوكەری دوو چەمك و دەستپێشخەری دیكەیە سەبارەت بە ئاسایشی هاوبەشی مرۆڤایەتی و گەشەپێدانی هاوبەش.
بنەمای ئەم دیدە بریتییە لە داننان بە فرەبوونی شارستانییەكان و ڕێزگرتن لە جیاوازییەكان و پشتبەستن بە دیالۆگ لە جیاتی ململانێ و هەنگاونان بۆ گەشەپێدان و قازانجی هاوبەش و جەختكردن لەسەر نەریتی مرۆڤایەتی هاوبەش و بەهاكانی عەدالەت و یەكسانی و دیموكراسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاند و جەختكردن لەسەر كۆمەڵگەی هاوئاوازی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای عەدالەت و ئاشتی و پاراستنی ژینگە.
یەكەمین ساڵڕۆژی یادی رۆژی نێودەوڵەتی دیالۆگی شارستانییەكان هەلێكی باشە، كە ئاماژە بۆ ڕۆڵی شارستانییەكانی نیشتمانی خۆمان بكەین، كە ئەمڕۆ گەلی كوردستان هەڵگری میراتی زیندووی پڕشكۆی شارستانییەكانی زاگرۆسە، كە یەكەمین مەڵبەندی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و سەرەتای شارستانییە. كەڵەكەبوونی ئەزموونی ئەم شارستانییە كۆمەڵێك نەریت و بەهای گرنگی بۆ گەلی كوردستان جێهێشتووە، لەوانە نەریتی بەیەكەوژیان و دووربوون لە شەڕانگێزی و داگیركردنی خاكی گەلانی دیكە و ئامادەبوون بۆ دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگای دانوستان و ئاشتی و پاراستنی ئەم نەریتانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی كۆمەلگەی كوردستان و لە سەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ شارستانییەكانی گەلانی دیكە ئەركێكی هەنووكەییە. لەم ڕووانگەیەوە گەلی كوردستان دەتوانێ بەشداری كاریگەری لەسەر ئاشتی ناوچەكە و جیهان و پاراستنی ئاسایش و وەدیهێنانی گەشەپێدانی هاوبەش بكات.
هەر بۆیە پەیامی سەرەكیمان لەو ڕۆژەدا بانگەشەكردنە بۆ كاركردنی هاوبەش و گۆیگرتن لە یەكتر و ڕووبەڕووبوونەی گوتاری قینە و قایلنەبوون بە بەرامبەر و پشتبەشتن بە نەریتە مرۆییەكان و پشتگیریكردنی دیالۆگی نێوان شارستانییەكان.
ئەمڕو لە ڕەوشێكدا باس لە دیالۆگی نێوان شارستانییەكان دەكەین، جیهان هەنگاو بەرەو فرەجەمسەری دەنێت و تەنانەت بەشێوەیەكی كردەیی فرەجەمسەرە. ژیان ئەوەی سەلماندووە، كە ناكرێ شارستانییەك سەروەری بەسەر شارستانییەكانی دیكەی جیهان هەبێت و خۆی بە سەنتەر بزانێت. تێگەیشتن لەم ڕاستییە هۆكاری سەرەكییە بۆ خوێندنەوەی واقیعبینانەی جیهانی ئەمڕۆ و سیستمی نێودەوڵەتی نوێ، كە ناكرێ لەسەر چەمكی قازانجی یەكلایەنە و زیانی بەرامبەر بنیاتبنرێتەوە. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە چەمكی "حەوكەمەی نێودەوڵەتییە" كە بنەماكانی عەدالەت و بەویژدانی و یەكسانی شارستانییەكان و كاركردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەكان لە بواری پیسبوونی ژینگە و فراوانبوونی دیاردەی هەژاریدا ببێتەوە.