
زیندانەكانی قەڵای سەربازی نزاركێ و ئاكرێ و سەربازگەی سەلامییە
عەلی مەحمود محەمەد
قەڵای نزاركێ لە رۆژهەڵاتی ناوەندی شاری دهۆكە، لە نزیك گوندی بەڕۆشكێڤە، لەناو سنووری گوندی نزاركێیە، لە گەلی بێسێرێ و بەرزاییەكانی ئەردێ كەلهێ یە.
لە كۆتایی ساڵی 1976 دەست بە دروستكردنی ئەم تەلارە زەبەلاحە كۆنكریتییە كراوە، لەسەر رەنگڕێژی تەلارسازی سۆڤیەتی، لە ماوەی 5 ساڵ تەواو كراوە، هەموو قەڵاكانی عێراق یەك رووبەر و ئەندازیارییە 15000 مەتری چوار گۆشەیە و لە چوار لاوە چەكی دژە فڕۆكە پاراستوونی.
قەڵای نزاركێ یەكێكە لە 2 قەڵاكەی بادینان، لە پاڵ قەڵای سەربازی ئاكرێ، هەروەها چەند قەڵایەكی دیكە بە دیزاینێكی زۆر بچووكتر هەن، كەلها دەڤەرا بێرسڤێ و شێخان و زاخۆ.
لە رێكەوتی 28-8-1988 ەوە، سێ رۆژ دوای دەستپێكردنی ئەنفالی بادینان، ئەنفالكراوانی بادینانیان هێناوەتە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ، ئەم قەڵایە تا نزیك مانگی دەی هەمان ساڵ بەردەوام ئەنفالكراوانی تێدا بووە، چونكە لە لێبوردنە گشتییەكەی 6-9-1988 یش بەدواوە لە جوگرافیای ئەنفالی بادینان ئەنفالكردن بەردەوامبووە، تەنانەت ئەوانەشی خۆیان داوە بەدەستەوە كار بە بڕیاری لێبوردن و رێكارە راگەیەنراوەكان نەكراوە بەرامبەریان.
ئەنفالكراوانی بادینان ژمارەیان چەند بووە؟
بەهۆی دەستكەوتنی بەڵگەنامەیەكەوە، هەموو ئاماری ئەنفالكراوانی بادینان لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا ئاشكرادەبن، بەپێی راپۆرتی ژمارە 28/8 لەرێكەوتی 3-9-1988ـی فەیلەقی پێنج كە لیوا روكن یونس محەممەد زەرب، فەرماندەی فەیلەق واژۆیكردووە، لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا كۆی گشتی 14473 كەس دەستگیركران، لەو ژمارەیەدا 2252 یان پیاو بوونە، 3303 كەسیان ژن بوونە، 7847 كەسیشیان منداڵ بوونە، هەروەها 211 كەس خۆیان داوە بەدەستەوە، 482 كەسی دیكەش لەوانەی بە موستەلەحی ئەوان "تێكدەر" ناویانیانی بردووە دەستگیركراون، بەشی زۆری ئەمانە بە قەڵای نزاركێدا تێپەڕیون جگە لەوانەی زیندانی سەربازگەی قەڵای ئاكرێ بوونە. زیندانییان لەم زیندانەدا لە رۆژێكەوە تا دوو هەفتە بۆ بەشێك لە پیرەكان زیاتریش ماونەتەوە.
ئەنفالكراوان لە كوێوە هێنران؟
خەڵكە دەستگیركراوەكەی قۆناغی ئەنفالی هەشت، كە پانتایی جوگرافیایەكەی زیاتر لە 10 كیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، لە كۆمەڵێك جێگاوە گواستراونەتەوە بۆ هەردوو قەڵای سەربازی نزاركێ لە شاری دهۆك و قەڵای سەربازی لە قەزای ئاكرێ.
یەكەم قۆناغی زیندانیكردنی هەندێكیان كۆمەڵگای دێرەلوك بووە، هەندێكی دی سۆری ژێرێ و كوانێ و قوتابخانەیەك لە هاوینەهەواری سەرسەنگ، لە قەزای ئامێدیش ناوەندی پۆلیس و سەربازگەی شارەكە و بارەگای یەكێتی مامۆستایان جێگای كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان بوونە، لە قەزای زاخۆ كۆمەڵگای بێرسفێ و هێزاوا و قەڵا سەربازییەكەی مانگێش.
لە ناحیەی مانگێش هەندێك لە ئەنفالكراوان بردراون بۆ شوێنی ئاژەڵان، بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێشی ئەوكات كە پیاوێكی كریستیان بووە، پاڕاوەتەوە لە ئەفسەری بەرپرسی سەربازی نەیانكوژن، رۆژی دواتر بردراون بۆ تەلاری ناحیەی مانگێش، ژن و منداڵی كەمتر لە 15 ساڵ بە پاس، پیاوەكانیش بە ئۆتۆمۆبێلی سەربازی بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ. بەشێك لە ئەنفالكراوانی زیندانیكراو لە ناحیەی مانگێش، سێ رۆژ لە ناحیەی مانگێش ماونەتەوە، ئەو ماوەیە خواردنیان نەداوە پێیان، هاووڵاتییانی ناحیەی مانگێش خواردنیان بۆ بردوون. هەندێكی دی لە زیندانیان وەك دەگێڕنەوە، سەرەتا بردراونەتە ناو قوتابخانە لە ناحیەی مانگێش، رۆژی دواتر بردراون بۆ زیندانی قەڵای نزاركێ، لە قوتابخانەی مانگێش پیاو لە ژورەوە دەرگایان لێ دخراوە، منداڵ و ژنانیش لە گۆڕەپانەكەی كۆكراونەتەوە. بەشێكیش سەرەتا لە نافشكە كۆكراونەتەوە، لەوێوە گواستراونەتەوە بۆ مانگێش، دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی مانگێش، ئەوجا بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ.
مریەم كەڕەم مەرعان سیتەیی رێكانی، هاووڵاتی گوندی سیتە دەڵێت دووگیان بووم بە زیل بردراین بۆ ئۆردوگای دێرەلوك، كە گەیشتین هەزاران كەس لە دێرەلوك بەزیندانی كۆكرابوونەوە، ژن و پیاویان لەوێ لەیەكتر جیاكردەوە، دوو رۆژ لە ئۆردوگای دێرەلوك ماینەوە. ئوسمانی باوكی منداڵەكانم بۆ ماوەیەك لەوێ بینی، ئەفسەرەكە رێگەیانی داوە بۆ بینینی، ئەو وتبووی بە شەق و پۆستاڵ ئێمەیان كردە ناو زیلەكە كە هێنامانیان بۆ ئێرە. دواتر لە ئۆردوگای دێرەلوكەوە هێنامانیان بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ بە ئۆتۆمۆبێلی زیلی سەربازی.
هەروەها بەشێك لە خەڵكە ئەنفالكراوەكان بە ئۆتۆمۆبێلی سەربازی بردراون بۆ قەڵای سەربازی قدش، لە كۆمانەوە بە سەیارەی سەربازی بردراون بۆ قەڵای قدش، لەوێ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە و ئەشكەنجەی پیاوەكان دراوە. بەشێكی دی براونەتە گوندی فرشا، لەوێ ژن و منداڵ جیاكراونەتەوە، بە جادەی سەرەكی كاناوە بەڕێكراون، بەدوای یەكا بەسەر شەقامەكەیا، پیاوەكان كراونەتە ناو زیلەوە، ژن و منداڵیش بەجیا بۆ قەڵای قدش، دوای كاتژمێرێك مانەوە ئەوجا بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ.
دوای دەرچوونی لێبوردنە گشتییەكەش لە ئەنفالی هەشت خەڵك دەستگیركراون، ئەوانەی كە خۆیان تەسلیم كردووە، بە ئۆتۆمۆبێلی سەربازی بردراون بۆ قەڵای قدش، دواتر گواستراونەتەوە بۆ زیندانی قەڵای سەربازی نزاركێ.
هەرچەندە میدل ئیست ۆچ وا رادەگەیەنێت "بە گوێرەی قسەی ئەفسەرە مەیدانییەكانی ئەوسا لە بادینان، كەوا فەرمانیان پێگەیشتبوو چیتر بەندییەكانیان نەكوژن" وەلێ دوای لێبوردنە گشتییەكە لە كوشتنی پیاوانی گەنجی ئەنفالی بادینان بەردەوامبوونە.
كەتان تاهیر زێوەیی، هاووڵاتی گوندی زێوا شێخ پیرامیسی نزیك بامەڕنی دەڵێت "دوای لێبوردنە گشتییەكە كە گرتمانیان جاش و جەیش بردمانیان بۆ كۆمەڵگای قدش، جنێویان پێماندا، چیمان پێبوو لێمانیان سەند، ئەو ماوەیە خواردنیان پێمان نەدا، دوایی بە ئیڤای عەسكەری بردمانیان بۆ زیندانی قەڵای نزاركێ.
گرووپێكیش دوای لێبوردنە گشتییەكە خۆیان تەسلیم كردۆتەوە، بردراون بۆ ئەنشكا دواتر راستەوخۆ بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ.
بەشێكیش لە ئەنفالكراوان بردراون بۆ قەڵای سەربازی ئاكرێ، كە لەسەر تەرزی قەڵای نزاركێ دروستكراوە، لە قەبارە و شێوەدا وەك ئەوە، راستەوخۆ لەوێشەوە بردراون بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی جێژنیكان، نایف رەشۆ لەم بارەوە دەڵێت "روژا 5/9 ئەم نەچاربووین زاروك و خێزانیت خۆ مە تەسلیم كرن و ئەم هاتین دابین چیایێ گارەیی نێزیك 10 هەزار كەس لناف چیایێ گارەیی ئاسێ مابۆن ئەم ژی وەك هەزاران كەسین دی هاتن گرتن. ئەم ڤەگوهاستین بۆ قەلعا ئاكرێ و پاشی بۆ بارگەیی جیش شعبی، سوپاس بۆ جەماوەرێ ئاكری بومە خوارن ئینا ئەو جەند روژ بوو مە خوارنەك دورست نەخوار بوو ئەم سیاری سەیارێت ئیڤایێن سەربازی كرین، من ج ژ خێزان و زاروكێت خۆ نەد زانی ئەم برین بۆ ناحیا كەلەكێ توماركرین ئەم برین بەحركێ و مە ل و ێدەرێ خێزان و زاروكین خۆ ل جەژنیكان دیتن،" "ل دوو میحوەرا شەر بوو هەر ژ ئەتروش هەتا زاخو ئەو كەسێن د گرتن د برنە قەلعا نزاركێ ئانكو قەلعا هنگافتنێ و ژ ئەتروش هەتا خواكورك وسوران ئەوێن د هاتنە گرتن و ڤەدگوهاستن بۆ قەلعا ئاكری". قەڵای سەربازی ئاكرێ " 95 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و ١٢٠ كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری دهۆكەوە، لە نێوان سێ چیادایە".
ئەم دوو قەڵایە كە ئەنفالكراوانی بادینانیان بۆیان گواستۆتەوە، هەر یەكەیان لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەكی ئەمنی شارێكدا بوونە، قەڵای سەربازی ئاكرێ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ سەرپەرشتی زیندانییەكان ناوی كردووە، قەڵای سەربازی نزاركێش لە دهۆك لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی دهۆك بووە.
جیاكردنەوە
لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ وەك سەربازگەی تۆپزاوا ئەوانەی تازە دەگەیشتنەجێ، یەكسەر جیادەكرانەوە، پیاو و كوڕە گەنجەكان دەكرانە لایەكەوە، ژن و منداڵ و خەڵكی بەتەمەنیش لە لاكەی دیكەی گۆڕەپانی سەربازگەكە رادەگیران.
پۆڕێ سندی، دەگێڕێتەوە دەڵێت لە دهۆك مەبەستی زیندانی قەڵای سەربازگەی نزاركێیە، بە قامچی بەرەو روومان هاتن لەو كاتەی دەگەن، گەنج و پیریان جیاكردەوە.
كاتێك كە جیاكردنەوە تەواو دەبوو، بەندییەكانیان بەسەر هۆڵە گەورە پیس و بۆگەنەكاندا دابەش دەكرد، هۆڵی رەق و تەقی تەڕ بە میز و پیسایی زیندانییەكانی پێشتر سواق درابوو، بەتایبەت ئەوانەی درەنگ دەگەیشتن.
لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ پیاوەكان لە نهۆمی خوارەوە دەمانەوە، ژن و منداڵیش لە بەشی سەرەوە.
زۆربەی زیندانییەكان لە نهۆمی دووەمی قەڵاكەدا بەندكرابوون، چونكە پیاوە گەنجەكان وێڕای ئەوەی ژمارەیان كەمتر بوو، زووتریش رەوان دەكران بۆ مەرگ، نهۆمی سەرێ ئەوەندە پڕ و قەرەباڵغ بووە، زیندانیان یان بەچینچكەوە دانیشتوونە، یان لەبەر قەرەباڵغی و پیسی لەتاوا دەچوونە بەر هەیوانەكان.
لێكۆڵینەوە
لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ لێكۆڵینەوەی ورد و جیاكردنەوەی بەدیقەت لەگەڵ ئەنفالكراوان وەك زیندانی سەربازگەی تۆبزاوا نەكراوە، كەمە زانیارییەكیان لە پیاوەكان وەرگرتووە و ئەشیای بەرباخەڵ و ناسنامەكانیان لێسەندوون، بەڵام پرسیار لە ژن و منداڵەكان نەكراوە.
دام و دەزگای ئەمن كە سەرپەرشتی زیندانی قەڵای نزاركێیان كردووە بەو پێیەی كە پەرۆشی هەڵگرتن و پاراستنی تۆماری بەڵگەنامەیی بوون، ئەو كورتە لێپرسینەوەیان بە ڤیدیۆ تۆماركردووە كە لەگەڵ پیاوەكانیان كردووە.
ئەشكەنجە
ئەو پیاوانەی لەناو ئۆتۆمۆبێلەكان كە گەیشتوونەتە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ، بە لێدان دایانیانگرتووەتە خوارەوە، هەندێكیان لەهۆش خۆیان چوونە، دوای سووكە لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی، ئەوجا بەڕاكێشان بردراون بۆ نهۆمی خوارەوە، ئەوەندەیان لێیانداوە، تەنانەت هەندێكیان لە جێگا كەوتوونە.
پیاوەكان بە بەرچاوی ژن و خوشكەكانیانەوە لەو لایانەوە مات و مەلوول و بێدەسەڵات بەكزی راوەستابوون، منداڵەكانیش دەگریان و هاواریان دەكرد بۆ بینینیان، قیژە و هاواریان بوو و بۆ لای باوكەكانیان ڕایاندەكرد، بەڵام بە سۆندە و شەق و جنێو دەیانگێڕانەوە بۆ لای دایكیان. پیاوەكان بە دار و سۆندە و كێبڵ فەلاقە دەكران و بەر شەق و مستەكۆڵە و زللەیان دەدان و سووكایەتییان پێدەكردن، رێزیان لە كەرامەتیان نەدەگرت.
سكاڵاكەرانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی وێنای چەند جۆرە ئەشكەنجەیەك بۆ دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی دەگێڕنەوە، لەوانە ریشی زیندانییەكیان سووتاندوە تەنها لەبەر ئەوەی درێژبووە، پێنج لە زیندانییە پیاوەكان بەدەست و چاو بەستراوەییەوە ئۆتۆمۆبێل بەسەر سكیانا رۆیشتووە و كوشتوویانیانە، بە بلۆك كێشاویانە بە سەری زیندانییا شەهیدیان كردووە، هەروەها بەستنەوەی زیندانیان بە ستوونی ناو حەوشەی زیندانییەكەوە لەبەر گەرمای مانگی ئاب و سەرەتای سەپتەمبەر.
زیندانییەكان پەڵە خوێنیان بە دیواری هۆڵەكانی خوارەوەی زیندانەكەوە بینیوە، كە شوێنی ئەشكەنجەدانی پیاوە گەنجەكان بووە. هاوكات لەسەر شێوەی دیزاینی جل و بەرگی گەنجەكان، جۆری دوورینی، درێژی ریش و زۆری پشدێن و درێژی تەزبێح و شوێنەواری كەتافەی سەر شان و لێپرسینەوە تا ئاستی فەلاقە و لێدانی زۆر بەرامبەر بە پیاوە گەنجەكان كراوە.
چەندین حاڵەتی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ لەسەر زاری زیندانییان و هەندێك شایەدحاڵ دەگێڕدرێتەوە، وەك كۆمەڵكوژی 18 گەنجی گوندەكانی سپێندارە و سوارێی. سەلام زێوەیی، رزگاربوویەكی ئەنفالە ئەو شاهیدی كۆمەڵكوژی 13 پیاوی ئەنفالكراوە، كە لەژێر ئەشكەنجەدا شەهیدبوون و لە تەنیشت قەڵاكە نێژراون. "هەموو ئەوانە بە دار و بەرد و بلۆك شەهیدكران، تاوەكو گیانیان دەرچوو ئەشكەنجەدران، خوێنی ئەوان بە دار و دیوارەوە بوو. من بینیم دوای ئەوە هەموویان بردن و نەیانهێنانەوە." شایەدحاڵی دیكە دەڵێن تەنها لە دوو رۆژی مانگی ئەیلولدا 20 كەس لە نزاركێ مردوونە، بەڵام تا ئێستا گۆڕی هیچ كام لەو كۆمەڵكوژییانە نەدۆزراوەتەوە، تاكو لە رێی دۆزینەوەی روفاتەكانیانەوە پشتڕاست بكرێنەوە، سێ ئەگەر هەیە "یان روفاتیان تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە، یان ئەمن لە جێگایەكی دیكە ناشتوویانن، یان تەنها ئەشكەنجەدراون دواتر بردراون بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەوێ كۆتایی بەژیانیان لەگەڵ پیاوە گەنجەكانی دی هێنراوە.
بەڵام زیندانی قەڵای سەربازگەی ئاكرێ، بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ سەرپەرشتی كردووە، ئەشكەنجەدان تیایدا وەك سەربازگەی قەڵای نزاركێ نەبووە كە ئەمنی پارێزگای دهۆك بەڕێوەیبردووە، پێدەچێت ئەوەی گەیشتبێتە ئەو قەڵایە بەخت یاری بووبێت.
ئەو ئەنفالكراوەی بە بلۆك شەهید كرا
كەم لە ئەنفالكراوانی بادینان هەن كە دەمدەكاتەوە، چیرۆكی ئەو ئەنفالكراوە ناگێڕێتەوە لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ، بە بەرچاوی هەموو زیندانییەكانەوە بە بلۆك شەهید كراوە.
ئەو كەسەش حەیدەر عەبدوڵڵا حەمۆ گەرماڤی یە، یەكەم گیانبەختكردووی زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێیە كە بە بلۆك درا لە سەری، گیانی بەختكرد.
ئەو پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لەگەڵ پێنج برای، خەڵكی گوندی گەرماڤی دەڤەری دۆسكییە، كوڕێكی لە تۆپباران لە ساڵی 1985 شەهید بووە، ئەو لە رێكەوتی 25-8-1988 ، لە یەكەم رۆژی ئەنفالی بادینان لە گوندی بیسكێ ئەنفالكرا، پاش ئەوەی گوندەكەیان لە رۆژهەڵاتی برجینی، كەوتە بەر كیمیاباران.
هەروەها فەریدا عەلی، لە گوندی ئیسیان دەڵێت دوو برام بە ناوەكانی شەهید ئەرجان و شەهید فەرید لە قەڵای نزاركێ و قەڵای ئاكرێ بە دار و بلۆك كوژران.
نان و ئاو
لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ خەڵكەكە برسی، نەخۆش، پێ پەتی بوون، لێرە خواردنیان بە گیراوەكان نەدەدا، هەرچەندە هەندێك دەگێڕنەوە كە سەموونی رەقیان بە شەق بۆیان تێگرتووە. هەروەها رێگایان نەداوە خەڵكەكە بۆڕی ئاوی حەوشەی سەربازگەكە بەكار بهێنن، ئاوی ناو تەنكی گەرم كە پیس بووە داویانە بەو خەڵكەكە.
بەشێك لە پیاوە پیرەكان ماوەیەك زیاتر لەم سەربازگەیە ماونەتەوە، دواتر ئەوانیش كەوتوونەتە شت كڕین لە حەرەسەكان، یاخود خەڵكی دهۆك خواردنیان لە نزیك تەلبەندەكە بۆ داناون، ئەوانیش چوونە هەڵیانگرتۆتەوە.
پیاوەكان چارەنووسی نادیار
لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا كۆی گشتی 2945 پیاو دەستگیركراون یان خۆیان داوە بەدەستەوە، بە پیاوە پیرەكان و ئەوانەشی دواتر ئازادكران، یان وەك ئەوانەی لە قەڵای ئاكرێ ئازادكران.
پیاوە گەنجەكانیان كە جیاكردەوە ، دواجار بوو ئەوان بینران وەك گەنجەكانی تۆبزاوە، لەماوەی كورتدا لە چاو بزركران، لە پارە و سەعات و تەزبێحەوە بۆ ئەوەی پێیانبووە لێیانسەنراوە، گەنجەكانی نزاركێ جیاكرانەوە بەڕووتی تەنها بە دەرپێیەكی ژێرەوە بە ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی بردران بۆ شوێنی نادیار ئیتر ببڕای ببڕ نەبینرانەوە. شایەدحاڵێك دەگێڕێتەوە كە رۆژی دوای هێنانیان، پیاوەكان بە چاو و دەست بەستراوی لە پشتەوە، لە سەربازگەی قەڵای نزاركێوە بردراون بۆ جێگایەك تا ئێستا نەزانراوە، كە منداڵی كەمتر لە 15 ساڵیشییان لەگەڵدا بووە. بەڵام پیاوە پیرەكان هەندێكیان 10 رۆژ بۆ 2 هەفتە لە نزاركێ ماونەتەوە.
ناردن بۆ سەربازگەی سەلامییە
سەربازگەی سەلامییە لە باشووری رۆژئاوای سەنتەری شاری موسڵە بە دووری 30 كیلۆمەتر، دەكەوێتە ناو سنووری ناحیەی نەمروودەوە، لە ژێر كارگێڕی شارۆچكەی نەمروودە، سەربازگەی سەلامییە دەورە درابوو بە سوپا، پێشتریش سەربازگەی سەربازی بووە.
ئەنفالكراوانی ژن و منداڵ و پیرەكان، پاش چەند ڕۆژێك لە مانەوەیان لە قەڵای نزاركێ و بینینی ئەو رۆژە حەشرە، یەكەم گرووپیان رەوانەی جێگایەك كرد، كە ژن و منداڵەكان زۆریان قەت بەو رێگایەدا نەڕۆیشتبوون، دوای پێنج كاتژمێر دەگەنە جێگاكە، لە كاتی گواستنەوەی یەكێك لە كاروانەكان، بەدەم رۆیشتنەوە ژنێك منداڵی دەبێت ناوی دەنرێت هاوار.
زیندانییەكان بە پاسی داخراوی بچووك و هەندێك جاریش پاسی بچووك یان كۆستەر و جاری واش بووە ئیڤای سەربازی ئاسایی بردراون، كە چەكداری ئەمن و ئیستیخبارات لە پاش و پێشی كاروانەكەوە دەڕۆیشتن و بەوردی چاودێرییان كردوون.
لە زیندانی سەربازگەی سەلامییە بۆ یەكەم جار ناونووسین و لێكۆڵینەوەی زیندانییان دەستیپێكردووە، لەم سەربازگە یەك نهۆمییە گەورەیەدا كە كرابووە دوو بەشەوە، زیندانییەكان لە ئۆتۆمۆبێلەكان دابەزێنران و تەسلیمی پۆلیس و جەیشی شەعبی كران، خرانە ناو هۆڵەكانەوە، رۆژانە تەنها سەموونی سەربازی و ئاوی گەرمی تانكییان پێدراوە.
زیندانییان لەناو ئەو هۆڵە گەورە گەرمانە بێ بان و بن دەخەوتن، ئاودەستەكانی پیس و بۆگەن بوون، هەروەها زیندانییەكان لە ماوەی ئەو دوو بۆ سێ هەفتەیەی كە لێرە بوونە، پەیوەندی لە نێوان قاوشەكاندا نەبووە و زیندانییەكان ئاگایان لە یەكتر نەبووە.
زیندانییەك دەڵێت دوو شەو لە نزاركێ ماینەوە، دوواتر بردمانیان بۆ زیندانی سەربازگەی سەلامییە، كۆستەر و گەڵابە و سەیارەكانی پێشتریان هێنایەوە بۆ گواستنەوەمان، بەڕووت و قووتی هیچمان پێنەبوو، كردمانیانە ناو ئەو هۆڵە گەورانەوە بێ هەوا و پانكە بەو گەرمایە، برسی و تێنی بووین، لە سەربازگەی سەلامییە مامەڵەیان خراپتر بوو لە سەربازگەی نزاركێ.
پۆڕێ سندی، رزگاربووی ئەنفالی بادینانە دەگێڕێتەوە رۆژی پێنجەم كۆكراینەوە بۆ بردن، نەچووینایەتە ناو ئەو ئۆتۆمۆبێلەی بۆ ئێمە راگیرابوو بە قامچی دەمانیان كردە ناویەوە، بردمانیان بۆ سەربازگەی سەلامییە، چەند كاتژمێر بەڕێوەبووین، مونشەئەكان لە رێگا هیچ رانەوەستان، لە سەرەتا لەو زیندانە برسی بووین، بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، بەڵام لە كۆتایی حانوتیان دانا، ئەوجا شتمان كڕی باشتر بووین.
ئەنفالكراوێكی دیكە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان قسە دەكات و دەڵێت دوای 8 رۆژ بردمانیان بۆ زیندانی سەربازگەی سەلامییە، ژمارەی هۆڵەكانی 12 هۆڵ بوو، ژیان لەو سەربازگەیە زۆر ناخۆش بوو، لە كۆتاییدا دوای دەرچوونی لێبوردنە گشتییەكە بەزۆر هەڵپەڕكێیان بە خەڵكەكە كرد بە دەهۆڵَ و زوڕناوە لە خۆشی لێبوردنی گشتی.
زیندانییەكی دیكە بۆ دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی دەگێڕێتەوە كە پیاوەكانیان بۆ ماوەی 3 رۆژ بردۆتە زیندانی سەربازگەی سەلامییە، دوایی لەوێ بە ئۆتۆمۆبێلی سەربازی داخراو براون بە دەست و چاو بەستراوەیی ئیتر نەبینراونەتەوە، ئەو دەڵێت خواردن خراپ بووە، خزمەتگوزاری تەندروستی نەبووە، سەربازگەكە و هۆڵەكان پیس بوونە، بۆیە منداڵ و پیر زۆر لەوێ مردوونە.
زیندانییانی كریستیان و ئێزیدی
هەر لە سەربازگەی قەڵای نزاركێی ئەنفالكراوانەوە، ئەنفالكراوە موسڵمانەكانیان لە ئەنفالكراوە كریستیان و ئێزیدیەكان بە دیوارێكی دابڕكەر جیاكردۆتەوە.
هەرچەندە بەشێك لە كریستیانەكان لە فەوجە جاشەكەی ملكۆ بوون، بەڵام لێبوردنە گشتییەكە ئەوانی نەگرتەوە، چونكە لە ئاماری ساڵی 1977ەوە كریستیان و ئێزیدیەكان بە عەرەب درابوونە قەڵەم.
كریستیان و ئێزیدیەكان بەشێكیان ئاوارەی توركیا بوون و بە لێبوردنی گشتی گەڕانەوە، بەشێكیشیان دوای روخانی لادێكانیان چوونە شاخەكان، لە ناویشیاندا زۆرێك هەبوون پێشمەرگە بوون.
دوای لێبوردنە گشتییەكەی ژمارە 736 ی رێكەوتی 6-9-1988، ژمارەیەك پەنابەری كریستیان و ئێزیدی لە توركیاوە گەڕانەوە بە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل خۆیان رادەستكردەوە، هەر لەوێ ئەوانیان لە كوردە موسڵمانەكان جیاكردەوە، وەك ئەنفالكراوە گیراوەكان نێردران بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ، بەڵام كوردە موسڵمانەكانیان نارد بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی بەحركە، لە سەربازگەی نزاركێ شەش هۆڵیان لە نهۆمی سەرەوە لە جێگای ژن و منداڵەكانی پێشتر، كە ئەوكاتە بردرابوون بۆ سەربازگەی سەلامییە بۆیان جیاكردبووەوە.
ژن و منداڵ و پیرەكانیش پاش ئەوەی تاقە شەوێك لە دهۆك هێشتبوونیانەوە بە پاس ڕەوانەی ئۆردوگای بەحركە و جێژنیكانیان كران. هەر وەها تەواوی پیاوانی گەنجی كریستیان و ئێزیدییان بە ئۆتۆمبێلی داخراو وەك گەنجە كوردە موسڵمانەكان بۆ جێگایەكی نەزانراو رەوانەكردووە.
هێشتا بنە و بارگەیان تەواو نەخستبوو لە ئۆردوگای زۆرەملێی بەحركە و جێژنیكان، لەو دەشت و دەرە لە ناو مار و دووپشك بوون، لە سەرەتای هەفتەی كۆتایی مانگی سەپتەمبەردا كریستیان و ئێزیدییەكان لەلایەن ئیستخباراتی عێراقییەوە دەستگیردەكرێن، لەوێ پێیانیان وتبوو دەتانبەین بۆ لای پیاوەكانتان.
دواتر لە بنكەی پۆلیس هەموو ناوەكانیان بەراورد دەكرێن، كریستیان و ئێزیدییەكان لە یەك جیادەكەنەوە و ئێزیدییەكانیش ئەوانەی لە سەربازگەی قەڵای ئاكری و قەڵای نزاركێ بوونە، لە یەكتری جیادەكرێنەوە، ئەوانەی لە زیندانی قەڵای ئاكرێوە هێنرابوون دەستگیر ناكرێنەوە لەگەڵ چەند كریستیانێك لە ئۆردوگاكە دەمێننەوە، تا نزیك ئەوكاتەی سەدام كوەیت داگیر دەكات و قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت، ئیتر دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان. لەم پرۆسە زاڵمانەیە كۆی گشتی 152 هاووڵاتی ئاشور و كلدانی كریستیان و 183 هاووڵاتی ئێزیدی ئەنفالكران .
گۆڕێكی بەكۆمەڵ
لە ساڵی 2018 لە رێوڕەسمی یادی 30 ساڵەی ئەنفالی بادیناندا 13 روفات لە قەڵای نزاركێ بەخاكسپێردران، كە لە ساڵی 2007دا لە گۆڕستانی شاخكێ لە گۆڕێكی بەكۆمەڵ دەرهێنرابوون، ئەو روفاتانە تا ئێستا نەناسراونەتەوە، ئێستا شوێنی لەگۆڕنانیان وەكو گۆڕستانی ئەنفالكراوان دەناسرێت لە قەڵای نزاركێ، كەسوكاری قوربانییان داوا دەكەن پشكنینی DNA بۆ قوربانییان بكرێت، تا روفاتەكان بناسرێنەوە، ئیتر تاكو ئێستا هیچ گۆڕێكی بەكۆمەڵی پیاوە گەنجەكانی ئەنفالكراوانی بادینان نەدۆزراوەتەوە.
ئۆردوگاكانی بەحركە و جێژنیكان جەهەننەمێك بۆ ئەنفالكراوان
ئەنفالكراوانی بادینان لە هەموو لایەكەوە رێگاكەی روو لە بەحركە و جێژنیكان بوو، لە زیندانی سەربازگەی سالمییەوە و لە زیندانی قەڵای ئاكرێوە، لە زیندانی قەڵای سەربازی نزاركێوە، لە ئیبراهیم خەلیلەوە، لە سنووری ئێرانەوە، تەنانەت هەندێك لە ناحیەی بێكوڤای زاخۆوە، لەو ماڵەی هەڵاتووی ناوچەی ئەنفالكراوی بادینانی تێدا گیراوە و بەدوایدا زیندانیكراون، پاش ماوەیەك ئەشكەنجەدان بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون و رەوانەی ئۆردوگای زۆرەملێی بەحركە كراون.
ئەم ئۆردوگایانە توند ئابڵووقەدرابوون، بواری هاتوچۆ زۆر كەم بوو، هیچ خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابیننەكرابوو، لەناو خۆڵ و تۆز و مار و دووپشك لەژێر خێمە، بێ نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئاو و كارەبا لە سەرەتا، لەسەر هاوكاری و میهرەبانی خەڵكە میهرەبانەكەی هەولێر دەژیان. ئەنفالی هەشت تا راپەڕین بەردەوامبووە، مردن لە بەحركە و جێژنیكان بێسنوور بووە وەك درێژەی ئەنفالكردن، تەنانەت هەندێك باس لە مردنی حەوتسەد منداڵ دەكەن، كە لەو دوو ئۆردوگایەدا گیانیان سپاردووە.
سەرچاوەكان:
1- گەلها نزاركێ خالد ئەحمەد بادی كوردستان - دهۆك بەرگی دووەم 2024 چاپخانەها پارێزگەها دهۆكێ.
2- ئەنفالا بادینان قوناغا هەشتێ و دوماهێک قوناغا قرکرنێ (خاتمە الانفال)/ نایف رەشو
3- جینۆساید لە عێراقدا . پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد - هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ - وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
4- سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
5- محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە المحامی ایاد كاكەیی
6- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/250820239
7- https://www.facebook.com/watch/?v=948272956677311