
بەرەو كۆكردنەوەی تواناكان و كاراكردنەوەی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن
ئەبوکاروان
بەپێی خوێندنەوە و تێگەیشتنی زۆر لە بیرمەندانی مارکسی، مارکسیزم تیۆری کۆمەڵایەتی و جیهانبینی و ئایدیۆلۆژیا و قوتابخانەیەکی فەلسەفی سەردەمی نوێیە و میتۆدێكه بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، نه‌ك تیئۆ‌رێك بۆ نیشته‌جێبوون و متبوون و بازنه‌یه‌كی چەقبەستووش نییە لە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی داخراودا، بەڵکو ڕوانگەیەکی تیئۆری زیندووە لەپێناو مرۆڤدا و ئەمەش وەک قوناغی تێکۆشان پێویستی بە بەرنامە و دروشمی تایبەتی خۆی هەیە و خەبات و تێکۆشانیش بەپێی واقع و کات و سەردەمەکە دەستنیشان دەکرێت، لەم چوارچێوەیەشدا چەپ و مارکسییەکان تەنھا سۆشیالیزم بە سەرچاوەی سەرەکی کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی مرۆڤ دەزانن، ئێمەش لەم تابلۆیەدا بەردەوام جەختمان لە تێکۆشان لەپێناو مرۆڤدا کردۆتەوە و پێمانوایە سۆشیالیزم وەک مەودای دوور و ستراتیجی، هیچ گوڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە و هەمیشە ڕێگایەکی ئاواڵایە بۆ خەبات و تێکۆشانی چەپ و مارکسییەکان لەپێناو بەرجەستەکردنی گۆڕانكاری له ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی چەوساوە و ستەملێکراو له هەر سەردەم و قۆناغێکدا بێت.
بۆیە گەر بەمێژووی حزبی شیوعیدا بچینەوە لە قۆناغەکانی ڕابوردوودا، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە کاری بەرەیی و کاری ھاوبەشی دروشمی سەرەکی بووە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێک لە قۆناغەکان و خودی حزب یەکێک بووە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو پرۆسە نیشتمانییە. بۆ نموونە بەرەی نیشتمانی بۆ ڕوخاندنی سیستەمی پادشایەتی لە ساڵی١٩٥٧، یان ڕێککەوتنی دوو قوڵی لەگەڵ پارتی ھەر لەو سەردەمەدا تادەگاتە بەرەی جوقد و جود و بەرەی کوردستانیی پێش ڕاپەڕین.
كاری هاوبه‌ش و مەیسەرکردنی ڕووبه‌رێك بۆ پێكه‌وه‌كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌ر هێزێكی سیاسی و بزووتنه‌وه‌یەك یا زیاتر، مانای ده‌سبه‌رداربوون نییه له پره‌نسیپه فیكرییه‌كان و سازشكردن نییه له سه‌ربه‌خۆیی كیان و بەرنامە سیاسییه‌كان، بەڵکو پێکھاتنە لەسەر چەند خاڵیکی ھاوبەش کە پەیوەندییان بەژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە ھەیە و داخوازی ھەنووکەیی خەڵکن. ھەر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه لەدوای ڕاپەرین ھەردوو حزبی شیوعی عێراق و حزبی شیوعی کوردستان بەردەوام دروشمی سەرەکییان کاری ھاوبەش بووە، بۆیە حزبمان لە دوای ھەڵبژاردن و پێکھینانی یەکەم کابینەی وەزاریدا، مانەوەی بەرەی کوردستانی بەگرنگ زانی و دژی ھەڵوەشاندنەوەی بوو. له ئێستا و ڕابوردووشدا بانگەشە بۆ دروستبوونی قەوارەیەک دەکرێ لەژێر ناوی جیا جیادا.
لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینیش حزبمان چووەتە نێو دەیان کاری ھاوبەش لەگەڵ ژمارەیەک لە حزب و لایەنی سیاسی بە ئیسلامی و نەتەوەیی و عیلمانی و چه‌پەوە، کە زەروورەتی قوناغه‌كه خواستوویەتی، بێ ئەوەی ململانێی چێنایەتی و ڕێبازی فیکری و جیاوازییە سەرەکییەکانمان ببنە ڕێگر لبەردەم ئەو جۆرە کارە ھاوبەشانەدا لەگەل ئەو حزب و لایەنانەدا.
کەواتا ئەمڕۆ قۆناغێکی جیاوازتر ڕووبەڕووی گەلەکەمان بووەتەوە لە نەبوونی و نەداری و بێ‌کاری و دواکەوتن و نەدانی مووچە و دابەزینی داھاتی تاک و بوونی ده‌سەڵاتێکی سته‌مكار و بێباک بەرانبەر گەلەکەی.
ده‌سه‌ڵاتی ئێستای كوردستان هیچ سنوورێكی بێشه‌رمی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی نه‌ماوه تێینه‌په‌ڕاندبێ، كایه‌یه‌ك نه‌ماوه ده‌ستی گه‌نده‌ڵی و دزییان بۆ درێژ نه‌كردبێت، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه و فشار بۆ كۆتاییهێنان به‌م دۆزه‌خی ژیانی خه‌ڵكییه و كاركردن له‌گه‌ڵ هێز و بزووتنه‌وه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌ك مایه‌ی نه‌نگی نییه، به‌ڵكو زه‌ووره‌تێكه.
بازاڕێكی قۆرخكراو له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی سیاسی و هه‌ڕاجكردنی سامانی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌ویی وڵات، ده‌ستبردن بۆ قووت و مووچه و ژیانی خه‌ڵكی و درێژه‌كێشانی ئه‌م دۆخه بۆ ماوه‌ی ساڵانێك، كاری تیكۆشه‌رانه‌ی ده‌وێ و پێویستە هێزه ئۆپۆزسیۆنەکانیش له‌م ساتەدا کە کۆمەڵگە و خەڵک لە دۆخێکی دژوار‌دا گەمارۆدراوە، هەنگاوی کردەیی بنێن و بۆ ئەمەش باشترین كار دروستكردنی چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌شه بۆ كۆتاییهێنان به‌م هه‌موو بێدادی و ناهه‌مواری گوزه‌رانە، نه‌وه‌ك ڕاوه‌ستان و ته‌ركیزكردنه سه‌ر جیاوازییه‌كان.
لەم تێگەیشتنەوە پێموایە کە پێویستە لەپەڕاوی پڕۆژەی سیاسی کۆنگرەدا پرسی كۆكردنەوەی لایەنەكان و ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیران و تەنگژە سیاسی و ئابوورییەکان و ئەو قۆرخکارییەی دەسەڵات لە هەرێم بکرێتە خاڵی گفتوگۆی چڕ و کار لەسەر پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی سیاسی دوور لە ململانێی ئایدیۆلۆجی و فیکری بکرێت و وەک خاڵێکی گرنگ و زەروورەتێکی مێژوویی ئەم قۆناغە بڕیاری لەسەر بدرێ ، ئەویش بەپشتبەستن بەوەی دەسەڵاتێك لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە و ساڵانێكە حوكمڕانی دەكات و بەرنامە و نەھجی دیارە و لەبەرچاوە و ناتوانێ گۆڕانكاری و چاكسازی بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ناوچەکە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەو کێشانەی بەهەڵپسێردراوی ماونەتەوە، وامان لێدەخوازێ بەیەکگرتوویی و بەدوور لە ئینتیمای فیکری و ئایدیۆلۆجی لەسەر خاڵە ھاوبەشەكان پێشڕەوایەتی جەماوەر بكەین لەپێناو ماف و داخوازییە ڕەواکانی هاووڵاتی و فشار خستنە سەر دەسەڵات بەمەبەستی گوڕانكاری و نەھێڵانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی، کە بووەتە مایەی تێکدانی شیرازەی دەوڵەتداری و بەرهەمهێنانی دەیان جۆر قەیرانی مەترسیدار و شێواندنی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان.