هۆشیاری عەبدولعەزیز

وەهم جۆرە تێگەیشتنێکی بێ بنەمایە لە بازنە و چوارچێوەی ئەفسانەدا و بۆخۆی مێژوویەکی تەڵخ و تاڕادەیەک نەزانراوی هەیە و بەشێکە لە مێژووی مرۆڤ و تاڕادەیەکیش بەپێی جیاوازی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی و جوگرافیاو کات و زەمەن گۆڕاوە و هەڵگری زۆر لە دیدوتێڕوانینی جیاوازە ، ناسینەوەی  وەھم لە خودی وەهم گرنگترە و دەبێ لە وردبونەوەو شیکردنەوەیدا مرۆڤ بگاتە ئاستێک نەگەوجێنرێت، چونکە بەدرێژای مێژوو یەکێک لە مەترسیە هەرەدیارەکانی چەواشەکردنی ڕوئیای کۆمەڵگا و تێکدانی ئاراستەی بیرکردنەوەی خەڵک لە ئاست هەرپرس و بابەتێکدا دروست کردنی وەهمه ، لەھەر وڵاتێکیشدا وەهم بوە سەرچاوەی تێگەیشتنی خەڵک بۆ هەڵسەنگاندنی دیاردە و ڕووداوەکان و دوژمنی دەستکرد دروستکرا، حەکایەتی پوچی نەتەوی، دینی، چاکسازی، بەڵێنی پڕۆژەی گەورە و دروشمی بێبنەمای مەترسیدار لەسەر ئاسایشی نەتەوەی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری بونە بابەتی گەرمی ڕۆژ ، ئەوە وەهم وەک یەکەی پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان لەپشت ئەم سلۆگ و حەکایەتە وەهمیانەوە دەکرێتە بنەمای شەرعیەتدان بە تاڵانکاری، احتکار، داڕمانی مۆڕاڵی سیاسی و مافیاگەری و دواجاریش بە ھەژاری و نەمانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و داڕمانی کۆمەڵگا کۆتایی دێت و هیچ دەرچەیەک نامێنێتەوە بۆ چارەسەر

لە ئێستاشدا و بەتایبەت لە سایەی سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی تۆڕەکانی ئینتەرنیت وژمارەیەکی زۆر دیجیتاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وەهم و چەواشەکاری بوەتە بابەت و تەوژمێکی مەترسیدار و  زۆر بەخێرای و بێلێکدانەوەو هەڵسەنگاندن خۆی دەکات بە ماڵی هەمواندا و ڕاستەوخۆ کاریگەری خۆی جێدێڵێ و ناشتوانرێ درۆ و راستیی لەیەکدی جیابکرێتەوە ،لەکاتێکدا جیاکردنەوەی ئەم مەترسیە لە ڕابردوودا ئاسانتر دەهاتە دەست و دەکرا بە تێگەیشتنێکی سادە وەهم و چەواشەکاری بەراورد بە ڕاستی بخرایتە پریاسکەیەک و فڕێ بدرایە ، هەرچەندە بڵاوکردنەوەی وەهم و چەواشەکاریش لە خۆیدا و بەدەر لە ڕۆڵی میدیا لەم بوارەدا پێویستی بە توانا وکارامەیی سیاسیەکی ساختەچی  و بێموڕاڵە کە لەگوتاردان و چەواشەکاریدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت و بتوانێ وەهم بکاتە ڕاستی و ڕووحی بەبەردابکات تا لە پرۆسەی ئاراستەکردندا وێنەیەکی جوان و کاریگەری سەرنج ڕاکێش و چوارچێوەدارە ببەخشێتە چەواشەکاریەکەی و بتوانێ کاریگەری دروست بکات ، وەک ئەو سیاسی و سەرکردە بەئەزموونانەی کورد کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە خەڵک دەگەوجێنن و بوونەتە مەترسی بەسەر ئایندەی کۆمەڵگای کوردیەوە

لەم ماوە دورودرێژەشدا و لە سایەی ئەحزابی حوکمڕانی کوردەوە وەهم و چەواشەکاری و درۆ لەپانتای مامەڵەی خۆیدا و بە قازانج بە گەڕانەوە و پاشەکشەی کۆمەڵگا بۆدوا  کلیل و کڵۆمێکی تۆکمەی لێدراوەو حزب وەک سەرچاوەی پاسەوانیەتی خەریکی پاراستنێتی و نایەوێ لە دەستی بدات ! چونکە لەم پرۆسەیەدا ئەحزابی حوکمڕان کار لەسەر چەواشەکردنی کۆمەڵگا دەکەن و دەیانەوێ بۆ هەمیشە و لە پێناو مانەوەی خۆیاندا گەوجاندن بەردەوامی هەبێ و ئیرادەی کرانەوەی کۆمەڵگا بەشکاوی بمێنێتەوەو لە دۆخی داخراوەوە هەنگاو نەنێ بە ئاراستەی کرانەوە و بەرەوپێشچوون ، هەرچەندە

سیاسییەکانی ئەحزابی حوکمڕان چارەکە سەدەیەکە لە هەڵومەرجێکی ناڕوون و ناجێگیردا و سەرەڕای خولقاندنی سەدان قەیران و تەنگوچەڵەمەی جیاجیای مەترسیدار وەهمی دیموکراسیی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی  و پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی دەبەخشنەوە و کۆمەڵگایان لەو بازنەیەدا  قەتیس کردوەو بوونەتە هۆکاری لە قاڵبدانی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بە هەموو شێوەیەک کۆمەڵگا دەشێلن ، ئەمەجگە لە ئاراستەکردنی چەندین وەهمی تری دینی و سیاسیی و ئابووری و بڵاوکردنەوەی مەترسی و شێواندنی ڕەوشی کۆمەڵایەتی و خەساندنی کۆمەڵگا کە هەریەک لەوانەش دواجار سود و قازانجەکەی دەڕژێتە کوانووی ئەم داهۆڵە سیاسیانەوەو هۆکار لە مانەوەیان لە دەسەڵاتدا

کاتێک دەسەڵات وەهم و فریودان بڵاودەکاتەوە هەوڵدەدات لەپشتەوە گەندەڵی لە شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەتدا بڵاودەکاتەوەوکاریگەری تەواو لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دانێت،بەمەش شیرازەی سەرجەم پێکهاتەکان تێک دەدات و کۆمەڵگایەکی مشەخۆری شێواو بەرهەمدێنێ و دەبێتە هۆکاری ئیفلیجکردنی تەواوی ئۆرگانە سیاسی و ئیداریەکان و شێواندنی ڕەوشتی کۆمەڵگا و دابڕان لە هەموو جۆرە پێشکەوتن و گەشەکردنێک کە کاریگەری نەرێنی دەبەخشێتە  لێبوردەیی کۆمەڵایەتی نموونەی ئەمەش بانگەشەی ئیمانی سەرکردەو سیاسیەکانی دەسەڵاتە لە بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی خۆپاککردنەوەدا کە لە ئێستادا بەڕوونی دەیبینین

ئەمانە چەندین ساڵە بە دروشم و بەڵێنی  بۆشی خوشگوزەرانی، ڕەخساندنی ھەلی کار، چاکسازی، کۆمەڵگا فریودەدەن و خەڵک دەگەوجێنن و خۆشیان  وەک فسفس پاڵەوانی یاریەکی دۆڕاوو خۆیان و خێزان و خانەوادەکانیان لە بەرزترین ئاستی ڕەفاھیەت و خۆشگوزەرانیدان و بەسەر پارە و سەروەت و سامانی میلەتەوە لە گەمەی پاراستنی ئەمنی قەومی و پاراستنی نیشتمانیدا ڕادەبوێرن و خەڵکیش لە خراپترین دۆخی ژیان وگوزەراندایە و خەریکە هەموو شێک لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە و هیچ یەک لەو بەڵێن و بانگەشانەیان نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و نە دەرفەتی کار ھەیە و نەخۆشگوزەرانی، بەکورتی و کوردی دەبێ  خەڵک لە ئاست  ئەو بێحورمەتیانە بێدەنگ نەبێ و لەوە تێبگات دەسەڵاتی ئەمانە چی بارودۆخێکی ناهەموار و مەترسیداری خوڵقاندوەو  چۆن بوەتە کارگەی بەرهەمهێنانی توێژێکی ستەمکار و گەندەڵی مەترسیدار و چی ناهاوسەنگیەکیان دروست کردوە ، لە هیچ قۆناغ و هەڵومەرجێکیشدا نەبوە دەسەڵاتێکی ستەمکار و بێدەربەستی وەک ئەمانە   خزمەت بە چاکسازی ودیمۆکراسی و بەرژەوەندیەگشتیەکانی کۆمەڵگا بکات و دادپەروەری و پاراستنی کەرامەتی ئینسان بگرێتە دەست و ببێتە حەقیقەتی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران و کورسی و  دەسەڵات بکاتەقوربانی گەل و نیشتمان و پەتی وەهم و چەواشەکاری بپسێنێ

وتاری نووسەران