
محهمهد چۆمانی
١- پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و مووچە نادەن و قەوارە دەپارێزن، قەوارەیەک لەژێریدا ئەوان تێر و میللەت رووت و برسی! بەغدا تەشقەڵەتان پێدەکا و دوژمنە و مووچە نانێرێ، کوا کارتی فشارتان؟ ئەدی لە بەغدایێ چدەکەن؟ یان نەوت و داهات بدەنە بەغدا و پێکبێن، یان بیدەنە میللەتی خۆتان و مووچە دابینکەن، بژاردەی سێیەم نییە. پڕیشکی توڕەیی خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، وەک ئاگرێکی بێ ئامان هەروا پەرە دەستێنێ. ئەو ملهوڕییە دەتانگەیەنێتە بژاردەی سێیەم، کە تەڕ و وشک پێکەوە سووتاندنە. لەوەشدا هەمووان زیانمان بەردەکەوێت.
٢- وا بڕیارە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر کێشەکانی خەڵک لە هەولێر لە بارەگای (حشک) کۆببنەوە، ئەگەر بیانەوێ لەو قاوغی بێدەنگی و بێ هەڵوێستییە بێنەدەر دەبێت بەرەیەکی بەرفراوانی فشار دروستبکەن. لەو قۆناغەدا داکۆکیکردن لە خەڵک بە بەیاننامە و ئیدانەکردن و پرێس کۆنفرانس ناکرێ، شەقام مەیدانی تێکۆشانە و کەسی یەکەمی حزبەکان لەپێشی پێشەوە بێت. مەدەنییانە و بەرپرسیارانە چالاکی بەڕێوەبەرن. داوای دروستکردنی ئەنجومەنێکی تایبەت بە پرسی نەوت و داهات، لە خەڵکی تەکنۆکرات و پسپۆر و دەستپاک و نیشتمانپەروەر، دوور لە حزبایەتی بکرێت، کە کاری سەرەکی شەفافییەت و ئاگابوون لە کۆکردنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و ناوخۆ بێت. وە بەر لەقاچاخچێتی و تاڵانی نەوت بگرێت.
داوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەو حکومەتە بکەن و حکومەتێکی راگوزەری نیشتمانی بۆ دەربازکردنی هەرێم لە کێشە و مەترسییەکان پێشنیازبکەن.