ئومبەرتۆ ئیکۆ

لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

ڕەنگە نەتوانین بڵێین چەند پەڕەیەکی دەقێکی جوان بتوانێت جیهان بگۆڕێت. هەموو بەرهەمەکانی دانتی بۆ دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی پیرۆزی ڕۆمی بۆ هەموو بەشەکانی ئیتالیا بەس نەبوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، کاتێک باسی دەقی مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست دەکەین، کە مارکس و ئەنگڵس لە ١٨٤٨ بڵاویان کردەوە و بێگومان کاریگەری زۆی بەسەر هەر دوو سەدەکانی نۆزدە و بیستەوە هەبوو، پێموایە پێویستە لەڕوانگەی چۆنایەتی ئەدەبی یان لانی کەم، بە هۆی ستراکچەری وتاربێژی و ئارگۆمێنتەکەی، جارێکی دیکە بیخوێنینەوە.

لە ساڵی ١٩١٧،نووسەری ڤێنزویلایی لودۆڤیۆک سیلڤا نامیلکەی (شێوازی ئەدەبی مارکس)ی بڵاو کردەوە و بڵاوکەرەوەی بۆمپینی لە ساڵی ١٩٧٣، وەرگێڕدراوە ئیتالییەکەی بڵاوکردەوە. ئەوەندەی دەزانم ئەوکاتە نایاب بوو و لەجێی خۆیدایەتی جارێکی دیکە چاپ بکرێتەوە.

کەمن ئەوانەی دەزانن مارکس شیعریشی دەنووسی و بەقسەی خوێنەران، شیعرەکانی زۆر خراپ بوون. دوای مێژووی پێکهاتنی ئەدەبی مارکس، سیلڤا بەش بە بەشی هەموو نووسینەکانی مارکسی شیکار کرد. جێگای سەرسامییە تەنیا بەچەند دێڕێک لە مانیفێست دەدوێت، بێشک لە بەرئەوەی بە بەرهەمێکی شەخسی نەزانیوە. بەداخەوە، چونکە مانیفێست دەقێکی نایاب و ناوازەیەو درووشمی کاریگەر و دەربڕینی ڕوونیزایەڵەی قیامەتبینی و گاڵتەجاڕانە ئاوێتەدەکات. تەنانەت ئەمڕۆ، پێویستە مانیفێست لەبوارەکانی مارکێتینگ و ڕیکلامدا زۆر بەوردی بخوێنرێتەوە. بە تایبەت ئەگەر کۆمەڵگای سەرمایەداری نیازیبێت تۆڵەی ئەو بەڵایە بکاتەوە، چەند لاپەڕەیەکی کتێبی مانیفێست بەسەری هێنا!

هیوادارم جارێکی دیکە بیخوێننەوە. وەک سەمفۆنیای ژمارە پێنجی بتهۆڤن، بەراییەکەی پەندێکە: "جندۆکەیەک بەئەورووپادا دەسووڕێتەوە". بیرمان نەچێت کە هێشتا لە سەردەمی پێش ڕۆمانتیک و ڕۆمانتیزمی چیرۆکە گۆتیکەکان نزیکین. لە سەردەمێکدا کە گاڵتە بەڕۆحەکان ناکەین. پاشان لە ڕۆمی کۆنەوە تا هاتنەدنیاو پەلهاویشتنی بۆرژوازی، خێرا چاوێک بەمێژووی شەڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕین. ئەو لاپەڕانەی بۆ وەسفکردنی فتوحاتەکانی ئەم پۆلێنکردنە نوێیەی "شۆڕشگێڕ" نووسراون، تەنانەت ئەمڕۆ دەتوانن بەستایشکردنی لایەنگرانی لیبرالیزم لەقەڵەم بدرێت. لێرەدایە –بەمانای فیزیکی و کەم و زۆر سینەمائاسای – ئەم هێزە نوێیە جڵەونەکراوە دەبینین، کە جیهان بە هۆی ئەو پێداویستییە نوێیانەی بەرهەمەکانیدروستی دەکەن، دەگرێتەوە (پێموایە لەم بەشەدا مارکس جوو و ئاخرزەمانی، تیلەی چاوێک بەسەفەری پەیدابوون لە تەوراتدا دەگێڕێت)، وڵاتە دوورەکان قڵپ دەکاتەوە و دەیانگۆڕێت، چونکە نرخی هەرزانی کاڵاکانی، وەک تۆپخانەیەکی قوورس دیوارەکانی چین دەڕووخێنێت و دڕندەترین بەربەری دژەبێگانە بەچۆکدا دێنێت، شارە نوێیەکان بەناوی هێمای دەسەڵاتی بونیاد دەنرێن و گەشەدەکەن. بۆرژوازی دەبێتە فرەنەتەوەیی و جیهانی،کە ئەدەبی جیهانی لەجیاتی ئەدەبی نەتەوەیی داهێنان دەکات.

لەکۆتایی ئەم ستایشنامەیەدا – کە لایەنی ستایشکردنی دڵڕفێن دەکات –سەرنجڕاکێش قڵپ دەبێتەوە: جادووگەر خۆی بەلاوازی لە بەردەم دەسەڵاتە دۆزەخییەکانی زادەی خۆی، دەبینێتەوە. فاتح، بەدەستی ئەفرێنراوەکەی دەکووژرێت. بۆرژوازی، بەناچاری لەناخی خۆیدا، گۆڕهەڵکەنی دەخووڵقێنێت: "پڕۆلیتاریا".

لێرەدایە ئەم هێزە نوێیە [پڕۆلیتاریا]، پێدەنێتە سەر سەکۆ. یەک، کوت کوت و گێژ بەدەستی ئامێرەکانپەرتوبڵاوە. بۆرژوازی وەک جەماوەرێکی بێ فۆرم، دەیکاتە دەسکەلا و لەشەڕی دووژمنەکانی، واتا دەسەڵاتی ڕەها، مەللاکە گەورەکان و وردەبۆرژوازی، بەناچاری پڕۆلیتاریا بەکاردەهێنێت. وردە وردە پڕۆلیتاریا بەشێک لەدووژمنە بێدەسەڵاتەکانی بۆرژوازی گەورە لەخۆیدا دەتوێنێتەوە: ئەوانەی وەک پیشەوەران، کاسبکاران و جووتیاران، یاخیبوون بۆ شەڕێکیڕێکخراو دەگۆڕێت. کرێکاران لەڕێگای "ئامڕازی پەیوەندی جەماوەریی"، واتا هەمان هێز کە بۆرژواکان بەقازانجی خۆیان گەشەیان پێداوە، پەیوەندی بەیەکترەوە دەکەن. لە مانیفێستەکەدا بەتایبەتی باسی هێڵی ئاسن کراوە، بەڵام ئاماژەیە بۆ پەیوەندییە جەماوەرییە نوێیەکان. بیرمان نەچێت کە مارکس و ئەنگڵس لە یەکەم کاری هاوبەشییان، واتە "خێزانی پیرۆز" توانیبوویان لەتەلەڤزیۆنی سەردەمی خۆیان، واتا ڕۆمانی ژێرنووس، سوود لە ئامڕازی خەیاڵپڵاوی گشتی وەربگرن. بە بەکارهێنانی خەڵکڕەخنەیان لە ئایدۆلۆژیا گرت، کە بە هۆی ژێرنووسەکەوە هەمەگیر ببوو.

لێرەدایە [لە مانیفێست]، کۆمۆنیستەکان پێدەنێنە سەر سەکۆ. لە ڕاگەیاندنی نمایشەکە، پێشئەوەی کۆمۆنیستەکان بڵێن کێن و ئامانجیان چییە، مانیفێست بەمانۆرێکی وتاربێژانە، خۆی دەخاتەبەرچاوی بۆرژوازی زەندەقچوو و چەند پرسێک دەردەبڕن: بەڕاستی دەتەوێت خاوەندارییەکەتبسڕییەوە؟ هەوڵی هاوبەشکردنی ژناندەدەی؟ بەڕاستی دەتەوێ ئایین، نیشتمان و خێزان لەناوبەری؟

لێرەوە نمایشەکە سەرنجڕاکێشتر دەبێت، چونکە مانیفێست بەدڵنیاییەوە، وەڵامی هەموو پرسەکان دەداتەوە، گوایە دەیەوێت دڵی دووژمن بەدەست بێنێت. لەنکاو زەربەی کار دەوەشێنێت کە بینەرانی پڕۆلیتاریا بەجۆشوخرۆشە هانیدەدەن... دەمانەوێت خاوەنداریی لەناوبەرین؟ نەخێر، هەمیشە پەیوەندییە خاوەندارییەکان لە گۆڕاندابوون. مەگەر شۆڕشی فەڕەنسە خاوەنداریی دەرەبەگایەتی بەقازانجی خاوەنداریی بۆرژوازی لەناونەبرد؟ دەمانەوێت خاوەنداریی تایبەتی لەناوبەرین؟ چ وڕێنەیەک! لەڕاستیدا ئەوە حەقیقەتی نییە، چونکە خاوەنداریی هەنوکە بەدەست یەک لەدەی دانیشتوانەوەیە و  نۆ لەدەی دیکەی لێی بێبەش کردووە. ئێوە گلەیی لەم بابەتە لەئێمە دەکەن کە دەمانەوێت خاوەنداریی "ئێوە" لەناوبەرین؟ بێگومان، ئەمە ئەوکارەیە دەمانەوێت بیکەین.

ژنانی هاوبەش؟ لەوەزیاترمان ناوێت کە ژن لە ئامڕازی هێنانەدونیاوە، ڕزگاربکەین. تۆ پێتوایە ئێمە دەمانەوێت ژنان بەشداری پێ بکەین؟ ئێوە ژنانتان هاوبەش کردووە، ئێوەمانانێک کە بەوە وازتان نەهێناوە سوود لە ژنەکانتان وەربگرن، بەڵکو سوود لە ژنانی کرێکار و لەهەموو شتێک زیاتر چێژ لەڕاکێشانی ژنانی ئاستی خۆتان وەربگرن. لەناوبردنی نیشتمان؟ چۆن دەتوانین شتێک لە کرێکاران وەربگریننەیانبێت؟! بە پێچەوانەوە، دەمانەوێت کرێکاران بەسەرکەوتنیان نەتەوەکەیان بەئازادی بنیاد بنێن...

بە هەمان شێوە تا کۆتایی، تا شاکاری خۆڕاگری لە وەڵامدانەوەی پرسیارە ئایینیەکان. لەوانەیە پێتوابێت ئەمە وەڵامەکەیە: "بێگومان نیازمانە ئایین لەناوبەرین"، بەڵام ئەوە ئەوشتە نییە کە دەقەکە دەیڵێت. بە بەڵگەهینانەوەیەکی گونجاو (تلیاکی گەلان...) قەناعەت دەکات و تێماندەگەیەنێت کە هەر گۆڕانکارییەک نرخی خۆی هەیە. هەر چییەکبێت پێویستە پێش هەموو شتێک، سوسەی باسێکی وەها گەرماوگەرم بکەین؟

پاشان دەگەینە تیۆریترین بەشی کتێبەکە، واتە بەرنامەی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم وڕەخنەگرتن لە ڕەوتە جیاجیاکانی سۆسیالیزم. هێشتا خوێنەر نقوومی لاپەڕەکانی پێشترە. هەتا ئەگەر بەشی پەیوەند بە بەرنامەکە قوورس و هێواش بێت، دوو درووشم هەیە هەناسە لە سنگدا دەگرێت: دوو درووشمی ئاسان، لەبیرنەکراو و پێموایە چارەنووسێکی بەردەوامی هەیە: "پڕۆلیتارەکان جگەلە زنجیرەکەیان هیچییان بۆ لەدەستدان نییە" و "پڕۆلیتاریای جیهان یەکبگرن". بێگومان بەدەر لە توانای شاعیرانە بۆ ئەفراندنی میتافۆرە لەبیرنەکراوەکان، مانیفێست وەک شاکارێکی وتاربێژی سیاسی دەمێنێتەوە کە دەبێت بەتەنیشت وتارەکانی سیسیرۆن و وتارە شکسپیرییەکانی مارک ئەنتوانی لەسەر تەرمی ژول سیزار، پێویستە لە قووتابخانەکان بخوێنرێت. جگەلەوە، بە فۆکەس خستنە سەر ئەوەی مارکس باش شارەزای کەلتووری کلاسیک بوو، ناتوانین ئەم ئایدیایە نادیدە بگرین کە مارکس لەکاتی نووسینی مانیفێست، ڕەنگە ئەو دەقانەی بە باشی لەبیربووبێت.

https://ir.mondediplo.com

وتاری نووسەران