برایم محێدین عارف

لە دێڕە نوسینێکی نوسەرێکدا هاتوە(من نوسەرێکی پڕ ئازارو ئێوەش خوێنەرێکی بێ دەنگ). کاتێک لەسیمای مانای گشتی دێڕەکە ورد دەبیتەوە، پاڵنەرێکەو دەتخاتە نێو گڵێنجانەیەکی تێکەڵەی تێکهەڵکێشی هەردوو جیهانی نوسین و خوێندنەوە و دیاردە ئەرێنی و نەرێنی جیهانە تایبەتەکەی ئەم دوو دیاردەیە.کە هەمیشە هەڵبژاردەی تاکەکانی کۆمەڵ پێوەی سەرقاڵن و دەکەونە ژێر سێبەری چەتریانەوە، زۆر دەگمەن تێکڕای تاکەکانی کۆمەڵ،دەچنە سێبەری ئەم دوو دیاردەو کاتی خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، لەم ڕۆژگارە سەرقاڵیەی هەڵبەزو دابەزی بەڕێکردنی ژیاندا.

لە دەمێکەوە ئاماژە دراوە مەرج نیە هەمو خوێنەرێک نوسەر بێت، بەڵام مەرجە هەمو مرۆڤێک خوێنەر بێت، لێرەوە دەردەکەوێت پێویستی خوێندنەوە گشتیەو بۆ هەمو تاکێکە، لەکاتێکدا نوسین ، زۆرتر ‌ئارەزوومەندانەیە، ئیلهام و داهێنانی تیایە، نوسەران خەڵکانێکی هەڵبژاردەن و مەرج نیە هەمو خوێنەرێک بنوسێت، یان بەدیوێکی تردا دەکرێت کۆی تاکەکانی کۆمەڵ خوێنەر بن و نوسەران چینێکی کەمی هەڵبژاردەوداهێنەر، مەحاڵە نوسەر خوێنەرێکی هەمیشەیی نەبیت، ببیتە نوسەرێکی داهێنەر. لە هەمان کاتدا ئەوەی کاتی تەرخانکراوی ڕۆژانەی بۆ خوێندنەوە نەبێت نابێتە نوسەرێکی کارامە، چونکە خوێندنەوە سەرچاوەیەکی سەرەکی کرانەوەی مێشک و فراونی ئاستی بیرو تێگەیشتن لە ژینگەو دەوروبەرە، هەرگیز خاڵی کۆتایی نیە، سەرچاوە و زەمینە ڕەخسێنەری داهێنانیشە. مرۆڤ لەهەر بوارێکی ژیاندا کاربکات و لە بوارەکەی خۆیدا پسپۆڕیش بێت، هەر پێویستی بە خوێندنەوەیە لە هەمو بوارەکاندا، ئەگەر لەبواری پسپۆڕیەکەیدا ئەزمونی باشی وەدەس هێنابێت، کرانەوە مێشک و خوێندنەوەی قوڵی هەبێت، لە پیشەکەی خۆدا زیاتر قاڵ دەبێت، فراوانتر نیگا دەکات بۆ دیاردەکان و ڕۆ دەچێتە نێو قوڵایی تێگەیشتن و بازنەی کارکردنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی چاپوکی و ژیری وورد، لە ئەنجامدانی کارەکان و ئەزمون پەیدا کردن و زۆر نواندنی کرداری جوان لەبوارەکەی خۆیدا. مرۆڤی بیرکراوە زیاتر بە قوڵی دیاردەکان دەبینێت، کەبە قوڵیش دیاردەکانت بینی، بە دڵنیاییەوە جوان و ناشیرینی دەخەیتە نێوان دوو کەوانەی جیاوازەوە، جوانیەکان هەڵدەبژێری تا مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت و ناشیرینیەکان دەخەیتە لاوە تا بەرۆکت نەگرن. مامەڵە کردن لەگەڵ دیاردە جوانەکان بەختەوەرت دەکات، بەکارهێنانی ناشیرینیەکانیش سوێی ئازاری ناسۆری و پەشیمانی دێنێتە مەیدان. لەم وڵاتەدا هێندە ڕووداوو کارەساتی ناخ و بیر هەژێن زۆرن، هەرچەندە تەقەلا بکەیت هەستکردن بە ئازارەکان زیاترن لە ئاسودەیی و چێژ وەرگرتنی خۆشیەکان، چونکە وڵاتەکە ژینگەیەکی ناتەندروست بۆمرۆڤ دێنێته ئاراوە، لەهەلو مەرجی نالەباردا ڕۆژانە کێشەو بەرەی بەدەر لە توانای تاکەکان بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت، کاریگەری لە سەر توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ هەیە، هیلاکی و شەکەتیش هێندە زۆرن، مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ ئازارەکاندا دەژی، کەمتر پەی بە ئاسودەیی ڕووحی و دەروونی دەبات. دیارە ئەمەش لە تاکێکەوە بۆ تاکێتر جیاوازە، بە پێی باوەش گرتنەوە بۆ کاریگەری کێشەکان و ڕادەی ڕەنگدانەوەی کاریگەریان لەسەر مرۆڤەکان، کە بە پێی سروشتی پێکهاتەی کەسەکان، ڕادەی کاریگەریەکە دەگۆڕێت، مرۆڤ هەیە زۆرتر بونیادی گەشبینی تیا کۆبۆتەوەو کەمتر ڕەشبینە بە سروشتی خۆڕسکانەی پێکهاتەی بونی وەک تاک، بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە. دیارە بەشێک لە کەسایەتیە ڕەشبینەکان کەپێکهاتەی سروشتیان وا هەڵکەوتوە زیاتر بێ ئومێدی لەکەسایەتیاندا ڕەنگ دەداتەوە، هەمیشە لە بازنەی هەستکردن بە ئازاردا دەخولێنەوە و ئاییندەی ڕووناک نابینن. زۆربونی دیاردە دزێوەکانی ئەم وڵاتە، نا ڕوونی ئاییندەش هێندەیتر قوڕەکە خەستدەکاتەوەو مەدای ڕەشبینی فراوان دەکات. لە وردبونەوە لەم دێڕەوە دەگەیتە ئەو ڕاستیەی زۆربەی هەرە زۆری نوسەران لە مرۆڤە دانسقەو دیارەکانی کۆمەڵن، هەمیشە هەڵگری کۆڵی خەم و ناسۆرەکانی میللەتن، لەگەڵ کۆی ئازارەکانی گەلدا دەژین، هەر بۆیە هەمیشە دڵ پڕئازارن. ڕووداوەکان دەیان هەژێنێ و لە ڕێگەی نوسینەکانیانەوە ڕازە نهێنیەکانی خەمی میللەت هەڵدەڕێژن، تا زیاتر لە گەڵیاندا گینگڵ نەخۆن و بێ هیوایی سەردەر نەهێنێت بۆ دۆخی چەقین لە هەنگاو نانی ڕێڕەوی ژیاندا. بەدیوێ تردا خەم و ئازارو ناسۆری دیاردە دزێوەکانی ئەم وڵاتە، مایەی هەڵڕشتنی سۆزی خۆشەویستی نەتەوەو نواندنی بەها جوانەکانی داهێنان و ئافڕاندنی نوسەرانە،تا لەپێناو میللەت و نەهامەتیەکانیاندا بژین.دیارە خوێنەرانیش کە بەرهەمەکان دەخوێننەوەو تێکەڵ ئاریشەو کێشەکان دەبن، کێشە زەقەکان کەم و زۆر توشی شڵەژانی دەروونیان دەکات و بەدەم ئازارەکانەوە دەتلێنەوە. بەشێکیان لە ئاست دیاردەکاندا بێ دەنگن، ئەمەش بۆ کۆمەڵێ هۆکار دەگەڕێتەوە کە ڕەنگە سروشتی کەسەکان، ملدان بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەی ئەوەی دێت با ڕووبدات،.. زۆر هۆکاریتر لە بازنەی ڕازیبون بە بە ڕێڕەوی پڕ کێشەی ژیان بێت بە هەمو جۆرە کێشەکانەوە.بەشێکی تریشیان لەگەڵ ئازارەکاندا دەتلێنەوەو گینگڵ دەخۆن، کار لەسەر بەرەنگاربونەوەی دیاردە دزێوەکان دەکەن، بەڵام کە پەیام نانێرنەوە بۆ نوسەر، تێکڕا لەگەڵ بێ وەڵامەکاندا لای نوسەر دەچنە خانەی بێدەنگیەوە. دۆخی ڕێڕەوی ژیانی نوسەران وخوێنەران بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی خۆشبەختی و نا ئاسودەییدا گوزەر دەکات، لایەنە ئەرێنیەکانی بەختەوەری ژیانی نوسەر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، زۆربەی نوسەران هەمیشە لە سەنگەری میللەتدان، لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەدا دەژین، خەمەکانیان لەبازنەی ئێش و ئازارەگشتیەکاندا دەخولێتەوە، جۆرێک پەیوەستبون بە میللەتەوە لەگەڵ ئازارەکانی مرۆڤایەتیدا خول دەخۆن، لە مێژوودا وەک کەسانی خەمخۆری میللەت تۆمار دەکرێن و ناچنە سەنگەری نەیارانی میللەتەوە ،ئەمەش لایەنێکی ئەرێنی گەشە و دەکرێ ئاسودەیی ڕوحی لێبکەوێتەوە. لایەنی نەرێنیش بە هۆی کرانەوی مێشکی نوسەرانەوە دێتە بون، کە ئەمان کەمتر ئاسودەیی دەروونی دەچێژن لەساتی بینینی دیاردە دزێوەکادا، کراوەتر لەنەهامەتیەکانی ژیان دەڕوانن و بە دیاردە دزێوەکان دڵتەنگ دەبن چونکە ناتوانن چاویان لێ بپۆشن، ڕێگا چارەشیان لانیە، تەنها دەتوانن بیان خەنە ڕوو ئاماژەیان پێبدەن، چونکە نوسەران کەمتر لە هەڕەمەکانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردندا بەشدارن، توانای چارەسەری کێشەو دیاردە دزێوەکانیان نیە. ئەمەش وەک دیاردەیەکی نەرێنی دەگەڕێتەوە سەرکەسێتیان و نائاسودەیی دێنێتە ئاراوەو لەژیانی ڕۆژانەیاندا بێ ئومێد دەبن، ئەوانەی ناچنە ژێر باری ستەمی ڕۆژگارەوە ئەو تاکانەن کەکەمتر هەست بە ئێش و ئازاری مرۆڤ دەکەن و بیر تەسکن. لە بەرانبەردا زۆری کێشەو ڕووداوەکانیش کاریگەری لەسەر نوسەر هەیە، بەپێی سروشتی کەسەکان کاریگەری خۆ خواردنەوەی لایەنە نەرێنیەکان جیاوازە، ئەو کاتانەی خەم و ناسۆریەکان بەتوندی بەرۆکی نوسەر دەگرن، بێهیوایی دێتە بەرهەم و ڕەنگە جاروبار بێهیوایی ڕەشبینی بۆ نادیاری ئاسۆی ئاییندەشی لەگەڵ بێت، کە چارەنوسی ئاییندەش ڕەشبینانە بینرا، مرۆڤ نازانێت بەرەو چ هەڵدێرێکی ترسناک هەنگاو دەنێت. ڕەشبینی دەبێتە تەقینی کانگای خەمۆکی لەمرۆقدا. هەروەک لە سیمای دێرەکەوە ناخی نوسەر دەخوێنرێتەوە، حەسرەت بۆ ناسۆری میللەت و بێ دەنگی خوێنەر دەردەدەبڕێت. ئەم دیاردەش لە هەستکردن بە جوانی بیرکردنەوەی نوسەرو هەڵبژاردنی سەنگەری گشتی میللەتەوە دێت کە زۆربەی نوسەران تیایدا بەشدارن. بەدەر لە دنیای نوسەران کە هەمو خوێنەری هەمیشەیین، لایەنە ئەرێنیەکانی ئەو مرۆڤانەشی کە خوێنەری ڕۆژانەن ، بەڵام نانوسن، بە هەمان دۆخی لایەنی گەش و ڕەشدا تێدەپەڕێت، خوێنەر دووبارە نوسەرانیش دەگرێتەوە چونکە هەمو نوسەرێ خوێنەرە، کاتێک خوێنەرێکی قۆڵە و ڕۆدەچێتە دنیای خوێندنەوە وەک خۆراکی مێشکی ڕۆژانە دەبێتە پێویستیەکی ژیان، تێکەڵ بون و هەستکردن بە دیاردەی گەش و ڕەش. لە ڕێگەی خوێندنەوەی ناخی خۆی و نوسەرانەوە پەی بە سەختی ئازارەکان دەبات، تاریکی و ڕووناکی ژیانی لێوە دیارە، دەتوانێت وەک تاکێ هەستیار بژێت و لەشتەکان تێبگات! دەزانێت نوسەر چی دەڵێت، لە کام بازنەی سەنگەردا قۆڵی لێ هەڵماڵیوە، ڕۆدەچیتە نێو ئەندێشەکانی نوسەرو لە گەڵیاندا دەژی. لەم کڵاوڕۆژنەوە بەرهەمەکانی نوسەر هەڵدەسەنگێنێ و بڕیار دەدات ببیتە خوێنەرێکی هەمیشەیی بەرهەمەکانی، یان دنیا تایبەتەکەی نوسینەکانی جێبهێڵێت. خوێنەران هەمیشە مێشکیان دەکرێتەوه فراوانتر لەژیان دەڕوانن، لە کڵاوڕۆژنەی تەسک بینیەوە نیگا بۆ ژیان ناکەن، لەم ڕۆژگارەی بەرپابونی ئازادیشدا، لەفەزای ڕەخساوی ژیانی تاکی کوردا هێندە بگرەو بەردەی ئەم سەرو ئەو سەری ژیان زۆرە، خوێنەران دیاردەی نەرێنیش دەیان گرێتەوە، کە کاردانەوەی لەسەر ڕێڕەوی ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، تیشک خستن سەرنەرێنیەکانی ژیانی خوێنەرانیش لەچەند دیاردەیەکدا کۆدەکرێتەوە. ئەوانەی تامەزرۆی خوێندنەوەیەکی قوڵی ڕۆژانەن زۆربەیان گۆشەگیر دەبن، کاتیان بۆ بابەتە کۆمەڵایەتیەکان کەم دەبێت، بگرە هەر بڕوایان بەهەندێک بابەتی دروستکراوی نەریت نامێنێت، تا پەیڕەویان بکەن. ئەمەش بەشی خۆی کێشەیان لە کۆمەڵدا بۆ دەنێتەوە، گلەیی دێتە سەریان، چونکە ئەمان لە هەندێ ڕووەوە سنوری نەریتی داسەپێنراویان بڕیوەو کۆتەکەیان شکاندوە. لەکاتێکدا نەریتەکان بەسەر نەچون، سیفەتی دەست پێوە گرتنیان لەناو کۆمەڵدا ماوە. خوێنەرانی قوڵی بیرکراوە کەمتر لەگەڵ ئەو ژینگانەدا دەگونجێن کە چوار دەوری داون هەندێکجار ڕوو لە گۆشەگیری و تەنهایی دەکەن. بەگشتی ئەم دیاردانە ئەوخوێنەرانە دەگرێتەوەکە بەهۆی خوێندنەوەوە تەواو لە هزردا کراونەتەوە،جیهان بە فراوانی دەبینن. ڕۆ دەچنە دنیای پەی بردن بە چێژی خوێندنەوەو لەگەڵ نازارەکانی هەڵگری پەیامی نوسەردا دەژین. ئەم دیاردە کەمتر خوێنەرانی ڕوو کەشی ڕۆژنامەو سۆشیال میدیا دەگرێتەوە، کە نەگەیشتونەتە کەناری کرانەوەی مێشک. کەمتر دەچنە قوڵایی تێڕامانەکانی خوێندنەوەو شیتەڵ کردنەوەی دیاردە ئەرێنی و نەرێنیەکان.

وتاری نووسەران