
سەدیق سەعید ڕواندزی
شەڕی كۆمەڵە كەسێك لە شاری سلێمانی و لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، شیعرە جوان و بەناوبانگەكەی ئیسماعیل بەرزنجی شاعیری بیر هێنامەوە، بە ناوی (دەبوایا من قەرەج بام). بەرزنجی لەو شیعرە سادەو قووڵ و فەلسەفییەدا دەڵێت:_
دەبوایا من قەرەج بام
لە هەر كوێیەك هەوەسم لێبا سازەكەم بژەندبا
گۆسكەیەك شەڕابم فڕكردبا
دەبوایا من قەرەج بام
هەرچی سنور هەیە بمبەزاندبا
ئەوەی مۆر و قامچی بە دەستەوەیە بە نەعلەتم كردبا
دەبوایا من قەرەج بام
نەمزانیبا جنسییە و نفوس چییە
ناوم لە هیچ دۆسییەكەی دەوڵەت نەبا
بێگومان ئەم شیعرە قەسیدەیەكی درێژە و لە ڕێزی شیعری شاعیرە بە ناو بانگەكانی جیهانی دایە. ئێمە لە بارەی ئەو شیعرەوە هیچ ناڵێین و نووسینێكی درێژدا بە قووڵیی دێینەوە سەری. تەنێ دەمانەوێ ئاماژە بەوە بدەین كە ئایا قەرەجەكان مرۆڤ نین؟ شیاوی ژیان وەك هەر كەسێكی ئاسایی نین؟ شیاوی شوناسی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانی نین؟ بۆ چی دەبێ قەرەجبوون هێما بێت بۆ پلە و پایەیەكی كۆمەڵایەتی نزم و میدیاكانی ئێمە كە گوایا ئیتیكییانە و پرۆفیشناڵانە ڕووماڵی هەواڵ دەكەن، مرۆڤ لەسەر بنەمای شوناسی كۆمەڵایەتییانە پۆلێن بكەن و لە یەكترییان هەڵاوێرد بكەن. بە داخەوە میدیاكانی ئێمە بە هەموو كەناڵەكانییەوە، لە ڕووماڵكردنی ئەم هەواڵەدا، بەبێ ئەوەی بیریان بێت دەستەواژەی (قەرەج) یان بۆ ئەو كۆمەڵە هاووڵاتییە، كە ڕووشانێكی كۆمەڵایەتی و برینداركردنێكی كەسی تێدایە بەكار هێنا. ڕاگەیاندنەكان بە جۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ ئەم ڕووداوە كرد، وەك ئەوەی قەرەجەكان مرۆڤ نەبن و شیاوی ژیان و ناسنامەی كۆمەڵایەتی نەبن و هەرچەندێك لە یەكتری بكوژن ئاسایی بێت. بێگومان ئەوانیش كۆمەڵە كەسێكن وەك هەر مرۆڤێكی دیكەی ئاسایی و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بوونییان هەیە و خاوەنی كولتوور و نەریت و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی خۆیانن. ئەوان زۆرتر كەسانێكی كۆچەرین و هەموو دنیا بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. فۆلكلۆر و ئەدەب و شیعری تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوانیش وەك ئێمە مرۆڤن و هەرگیز نابێت ناسنامەی كۆمەڵایەتی ئەو تێگەیشتنە لای كەسێك دروست بكات، كە بە چاوێكی نزمتر بڕوانێتە ئەویتری مرۆڤ. ڕاگەیاندنەكانی ئێمە، ئەگەرچی لافی دیدگای مرۆیی و نیشتمانی لێ دەدەن و گوایا پێوەرەكانی مرۆڤ و شكۆی كەسی و كۆمەڵایەتی، لە میانەی ڕوومالكردنی هەواڵ و ڕووداوەكاندا دەكەنە پێوەر ، ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی كە دیارترین بەهای ڕێزگرتنە لە ناو و كەسیەتی و شوناسی مرۆڤ ڕەچاو دەكەن، كەچی هێندە نەزانانە سووك و ئاسان دەستەواژەی قەرەج بەكاردێنن. بەمەش هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئەو ئەقڵەی میدیا ئاراستە دەكات و ئەو ئەقڵە خێڵەكی و میللییە نییە، كە ئێستاش بڕوای وایە قەرەجەكان جیان لە مرۆڤی ئاسایی. ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ و میدیای ئیتیك و بە سەنگ، هەرگیز نابێتە مینبەرێك بۆ پۆلێنكردنی پلە و پایەی كۆمەڵایەتی و پێگەی جەماوەریی و كەسی. لای ئەو، وەزیرێك و ژینگە دۆستێك بە جیاوازیی پیشەیانەوە وەك یەكن، چونكە دواجار هەردووكیان هەر مرۆڤن. ڕووماڵكردنی هەواڵ، ڕێساو ئیتیكی خۆی هەیە و ئەوە نییە ڕووداوێك بە بێ لە بەرچاوگرتنی هیچ لایەنێكی بابەتی و هەواڵی و زمانەوانی، بكرێتە هەواڵ. بەڵكو دەبێ دابڕێژرێتەوە و ڕەچاوی هەموو بوارێكی تێدا بكرێت. بە تایبەتیش لە پەیوەندی بەناو و شوناسی مرۆڤەكان و پلە و پایەی كۆمەڵایەتی و جەماوەریان. هەواڵ نابێت بەجۆرێك بێت، ڕووشان و لێدانی كۆمەڵایەتی تێدا بێت و ئەوانەی پەیوەستن بەڕووداوەكانی نێو هەواڵەكەوە، هەست بەكێماسی و شكان و كەمكردنەوە بكەن. دەكرا میدیاكانی ئێمە، لە بری دەستەواژەی (قەرەج) گوزارشتی خەڵك و هاووڵاتی و كەس بە كاربێنن ودووركەونەوە لەم وشە برینداركەرە، ئەگەر گریمان ئەوان خۆشیان بەو ناوە بناسرێنەوە. ئەگەر ئەمە شێوازی هەواڵ و مامەڵەی میدیا بێت لەگەڵ مرۆڤەكان، دەبێ خەڵكی ڕەشۆكی و ئاسایی چۆن بیر بكاتەوە و ڕووداوەكان ببینێت؟ دواجار پڕ بەدڵ لەگەڵ بەرزنجی شاعیر دەڵێم دەبوایا منیش قەرەج بام، هەرچی قامچی بەدەستە، بە نەفرەتم كردبا كە كوردستان پڕە لەمانە.