بەشی دووازدەھەم

ئەبوكاروان

 

یەکێک لە سیما و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سەرکردە لەلای ئەحزابی شیوعی و بەتایبەت حزب و گرووپە مارکسیيەکان، پابەندبوونە بە تیئۆر و فیکر و فەلسەفەی مارکسی و تێڕوانینێتی بۆ خەباتی جەماوەری و ڕۆڵ و کاریگەريی چینی کرێکاران و دەستەبەرکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی. لەم ئاستەشدا تیۆری لینین بۆ حزبی سیاسی، چەمکی سەرکردایەتییە، ئەم جۆرە تێڕوانینە پێچەوانەیە لای ئەو حزبانەی كە ناكۆكن لەگەڵ ئەحزابی لینینی كە پێیانوایە سەركردایەتی پێویستە نوخبەوی بێت.

   لای ئەحزابی شیوعی پێویستە هەر ئەندامێکی حزب خۆی بە سەرکردە بزانێت، چ لە شوێنی کاردا بێت یان لە شوێنی نیشتەجێبووندا، سەرکردایەتی دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا هەبێت، لە ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانیدا، و بەشێوەیەکی سروشتی لە ناوەندگەرایی دیموکراسیيەوە سەرچاوەبگرێت.

حزب هەر ئەوانەن کە لە حزب و لەگەڵ چینی کرێکاردا خەبات بۆ بیرۆکە و تاکتیکی خۆیان دەکەن، بۆیە حزبی شۆڕشگێڕ سەرکردایەتییەکی دیاریکراو لەخۆناگرێت، کە مەرجە لە هەمووان زیاتر بزانێت.

چەمکی لینینیەت بۆ سەرکردایەتی زۆر جیاوازە لە دیدگا نوخبەگەراییە ئاساییەکانی سەرکردایەتی لەژێر چەتری سەرمایەداریدا. سەركردایەتی واتە زانینی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکەکانی چینی دەسەڵاتدار، کە زۆرجار لەلایەن زۆربەی کرێکارانەوە قبوڵ دەکرێن، هەروەها بەمانای ئەوە دێت کە چۆن دەتوانین کاربکەین بۆ تەحەددا و ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی چینی  بۆرجوازی دەسەڵاتدار، جا لەڕێگەی مانگرتن بێت یان یاخیبوون. پێویستە سەركردایەتی حزبی شۆڕشگێڕ هەڵقوڵاوی پرۆسەی داکۆکیکردن لە هەژاران بێت و ئامادەیی هەرجۆرە پێشڕەوایەتیيەک بێت کە حزب لە پڕۆژەی خۆیدا و بەمەبەستی داکۆکیکردن لە خەڵک بەشێوەیەکی ورد و بابەتیيانە نەخشەی کێشاوە. پڕۆژەی سیاسی حزبی شۆڕشگێڕیش قووڵبوونەوەیه لە دۆخی ململانێی چینایەتی و بەشێکی دانەبڕاوە لەبزاوتی تێکۆشانی جەماوەری و “ململانێی” بەرزی خەباتی چینایەتی، لەکاتێکدا شۆڕشگێڕانی ناو ئەم پرۆسەیە کە ساڵانێکی زۆریان لە مشتومڕ لەسەر سیاسەتە سۆسیالیستییەکان بەسەر بردووە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە سەرکردەی شۆڕشگێڕ ورد و بەدیقەتەوە لەگەڵ گۆڕانکاريیەکانی دەوڵەت و خەباتی چینایەتیدا هەنگاوبنێ و نەکەوێتە ژێر هیچ کاریگەریيەکی نەخوازراوەوە، کە لە سیستەمی سەرمایەداریدا بە گەمەی ململانێکان دەشوبهێنرێ.

لیۆن ترۆتسکی لە کتێبی (وانەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر)دا زۆر بەدیقەتەوە باس لەوە دەکات کە بەئەزموونترین سەرکردەکانی بەلشەفیيەکان چەندە خاو و وریا بوون کاتێک شۆڕشەکە هەڵگیرسا و هۆکاری ئەم چاودێریکردن و شرۆڤەکردنەش لە دۆخی گۆڕانکاریدا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە هەموو حزبێکی شۆڕشگێڕ پێویستی بەو وریايی و چاودێریکردنە و نموونەی ئەم دیاردە قووڵ و ڕیشەدارەش دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرکردە بەلشەفییەکان، کە چ ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕووسیای قەیسەریدا و ئاماژە بەوە دەدات کە گۆڕانکاری لە دۆخی چەقبەستووی کۆنەپەرستانەدا ئەرکێکی قورس و ئاڵۆزە و پێویستە لە بەرهەمهێنانی شۆڕشدا وردتر لەوەی لە کایەی گشتیدا دەبینرێ کاربکرێت و بوێری لە کرداردا” بکرێتە بنەمای گۆڕانکاریيەکان .

لەگەڵ ئەوەشدا ترۆتسکی ئاماژە بەوە دەدات کە پارێزگاری و دەستپێشخەری شۆڕشگێڕانە لەنێو کادیرە پێشەنگەکانی حزبدا چڕتر ئامادەبکرێ و تێگەیشتنێکی وایان پێبدرێ کە خوڵقاندنی شۆڕش پێویستی بەئامادەکاری تەواو هەیە.

وەک لینین ئاماژەی پێدەدات، پێویستە سەركردەی حزبی شوڕشگێڕ لە پێشەنگی هەموو خەباتێکدا بن و سەركردایەتی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەكان بكەن، كاری جددی بکەن بۆ ئەوەی خەباتەکە بەئەنجامێکی سەرکەوتوو بگەیەنن لەگەڵ دەستە باڵاكانی سەرکردایەتی حزبدا، ئەمەش ڕێگای تاقیكردنەوەی سەركردەكانە كە كار و چالاكی و ململانێیەكان بەرەو سەركەوتن ببەن.

لەگەڵ ئەوەشدا و لە ڕوانگەی لینینەوە نابێ دەرفەت بە هیچ پارێزگارییەک لە سەرکردایەتی خراپ لە حزبی لینینیدا بدرێ، تا نەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە بە بیانووی "سەرکردایەتی" پەیڕەوی لە سیاسەتێکی ناتەندروستی ناڕوون بکات و کەسانێکی هەلپەرستیش پشتگیری لە بۆچوونەکەی بکەن وەک ئەوەی لە ڕووسیای ستالینیی ڕوویدا. 

حزبی شیوعی لەژێر سەرکردایەتی ستالیندا حوکمڕانی دەکرد، تەواو پێچەوانەی هەموو ئەو ڕێچکە فیکریيانە بوو کە بەلشەفیکەکان و لینین بۆی دەجەنگان، ستالین دیالۆگی دیموکراسی و ئەنجوومەنی کرێکاری ڕاستەقینە و ئازادی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بەرهەمێکی حەتمی بیرۆکەی سەرکردایەتی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی ئەو ڕەوتەیە، کە ستالین لە حوکمڕانییەکەی لە ڕووسیادا پەیڕەوی لێکرد.

سەرکردایەتی ڕاستەقینە لە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕدا بەو مانایەیە کە ئەو بڕیارانەی دەدرێن هەندێکجار دەتوانن هەڵە بن وەک چۆن لینین لە دوایين وتاریدا و پێش مردنی بۆ ئینتەرناشناڵ وتی: ئێمە کەڵەکەیەکی گەمژەییمان ئەنجامداوە.

سەرکردە ڕاستەقینەکان لە هەڵە دوور نین، بەڵکو توانای ناسینەوەی هەڵەیان هەیە و قبوڵ بکەن و لێی فێربن، ئەمە تەنها بە فێربوونی بەردەوام لە چینی کرێکار و بە تاقیکردنەوەی تیۆری و کردارەکانی بەشێوەیەکی پراکتیکی ڕوودەدات، ئەمە بکەن مافی سەرکردایەتیکردن بە شۆڕشگێڕان دەبەخشێت لەناو حزب و چیندا بۆیە دەروێشی لە حزبی شۆڕشگێڕدا نییە و سەركردەی كارامە دان بەھەڵەكانی خۆیدا دەنێ و ڕەخنە لەسەركردەكانی تر دەگرێت و ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە كە داكۆكی لە ھەڵەكانی خۆیان دەكەن.

  دەبێ ھەموو لایەك  ئەوە بزانین کەسانێک هەن لە سەركردایەتی حزبەكان لەڕێگەی مەعریفە و ئەزموون و توانای ئاراستەکردن، خۆیان بە توانای سەرکردایەتی دەبینن، بەڵام هەموو شتێک نازانن بەپێچەوانەوە، چونکە هەمیشە ڕووبەڕووی بارودۆخ و کێشەی نوێ دەبنەوە.

هەرچەند ڕەگ و ڕیشەی حزب لەناو چینی کرێکاردا درێژدەبێتەوە، زیاتر پەیوەست دەبێت بە ململانێی ڕاستەقینە و ڕوودانی هەڵەکان زیاتر دەبێت، بەڵام ڕێژەی فێربوون لە هەڵەکان و زانینی ئەگەرەکانی دووبارەبوونەوەی هەڵەکە لەداهاتوودا زیاتر دەبێت. زۆر ئاسانە لەگەڵ بنەما پتەوەکان بمێنیتەوە کاتێک هیچ ناکەیت سەلماندنیان قورسترە، لەسەر ئەم بنەمایانە کاتێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ململانێی چینایەتیدا دەچێنرێن.

بۆیە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە تاکتیک پێویستە بۆ گەشەسەندنی هەر حزبێکی شۆڕشگێڕ و ئەمەش بە ئەزموونی چالاکی و تێکەڵبوون لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار پشتڕاست دەکرێتەوە. ئەم ئەزموونە سەلماندی کە پڕۆسەی دیالۆگی ناوەندێتی دیموکراسی لە خەباتی چینایەتیدا وەک کۆڵەگەیەکی بنەڕەتی چەسپاوە.

 

وتاری نووسەران