
ڕێباز مستەفا
ڕۆڵی وەرگێڕان لە پەرەپێدانی زمان و ڕۆشنبیری لە هەموو ئاست و بوارەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ و پڕبایەخە. هیچ گەلێک، هیچ زمانێک، هیچ وڵاتێک بە بەرهەمی خۆماڵی و بە تەنیا بە زمانێک ناتوانێت لە کاروانی ڕۆشنبیری و پێشکەوتندا بەردەوام بێت و بۆ پێشەوە هەنگاو بنێت، هەر ناچارە پەنا بباتە بەر گەلانی دیکە و زمانگەلی دیکە و شتیان لێوەربگرێت و بۆ سەر زمانی خۆی بیانگوازێتەوە، ئەمەش پێویستی بە کەسانێک هەیە ئەو پرۆسەیە بە باشی جێبەجێ بکەن، کە ئەمانە دەبنە هەڵقەی نێوان دوو زمان، دوو کلتوور و دوو ڕۆشنبیریی جیاواز، جا ئەگەر ئەمە ڕێسایەکی گشتی بێت بۆ گەل و وڵاتە پێشکەوتووەکان، بۆ ئەوانەی دەوڵەت و زمانی ستاندارد و جێگرتوویان هەیە، ئەوا بۆ گەلێکی ژێردەستە و زمان پەرشوبڵاوی وەک کورد پێویستە.
کاری وەرگێڕان هەم پێویستە، هەم بەرپرسیارێتییە و هەم کارێکی هونەریشە، وەرگێڕ وەکو پێشتریش زۆر باس کراوە و جەختی لێ کراوەتەوە دەبێت ئەو زمانەی لێی وەردەگێڕێت بزانێت، ئەو زمانەی بۆشی وەردەگێڕێت زۆر باش بزانێت، واتە ئەو زمانەی بۆی وەردەگێڕێت زۆر گرنگە، کە هەندێک وەرگێڕان کرچوکاڵ و بێسەروبەر دەردەچن، پەیوەندی بە وەرگێڕەوە هەیە، زمانەکەی باش نییە و ئەم خاڵانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین وەکو پێویست لەبەر چاو ناگرێت.
بۆ وەرگێڕانی هەر بابەتێك لە هەر زمانێكەوە بۆ زمانێكی دیكە پێویستە وەرگێڕ ئەم چەند خاڵە پەیڕەو بكات، کە باشترە هەنگاو هەنگاو بچێتە سەریان و کارەکەی ئاوا بباتە پێشەوە.
هەنگاوی یەکەم:
وەرگێڕ دەبێت شارەزای زمان و شێوازی دەقەكە بێت، واتە بزانێت، كە ئەو دەقە بە چ مەبەست و دیدگایەكەوە نووسراوە، کاتێک لەوە دڵنیا بوو و زانی ئەو دەقە و پەیامی دەقەکە چۆنە و بۆ چییە و لەگەڵ تێڕوانینی خۆی و پێویستبوونی خوێنەرانی خۆی یەک دەگرێتەوە و لە هەمان کاتدا لە خۆیشی ڕادەبینێت وەریبگێڕێت، ئینجا لەژێر ڕۆشنایی دەقەکە و لە چوارچێوەی شێوازی نووسەرەکەوە، زمان و شێوازێکی شیاو و گونجا دەدۆزێتەوە و دەست بە کارەکات.
هەنگاوی دووەم:
وەرگێڕ لەم هەنگاوەیدا دەست بە وەرگێڕانی ڕستەڕستەی دەقەكە دەكات و ئەگەر شتێك باش ڕوون نەبوو و تەواو تێینەگەیشت، دیاری دەكات و لە وەرگێڕاندا بەردەوام دەبێت، كاتێك دەچێتە پێش زۆر لەو ڕستە و گوزارە ناڕۆشنانە، ڕوون دەبنەوە و ئاسانتر خۆیان بەدەستەوە دەدەن.
بەم شێوەیە كاری وەرگێڕانەكە، ئەگەر نیوەچڵ و ناپوختەش بێت، درێژە پێ دەدات. ئەزموونی كاری وەرگێڕان ساغی كردووەتەوە، كە بە درێژەدان بە وەرگێڕانەكەیە تەكنیك و وردەكارییەكانی دەق ڕوون دەبنەوە و وەرگێڕ تێیان دەگات و ئینجا بە شێواز و مۆرك و دەربڕینی خۆی، بابەتەكە دەگوازێتەوە بۆ خوێنەرانی خۆی.
هەنگاوی سێیەم:
دوای وەرگێڕانی دەقەكە، وەرگێڕ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دێڕی یەكەم و بە گشتی پێیدا بچێتەوە. ئەم پێداچوونەوەیە پێویستە وەرگێڕ خۆی بیكات و هەموو هەوڵێكی خۆی بخاتە گەڕ، كە هیچ دێڕ و وشەپەڕین و هەڵەیەكی لەو جۆرەی بەسەردا تێنەپەڕن. جاری وا هەیە هەڵەی دەقەكەش دەردەكەون و وەرگێڕ بە سەرنج و وردبینیی خۆی دەتوانێت دەستنیشانیان بكات، لەو حاڵەتەدا هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان نووسەر و وەرگێڕ زۆر گرنگە، بەڵام ئەگەر نووسەرەكە نەمابوو، یان بەردەست نەبوو، وەرگێڕ دەبێت لەگەڵ ئەو دەزگایەی دەقەكەی چاپ كردووە پەیوەندی بگرێت، ئەگەر ئەوەش نەبوو دەبێت ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزادا بكات و بە نووسینی پەراوێز و سەرنجی خۆیەوە هەڵە و كێماسییەكە ڕاست بكاتەوە.
لەم هەنگاوی سێیەمەدا وەرگێڕ دەبێت هەموو هەڵەوپەڵەی ڕێنووس و زمانەوانی و هەڵەی چاپ و ڕستە و وشەی لەسەر زار ناخۆش بگۆڕێت و بە ڕستە و وشەگەلی جوان و ڕوون و ڕەوان دایبڕێژێتەوە و دڵنیا بێت، كە وەرگێڕانەكە بێهەڵەیە.
هەنگاوی چوارەم:
ئەم هەنگاوە بۆ هەموو وەرگێڕێك، تەنانەت بۆ نووسەرانیش زۆر پێویستە. لەم قۆناغەدا پێویستە وەرگێڕ كارە پوختەكراوەكەی خۆی لەو لا دابنێت و وەكو خوێنەرێك بیخوێنێتەوە. دەبێت وەرگێڕ و نووسەریش ئەوە بزانێت نووسینی خۆی کاتێک بە چاوی خوێنەری دیکە دەخوێندرێتەوە زۆر جیاوازە. لەسەر وەرگێڕە باش لەسەر ئەم خاڵە بوەستێت، ئینجا دەبینێت كارەكە هێندە ئاسان نییە، بەڵام بە هەڵوەستەكردن و پشوودرێژی و تێڕامانێكی ورد دەتوانیت بە چاوی خوێنەرێك، نەک خۆی، دەقەكە بخوێنتەوە و هەموو گرێوگۆڵ و كێماسییەكانی چاك بكات.
هەنگاوی پێنجەم:
دەبینین، كە وەرگێڕان جگە لە زانین و شارەزایی لە دوو زمان، پشوودرێژی و حەوسەڵەی پێویستە.
لەم هەنگاوەدا وەرگێڕ دوای ئەوەی دڵنیا بوو وەرگێڕانەكەی باش و ڕەوان و پوختەیە، ئینجا دەیداتە كەسێك، یان چەند كەسێك پێیدابچنەوە، ئەگەر هەڵەیەكی چاپ هەبوو دیاری بكەن، ئەگەر لەنگی و ناڕۆشنیێك هەبوو ڕاوێژی لەگەڵدا بكەن و ئەوەی پێویستە دەستكاری بكەن. ئەگەر ناوی ئەو كەسەی بە دەقەكەدا دەچێتەوە لەسەر بەرگی كتێبەكە بنووسرێت، بایەخی كارەكە زیاتر دەبێت و بەشێك لە بەرپرسیارەتیش دەكەوێتە سەر ئەو كەسەی دووەم.
هەنگاوی شەشەم:
دواكاری وەرگێڕ بریتییە لە بەرگ و چاودێریكردنی دیزاینی بەرگ و ناوەرۆكی كتێبەكە، چونكە زۆر جار لەبەر ئەوەی زۆر لە دیزاینەرەکان كتێبەكە ناخوێننەوە، نەخشەسازی و دیزاینەکەیان ناتوانێت گوزارشت لە ناوەرۆكی كتێبەكە بكات، یان جاری وا هەیە فۆنت و ڕەنگ و نووسینی سەر بەرگی كتێب، ئەوەندە ناقۆڵا و ناشیرین دەردەچێت، هەر خوێنەر لە نیگای یەكەمدا لێی دەسڵەمێتەوە.
بەمشێوەیە كاتێك ئەو هەنگاوانە هەمووی بە باشی جێبەجێ كران، كارەكە كارێكی باش دەردەچێت و نابێتە ئەو وەرگێڕانەی، کە بەداخەوە هەر بۆ زیادكردنی ژمارەی وەرگێڕان و بەرهەم دەكرێت و دواجار نەك سوودێك ناگەیەنێت بەڵكو دەشبێتە خوێنەركوژ و سستبوونی ڕێژەی خوێندنەوە.