ئەزموونی چین:

گەشتێک لە پەکینەوە بۆ نینگشیا: چەند سەرنجێک لەسەر مۆدێلی ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی لە دەوڵەتی چیندا

ئاسۆس ساڵح

لە پەکین، بەشداری سیمینارێکمان کرد لەژێر ناوی «دیپلۆماسی چینی: بنەما بنەڕەتییەکان و بڕیاردەرەکان» کە بۆ «شیۆنگ وی» بەڕێوەبەر و پرۆفیسۆر لە بەشی دیپلۆماسی و بەڕێوەبردنی کاروباری دەرەوە ڕێکخرابوو. شیۆنگ وی تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی سیستەمی سیاسی و چۆنیەتی ئیدارەدانی دەوڵەت لە چین، چەمکی ئۆتۆنۆمی هەرێمی نەتەوەیی وەک یەکێک لە پایەکانی فەلسەفەی دەوڵەتداری و “سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی” باسکرد. ئەم چەمکە، کە زۆرجار لە دەرەوەی چین بە هەڵە لێکدەدرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا میکانیزمێکە بۆ پاراستنی فرەچەشنی نەتەوەیی و کەلتووری لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا. دوای ئەم سیمینارە فکرییە، گەشتێکی نوێمان دەستپێکرد بۆ بچووکترین هەرێمی ئۆتۆنۆمی چین، نینگشیا، کە بووە هەلێک بۆ بینینی ئەم تیۆرییە لەسەر واقیع و تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکە.

 

نینگشیا: بازدان لە خەرەندی هەژارییەوە بۆ گەشەسەندنی بەردەوام:

ئەوەی لە نینگشیا سەرنجی ڕاکێشام، تەنها جوانی سروشتەکەی نەبوو، بەڵکو چیرۆکی گۆڕانکارییەکی قووڵی و بەرچاوی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو. ئەم هەرێمە، کە لە ڕابردوودا بە یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی چین دادەنرا، ئێستا بووەتە نموونەیەکی درەوشاوە لە گەشەپێدانی ئابووری بەئامانجی دانانی پایەکانی سۆسیالیزم. ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە بەرهەمی پلانڕێژییەکی ناوەندی و ستراتیژییەتی حزبی شیوعیی چینە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانییە هەرێمییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی دانیشتووان لە سەرانسەری وڵاتدا. لە کاتی چاکسازی و کرانەوەدا، نینگشیا ڕێژەی هەژاری و داهاتی تاکەکەسی زۆر نزم بوو، بەڵام لە ئێستادا و بە پلانە ستراتیژییەکان و دانانی پلان بۆ داهاتوویەکی دوورتر، هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی ژیان و داهاتی تاک دەدرێت. ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر توانای مۆدێلی بەڕێوەبردن و سۆسیالیستی چین لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەکەی، بەپێچەوانەی مۆدێلی سەرمایەداری، کە زۆرجار دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی سامان لە دەست کەمینەیەکدا.

لەو چوار ڕۆژەی لەم هەرێمە جوان و پڕ سەوزاییەدا بووین، سەردانی چەند ناوچەیەکی گرنگمان کرد. لەوانە ناوچە کشتوکاڵییەکان و زەوییە بەپیتەکانی ترێ، کە بەرهەمەکانیان لە کارگەکاندا دەکرێنە شەراب و سرکە. ئەمەش نیشانەیەکە لە پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی پەیوەست بە کشتوکاڵ و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە خۆجێییەکان بۆ گەشەی ئابووری. هەروەها، نینگشیا بە بەرهەمهێنانی میوەی تایبەتی گۆجی بێری (وڵفبێری) ناسراوە، کە سوودی زۆری بۆ دەرمان و خواردن و خواردنەوە هەیە و بازاڕێکی گەورەی بۆ خۆی دروستکردووە. ئەم جۆرە پەرەپێدانە ئابوورییە، کە تیشک دەخاتە سەر بەرهەمە خۆجێییەکان و بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی، بەشێکە لە ستراتیژی گەشەپێدانی سۆسیالیستی چین کە ئامانجی بەدیهێنانی خۆبژێوی و خۆشگوزەرانییە بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی یەکسان.

پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی: بەرپەرچدانەوەی گوتاری دژە چین:

یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی نینگشیا، بوونی فرەپێکهاتەیی ئایینی و نەتەوەییە، بەتایبەت بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە موسڵمانانی هوی Hui) ) لە کاتێکدا کە میدیای ڕۆژئاوا و هەندێک لە هێزە ئیسلامییە سیاسییەکان، کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هاوتەریبە، بەردەوام هەوڵدەدەن وێنەیەکی نەرێنی لەسەر سیاسەتەکانی چین بەرامبەر بە کەمینە ئایینییەکان دروستبکەن. ئەوەی من لە نینگشیا بینیم تەبایی و ئاشتی و ڕێزگرتن بوو لە مافە ئایینی و کەلتوورییەکان. هەروەها، میواندۆستی و هاوکاری و خۆشەویستی بۆ گەشتیار و میوانەکان دەرخەری ئاستی قبووڵکردنی یەکتر و خەڵکی تری زیاتر دەردەخست.

موسڵمانانی هوی لەم هەرێمەدا خاوەنی تەواوی مافە ئایینییەکانی خۆیانن و بەئازادی پەرستشەکانیان ئەنجامدەدەن. ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی چین لەم بوارەدا ئاڵۆزترە و نابێت بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان بکرێت، بەڵکوو دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەکان بکرێت. حزبی شیوعیی چین، لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی نەتەوەییدا، هەوڵدەدات مافە ئایینی و کەلتوورییەکان بپارێزێت، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە هەر جۆرە توندڕەوی و دابەشکارییەک دەکات کە ئاسایشی نیشتمانی بخاتە مەترسییەوە. ئەمە جیاوازە لەو گوتارە ڕقئەستوورانەیەی کە لەژێر کاریگەریی هەیمەنەی ڕۆژئاوادا، دژ بە چین پەیڕەو دەکرێت.

مێژوو و ناسنامە: پایەکانی هێز و یەکێتی نەتەوەیی:

لە سەردانەکەماندا بۆ نینگشیا، گرنگیدانی زۆری چین بە مێژوو و کەلتووری خۆی بە ڕوونی دەرکەوت. سەردانی شوێنی وێنەگرتنی فیلمە کۆنەکانمان کرد کە نزیکەی ۳۰۰ فیلمی مێژوویی لێوە بەرهەمهاتووە و ئێستا کراوە بە شوێنێکی گەشتیاری و نمایشکردنی بەرهەم و ئەو کەلوپەلانەی لە فیلمەکاندا بەرهەمهاتووە. هەروەها سەردانکردنی چیای هێلا کە شوێنەوار و هەڵکۆڵینی وێنە لەسەر بەردەکانی هی چاخی بەردەین بوو. لەگەڵیشیدا، شوێنەوارە مێژووییەکانی تر و ڕووباری زەرد، گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ ناوچەکە. چین بە گشتی گرنگییەکی زۆر بە مێژووی خۆی دەدات و هەوڵدەدات لە ڕێگەی مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکانەوە، چیرۆکی پەرەسەندنی خۆی بەشێوەیەکی پرۆسێسی مێژوویی نیشانبدات. ئەمەش لە مۆزەخانەکانی نینگشیا بە ڕوونی دیارە، کە ڕۆژانە سەدان گەشتیار سەردانیان دەکەن و لە مێژوو و کەلتووری دەوڵەمەندی چین تێدەگەن. ئەم ستراتیژییە، کە تیشک دەخاتە سەر ناسنامەی نیشتمانی و یەکێتی نەتەوەیی، بەشێکە لە فەلسەفەی سۆسیالیستی چین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە و دڵنیابوون لە بەردەوامیی پڕۆژەی سۆسیالیستیی چینی.

دەرەنجام: وانەکانی نینگشیا بۆ ئێمە و جیهان:

ئەزموونی نینگشیا لە چوارچێوەی سیستەمی ئۆتۆنۆمی چیندا، وانەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە توانای مۆدێلی سۆسیالیستی چین لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری، پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و پاراستنی میراتی کەلتووری. ئەم هەرێمە، کە لە ڕابردوودا بە هەژاری دەناسرایەوە، ئێستا بەهۆی پلانە ستراتیژییەکان و سیاسەتەکانی حزبی شیوعیی چینەوە، بووەتە ناوەندێکی پێشکەوتوو. ئەمەش دەریدەخات کە چۆن دەوڵەتێکی سۆسیالیستی دەتوانێت لە ڕێگەی پلانڕێژی ناوەندی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکانەوە، نایەکسانییە هەرێمییەکان کەمبکاتەوە و ئاستی ژیانی دانیشتووان بەرزبکاتەوە.

لە کۆتاییدا، گەشتەکەم بۆ نینگشیا تێگەیشتنێکی قووڵتری پێبەخشیم دەربارەی ئاڵۆزی و سەرکەوتنەکانی مۆدێلی چینی بۆ ئۆتۆنۆمی. ئەم ئەزموونە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر توانای سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی لە بەدیهێنانی گەشەپێدانێکی هەمەلایەنە و یەکێتی نەتەوەیی لە وڵاتێکی فرەچەشن و گەورەدا. پێویستە لە دەرەوەی گوتارە باوەکان و بە دیدێکی بابەتییانە و ڕەخنەگرانەوە لێی بڕوانین، چونکە وانەکانی نینگشیا دەتوانن ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هاوشێوەکان لە جیهاندا نیشانبدەن.

 

 

 

وتاری نووسەران