
بڕیار عەبدولڕەحمان
ڕواندز شارێکی کۆن و بەناوبانگە، مێژوویەکی دەوڵەمەند و جوانی هەیە لە سەرجەم بوارەکاندا. ئەو شارەی خاوەن قوربانی زۆر و خەبات و تێکۆشانی بێ وچانە، بە ئێستاشەوە لە هەموو پرس و بابەتە گرنگ و هەستیار و نیشتمانییەکان هەمیشه پێشەنگ بووە. ڕواندز، بە شاری هونەر و ئەدەب ناسراوە، هەم شارێکی جوانە و سروشتێکی ناوازەشی هەیە، خاوەن چەندین شوێنی بەناوبانگ و دڵڕەفێنە، لە ڕووی گەشتوگوزاریش، بووەتە شوێنی هاتنی هەزاران گەشتیار. کەچی ئەم شارە نەک هەر ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بەڵکو لە هەموو ڕووێکەوە فەرامۆشکراوە.
لە ڕووی خزمەتگوازییەوە دوای زۆربەی شارەکانە، لە شارەکانی دەورووبەری ڕواندز، خزمەتگوزاری زۆر زیاترە. ئەگەرچی ئەم شارانەش پێویستیان بە خزمەت و پڕۆژەی باشتر هەیە، بەڵام ڕواندز و دەورووبەریشی پێویستی بە کۆمەڵێک پڕۆژە هەیە گرنگن و شارەکە و دەڤەرەکە دەبەنە قۆناغێکی دیکە و بەجێبەجێکردنیان سیمایەکی جوان و شارستانی دەبەخشن.
سەرەکیترین و دیارترین ئەو پڕۆژانەی چەند ساڵێکه بەردی بناغەیان دانراوە و هیچ سەرەداوێکی جێبەجێکردنیان دیار نییە، پڕۆژەی نەخۆشخانەی پەنجا قەرەوێڵەیی و پڕۆژەی ماڵی حوزنی و شووقەکانی بانەزێوک و دەیان پڕۆژەی دیکەن، کە دێیە سەر باسی ڕێگاوبانیش حاڵی شار لە ڕووی ڕێگاوبانەوە لە ئاست خواستی هاوڵاتیاندا نییە. هیچ شەقامێکی دوو ساید لەم شارە بوونی نییە، هەر سەد مەترێکیشی تێدا نییە. له کاتێکدا ئەم شارە لە چەند شوێنێک پێویستی بە دووساید و فراوانکردنی شەقامەکان هەیە، بەشێکی زۆر لە شەقامەکانیش چاڵ و چۆڵی زۆری تێدایە و ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروست کردووە. لە ڕووی سێکتەری تەندروستیش هیچ پێشکەوتنێکی وا بەدی ناکرێت، جگە لە نەخۆشخانەیەکی بچووک کە بیناکەی هی زیاتر نیو سەدە پێش ئێستایە، نەخۆشخانەکە جگە لە هەندێک فریاگوزاری سەرەتایی شتێکی وای تێدا ئەنجام نادرێت، نەخۆش ناچارە ڕێی سۆران یان شارەکانی دیکە بگرێتەبەر بۆ چارەسەر. هەرچەندە خزمەتگوازییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەی ڕواندز وەک پێویست نین، بەڵام ستافی نەخۆشخانە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن و ئەوەی لە توانایاندا بێت پێشکەش بە نەخۆشی دەکەن.
گرفتێکی دیکەی دیار و بەرچاو نەبوون و کۆنی بینای فەرمانگەکانە، ئەو بابەتەش هیچ ئاوڕێکی لێ نەدراوەتەوە. شوێن هەیە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و بۆتە وێرانە، بە نموونە بینای کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی - لقی ڕواندز، بینای کتێبخانەی گشتی و پەیمانگەی هونەرە جوانەکانیش لە ئاستی پێویستدانین، جگە لەوە بەشێک لە فەرمانگەکانیش لە بینای کرێدان.
ئەو فەرامۆشکردنە هەر تەنیا بۆ سەنتەری قەزا نییە بەڵکو له دەوروبەری ڕواندزیش لە سنوری ناحیەی وەرتێ و دۆڵی ئاکۆیان لەم ساڵانەی دوایی کەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون بەراورد بە شوێنانی دیکە، بە نموونە پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان چەندین ساڵە بڕیاری لێدراوه کەچی تەنیا بەشێکی کراوە ئەوەی تری دیار نییه کەی ئەنجام ئەدرێت. ئەو خەمساردی و نەبوونی پلان و فەرامۆشکردنەی ڕواندز و دەورووبەری جێی نیگەرانی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانە، له لایەنی پەیوەندار دەپرسین تاکەی ئەم شارە فەرامۆش دەکرێت؟ تاکەی ئاوڕێک لەو شارە بێ ناز و ماندووە نادەنەوە؟.
حەق وابوو، وەک شارێکی مێژوویی زیاتر گرنگی پێبدرێت و هەندێ تایبەتمەندی ئەم شارە هەیە، ئاوڕلێدانەوە و خزمەتکردنی زیاتر، سیمایەکی جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت. ئاخر لە ڕووی ڕووبەڕەوە، خۆ شارێکی ئەوهەندە گەورە نییە، ئەو کارانەی بۆ نەکرێت. خزمەتکردن بە کردار و چالاکیی و پڕۆژە و کاری جوان دەکرێت، نەک بەڵێن و قسەی دووبارە.
