شەماڵ عادل سەلیم
 
ئافرەتی بەهرەدارو تێکۆشەری کۆمۆنیستی ناسراوی گەلەکەمان د. سامیە شاکرسادق سەلیم ناسراوبە ( مەشخەڵ ) ، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا لەدایک بوایە ، بێ‌گومان ئێستا دەبوو بە سومبلێکی پیرۆزو گەورەی نەتەوەییان و، وەک گەنجینەیەکی وشە وهەڵوێست و زانستی مەزن، سامان و ناوبانگ و ڕێزی بەسەردا دەباری و بەرهەمەکانی بەخۆڕایی بۆ چاپ دەکرا . هەروەها بەشانازییەوە پەیکەرو وشەقام و قوتابخانەی بەنێو دەکراو وێنەی لەسەر پوولی پۆستەو ودراوی کاغەزو کانزا نەخش دەکرا ، بەڵام بڵێم چی .....؟ هەرئەوەندە دەکرێ لێرەدا وشەکانی شاعیری گەورەی گەلەکەمان گۆرانی مەزن دووبارەبکەمەوە کە دەڵێت : ( بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار.... وەکوو عەکسی قەمەر وایە لەناو گۆمێکی لیخندا )!
خەباتی د. سامییە لە ریزی حزبی شیوعی عیراقدا :
د.سامیە لە زووەوە لە رێگای کوڕی پلکی شەهید عادل سەلیم ئاشنایی لەگەڵ بیری مارکسییەت پەیداکردوە وخەباتی بۆ یەکسانی ژن و پیاو و مافی لاوان و کرێکاران و جووتیاران کردووە ،هەروەها کاریگەری کوڕیپلکی کاک موسا سەمەدیشی لەسەر بووە ، کە یەکێک بووە لە ئەندامانی رێکخراوی ( دارکەر \ الحطاب ) کە کۆمەڵەیەکی سیاسی بووە و بۆ سەربەخۆیی کورد تێدەکۆشا ، هەروەها لەتەک هاورێ ئافرەتەکانی لە وانە : ساکنە سلێمان ، ساکنە عوسمان ، فەتحیە محەمەد ، نەجیبە خەلیل ، شوکرییە حەمەدئەمین ، باجی سەنییە، هەیبەت مەولود ، بەسێ ڕەش ، سەبیحە عومەرئەمین ، خوشکە فریشتەی شاعیر و زۆرانی دیکە لە کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق خەباتی کردووە ، هەروەها وەک کادیرێکی چالاک لە ریزی حزبی شیوعیی عیراق وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارێزگای هەولێر کاری کردووە و بەرپرسی ڕێکخراوی ئافرەتانی هەولێریش بووە .
د. سامیە بەشداری لە یەکەمین و دووەمین و سێهەمین کۆنفرانسی لقی کوردستان (حشع )کردووە . جێگای ئاماژەپێدانە لە کۆنفرانسی سێیەم کە لەسەرەتای کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی داربەسەر بەسترا ناوی ( لقی کوردستان \ حشع ) کرا بە ( هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عیراق) و بڕیار درا هەرێم بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبێت و کۆنگرەی تایبەتیش ببەستێ .
هەر لە کۆنفرانسی سێیەم د.سامیە هەڵبژێردرا و بووە ئەندامی لێژنەی هەرێم و دواتریش زۆر چالاکانە بەشداری کۆنگرەی یەکەمی هەرێمی (حشع) ی کرد کە لە ئایاری ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی دەرگەڵە بەسترا .
د. سامیە و هاوڕێکانی لە ناوڕاستی پەنجاکانەوە لە کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق لە چالاکی بەردەوامدا بوون بۆ خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان، لەسەرەتای کارکردنیان چەندین خولی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینیان بۆ ئافرەتە نەخوێندەوارەکان کردەووە ، هەروەها خولی دوورمانیان بۆ گەنجەکان کردەوە ، بەسەدان ئافرەتی شاری هەولێریان خستە سەر کار لە کارگەکان، لەو ڕوانگەیەی کە بەبێ سەربەخۆیی لایەنی ئابووری ئافرەت هەمیشە سەربەخۆ و خاوەن کەسایەتی خۆی نابێت ، هەروەها چەندین کێشەی کۆمەڵایەتییان چارەسەرکرد و بەبەردەوامیش سەردانی خەلک و بنەماڵە هەولێرییەکانیان دەکرد و لەنزیکەوە گوێ بیستی کێشەو پێداویستییەکانیان دەبوون و لەخۆشی وناخۆشیدا لە گەڵیان بوون .
لە دوای ساڵی ١٩٧٣ دا لە دوای جێگیرکردنی ئۆتۆنۆمی لە کوردستان ، حزبی شیوعی و حزبی بەعس بەرەیەکیان پێکهێنا ، د. سامیە یەکێک بوو لەو(١٠) هاوڕێیەی لە فراکسێۆنی حزبی شیوعی لە ئەنجومەنی یاسادانان بۆ دوو خول دەستبەکار بوو . لە ئەنجوومەنیش د. سامیە بەدڵسۆزیی کارەکانی خۆی ئەنجام داوە وچەندین دەسکەوتی باشیان بەدەست هێنا ، وەکو چەسپاندنی بڕگەی ( عیراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی عەرەب و کوردو کەمەنەتەوەی تر پێک دێت ، کەئەمەش بۆ ئەوکات دەستکەوتێکی مەزن بوو ، هەروەها چەسپاندنی زمانی کوردی و بەکوردی خوێندن و بەکارهێنانی زمانی کوردی و نووسینی نامەو ئاڵ گۆر کردنەوەی بەزمانی کوردی و گەشەپێدانی ڕاگەیاندن و چاپکردن و بڵاوکردنەوەی گۆڤارو رۆژنامەو کوردی و گەشەدان بە کۆڕوکۆبوونەوەو سیمینارو بوژانەوەی بەشەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد و زۆر کاروچالاکی جەماوەری تر .
د. سامیە .. ئەو سەرکردە شیوعییەی بەعسسیەکان باخی ماڵەکەشیان سووتاند :  
لەدوای کۆچی دوایی د. سامیە ، لەبری ئەوەی باس لە هۆکاری سەرکی دەربەدەری وئازارو ڕاوەدونان و زیندانیکردنی کەسوکاری بکەن کە هەتا دواهەناسەی بەئازارەوە باسی دایک و خوشکەکەی مامۆستا نەسرین دەکر کە لەسەر د. سامیە زیندانی دەربەرکران ، لێرەو لەوێ تەنها باس باسی ئەوەیە کە د. سامیە یەکەم شوفێری ئافرەتی شاری هەولێر بووە !
بۆیە بەگرنگم زانی وەک پورزای د. سامیە ، هەروەها وەک شایەدحالێک باسی خەبات و تێکۆشانی د.سامیە زۆر بەکورتی بۆ مێژوو بکەم :
د.سامیە لە تەمەنی( ٩ ) سالیدا کە هێشتا قوتابی سەرەتایی بوو لە شاری شەقڵاوە لەکاتی بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانێکی جەماوەری دژ بە ریژێمی پاشایەتی دەستگیر کراوە و لەبەر بچووکی تەمەنی تەنها چەند رۆژێک لە بەندیخانەی سەرای هەولێرێ ماوەتەوە و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە .
بەهۆی کاریگەری کوڕی پلکی شەهید عادل سەلیم کە سەرکردەیەکی دیاری حزبی شیوعی بووە ، د.سامیە تێکەڵی خەبات و تێکۆشانی حزبی شیوعی بووە و زۆر چالاکانە ئەرکو کارەکانی ئەنجام داوە ، دوای تەواو کردنی خانەی مامۆستایان لە بەغدا ، درێژەی بەخەبات لەریزی یەکێتی ئافرەتانی عیراق داوەو و بەشداری کۆنگرەی یەکەمی کە لە بەغدا لە ئاداری ساڵی ١٩٥٩بەسترا بەئامادەبوونی زەعیم عەبدولکەریم قاسم لەتەک کۆمەلێک ئافرەتانی شارەکەی کردووە .
هەروەها لەدوای بەستنی بەرە لەنێوان حزبی شیوعی و حزبی بەعس لەساڵی ١٩٧٣ دا ، د.سامیە بەبڕیاری حزبی شیوعی نوێنەرایەتی حزبەکەی لەئەنجوومەنی یاسادانانی کردووە.
لێرەدا بۆمێژوو دەبێت باسی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و وێرانکاریی ریژمی بەعس بەتایبەت لە سەردەمی سەددام حوسێن بەرامبەر د.سامیە و خانەوادەکەی بکەم .
دیارە بڕیاری لەناوبردنی شیوعییەکان لە کۆتایی هەفتاکان لەلایەن حزبی بەعس تەنها دروشم نەبوو ، بەڵکو بە پێی بەڵگەکانی بەردەستم ستراتیژیەتێکی دارێژرای تۆکمە بوو کە چەند لایەنێکی لەخۆگرتبوو:
١ ـ ڕاوەدوونان و گرتن و ئەشکەنجەدانی شیوعییەکان وخانەوادەکانیان
٢ـ تیرۆرکردنی کادیرو وئەندامانی حزب بە شێوازیی جیاجیا
٣ـ پاکانەکردن و وازهێنان لەحزب وەک مەرجێکی سەرکی بۆ ئازادکردنی ئەندامانی حزبی شیوعی لە زیندانەکانی بەعس.
٤ـ دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گواستراوەو (پارە و ئۆتۆمبێل )و نەگواستراوە (خانوبەرە).
هەربەوەندەش نەوەستان بەڵکو دواجار دەستیان بە دەستبەسەرداگرتنی مولک و خانوەکانیان کردوو باخەکانیشیان بەنەوتی ڕەش وشک دەکرد ، هەروەک ئەوەی بەرامبەر د.سامیە شاکر کردیان دوای ئەوەی بەبڕیاری حزبی شیوعیی عیراق لە دوای شەهید بوونی کوڕی پلکی (عادل سەلیم )توانی بەر لە تیرۆرکردنی بە بڕیاری حزبی شیوعی وڵات بەجێبهێڵت .
من وەک شایەدحالێک بەچاوەکانی خۆم بینیم کە بەعسییەکان چۆن داری ماڵەکەیان لەگەرەکی شۆڕش دەبڕیەوە و بەنەوتی ڕەشیش وشکیان دەکرد ، لەدوای ئەوەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ( حیزبی بەعس ) بەژمارە ٤٤٢ لە بەرواری ١٠ / ٤ / ١٩٧٩ خانووەکە و ماڵ و موڵکی حیجز کرا و دایک ومامۆستا نەسرینی خوشکی بچووکیشی دوورخرانەوە بۆ شاری ئەسکەندەرییەی سەر بە قەزای موسەیەب و هەرلەوێش دایکی لە دووری شارەکەیی وخزمانی کۆچی دوایی کرد .
بەعسییەکان هەر بەوەندەش وازیان نەهێنا ، بەڵکو بەپێی بەڵگەنامەیەکی دیکەی ئەمنی عامەی بەغدا بەژمارەی ١٠٥٣٧ لەبەرواری ٢٨/ ٧/ ١٩٨٨ داوی دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی د. سامیە شاکر دەکەن .
بۆیە دەبێت هەموو لایەک باش بزانێت کە د. سامیە لە سەر هەلوێست و بیروباوەڕی شاربەدەرکراو کەسوکاریشی زیندانی و دەربەدەر بوون نەک لەبەرئەوەی کە یەکەم شوفێری ئافرەت بووە لە شارەکەی !
د. سامیە و کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی نووسەرانی کورد :
د. سامیە لەیەکەم کۆنگرە و زۆربەی کۆنگرەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد بەشدار بووە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری (ڕۆشنبیری )بووە ، کە تەنها یەک ژمارەی لێ چابکراو و دواتر داخرا .
دوای ئەوی کە د. سامیە بووە ئەندامی یەکێتی نووسەران پەیوەندی لەگەڵ مامۆستا عزەدین فەیزی بەهێز بووە و هەمیشە پشتگیری کردووەو هانی داوە کە د. سامیە بەردەوام بێت لەو رێچکە ئەدەبییەی کە گرتبووی .
د. سامیە یەکەم ئافرەتی بوو بە هیمەتی هونەرمەندی گەورەی کورد (فوئاد ئەحمەد نانەکەلی) شیعرێکی کرا بەسروود و لە قوتابخانەکان دەگوترایەوە بەناوی ( ئاشتی خوازم ) ، هەروەها یەکەم ئافرەت بووە لەبواری کۆمەڵناسی دکتۆرای لەزانکۆی ئەڵمانیا لەسەر تێزی ( باری کۆمەڵایەتی ئافرەتی کورد لە کوردستانی عیراق ) وەرگرتووە ، هەروەها یەکەم کەس بووە لە دانیشگای لایبزیک بەشی کوردی بۆ قوتابیانی ئەڵمانی کردۆتەوە و چەندین کتێبی بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ زانکۆی لایبزیک نووسیوە لەوانە : ( هەولێر ، ئەلف و بێی کوردی ) .
(سێ بێ ـ بەستەپیازە ، بەغدا ،بەرلین)
لەم دواییە د.سامیە دوو بەرهەمی نوێی بەچاپگەیاند ، یەکەمییان بەنێوی ( سێ بێ ، بەستەپیازە ، بەغدا ،بەرلین )، دیارە ئەم کتێبە هەروەک د .سامیە لە پێشەکییەکەی نووسیویەتی و دەلێت : (بەشێکە لە بیرەوەرییە سەختەکانی ژیانم ) ، منیش دەڵێم : ( سێ بێ ) گوڵبژێرێکە لە باخچەی وشەو هەڵوێست و خەباتی شێرە ژنێکی هەولێری بێ نازو خانەوادە تێکۆشەرو قوربانیدەرەکەی .
دووەمیان کتێبێکی ( ئەلکسەندرا کۆلۆنتای )یە دەربارەی ( رزگاربوونی ئافرەتە کرێکارەکان ) کە د. سامیە لە عەرەبییەوە بەر لە ( ٤٧ ) ساڵی رەبەق وەرگێراوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی ، بەڵام بەهۆی باروزروفی نالەباری ئەوسای وڵات و ،دواتریش بەهۆی دورکەوتنەوە و  گیرسانەوەیان لە غەریبیدا نەیتوانی بەچاپی بگەینێت ..
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردنە ئەوەیە ، د.سامیە بەر لە چوونی بۆ هەندەران ، دەستنووسی وەرگێرانی کتێبێ ( ئەلکسەندرا کۆلۆنتای ) لە لای هاورێیەکی ئازیزی بە نێوی( د. بەدیعە محەمەد نەجیب ساڵح ) کە بەیەکەوە لە ساڵانی ١٩٧٤ / ١٩٧٩ ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانان بوون ،دەستنووسەکەی بەئامانەت بەجێ هێشتبوو ،(د. بەدیعە )یش زۆر دلسۆزانە ، دەستنووسەکەی د. سامیە ی هاوڕێی بەنهێنی وەک ئەمانەتێکی بەنرخ پاراستووە و بەم دواییە وەک سورپرایزێک ئەمانەتەکەی بۆ گەراندەوە ، کەئەمەش جێگای دڵخۆشی و سوپاس و پێزانییە ، بەتایبەت لەوکاتەی د.سامیە بەهۆی نەخۆشی وماندووبوونیەوە ئەمانەتەکەی لەیاد نەمابوو !
لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم ، بەتایبەت بۆ (نەوەی نوێ ) ، زۆر بەکورتی چەند وشەیەک دەربارەی نووسەر و ڕووناکبیری ناسراو د. سامیە و بەرهەمە چاپکراوەکانی وەک وەفاو پێزانین بنووسم ، بەو هیوایەم بەرهەمەکانی ئەو تێکۆشەرە وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی باوەڕپێکراو لە مەیدانی زانست و شیعردا سوود بەخش بێت .
دەبێ ئەوەش بلێم کە بۆ من وەک قوتابییەکی ئەو زاتە ئاسان نییە و بەڵکو ناکرێت ، لەم دەرفەتە کەمەدا هەقی خۆی بدەمێ ، چونکە د.سامیە زیاتر لە ٧٠ ساڵە لە پێشەوەی خەبات و تێکۆشان بووە و ژیانی خۆی بۆ نیشتمان و نووسین و شیعرو لێکۆڵینەوەو وەرگێران تەرخانکردوە و بە سەدان لێکۆڵینەوەی بەپێزی لەسەر باروزروفی ئافرەتانی وڵاتەکەی و بابەتی سیاسی ، ئەدەبی ، مێژوویی ، کۆمەڵایەتی ، نەتەوەیی ،بەزمانی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی نووسیوە ، کە بەهەقیقەت نووسینەکانی سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ قوتابیانی زانکۆو زانست پەرواران .
(مەشخەڵ ) کێیە ؟ :
(مەشخەڵ ) ناسناوی شیعری شاعیری ئافرەتی بەهرەدارو شۆرشگێرو زاناو ناوداری هەولێری د. سامیە شاکرسادق ە .
( مەشخەڵ ) لە ساڵی ١٩٣٩ لە شاری هەولێر ( گەرەکی قەڵات ) لە بنەماڵەیەکی ئەدەب پەروەرو هۆشیارو ناودار لەدایک بووە ، دایكی ( ئامینە شێخە عەبدولڵا )لەدایک بووی گوندی پیرداودی دەشتی دزەییانە، باوکی لە بەر ئازایەتی بە( عەبدوڵلا ڕووت ) ناسراوە ، ئامینە خان ئافرەتێکی دیندار و خواناس وقسە لەڕووبووە.
شاکرسادق حەمە سەلیمی باوكیشی پیاوێکی دنیادار و سەخی تەبیعەت و مێوانپەرست بووە، بەهۆی كاری باوكییەوە ( مەشخەڵ ) خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەی شەقڵاوە تەواو كردووە، و قۆناغی ناوەندی لە هەولێر بەسەرکەوتوانە بڕیووە . 
لەساڵی ١٩٥٨دا، خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو كردووە ، بۆ یەكەم جار لە شارۆچکەی شەقڵاوە وەك مامۆستا دامەزراوە، لە پاشان بۆ هەولێر گواسترایەوە وەك بەڕێوەبەرو، زۆر بەسەركەوتووانە كاری خۆی بەئەنجام گەیاندووە.
(مەشخەڵ )هەر لە منداڵییەوە هەستی نووسینەوەی هۆنراوەو پەخشانی هەبووە، و بەرەبەرە پەرەی پێداوە، هەتا بەتەواوی لە جیهانی هونەر و هۆنراوەدانان جێگای خۆی کردۆتەوە و قەڵەمێکی دیارو یاخی و بەبرشتی سەردەمی خۆی بووە .
(مەشخەڵ) کاتێک چەپکێک لە بیرەوەرییەکانی بەنێوی ( سێ بێ .. بەستەپیازە ، بەغدا ، بەرلین ) دەنووسێتەوە تەمەنی حزبی زیاتر لە نیو سەدە دەبێت و ، هەموویشی بۆ ئایدیاو ئامانجە پیرۆزەکەی تەرخان کردووە ، ئەو ئامانجەی تا سەر ئێسقان باوەڕی پێ یان هەبووە و دڵسۆزانە خەباتی بۆ کردووە قوربانی بێ پایانیشی بۆ داوە ،کە تا دوا هەناسەی لەسەر هەمان بیروباوەڕی ماوەتەوە بەڕاستیشی زانیوە ، وەک سەرکردەیەکی کۆمۆنیستی جەسەسوور لەمەیدان بووە .
شایەنی ئاماژەپێ دانە ،کە هاوڕێیەکی دێرینی د.سامیە کە ئەویش بەرێز بەدیعە محەمەد نەجیب ساڵحە پێشەکییەکی کورت و پوختی بۆ کتێبی (سێ بێ) نوسیووە و لە بەشێکیدا دەلێت : ( لە میانی ئاشنابوونمان بەیەکتری ، خوشکە سامیە هەمیشە کەسێکی خێرخواز و چاکەویست بوو و یارمەتی چەندین خێزانی هەژارو نەداری دەداو بەوپەڕی رێزەوە تەعامولی لەگەڵ خەڵک دەکرد. هەروەها بیروبۆچوونەکانی واقیع بینانە و زانستییانە و لەبەرژەوەندی گەلی کورد بوون).
ئەوەی بیرەوەرییەکانی (مەشخەڵ) بخوێنێتەوە دەزانێت ،کە ئەم زاتە چەندە ناخۆشی و ئەزیەت و دەربەدەری و چەوسانەوەی بینیوە و هەروەها قوربانی زۆریشی بۆ چارەسەری کێشەی ڕەوای گەلەکەی داوە ، تەواوی وزە و توانای خۆی خستۆتە حزمەتی گەلەکەی و لەپێناویشیدا باجێکی زۆری داوە و داکۆکیکەرێکی سەرسەختی چەوساوەکانی گەلە ستەمدیدەکەی بووە و بەدلێکی گەرمەوە بەرژەوەندی گشتی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ، هەربۆیە بەشانازییەوە لە گەنجینەی( سێ بێ) دا دەڵێت : (پاش نزیکەی نیو سەدە لە خەباتی بێ پسانەوە ، لەم دنیایەدا جگە لە شەرەف و شان و شکۆی خۆم وەک ئافرەتێکی نێو بواری سیاسەت و ئەدەب ،هیچ شتێکی دیکە شک نابەم ، کەئەمەش مایەی سەربەرزیمە وبەهەمووسەروەت وسامانی دنیا نایگۆڕمەوە ) ..
لە ( سێ بێ ) دا ، د.سامیە چەندین بەڵگە نامەی گرنگی بڵاوکردۆتەوە کە ژیانی خۆی و خانەوادەکەی بەرەو ئایندەیەکی نادیار برد ،بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی بەرەی نێوان حزبی شیوعی عیراق و حزبی بەعس کە د.سامیە کادیرێکی دیارو چاڵاکی حزبەکەی بووە ،هەروەها چەندین وێنە دانسقەی خۆی و خانەوادەو هاورێیانی بڵاوکردۆتەوە لە تەک چەندین دیکۆمێنت ونامەی گرنگ .
د. سامیە لە ( سێ بێ ) دا دەلێت : ( لە بنەماڵەکەمان چەندین کەسایەتی دیارو شوڕشگێر هەڵکەوتوون کە بەگیانی خۆیان بەرگرییان لە نیشتمان کردووە و خزمەتێکی بەرچاوی شارەکەشیان کردووە هەتا لەبواری یاسادانانیش ،لەوانە :
١ ـ کاک موسا سەمەد ، کە یەکێک بووە لە ئەندامانی رێکخراوی ( دارکەر )( الحطاب ) کە کۆمەڵەیەکی سیاسی بووە و بۆ سەربەخۆیی کورد تێدەکۆشا و لە دواییدا ناوی ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵی ١٩٣٩ دا بووە ( حزبی هیوا ) و مامۆستا رەفیق حلمی بووە سەرۆکی ، هەروەها لەناوەراستی هەفتاکانی سەدەی ڕابردووش بووە وەزیری پەروەردە لە کوردستان .
٢ ـ کاک ( عادل سەلیم ) ، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعیی عیراق بوو ، هەروەها بۆ ماوەی ٣ ساڵ ئەمینداری گواستنەوە وگەیاندن بووە و ، حزمەتێکی زۆری بەگەل و نیشتمان و شارەکەی کردووە .
٣ ـ دکتۆر ( کەمال عەزیز توتنچی ) ، ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانان و دکتۆرێکی لێزان و بەناوبانگ بوو ، لەهەردوو بواردا حزمەتی بەرچاوی هەبووە .
د. سامیە لەگەڵ دەستپێكردنی ژیانی ڕامیاری و هاتنە ناو ریزەکانی حزبی شیوعی عیراق و کۆمەڵەی ئافرەتانی عیراق، دەستی بەنووسین و هۆنراوە دانانیش كردووە، هەتا لە ساڵی ١٩٦٩دا، وەك ئەندام لە یەكێتی نووسەرانی كورد دەستی بەچالاكی کردووە و، پەرە بەكاری وێژەی
د.سامیە ، لەسەرەتای ژیانییەوە شیعر و وشە دەکاتە ئامرازی خەبات و تێکۆشان ، بۆیە لە هەر بۆنەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی حزوری هەبووە و شیعری داناوەو لە کۆڕوکۆبوونەوەی جەماوەریدا پێشکەشی کردووە ، بەهێزترین هۆنراوەی ( مەشخەڵ ) ، هۆنراوەی (بیری چەسپاوە )، کە چاوەڕوانی ڕۆژی راستەقینەی ژینی ئازادی نەتەوەکەیەتی ، تاکو بەسەربەرزی لەبەر ڕووناکی ڕۆژی بیری چەسپاودا بژی کە تا هەتایە ئاوا نابێ ودەڵێ :
(ڕاستە هاوڕێ‌ من كچێكم... خاوەن بیروباوەڕێكم
لەت لەتم كەن گەر بمكوژن... قەت ناگۆڕێم هەر یەكم
گەر بمخەنە ژووری زیندان.... هەر چەند ئازاریشم بدەن
هەرگیز ناوەستم نابەزم..... چونكە دڵسۆزم بۆ وەتەن
من هاوار ئەكەم لە مەیدان.... ئازادی بۆ گشت میللەتان
لەبن دێت هەر بە تێكۆشان... ڕەگ و ڕیشەی گشت خوێنمژان. )
 
بەرێزان ، ئەوەی لەسەرەوە باسم کردووە گوڵبژێرێکە لەڕەوتی ژیان و خەبات و تێکۆشانی خاتوو سامیە شاکر سادق ( مەشخەڵ ) ، چونکە باسکردن و گێرانەوەی تەواوی بەسەرهات و تێکۆشان و ماندووبوونی ئەوزاتە بە چەندین کتاب تەواو نابێت ، بۆیە لێرەدا هەربەوەندە کۆتایی بەم چەند وشەیە دەهێنم و هیوادارم لەداهاتوودا بتوانیین زیاتر لاپەرەکانی ژیان و تێکۆشانی دکتۆرە (سامیە )هەڵبدەینەوەو بە نەوەکانی نوێ ئاشنای بکەین ....
لەکۆتای دا داو لە پسپۆران و ڕەخنەگران دەکەم ، کە بەشێوەیەکی زانستیانە لێکۆڵینەوە لەسەر ژیان و تێکۆشان و خەبات و بەرهەمەکانی ( مەشخەڵ ) وەک ئافرەتێکی زانست پەرست و ماندوونەناسی بواری خەبات و تێکۆشان بنووسن و زیاتر بەنەوەی نوێ ئاشنای بکەن ، چونکە ( مەشخەڵ )ی زانست و خەبات ، بەر لەوەی ملکی خانەوادەکەی بێت ، ملکی نیشتمانەکەیەتی کە بەگیانی خۆی و خانەوادەکەی قوربانی بێ پایانی بۆداوە .
جێگای داخە د. سامیە لە بەرواری ٦ \ ٥ \ ٢٠٢٦ بەنەخۆشییەکی کتوپڕ لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و دڵە گەورەکەی لەلێدان کەوت و لەسەر وەسیەتی خۆی گەڕاندرایەوە زێدی باب و باپیرانی ، راستە د.سامییە بە جەستە جێیهێشتین کۆچی بۆ دوامەنزڵگەی خۆی کرد بەڵام بە فکرو رێبازی شیوعییەتی و زانستی هەمیشە وەک ( مەشخەڵ) لەگەڵمانە ، نەوەکانی حزبەکەی یەک لەدوای یەک پارێزگاری لەو ڕێبازە دەکەن کە تاکە ئامانجی یەکسانی و دادپەروەریی و خۆشگوزەرانییە .
بەڵێن بە د.سامییە دەدەین لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەی بەردەوام دەبین تا هێنانەدی ئاواتەکانی ...
سڵاو لەگیانی پاکی (مەشخەڵ)ی دادپەروەریی ...
ماڵئاوا ئەی رەمزی بەرخۆدان و زانست و بوێریی ..
 
*بەرهەمە چاپکراوەکانی د. سامیە :
١ـ کۆمەڵە شیعری بیری چەسپاو / هەولێر ١٩٧٣، بەیارمەتی مامۆستا گیو موکریانی لە چاپخانەی کوردستان چاپکراوە .
٢ ـ دیوانی بەهرەی دوور / سوید ١٩٨٤
٣ ـ بیوگرافییای ناساندنی نووسەرانی کورد / بەزمانی ئەڵمانی / ١٩٩١
٤ ـ ئەلف و بێ ی کوردی بەناونیشانی ( هەولێر / بۆ خوێندکارانی ئەڵمانی ) / ١٩٨٦
٥ ـ سێ بێ .. بەستەپیازە، بەغدا ، بەرلین ـ بەشێک لە بیرەوەرییە سەختەکانی ژیانم ، هەولێر ، ٢٠١٩
٦ ـ وەرگێرانی کتێبی (ئەلکسەندرا کۆلۆنتای) لە عەرەبییەوە بۆسەرزمانی شیرینی کوردی ،بەناونیشانی ( ڕزگارکردنی ئافرەتە کرێکارەکان ) ، هەولێر ،

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا