
هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەکێک لە کۆڵەکە بونیادیەکانی پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی هەر کۆمەڵگایەک ڕەوشتە ، ڕەوشت لە کایەی گشتیدا دەبێتە پێوەری سەرکەوتن و گەشەسەندن و هەنگاونانی زیاتر بەئاراستەی چەسپاندنی دادوەری کۆمەڵایەتی و بەدەستھێنانی بەردی بناغەی حوکومرانی بەھێز ، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە بنەڕەتدا پێکهاتەیەکە لە بەھا و رەوشت و دەکرێ لە ڕێگەی سیستەمێکی پەروەردەی ئەخلاقیەوە بنەماکانی ئەو پێکهاتەیە بپارێزرێ، بەپێی زانستی کۆمەڵناسیش ڕەوشت لە فەزای کۆمەڵایەتیدا سیاسەتی تاکەو سیاسەتیش لەکۆی کایەی حوکمڕانیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەخلاقی گشتیە و دەکرێ لە ڕێگەی ئەم سیاسەتەوە پارێزگاری لە بەھای سێستەمی ئیدارەدانی کۆمەڵگا و مولکی گشتی و پابەندبوون بەیاساوڕێساکانی دامەزراوەکانەوە بکات و ببێتە فاکتەری پاراستنی ئەو دۆخەی کە هاوسەنگی سیاسەت و ڕەوشتی ڕاگرتوە ، ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیەش دواجار دەبێتە هۆکارگەلێکی باش بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست ، پێچەوانە بەم دیدگایەش بڵاوبوونەوەی بێڕەوشتی سیاسی و ئابوری ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر کۆمەڵگاو دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی سەرەتایەک لە بڵاوبوونەوەی بێڕەوشتی کۆمەڵایەتی و دواجار وەک ڤایرۆسێکی کوشندە ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر داهاتووی کۆمەڵگاو تاک تێیدا وەک کاڵایەکی بێ نرخ و بها مامەڵەی لەگڵ دەکرێ ، ئەمەش بەدیوێکدا جگە لە تۆخکردنەوەی مەترسی لەسەر ئایندە و بڵاوکردنەوەی بێئەخلاقی و دزی و گەندەڵی هیچیتر نابەخشێ و ناتوانێ گۆڕانکاری ڕیشەی بەرهەمبێنێ
گەر لەم گۆشە نیگایەوە ئاوڕێک لە پرۆسەی سیاسی و ئابوری و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بدەینەوە و کەمێک بە دیقەت ترەوە لەو هەڵومەرجە بڕوانین کە ئەحزابی حوکمڕان لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا کاری لەسەر دەکات ئەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی کە کورد بە قەیرانێکی گەورەی رەوشتیدا دەڕوات و خەریکە خۆی لە دەست دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر
چونکە لە سەردەمی ئەم نوخبە حوکمڕانەدا بێ ڕەوشتی لە ئاستێکا بەرجەستە ئەکرێ کە ڕەشت و پێچەوانەکەیان لە کۆمەڵگا شێواندووە و بێ ڕەوشتی لە هەموو ئاستێکا ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە و پیادە ئەکرێ و وای لێهاتووە سەر بە هەرلایەکی ئیدارەدانی کۆمەڵگادا دەکەی جۆرێک لە بێڕەوشتی یەخەت دەگرێت و وەک مەترسیەک پەلامارت دەدا و ئەیەوێ مەحفتکاتەوە ، وایلێهاتوە نیفاق و دووڕوویی بوەتە بابەتێکی سادە و ساکاری وا کە تاک و دەسەڵات لەسەر حسابی متمانەی یەکتری کاری پێدەکەن و کەس لە خۆی ناپرسێتەوە ئەرێ بەڕاست ئەمە بێڕەوشتی نیە ؟ لە کاتیکدا خەڵک و دەسەڵاتیش فامی ئەوە دەکەن کە ئەخلاقی ڕەوشت بەرزی لەسەر ڕاست و هەڵە و قسە و کردار وەستاوە ، ناکرێ کۆمەڵگاو ئەحزابی دەسەڵاتدار ئەم تێکەڵ کردن و نیفاقە درک پێنەکەن و بەردەوام بن لە درێژکردنەوەو قوڵکردنەوەی تا ئاستی تەجاوزی ئەخلاقی و بڕوابوون بەوەی کە تۆ ناتوانیت بەرەو پێشەوە بڕۆیت و سەرکەوی
ئەمانە لە بری سڕینەوەی ڕەفتاری بەعس و ڕژێمەکەی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی جیاواز لە ڕابردوو هاتن دوو بەرەکی و دووڕویان چاند و کۆمەڵگای کوردیان لە بنەوە هەڵتەکاندوگەیاندیانە ئاستێک کە مرۆڤ شەرم لە کوردبوونی خۆی بکات ، چونکە هەر سەرەتاو لە یەکەم هەڵبژاردن و پەرلەمان و حکومەتدا ھاتن لەبری دەستاودەستكردنی دەسەڵات و بەرجەستەکردنی گۆڕانکاری دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا قۆرخکرد و بوونە خاوەنی هەموو شتێک و سیستمی بەڕوەبردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیان وەک میراتی کردە پشتاوپشت و دەسەڵات و بەرژەوەندی خەڵک و گەل و نیشتمان و قوربانیدانی کۆمەڵگایان خستە ژێرپێ و بە مەزاجی خۆیان و نەیارانی گەلەکەیان هەڵدەسوڕێن
ئەمانە لەبری چاكسازی لە سیستمی پەروەردە و پاكردنەوەی خەڵت وخەوشی چەندین ساڵەی ڕابردووکە مێشكی خوێندكاری كوردی پێ ژەھراوی ئەكرا، ھاتن و چەندین زانكۆ و ناوەندی ئەکادیمی نەیارانی کورد و نەتەوەکەیان لەژێر ناوی جیاجیا دامەزراند و بوونە مەترسی بەسەر نەوەی داهاتووی ئەم کۆمەڵگایەوە ، چونکە زۆرینەی ئەو ناوەندانە نەک پەروەردەیەكی دروست بڵاوناكەنەوە ، بگرە بوونەتە مەترسی و لەبەرژەوەندی دوژمنانی كورد و زاڵ كردنی زمانی وڵاتێكی دیاری كراو و بڵاوكردنەوەی كلتورو فەرھەنگی ولاتانی داگیركەر کاردەکەن و لەوەش تێپەرێ مەبەست لە كردنەوەی ئەو ھەموو زانكۆیە تەنھا بازرگانیە و زانست لەوێ غیابە و هیچ نرخ و بەهایەکی نیە و ڕەنگدانەوەی ئەمەش لە میدیا و سۆشیال میدیا زور بە باشی درک پێدەکرێت ، کە کۆمێنت و ڕای خەڵک دەبینی ئەوجار تێدەگەی ئەمانە چەند بێڕەوشتانە کۆمەڵگا بە ئاراستەی تێکدانی ئەخلاق و بێڕەوشتی ئاراستە دەکەن و چۆن بوونەتە هۆکاری شکاندنی تاکی کورد و بێئیرادەکردنی نەوەیەک بۆ داهاتوو، بۆیە ڕاهاتن لەسەر دووفاقی بەهاکان و ڕەفتاری هاودژ وا لە نیشتیمان دەکات بەرەو دواکەوتوویی و ملهوڕی هەڵوشاندنەوەی یەکجاری بچێت و بەداخەوە لەمەشدا بەشێک لە ئامانجەکانیان پێکاو بوونە هۆکاری بڵاوکردنەوەی جوێن و قسەی سوک و بە ئاشکرا دەمڕاستەکانیان نیفاق و دووڕووی بڵاودەکاتەوە