
گەشەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی بەستەرەکانی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سۆشیال میدیا و هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی لەم پێشکەوتنەدا وایکردوە نەتوانرێت کۆمەڵگا و گەشەی تەکنەلۆژیا لەیەکتر جیا بکرێنەوە ، واتا ئەم بوارە بوەتە پێویستیەکی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤایەتی و لەتەواوی بوارەکانی پەیوەندیی کردن و بازرگانیی و ژیانی ئاسای تاکەکاندا کاریگەری هەیە و بەکار دەبرێ
لە ناو ئەم جەنجاڵیەی تەکنەلۆژیاشدا ڕاگەیاندنە ئەلکترۆنییەکانی وەک سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەورەترین پانتای پەیوەندیەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی داگیر کردوە و بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی دیدوتێڕوانین و لێکتێگەیشتنی تاکەکان و خەڵک لە چوارچێوەی پەیوەندییەکان بە هۆی مۆبایلەکانیانەوە دەتوانن هاوبەشیی لە بیرۆکە و گفتوگۆی سیاسیی بکەن،
لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای خەسڵەتە باشەکانی وەک هەر بەشێکی تری تەکنەلۆژیا ، كاریگەریی و لێکەوتەکانى سۆشیال میدیاش بەدەرنییە لە هەڵە و کەمووکورتی و ئاراستەی مەترسیدار و لە زۆر جێگە بۆ مەبەست و مەرامی تایبەت بەکاردەبرێت و کاریگەری نەرێنی دەبێ لە سەر کۆمەڵگا و تاک تووشى دەیان و سەدان ئاریشەى دەروونی و تەندروستی و پەروەردەیی دەکات و خێزان و کۆمەڵگەش لەبەریەک هەڵدەوشێنێتەوە، چونکە زۆرجار بەشێوەیەکی وا سۆشیال میدیا بەکار دەبرێ
کە ساختە ودرۆ شوێنی حەقیقەت دەگرێتەوەو
وەک هەر ڕاستیەکی تر دەستاودەستی پێدەکرێت و لەگەڵ لێشاوی بەردەوامی زانیاریە میدیایەکاندا تێکەڵ دەبن و دەکرێنە خۆراکی کۆمەڵگا وجەماوەریش بەخۆشحاڵیەوە وەریدەگرێت
ئەم وەرگرتنەش خۆی لە خۆیدا کاردەکاتە سەر تێکشکاندنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و تێکدانی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی ناڕاستی و شێواندنی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وبیرکردنەوەی بابەتیانە ، لەکاتێکدا سەرچاوەی تەمویل و بەڕێوەبردنیان نادیارە و کەس نازانێ بۆ چی مەبەستێک کۆمەڵگا ئاراستە دەکەن، هەرچەندە زۆربەیان سێبەری حزبن و مۆرکی حزبیان بەتەواوەتی پێوەدیارە ، بەڵام وریایانە کار لەسەر ئەم بەبازاڕكردنەی فكری خۆیان لە ڕێی تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و ئامڕازە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەكانەوە دەکەن بۆ هەڵخەڵەتاندنی زۆرترین كەس و بەلاڕێدا بردنی ئاراستەی بیرکردنەوەی گشتی ، یەكەمین ئامڕازیشیان كۆنترۆڵكردنی هەست و سۆز گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤەكانە بەو شێوەیەی خۆیان ئامانجیانە، ئەویش لە ڕێی بەكارهێنانی ئامڕازەكانی بڵاوكردنەوە و ڕاگەیاندن ، بۆ ئەمەش بودجە و دارندەییەكی خەیاڵی خەرج دەكەن و تێچووەكەیشی لەسەر حیسابی میلەت و ئەو داهات و سەروەت و سامانە نیشتمانیە دزراوەیە کە ئەحزابی حوکمڕان بە دزی و فزی پێچی پێلێدەدەن و کۆمەڵگای پێ چەواشە دەکەن و مۆراڵی گشتی پێ دەشکێنن
هۆکاری بنەڕەتی پەرەپێدانی ئەم جۆرە لە ساختەچێتی میدیا و سۆشیال میدیاش بۆ ئەوەیە کە دڵنیان هەواڵی درۆ زۆر ئاسانتر بڵاو دەبیتەوە و خێراییەکەی لە بڵاوبونەوەی راستیەکان زیاترە و دەزانن چۆن باری دەرونی خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن ، ئەمەش ڕێک وەک ئەوە دێتەوە کە سەوەداکەر، پێی گرنگ نییە، کە بە چ ڕێگا و ئامراز و شێوەیەک دەبێتە خاوەن گەورەترین سەرماییە ، گرنگ ئەوەیە سەرمایە کەڵەک بێ ، بۆیە زۆر ئاساییە کچە مۆدێڵیک شانازی بەوەوە بکات کە بەهۆی فڵانە مەسئولەوە گرانترین ئۆتۆمبیل و باڵەخانەی "بە ئاخ و ئۆفی شەوان" بۆ بەدیاری کراوە ، ئەم جۆرە لە تێکدانی کۆمەڵگا پەیوەستە بە چەمکی درۆ و نیفاق و دوڕووی ئەحزابی حوکمڕانەوە و هەر ئەوانن کۆمەڵگایان گەیاندۆتە ئەو ئاستەی کە درۆ و ساختە و نیفاق بۆتە دەسەڵات و ڕاستی هەڵدەتەکێنێت
بەکورتی سۆشیال میدیا لە ئێستای واقعی کۆمەڵگای کوردیدا ئامرازێکی زۆر باش و کاریگەرە بەدەستی ئەحزابی حوکمڕانەوە و باشترین چەکیشە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمڕانی و قایمکردنی پێگەی خۆیان. ئەمەش بە دروستکردنی دەیان و سەدان پەیج و ئەکاوەنتی ساختە کە تەنها کار لەسەر لێکۆڵینەوەی وەهمی و بەلاڕیدابردنی خەڵک و یاریکردن بە گوتاری سیاسیی و شعوری کۆمەڵگا دەکەن و بەلاشیانەوە گرنگ نیە دەرهاوێشتە و کاریگەریەکانی چی دەبێ و کۆمەڵگا بە چی لاڕێیەکدا ئاراستە دەکات