پاشخان؛ سەرەتایەکی پێویست

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ەوە، خواستی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی نەوتی کوردستان بەجددیی هەنگاوی بۆ نرا. بە پێداگیریی نوێنەرانی کوردستان لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق، چەند مادە و بڕگەی پێوەست بە نەوت لە دەستووردا جێگیرکران کە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی نەوت لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق، هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت دیاری دەکەن. جێگیرکردنی ئەو مادانە، هیچ کات بە خواستی لایەنەکانی عێراقی نەبوون، بەڵام پێداگیری نوێنەرانی کوردستان، کۆدەنگییان، هێز و کاریگەریی لایەنی کوردستانی لە بونیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراقی، مەرج و داخوازییەکانی بەسەر لایەنەکانی عەرەبی عێراقیدا سەپاند.

لەگەڵ پیادەکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ٢٠٠٦دا، هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان ڕێککەوتن لەسەر پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق لەماوەی ساڵێکدا و لە ئەگەری دەرنەکردنی یاساکەش لەماوەی دیاریکراودا، هەریەک لە حکوومەتەکانی عێراق و کوردستان لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت بەردەوام دەبن بەو جۆرەی خۆیان دەستیان پێکردووە، تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گازی عێراق دەردەکرێت.

یەکەمین ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق لە ٢٠٠٧ ئامادە کرا، بەڵام حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بە سەرۆکایەتی نووری مالکی، لە تێپەڕاندنی ڕەشنووسەکە وەک ئەوەی بە ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەت ئامادە کرا بوو، پاشگەزبووەوە. لە هەنگاوی یەکەمدا لە رێگەی ئەنجوومەنی شورای عێراقییەوە دەستکاری ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە کرا و بەو جۆرە داڕێژرایەوە کە بەغدا دەیویست. لایەنی کوردستانی نەچووە ژێرباری ڕەشنووسە دەستکاریکراوەکە. لە هەنگاوی دووەم و لە ساڵی ٢٠١١دا حکوومەتی عێراق تاکلایەنە پڕۆژەیاسایەکی دیکەی نەوتی ڕەوانەی پەرلەمان کرد کە تەواو پێچەوانەی ئەو پڕۆژەیە بوو لە ٢٠٠٦-٢٠٠٧دا ڕێککەوتنی لەسەر کرا بوو. پڕۆژەیاسایەکە بەشێوەیەکی تەواو مەرکەزییانە داڕێژرا بوو، بەجۆرێک کە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی بۆ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت دابین نەدەکرد و نەگونجاوییەکی ڕوونی لەگەڵ دەستووری عێراق بەرجەستە دەکردەوە. لایەنی کوردستانی نیگەرانی جددی لەو هەنگاوە دەربڕی و بەتوندی ڕەتی کردەوە. هەنگاوەکەی بە دژایەتیی دەستوور و مافەکانی هەرێمی کوردستان لێکدایەوە.

هاوکاتی دانوستان و ئامادەکارییەکان بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق، لە ئاستی ناوخۆدای هەرێمدا، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان ئامادە کرا. یاساکە بە ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکرا. بەوەش پاڵپشتییەکی یاسایی بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان دەستەبەرکرا. بە پێچەوانەی دۆخی عێراقەوە کە تا ئێستایش نەیتوانی ئەو بۆشاییە یاساییە پڕ بکاتەوە کە نەبوونی یاسای نەوت و گازی عێراق دروستی دەکرد. لەکاتێکدا دەستووری نوێی وڵاتەکە پێداگیریی لەسەر دەرکردنی یاساکە دەکردەوە.

 پەرەپێدانی کەرتی نەوتی کوردستان

دەرکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان، گوڕێکی تایبەتی بە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گازی کوردستان دا. یاسایەکە پاڵپشتی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دروستکرد و هانیدان وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی کوردستاندا بکەن. لەماوەی چەند ساڵێکدا دەیان کۆمپانیای نێودەوڵەتی گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئیمزا کرد و دەستیان بە گەڕان و پشکنین لە بلۆکەکانی نەوتدا کرد. سەرەڕای ئاستەنگ و هەڕەشە بەردەوامەکانی حکوومەتەکانی عێراقی، پڕۆسەی گەڕان بەدوای نەوت، دۆزینەوە و پەرەپێدانی بلۆک و کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بوو.

 پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای نەوت و گازی کوردستان، حکوومەتی هەرێم پشتی بە ئیمزاکردنی مۆدێلێکی تایبەت لە (گەرێبەستی هاوبەش لە بەرهەم) لەگەڵ کۆمپانیاکان بەست. نزیکەی یان زیاتر لە ٥٠ گرێبەستی نەوتی لەماوەی چەند ساڵێکی دیاریکراودا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت ئیمزا کران. هەندێکیان توانیان نەوت لە ناوچەکانی گەڕان و پشکنیندا بدۆزنەوە و هەندێکیان نەوتیان نەدۆزییەوە و ناوچەکانی مۆڵەتیان ڕادەستی حکوومەتی هەرێم کردەوە و کۆتاییان بە گرێبەستەکانیان هێنا.

حکوومەتی هەرێم هەوڵی دەدا بەخێرایی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا بکرێت و بەرهەم تا ئاستێک بەرز بکرێتەوە کە داهاتەکەی قەرەبووی لانیکەمی ئەو بەشەبودجەیە بکاتەوە لە داهاتی گشتی فیدڕاڵی بەدەستی دەگەیشت. مکوڕبوونی حکوومەتی هەرێم لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و لە بەرانبەردا هەڵوێستی بەغدا هەر لە دەربڕینی نیگەرانی و گوتاری هەڕەشەئامێزدا نەمایەوە، بەڵکوو چەندین ڕێگری و ئاستەنگی کرداریی ڕووبەڕووی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا سەرکارەکان لە کەرتی نەوت و گازی کوردستاندا کردەوە. کاریگەرترینیان بڕینی بەشێک لە بودجەی هەرێم پێش ئەوەی لە ٢٠١٤دا بەشەبودجەی هەرێم بە تەواوەتی ببڕدرێت. هەروەها کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوتی هەرێم و کڕیارەکانی نەوتی هەرێمی خستنە لیستی ڕەشەوە یان سکاڵای لە دژ تۆمار دەکردن، لەکاتێکدا کە لە ٢٠١٣ەوە حکوومەتی هەرێم دەستی بە سەربەخۆفرۆشتنی نەوتی هەرێم کرد.

مکوڕبوونی حکوومەتی هەرێم لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت، دوو پاساوی ئاشکرای هەبوو، یەکەمیان بەرجەستەکردنەوەی مافێکی دەستووریی بەپێی دەستووری نوێی عێراق کە پێی وا بوو مافی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی نەوت بە هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان دەدات؛ دووەمیان: دابین نەکردنی بەشەبودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی عێراقی فیدڕاڵدا کە هەر لە پاش ٢٠٠٣ەوە پشکی هەرێم بە ١٧٪ لە داهاتی گشتی عێراق دیاریکرا بوو، بەڵام هیچ کات ئەو بڕەپارەیە وەک خۆی و لەکاتی خۆیدا بە هەرێم نەدەدرا.

بڕیاری سەربەخۆفرۆشتنی نەوت

بەرپرسانی باڵای حکوومەت و بەدیاریکراوی بەرپرسانی کەرتی نەوتی هەرێم لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا، بۆچوونێکیان هەبوو ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەستدەکەوێت، زیاترە لەو داهاتەی بەغدا بە هەرێمی کوردستانی دەدا. ئەو لێکدانەوەیە پاڵنەرێکی گەورە بوو لە بڕیاری سەربەخۆفرۆشتنی نەوتی هەرێم. بڕیارەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە، پاش ئەوەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی تورکیا لەسەر هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتن. سەرەڕای هەموو فشار و هەڕەشەکانی عێراق، دەست بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان کرا.

لە ماوەیەکی کەمی دواتردا، حکوومەتی عێراقی لە دەستەی ناوبژیوانی پاریس سکاڵایەکی لە دژی تورکیا تۆمار کرد بەپاساوی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو دەوڵەت لەبارەی بەکارهێنانی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا و دەسەڵاتی فرۆشتن و بارکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. سکاڵاکە چەندین ساڵ هەڵپەسێردرا، تا ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بڕیاری دەستە ناوبژیوانییەکە لە دژی تورکیا و لە بەرژەوەندی عێراق ڕاگەیەنرا و حکوومەتی تورکیاش ڕاستەوخۆ پابەندبوونی بە ناوەڕۆکی بڕیارەکە ڕاگەیاند و بەوەش کۆتایی بە سەربەخۆفرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان هات. پاش ئەوە، هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان ڕێککەوتن لەسەر دەستکردن بە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەناوی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ.

 

بڕیاردان لە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت

لە کۆتایی نیسانی ٢٠١٣، پەرلەمانی کوردستان بە (یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٣، یاسای دیاریکردن و وەرگرتنی بەرکەوتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتە ئیتحادییەکان)، حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کرد، لە ئەگەری دابین نەکردنی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و قەرەبوونەکردنەوەی ئەو زیانانەی لەلایەن ڕژێمەکانی پێشووی عێراقەوە لە خەڵکی کوردستان دراون، بەتایبەت قەرەبووەکانی پێوەست بە کۆکوژی و جینۆسایدی گەلی کوردستان، ئەوە حکوومەتی هەرێم دەست بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی فیدڕاڵدا.

بەو شێوەیە لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە پاڵپشتییەکی یاسایی بۆ سەربەخۆفرۆشتنی نەوت دەستەبەرکرا و حکوومەتی هەرێم پابەند کرا بە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت لەپێناو قەرەبووکردنەوە یان مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

یاسای دابینکردن و وەرگرتنی بەرکەوتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتە فیدڕاڵییەکان، لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانەوە گفتوگۆ کرا و لانیکەم ٩٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاجیاکاندا قسەیان لەسەر کرد. سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی هەرە زۆری بەشدارییەکانی پەرلەمانتاران هەڵوەستەکردن بوو لەسەر چەند خاڵێکی لاوەکی، بەڵام لە ئاستێکی دیاریکراویشدا چەند پەرلەمانتارێک تێبینی گرنگیان دا لەسەر ئەو پێشهاتە گریمانەکراوانەی کە دەشێت بەهۆی سەربەخۆفرۆشتنی نەوتەوە دروست ببن و لەناویشیدا توانای هەرێمی کوردستان لە قەرەبووکردنەوەی بەشەبودجەدا. لەکاتێکدا وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا، پێی وا بوو ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوتی خۆی دەستی دەکەوێت، زیاترە لەو داهاتەی لەو قۆناغەدا لە بەغداوە بە هەرێمی کوردستان دەگات.

دابین نەکردنی بەشەبودجەی تەواوەتی هەرێم لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، پاڵنەری جددی بوو لە بیرکردنەوە لە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت، لەکاتێکدا بۆچوونێکی زاڵ لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان بەرزدەکرایەوە کە بە پێویستی دەزانی حکوومەتی هەرێم لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی حکوومەتی عێراق تۆمار بکات بەهۆی ڕەوانە نەکردنی

بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە. لەکاتێکدا بیرۆکەی قەرەبووکردنەوەی بەشەبودجەی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە کرداریتر دەزانرا.

لەو قۆناغەدا پەرلەمانی کوردستان بەسەر دوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دابەشببوو، پارتی و یەکێتی(لیستی کوردستانی) هاودەنگ و یەکدەنگ بوون لە پاڵپشتیکردنی ئەو یاسایەی حکوومەتی هەرێمی بە فرۆشتنی نەوت پابەند دەکرد و فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن(گۆڕان و ئیسلامییەکان) کە خاوەنی ٣٥ کورسی پەرلەمان بوون، سەرەڕای ئەوەی لە ئاستی سەرکردایەتی باڵای سیاسییاندا کێشەیەکیان لەگەڵ سەربەخۆفرۆشتنی نەوت نەبوو، لە ئاستی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیشیان وێڕای پاڵپشتی لە ناوەڕۆکی یاسایەکە، بەڵام داوایان دەکرد دواجار هەر ڕێوشوێنێک کە حکوومەتی هەرێم لە بەرانبەر بەغدا و بۆ فرۆشتنی نەوت پێڕۆیی دەکات، لەلایەن پەرلەمانەوە ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، لەکاتێکدا ڕای زاڵ ئەوە بوو کە پەرلەمان ئێستا، لێرەدا و لە پەسندکردنی یاساکەدا دەسەڵات بە حکوومەت دەدات بۆ لەبەرگرتنی پرۆسەی سەربەخۆفرۆشتنی نەوت و پێویست ناکات جارێکی دی بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە.

 

وتاری نووسەران