هۆشیاری عەبدولعەزیز

بەپێی لۆژیكی سیاسی و شرۆڤەكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەی حوكمڕانی ، چەقبەستوویی سیاسی و دوركەوتنەوە لە دەستاودەست كردنی دەسەڵات و حوكمڕانی یەكێكە لە مەترسیە هەرەگەورەكانی بەردەم گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی كۆمەڵگاو دەبێتە هۆكاری دواكەوتن و گەڕانەوە بۆ نێوو كرۆكی حاڵەتە بۆماوەیەكان و زیندووكردنەوەی ئەو دیاردە دزێو ڕزیوانەی كە پاشەكشە بە كۆمەڵگا دەكەن، چونكە زۆرجار ئەو حزب و سەركردە و كەسایەتیانەی كە كار لەسەر كۆنترۆڵكردنی پایە سیاسی و حوكمڕانیەكەیان دەكەن و دەكەونە دژایەتیكردنی نوێبوونەوە و دوركەوتنەوە لەو مەساحە سیاسیە كراوەیەی كە هاتۆتە پێش ، پێیان وایە كرانەوە و  دەستاو دەستكردنی دەسەڵات كاریگەری نەرێنی دەبێ  لەسەر ئایندەی سیاسی ئەوان و  دەبێتە هەڕەشە لە سەر دەسەڵاتیان ، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەم تێگەیشتنە خۆی دەبێتە فاكتەری لەنێوبردنی سوڵتەی سیاسی و وادەكات هەنگاوبەهەنگاو بەرەو دیكتاتۆریەت و میلیتاریزم ملبنێن و ئەمەش كۆمەڵگا دەخاتە دۆخی دواكەوتووی و چەقبەستووی سیاسی و ئابوریەوە

بۆیەگەر كەمێك بابەتیانتر بەراوردێكی سوڵتەی سیاسی كۆمەڵگا خۆرئاوایەكان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكەین دەبینین ئەو هەنگاوەی كە خۆرئاوا ناویەتی ئاڵوگۆڕێكی مەزنی چۆنایەتی بووە  لەسەرجەم كایەكانی ژیان ولە بازنەی گۆڕانكاریەكاندا و تەداولی دەسەڵاتتیان كردە هۆكارێكی باش بۆ كامڵ بونی سیستەمی بەڕێوە بردنی كۆمەڵگایی مەدەنی و چەسپاندنی دیموكراسیەت و دوركەوتەنەوە لە وابەستەی بە مێژووی كۆنەوە ، بەڵام پێچەوانە بەم پرۆسەیە و بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێكارەكانی گۆڕانكاری ڕیشەی ، كۆمەڵگای كوردی كە بەشێكە لە كۆمەڵگاكانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ، نەیتوانی سود لە گۆڕانكاری و وەرچەرخانە سیاسیەكانی جیهان و ناوچەكە وەرگرێت و ئەو هەلە بقۆزێتەوە كە دۆخی ناوچەكە و بەتایبەت لە عێراقدا خوڵقا و لەسەر هەمان ڕیتم و ئاراستەی شۆڕش و شاخ هەنگاوی ناو و لە نێوو چەقبەستوییەكی بۆماوەییداخولایەوە و نەیتوانی خۆی دەربازكات لەو گرێ و گۆساڵە مەترسیدارانەی كە كۆمەڵگا لە دۆخێكی دواكەوتووی گەنیوودا دەهێڵێتەوە

 لەم ئاستەشدا دەسەڵات بۆ زیاترمانەوەی خۆی و پابندبوونی كۆمەڵگا بەكەڵچەری بۆماوەی ئاینی و خێڵەوە كار لەسەر پاشەكشەی ئاستی وشیاری كۆمەڵایەتی دەكات و بەهەموو توانایەكەوە  هەوڵیدا كۆمەڵگا بخزێنێتە نێو زەلكاوێكی كلتوری دواكەوتووی واوە كە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو بۆگەنبوونی زیاتر بڕوات ، واتا دەسەڵات لەم قۆناغەدا و لە پێناو مانەوەی عەزەمەتی خۆیدا بەشێوەیەكی ورد و بەپلان كاری لە سەر تێكدانی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و پاشەكشەی هەنگاوەكانی دیموكراتیزەكردنی خودی دیموكراسیەت و وشیاری سیاسی و گەندەڵی و ستەمكاری و دواكەوتووی و ملكەچ بوون كردو بوونە سەرمەشقی تێكدانی ژینگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگای كوردی  ئەمەش تەنها لە پێناو مانەوە و درێژكردنەوەی تەمەنی خۆیان و دەسەڵاتەكەیانە و هەوڵدەدەن لە ڕێگەی بەكارهێنانی میكانیزمەكانی تێكدانی دۆخی گشتی و بڵاوكردنەوەی دەنگۆی ترساندن و تۆقاندن و دابەشكردنی كۆمەڵگا بە سەر چەند چینێكدا ئەم پرسە ببەنەوە

ئەم كەڵەگایەی كە ئێستا كۆمەڵگای كوردی  لە رووبەرە سیاسیەكەیدا بەدەستی ئەحزابی حوكمڕانەوە دەیبینێت بۆخۆی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە ئەمانە چۆن بەئەنقەست چەقبەستووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیان بەرهەمهێناوە و چۆن كۆمەڵگایان سیخناخ كردوە لە دەبەنگی و كۆیلە و كەسانی بێموراڵی قەزەم ، لەوەش ترسناكتر ئەوەیە حیزب لە موڵكی گشتییەوە بوەتە ئامڕازێكی سەركز و هەزیل بە دەستی بەرپرس و كەسانی هەلپەرست و گەمژێنراوەوە و بوەتە ئامرازی بەرهەمهێنانەوەی ئەو فاشیزمەی كە ساڵانێكی زۆر قوربانی لە پێناو داڕمانیدا دەبەخشرا

ئەم ئەقڵیەت و تێگەیشتنەش لەبنەڕەتدا هەنگاوە بەرەو گەڕانەوە بۆ نێوو مناڵدانی خێڵ و بنەما گشتیەكانی قەبیلەی حزب و خێزانە سیاسیە وەریسەكان و لە گەڵ ئەوەشدا ئەم بابەتە  ڕەگێكی قوڵی لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە و پەیوەستە بەو سەرەتایەوە كە ئاماژەم پێكرد، بەمەش دەگەینە ڕاستیەك كە دەمكوتكردنی تاكی دەرچوو لە و كەڵچەرە كۆنە تەوزیفكراوە بەشێكی پلانە گشتیەكەی ئەحزابی دەسەڵاتدارە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیا و جیهابینی ئاین و خێڵگەرایەتیەوە دەگەیەنرێ و بەشێكیشی داخستن و دوركەوتنەوەیە لە دیموكراسیەت و ئازادی گشتی ، بۆیە لە دۆخێكی ئاوادا پاساوی فرەحزبی و هەڵبژاردن و ئازادی ڕۆژنامەگەری ودەزگای میدیای پێوەری گەشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی نیە و ناتوانێ كاریگەری جدی هەبێ لەسەر گۆڕانكاریەكان و ئەو ئاراستەیەی كە دەیەوێ‌ مرۆڤ وەك ڕانەمەڕ مامەڵەی لە گەڵ بكرێ.

وتاری نووسەران