
ئاسۆس ساڵح
میدیا لەم سەردەمەدا، خوڵقێنەر و هەڵسوڕنێنەری ڕووداوەکانە. بە پێی بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی ئەو ئایدۆلۆژیایەی پاڵپشتی کەناڵەکەیە ئاراستەی ڕووداو و هەواڵەکان دەکات. بۆیە زۆر ئاسان دەتوانێت ڕاستییەکانت لێ بشێوێنێت، ناڕاستی بکات بە ڕاستییەکی موتڵەق و، پێچەوانەکەشی هەڕ ڕاستە. بۆیە میدیا وەک ئامرازی دەستەڵات، کێ دەستەڵاتی زیاتر بوو ئاسانتر دەتوانێ میدیا وەک میکانزمێک ئاستەکردنی ئەقڵ و وشیاری خەڵکی پێ بکەیت. هەمیشە ئەوەی لەسەر شاشەیە، کۆی ئەوە نییە کە لە پشت شاشەکان ئەگوزەرێت.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، میدیا تەنها ئامرازێک نییە بۆ هەواڵ و بەرنامە و گەیاندنی ئەجندای حزبی، بەڵکوو میدیا کارگەی دروستکردنی هەواڵی ساختە و دروستکردنی فیگەری ساختە و کارێکتەری سیاسییە. لە هەمووی مەترسیدارتر، ئاوکردنە ئاشی هزری کۆنەپارێزی و نەریتییە. هەروەتر، کێبڕکێی لایک و ڤیو لە نێوان کەناڵەکان ئاستی ناوەڕۆکی بەرنامەکانی دابەزاندووە و بەدوای ڕیڵێکدا دەگەڕێن کە بینەری زۆر بێت نەک پەیامێک کە سوودی زۆر بێت.
بەهەرحاڵ، ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم ئەو دیبەیتەی د. مەزن و د. هێڤارە، کە لە ئاڤا بەڕێووەچوو. پێویستە ئەوە بڵێم، من هیچیان لە نزیکەوە ناناسم. نە ڕۆژێک لەشجوانیم کردووە، نە کیتۆشم کردووە. بەڵام وەک ڕووداوێک کە میدیا قۆستیەوە، بووە هۆی قسە و سەرنجی زۆر لەبارەوە، دەمەوێت چەند سەرنجێک بخەمەڕوو.
ئەوەی من سەرنجمدا، وەک هەر دیبەیتێکی تری کوردی، ڕیشەی لەناو سیاستەوە داکووتاوەتە و خزاوەتە ناو ئاستەکانی تریش هەر بۆیە دیبەتێک لەسەر بوارێکی تەندروستیش هەمان فۆڕمی هەیە و بە بێ ئەنجمای زانستی کۆتایی دێت. ئەمە خەلەلێکە لە میدیای کوردی و لاینگری بە پێشکەشکارە دیار بوو. هەروەها، ئامادەسازی بۆ ئەوەی وتەی وتەبێژی تەندروستی وەربگرن تاوەکوو لایەنێک تووشی لێپێچینەوەی یاسایی بکرێت و دواتر کارەکەشی لێ قەدەغە بکەن. ئەمە زیاتر لە گەلەکۆمە دەچوو تا ڕێکەوت.
سەبارەت بە گوتەبێژی تەندروستی کە وەک تۆمەتبارێک هەڕەشی سکاڵای یاسایی لە د. مەزن دەکرد. لە کوێیە کە ئێستا هەموو نەشتەرگەرییە گشتییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان ڕاگیراون؟، لە کوێیە کاتێک دەزانی ئێرە بووەتە تاقیگەی دەرمان، لە هەر خێزانێکی ٤ کەسی ۲ کەسیان نەخۆشن. بۆ قسەیەک لەسەر دۆخی تەندروستی ناکات لە کۆمەڵگەکەمان، بۆ تا ئێستا پڕۆژە و ستراتیژیەتی وەزارەتی تەندروستی نەخستووەتە ڕوو بۆ وەستانەوە دژی قەڵەویی و شەکرە و زەخت. بەکورتی وەزارەتێک تا ئێستا بڕوا و خەمی ئەوەی بەوە نەبێت کارمەندە خۆبەخشەکانی دابمەزرێنێت هەرگیز خەم و بڕوای بە تەندروستیی گشتی و کەریتی تەندروستی نییە و دایویەتە دەست کەرتی تایبەت.
تەندروستی لە کەرتی تایبەت تێکەڵ دەبێت بە قازانج و سەرمایە. بۆ دەستخستنی سەرمایە پێویست بە نەخۆشی زیاتر دەکات، تا نەخۆش زیاتر بێت قازانج زیاتر دەکات. هەر بۆیە لەنێو سیستەمی سیاسیی نیۆلیبڕاڵدا، ئارەزووی ساختە و ناپێویست بۆ مرۆڤ دروست دەکرێت و لە ڕێگەی ڕێکڵام و میدیاوە ئەکرێتە شێوە و ڕواڵەتی خوازراوی کۆمەڵگە. لە لایەک زۆرترین ئارەزووی خواردنت بۆ دروست دەکات. لەلایەکی تر ئارەزووی ڕوخسارێکی تایبەتت لێ دەکات و هانیت دەدات بۆ جوانکاری، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لەش و لارێکی ڕێکت لێ دەکات و ناچاری نەشتەرگەری گەدە بڕینت دەکات.
بەڵام ئەگەر کەسێک داوای ئەوە بکات بە بە ڕێگەی لایف ستایلێکی جیاواز دەتوانی کێشت داببەزێنی بەبێ گەڕانەوە بۆ سیستەمی سیاسی و ئابووری زاڵ، ئەوە لە یاسا دەرچوونە.
ئەگەر لۆژیکانە هەڵسەنگاندن بکەین، ڕاستی ڕەها لە لای هیچ لەم دوو بەرەیە نییە. هەر یەکەی ڕاستی و خاڵای بەهێز و لاوازی هەیە. ئەگەر خاڵە بەهێزەکانی هەردوو لا کۆبکەینەوە ئەنجامێکی باشتر دەدات بە دەستەوە.