لەگەڵ ئەوەی بەدرێژایی تەمەنی حکومەتی هەرێم و، دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردە لەپەنا دامودەزگا فەرمییەکانی تری ئەم وڵاتەدا، بەردەوام بەرپرسانی ئەم دامەزراوەیە بڕیار و ڕاسپاردەیای جۆراوجۆریان لە پەیوەند بە کایەی پەروەردە و فێرکردندا ڕاگەیاندووە و، پاشانیش لەڕێگەی بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەکانەوە شۆڕیانکردۆتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن تاکو لەمیانی پیادەکردنیان، کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ڕەنگبداتەوە. لەم ڕووانگەیشەوە، لەلایەک چلۆنایەتی ئەم پڕۆسەیە بەهەردوو دیوی فێرکاری و پەروەردەییدا بەرەو باشتر ببات.  لەلایەکی تریشەوە ڕایەڵەی پێکهەڵکردن و ئاشتەوایی نێوان سیانەی ( دەستەی کارگێری، مامۆستایان،. خوێندکاران ) پێکەوە قووڵتربکاتەو. بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەو خواست و نییەتەوە،  دەبینین کۆی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە هێشتا نەیانتوانیوە بەدیوێکی ئومێدبەخش و گەشبینانەدا ڕۆڵێکی جلۆنایەتی بەرچاو بگێڕن و، وەک دەڵێن دارێک لەسەر بەردی بەرەوپێشچوونی مەعریفی و پەروەردەدا دابنێن بەجۆرێک کە هەموومان بتوانین لە ئاستیدا ئۆخەی بکەین و، وابیربکەینەوە کە ئەمڕۆی دۆخی پەروەردە و فێرکردن لەدوێنێ باشتر بەرەو باشترچووە  و، سبەینێشی لە ئەمڕۆی باشتر دەبێت.

*

هەڵبەتە زۆر هۆکار هەن لەپشت ئەوەوەن کە لەبەرچی نەتوانراوە ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە کاریکەرییەکی ئەرێنی و پۆزەیتیڤی بەرچاو لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دابنێن و، گۆڕانێکی دڵخۆشکەر لەڕووی چلۆنایەتییەوە بهێننەکایەوە کە دەشێت هەندێکیان زۆر ڕوون و بەرچاوبن و، هەندێکی تریشیان نیازیان بەوەبێت بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و، بە بوردی قسەیان لەبارەوە بکرێت..

*

لەئێستادا کە بەرپرسە بەڕێزەکانی ئەم وەزارەتە پڕۆژەی ( پەرەپێدانی توانااکان) یان لەناو ناوەندەکانی خوێندندا هێناوەتە بەرباس و، مەبەستیانە لەم ڕووەوە جۆرێک لە گۆڕان لەڕووی ئەدای وانە وتنەوەی مامۆستایان و، میکانیزمەکانی گەیاندنی داتاکانی زانین بە خوێندکاران و، ئاشتەوایی نێوان سیانەی ( دەستەی کارگێڕی، مامۆستایان، خوێندکاران ) و، فەزای ناوەندەکانی خوێندن و، بەسەنتەرکردنی خوێندکار لەڕووی فێرکاری و کەسێتی مەعنەوییەوە بهێننەکایەوە. بە پەسەندی دەزانم ئەوە بڵێم کە لەگەڵ ئەوەی هەوڵ و کارێکی لەو شێوەیە لە ڕووی تیۆری و نووسینەکییەوە بە شتێکی گرنگ و هەنووکەیی دادەنرێت، بەڵام لەهامانکاتدا دەمەوێت سەرنجی بەرپرسە بەڕێزەکانی ئەو دامەزراوەیە بۆ ئەوە ڕابکێشم کە هەوڵێکی لەو شێوەیە لەپەنای هەبوون و بەردەوامی دەیان کێشە و گرفت و قەیراندا کە ساڵانێکی زۆرە بەرۆکی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی گرتووە و، بەخۆیەوە گیرۆدەی کردووە، ناتوانێت بەرەنجامێکی  وەها بەدەستەوەبدات کە لەڕووی تیۆری و نووسینەکییەوە ئاواتی بۆ دەخوازرێت. چونکە هەوڵ و کارێکی لەم شێوەیە ڕووبەڕووی بەرکەوتن دەبێتەوە لەگەڵ چەندین بەربەست و ڕێگریدا کە هێشتنەوەیان بەشێوەی ئێستایان، سیحری هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە لەڕووی چلۆنایەتییەوە بەتاڵ دەکاتەوە.

*

لەسۆنگەی خەمخۆری و بەتەنگەوەهاتنم بۆ هەر هەوڵ و کارێک کە لە خزمەت پرسی پەروەردە و فێرکردن و کاراکتەرەکانیدا بێت، لێرەدا پەنجە دخەمە سەر بەشێک لەو گرفت و کێشە و ئاریشانە کە وەک بەرپبەست و ڕێگری گەورە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی چلۆنایەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندان و، وادەکەن گریمانەی بەرەوپێشجوون و کۆششەکانی چاکسازی لەو بوارەدا لەشوێنی خۆیدا ڕابگرن، یاخود لەگەڵ نائومێدی و شکستدا هاوتای بکاتەوە. 

بەڕای من، بەر لە بڕیاردان لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی لەم جۆرە، پێویست بوو بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە کاریان لەسەر ئەو گرفت و بەربەستە گەورانە کردبا کە وەک پێشتر ئاماژەم بۆکرد دۆخی خوێندنیان بەرەو دواوە بردووە و، توێژی مامۆستایانیشیان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریییەوە گیرۆدەی دەیان گرفت و دژواری کردووە . ئینجا کاریان لەسەر بیروئایدیایەکی لەم شێوەیە کردبا و، بڕیاریان لەسەر بدابا و، دوواتریش لەسەر ئەرزی واقیع هەوڵی گەیاندن و جێبەجێکردنیان بدانا لە ناوەندەکانی خوێندندا .

لە نموونەی ئەو گرفت و بەربەستە گەورانەش کە تیایدایە پەیوەستە بە ئەدا و کار و بڕیارەکانی ئەو دامەزراوەیە و، تیاشیدایە پەیوەستە بە دۆخی ژیانی مامۆستایان و، هاوکات تیاشیدایە پەیوەستە بە فەزای گشتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و واقیعی کۆمەڵگەوە، ئەمانەن :

- لەگەڵ ئەوەی بڕیار و ڕاسپاردەکان لەڕووی چەندایەتییەوە زۆر و  فرەبوون، بەڵام بەشێک لەو بڕیار و ڕاسپاردانە لەڕووی چلۆنایەتی و بابەتییەوە ناواقیعی و بێ گیان بوون.

- بەشێک لە بڕیار و ڕاسپاردەکان ئەوەندەی کاریان لەسەر نما و ڕووکەی ئەو پرۆسەیە کردووە، بەو هێندە خۆیان چڕنەکردۆتەوە  بەسەر جەوهەری کێشە و گرفت و نیاز و پێداویستییە بنچینەییەکانی ناوەندەکانی خوێندنەوە. .

- هەبوونی دەستێوەردانی حزبی لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و، ڕۆڵی نێگەتیڤی ڕێکخراوە حزبییەکان لەبەلاڕێدابردنی ئاراستە درووستەکانی پرۆسەی خوێندن و، بارگاویکردنی ئەم پرۆسەیە لەچەند ئاراستەیەکەوە بە سیمای حزبیانە و، هەژموونی ئایدیۆلۆژی دوور لە پەروەردە و فێرکردن کە ناتەبایی و پێکدژییەکی زۆری هەبووە لەگەڵ مەهام و ئامانج و ستراتیژی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.

- بەتەنگەوەنەهاتنی پێویستی خواست و داواکاری توێژی ماماۆستایان لەڕووی بەهەندگرتنی بیروڕا و پیشنیارەکانیان لە کردەی ئاڵۆگۆڕە کارگێڕییەکانی ناو ناوەندەکانی خوێندن و، گۆڕین و دەستکاریکردنی  پڕۆگرامەکانی خوێندن و، ئەو پرسانەی ڕایەڵەیان لەگەڵ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا هەیە.

- هەبوونی کێماسی و کەمووکوڕی لەدابینکردنی کەرەستە و سەرچاوە  و پێداویستییە زانستی و لۆجستی و فێرکارییەکاندا لەکاتێکدا کە بە وەسیلە و دەستاوردێکی هەنووکەیی دادەنرێن لە ئەداکردنی وانەوتنەوەی مامۆستایان و، گەیاندنی داتای زانیارییەکانی ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن لەفەزای پۆلدا بەخوێندکاران.

- بەشێک لە بڕیار و ڕاسپاردەکان هەلقووڵاوی ناخی ئەو پرۆسەیە نەبوون، یاخود بەگوێرەی نیازە ڕاستەقینەکانی ئەم پرۆسەیە ڕانەگەیەنراون، بەڵکو هاوردەکراوی دەرەکی بوون و، پێش بڕیاردان لەسەریان، بە وردی خوێبدنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری و ئاکامەکانیان نەکراوە.

- گیرۆدەبوونی تویژی مانمۆستایان و دەستەی کارگێڕی خوندنگەکان بە دۆخێکی خراپی ئابووری و، سەرگەرمبوونیان بە دابینکردنی نیاز و پێداویستتیە سەرەتاییەکانی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خێزان و کەسوکارەکانیان کە لەبەرەنجامی دواخستن و دەستبەسەرداگرتنی مووچە و شایستە داراییەکانیانەوە سەریهەڵداوە، وایکردووە نەتوانن بە تەواو توانا فکری و جەستەییەکانی خۆیان لە خزمەت ئەم پرۆسەیەدا بەکارببەن. ئەمەش بە نۆبەی خۆی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ڕەوتی پەروەردە و فێرکردن داناوە.

- کەمی نەخشە و پلانی پێویست بۆ باشترکردنی جێگە و شوێنگەی خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندندا و، دابەسكردنیان بەشێوەیەکی تەندرووست بەسەر ناوەندەکاندا و، شان بەشانی ئەوەش کەمی بینای خوێندن و بچووکی و کۆنی بیناکان و، دابیننەکردنی بەدجەی پێوسیت بۆ نۆژەنکردنەوەیان.

- گۆڕین و وەلانانی ئەرکی سەرپەرشتیار لە بەدواداچوون بۆ چلۆنایەتی پڕۆگرام و ئەدای مامۆستا و توانستی زانستی و مەعریفی خوێندکار بەگوێرەی پسۆڕی خۆیی و، سپاردنی ئەرک و کاری تر پێی لەردەرەوەی مەهامی سەرەکی خۆیدا وایکردووە چلۆنایەتی پڕۆگرام و ئەدای مامۆستا و توانستی زانستی و مەعریفی خوێندکار لەو وانەیەدا کە پەیوەستە بە پسپۆڕییەکەیەوە، لە چەندین ڕووەوە  لەجێگەی خۆی چەق ببەستێت، یاخود گۆڕانێکی بەرچاو بەخۆیەوە نەبینێت. 

- بەشێک لەو بڕیار و ڕاسپاردانەی ڕاگەیەنراون لەناوەڕۆکدا پێکدژییان تیادا بینراوە و، دەستەی کارگێڕی و مامۆستایان و خوێندکارانی دووچاری دڕدۆنگی و پەشێوی کردووە. تەنانەت هەندێکجار گەیشتۆتە ئەوەی بڕیار و ڕاسپاردەکان لە پراکتیزەکردنیاندا زیان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بگەیەنن.

- بەتەنگەوەنەهاتنی پێویست بۆ هەوڵ و کۆششی ئەو مامۆستاینەی بە هەقیقی خەمخۆر و دڵسۆزی ئەو پرۆسەیەن و، لەبەرچاونەگرتنی هەوڵ و کۆششەکانیان بەجۆرێک ک بتوانێت لەڕووی دەروونی و زانستییەوە دڵارامیان بکات و، هەست بەوەبکەن کە هەوڵ و کۆششەکانیان لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەوە بەهەند دەگیڕێت. 

-  هەڵوەشاندنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی بەشێک لە بڕیار و ڕاسپاردەکان لە نێوان وەرزەکانی خوێندندا، یاخود هەر ساڵێکی نوێی خوێندندا کە دیسان وایکردووە جۆرێک لە پەشێوی سەراسیمەیی لەلای کاراکتەرەکانی ناو ناوەندەکانی خوێندن درووستبکات و، نەخشەڕێی کارکردنیان لێ تێکبدات.

- سستی نواندن لە دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی بەپێویست دادەنرێن بۆ توێژی مامۆستایان لەڕووی دابینکردنی حەسانەی کەسێتی مەعنەوی و، دەستەبەرکردنی بیمەی تەندرووستی و، بەشداریپێکردنیان لە گەشت و سەفەرە زانستی و فەرهەنگییەکان کە تێچووەکانیان لەئەستۆی وەزارەتی پەیوەندیداردا بێت.

- کەمی دابینکردنی سەڕچاوەی زانستی و فێرکاری و ئایینی و زمانەوانی و پەروەردەیی جۆراوجۆر بەشێوەی کتێب و نووسراو و سیدی لەلایەن دامەزراوە باڵای پەروەردە و فێرکردنەوە کە بێگومان ڕۆڵێکی ئەرێنی باش دەگێڕن لە بەرەو پێشبردنی ئاستی مەعریفی مامۆستایان و خوێندکاراندا و، لەهەمانکاتیشدا دەروانێت دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی جیهانی نوێ و هاوچەرخدا واڵا بکاتەوە. 

- ونبوونی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەلایەن دامودەزگا پەروەردەییەکانەوە کە هاوکات لەگەل ڕاگەیاندنی هەر بڕیار و ڕاسپاردیەکی نوێدا، بتوانێت بەرچاوڕوونی بداتە کەسوکاری خوێندکاران تاکو ئەوانیش هاوکاربن لە پراکتیزەکردن و بەئەنجامگەیاندنی ئەو هەوڵ و کۆششانەی بەرەوپێشچوونی ئەرێنی و پۆزەیتیڤی لێدەکەوێتەوە.

- ئازادکردنی خوێندکار لەڕووی گفتاری و ڕەفتارییەوە لەڕێگەی چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکەوە بەبیانووی بەسەنتەرکردنی کەسێتی وی کە لە زۆر ئاراستەوە سنووری باو و نۆرماڵ دەبەزێنێت و، سەقامگیری ناوەندەکانی خوێندن و، ئاشتەوایی نێوان کاراکتەرەکانی ناو ژینگەی خوێندنگە بەرەو شێوان دەبات . چونکە هەنذێک لە خوێندکاران لە باکگراوەندی ئەوەی لەڕوو پاشخانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە نەیانتویوە کەشیتییەکی هاوسەنگ بۆ خۆیان فەراهەم بکەن، بەخراپی سوود لەو ئازادییە وەردەگرن.

- ئەمانە و چەندین گرفت و کێشە و ئاریشەی تر کە دەکرێت شارەزایان و خەمخۆران و پسپۆڕانی تری پەیوەست بە پرسی پەروەردە و فێرکردن ئاماژەی بۆ بکەن و، قسەی لەبارەوە بکەن و، وەک بەرچاوڕوونییەک بیخەنە بەرچاوی بەرپرسە بەڕێزەکانی دامەزراوەی وەزارەتی پەروەردە لەم وڵاتەد ... 

وتاری نووسەران