
هۆشیاری عەبدولعەزیز
ڕەنگە یەكێك لەنەخۆشیە هەرە مەترسیدارەكانی سیستەمی سیاسی و پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی ، خۆسەپاندن و هەنگاونانبێت بە ئاراستەی ئیحتكاركردنی سوڵتەو دەستبەسەرداگرتنی سێكتەرە جیاجیكانی دەوڵەتداری ، چونكە لە زۆر لە دەوڵەتە دیكتاتۆری و نیمچە داسەپاوەكاندا ئەم بابەتە سەنتراڵی بیركردنەوەی كۆنترۆڵكردنی سوڵتەیە و پێكهاتوە لە چەندین سوژەی جیاجیای ناو بیرولێكدانەوەی دەسەڵات و قورخكردنی دەسەلات و مانەوە بۆ درێژترین حوكمڕانی ، هەڵبەتە لەگەڵ بانگەشەی ئەوەدا كە ئەمە سیاسەتە و سیاسەت بەرژەوەندییە و پەیوەستە بە مۆڕاڵی گشتی و هونەری مومكینیاتەوە بە دورە لە فۆڕمە باوەكەی كە فڕوفێڵ و تەڵەكەبازی و بردنەوە و سەركەوتنە بە هەر نرخێك بێت لە چوارچێوە و بازنەی دەسەڵاتدا ، هەرچەندە ئەمە لە بنەڕەتدا حەقیقەتی پرۆسەی حوكمڕانیە و لە هیچ كوێی دنیادا نیە سیستەمی سیاسی كارلەسەر ئەو بابەتە نەكات و خۆی بەدور بگرێ لە سیاسەتخستن و كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا ، بەتایبەت لەو كۆمەڵگا و پێكهاتە كۆمەڵایەتیانەی كە دیموكراسی و ئازادی بیروڕا هیچ نرخ و بەهایەكی نیە و نەبوەتە بنەمایەكی گرنگ بۆ ئاگای كۆمەڵگا بەتایبەت لە وڵاتانی دەرەوەی خۆرئاوا ، ڕوونترلەوەش ، ئەوەیە كە بەگشتی سیاسەت و دەسەڵات لەڕۆژهەڵات دا دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی نا دیموكراسیە و پتر لەم بازنەیەدا دەخولێتەوەو ناتوانێ لە گەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و گۆڕانكاریە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی خۆرئاوادا هەنگاو بنێ و زیاتر لە دۆخێكی وەستاودا چەقی بەستوە
لەم جۆرە حوكمڕانیەدا زۆر جار پەنا دەبرێتە بەر چەواشەكاری و بڵاوكردنەوەی دوفاقی و بۆ ئەمەش زیاتر پشت بە چەند میكانیزمێكی نەخشە بۆ كێشراوی وەك ( بڵاوكردنەوەی ئاین و هاندانی خەڵك بۆ دوركەوتنەوە لە خوێندەواری و بڵاوكردنەوەی ھەژاری ) دەبەستن بۆ كۆنتڕۆڵكردن و دەست بەسەرداگرتنی تاكەكانی كۆمەڵگا و دەسەڵات ، ئەم جۆرە دەسەڵاتە بەردەوام لە هەوڵی دوورخستنەوەی خەڵكدان لە بیركردنەوە، خوێندنەوە، بەدواداچوونی زانست و سیاسی و هەوڵدەدەن خۆمەڵگا ڕووبەڕووی دۆخی تەمەڵی و كات بەفیڕۆدان بكەن و تاك دوورخەنەوە لە هەر جۆرە وشیاریەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دیارە بەرھەمی ئەم جۆرە سیاسەتەش گەلێكی ترسنۆك و كۆمەڵگایەكی داڕووخاو بێ بەرھەمە وەك ئەوەی ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دەبینرێ بە عێراق و كوردستانیشەوە
گەر ئەم بابەتە بە ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان تەرجەمەكەین دەبینین ئەوەی ئێمە ناومان لێناوە پرۆسەی حوكمڕانی ڕێك لەو ئاستەدایە كە ئاماژەم بۆ كرد و تا ساتەوەختی ئێستایش دانەبڕاوین لەو ژینگە ڕۆژهەڵاتیەی كە هەمان ئەقڵیەت بەڕێوەی دەبات و پڕین لە ویستی گەیشتن بەدەسەڵات و مۆنۆپۆڵكردنی حوكمڕانی و نەتوانراوە خۆ بەدور بگرن لەو نەخۆشیە كوشندەیەی كە هیچ مەهارەتێكی ئەرێنی تێدا نابینرێ و پێچەوانە بوونەتە ڕایەڵەی گواستنەوەی قێزەوەنترین ئەو ڕێكارانەی كە خزمەت بە دەسەڵات و كورسیەكانیان دەكات و لە پێناو مانەوەی خۆیان و دەسەڵات و بەرژەوەندیە حزبی و بنەماڵەیەكانیشیاندا ئامادەن سازش لە سەر تەواوی بەها نەتەوەی و نیشتمانیەكان بكەن
ئەم جۆرە دەسەلاتدارە ستەمكارە كە لە شۆڕشەوە هاتن و بەناوی گەلەوە كەوتنە حوكمڕانی ، لە بری بەرجەستە كردنی خۆشگوزەرانی و چەسپاندنی دادوەری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیان كردە كۆمەڵگایەكی شكستخواردووی دابڕاوو لێكترازاوی نەشاز و خۆشیان بوونە كۆمەڵێك دەزگای مافیای بوونە ئەلتەرناتیڤی پرۆسەی گۆڕانكاریەكان و، ئەم وڵاتەیان غەرق كرد لە فەوزا و وەك لاكێكی تۆپیوی لێهاتوە و هەموو ئەوانەی هەڵپەی دەسەڵات و كورسی و پارە و كۆكردنەوەی سەروەت و سامانیانە سەریان تێكردوە و بۆن و بەرامە پیس و بۆگەنەكەشی كۆمەڵگای لە خۆیدا خنكاندوە و هیچ دەرەچەیەكی نەهێشتۆتەوە بۆ دەربازبوون و جگە لە گۆڕنانی خۆیان ، لە گەڵ ئەوەشدا ، بە دڕندەترین شێوەش ڕووبەڕووی هەر جۆرە جوڵەیەكی خەڵك دەبنەوە كە لە پێناو ماف و داخوازیەكانی خۆیاندا پەنای بۆبەرن و بێ گوێدانە هیچ دەرهاوێشتەیەكی خراپ و مەترسیدار دەكەونە تێهەڵدان و ئەشكەنجەدان و ڕاودوونان و گرتنی خەڵك و سوكایەتیپێكردنیان و تەنها خۆیان بەشایستەی حوكمڕانی و دەسەڵاتی باڵا و بەڕێوەبردنی نیشتمان دەزانن و دەیانەوێ بۆ هەمیشە ئەوان بن و هەر بۆ ئەوانیش بمێنێتەوە.