
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەئامێز بۆ بابەتی:
(داستانی هەندرێن .. سەرفرازییەکی گەورەی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول بوو)
مەغدید حاجی - ماستەر لە مێژووی هاوچەرخی کورد
٭ ڕۆژنامەی (خەبات) لە چوار ژمارەدا و بە چوار بەش لە ماوەی نێوان 11 تاکو 14 ی ئایاری 2025، لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی (د. هاوکار کەریم حەمەشەریف)ی بەم ناونیشانەی سەرەوە لە یادی (59) ساڵەی داستانی هەندرێن بڵاوکردەوە .
سەرەتا پێویستە بوترێ ئەمە نووسینێکی تازەی (د. هاوکار) نییە و تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات و بۆ ساڵیادی داستانی هەندرێنی نەنووسیوە، بەڵکو ئەم نووسینە، بەشێکە لە ماستەرنامەی هاوکار کەریم و لە ڕێکەوتی 21-11-2009 لە هۆڵی فەرهادی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین گفتوگۆی لەسەرکراوە و لە ساڵی 2012یش تەواوی ماستەرنامەکەی وەکو کتێب چاپکردووە و بڵاویکردۆتەوە(1). ئێستا ئەم بەشەی ماستەرنامەکە (2) کە تایبەتە بە شەڕی هەندرێن دەقاودەق وەکو خۆی بە چوار بەش لە ڕۆژنامەی خەبات بڵاوکراوەتەوە(3)!
٭ ئێمە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و ئەکادیمییانە ئەم لێکۆلینەوە مێژووییەمان خوێندەوە و لەبەر ئەوەی ئێستا (خەبات) بڵاویکردۆتەوە و کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی و دەکەوێتە ناو ئەرشیف و مێژووی ڕۆژنامەنووسی کوردی، بەپێویستمان زانی بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەی مێژوویی و دیدار و چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەشداربووانی داستانی هەندرێن، هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و هەندێ زانیاری نادروست و هەڵە مێژووییەکان ڕاستبکەینەوە.
بۆ مێژوو دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەم نووسینەی د. هاوکار دەربارەی شەڕی مێژوویی هەندرێن، سەرەڕای سەرنج و ڕەخنە و ڕاستکردنەوەکانی ئێمە، لە زۆر نووسین و لێدوان و سیناریۆی دڕاماو.. ڕاستگۆیانەتر دەربارەی شەڕی هەندرێن نووسراوە و پشتی بە زۆر سەرچاوە بەستووە، بەتایبەتی بەشێک لەوانەی لە شەڕەکەدا بەشداربوون.
ئێمەش لە لای خۆمانەوە چوار پێنج ساڵە دەستمانکردووە بە کارکردن لەسەر پڕۆژەی دانانی کتێبێکی تایبەت لەسەر شەڕی هەندرێن، بۆ ئەم مەبەستە تاکو ئێستا چەندین دیدار و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەکانی ئەم شەڕە مێژووییە یەکلاکەرەوەیە ئەنجامداوە، بەدەیان سەرچاوەمان کۆکردوونەتەوە و لەبەر دەستماندان، هەندێ بەڵگەنامە و دەستنووسی گرنگمان دەستکەوتوون.. بۆیە لەم ساڵانەی ڕابردوودا تاکو ئێستا سەرەڕای کارکردنمان لەسەر پڕۆژەکە، وەڵامی زۆر کەسیشمان داوەتەوە کە بە نادروستی و بەداخەوە هەندێکیان بە چەواشەکاری لەسەر ئەم ڕووداوە مێژووییەیان نووسیوە. بەزۆریش وەڵامدانەوەکانمان لە هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان)دا بڵاوکردوونەتەوە(4).
٭ ئەم لێکۆلینەوەیەی (د. هاوکار) کە 16 ساڵ پێش ئێستا نووسراوە و ئێستا وەکو خۆی لە (خەبات) بڵاویکردۆتەوە، بەگشتی لێکۆلینەوەیەکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەدەر نییە لە هەڵە و زانیاری ناتەواو .. ئێمە لێرەدا لە پێناوی خزمەتکردنی بێگەردیی مێژوو و خوێنەرانی بەڕێزی ڕۆژنامەی خەبات، هەوڵدەدەین هەڵسەنگاندنێکی زانستییانەی لەسەر ئەنجامبدەین:
1- بە بۆچوونی ئێمە دەبوو ناونیشانەکە لە ڕۆژنامەی خەبات بەمجۆرە بوایە: (داستانی هەندرێن .. سەر فرازییەکی گەورەی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی بوو لە شۆڕشی ئەیلول)دا، چونکە هەروەکو کاک مەسعود بارزانی لە ڕۆژی 12-5-2023 لە دووەم ڕۆژی ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆنۆمێنتی بارزان فەرمووی: " .. بە ڕاستی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دەورێکی زۆر گەورەیان بینی لەگەڵ پێشمەرگەکانی تری شۆڕش. بەڵام مێژوو حەقیقەت چۆنە دەبێ بڵێی، دەوری پێشمەرگەکانی شیوعی زۆر گەورە بوو بەتایبەتی کەمال نعمان و ملازم خدر کە ئێستا فەریقیشە ئێمە هەر پێیدەڵێین ملازم خدر، لیوای چوار هەر تەفر و تونا بوو، ئەوەبوو مفاوەزات دەستیپێکرد و هودنەی حوزەیران پەیدا بوو (5)".
دەڵێم ئەگەر نووسینەکەی (د. هاوکار) تازەبووایە، لەوانەبوو ئاماژەی بۆ ئەم وتە و ڕاستگۆییەی مەسعود بارزانی بکردایە. زۆربەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانیش و ئەوانەی لەم داستانەدا بەشداربووینە و قسەیان لەسەرکردووە، ئاماژە بە ڕۆڵی سەرەکی فەرماندە و پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دەکەن لە تۆمارکردنی داستانی هەندرێندا بە خودی ئەم نووسینەی (د. هاوکار)یش، کە لە بەرایی بەشی سێیەمیدا هاتووە : "هێزەکانی حزبی شیوعی کەوتنە خۆ بۆ بەرەی هەندرێن کە ژمارەیان (150) پێشمەرگەبوون، هێزێکی تریش کە ژمارەیان (50) پێشمەرگەبوو بەسەرپەرشتی (عزەت سلێمان بەگ)لە بەرەکەدا دامەزران و توانیان بەدرێژایی سنوورێکی فراوان شوورەیەکی ئاسنین دروستبکەن بەمەبەستی ڕێگاگرتن لە پێشڕەوییەکانی سوپای عێراق". لێرەدا توێژەر پشتی بە دوو سەرچاوەی بەشداربووی داستانەکە بەستووە :(ملازم خدر و مەحمود دیکتاریۆف).
2- دەبوو لەگەڵ هەر بەشێک لە چوار بەشە بڵاوکراوەکەدا لە ڕۆژنامەی خەبات وێنەی فەرماندە مەیدانییەکانی داستانەکە وەکو: (ڕەئیس کەمال نعمان، فاخیر مێرگەسۆری، عزەت سلێمان بەگ، ملازم خدر، ملازم عەبدولڕەحمان)، هەروەها وێنەی سێ شەهیدە قارەمانەکەی داستانەکە (عەریف یونس عەزیز، خدر عەوڵابەگ دەرگەڵەیی، ساڵح مام ئەلیاس) بڵاوبکرابوونایەوە.
3- (د. هاوکار کەریم) و زۆر توێژەری دی کە لەسەر شەڕی هەندرێنیان نووسیوە، کتێبی (ڕێنێە مۆریس -- کردستان او الموت) (6) وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکی بەکار دەهێنن و پشتی پێدەبەستن، لە کاتێکدا ئەوەی شارەزابێت لەسەر شەڕی هەندرێن و بەوردی ئەم کتێبەی خوێندبێتەوە بەتایبەتی ئەوەندەی باسی شەڕی هەندرێن دەکات، بۆی دەردەکەوێت کە زۆر لە زانیارییەکانی دوورن لە ڕاستی. هەروەها ئەم ڕۆژنامەنووسە وای خستۆتە ڕوو کە لە نزیکەوە چاودێری شەڕەکەی کردووە، بەڵام ئێمە لە چاوپێکەوتنەکانماندا لەگەڵ بەشداربووانی شەڕەکە هەروەها لە میانی خوێندنەوەی کتێبی بیرەوەرییەکاندا، بۆمان ڕوونبۆتەوە کە لە ڕۆژانی شەڕی هەندرێن و ڕۆژی تۆمارکردنی داستانەکەدا لە 12-5-1966 هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە مەیدانی شەڕ نزیک نەبووە، بەڵکو لە ڕۆژانی دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە هەندێ ڕۆژنامەنووس چوونەتە سەر شاخی هەندرێن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەشداربووان ئەنجامداوە و پلانی شەڕەکەیان دەستکەوتووە و بڵاویانکردۆتەوە. دیارە ئەم ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییە لە ناوچەی باڵەک بووە، دوای تەواوبوونی شەڕەکە زانیارییەکانی لە فەرماندە بەشداربووەکان بەتایبەتی لە (فاخیر مێرگەسۆری) وەرگرتووە. بەڵام لە پێناوی (السبق الصحفي) واتا پێشبڕکێ لە زوو بڵاوکردنەوەدا و واپیشاندان کە ئاگای لە هەموو وردەکارییەکان هەیە، هاتووە لە خۆیەوە دەستکاری زانیارییەکانی کردووە و هەندێ شتی هەڵبەستووە، ئێمە چەند نموونەیەک دەخەینەڕوو. ٲـ لە لاپەڕە (159)ی کتێبەکەدا هاتووە: "ژمارەی کوژراوەکانی سوپا لە دوو هەزار کەس کەمتر نییە"! واشی خستۆتە ڕوو کە ئەم زانیارییەی لە فاخیر وەرگرتووە. بێگومان ئەمە دوورە لە ڕاستی، دڵنیام نە شەهید فاخیر مێرگەسۆری قسەی وایکردووە، نە ژمارەی کوژراوەکانیش ئەوەندەبووە، ئەمە زێدەڕۆییەکی گەلەک زۆرە، بەڵکو ژمارەی کوژراوەکانی سوپا ئەوانەی تەرمەکانیان لە مەیدانی شەڕ جێمابوو، (48) ئەفسەر و سەرباز بوو(7) .
ب ـ ڕێنێە مۆریس نووسیویەتی کە هێزەکانی پێشمەرگەی کۆکراوە بۆ بەرگریکردن لە لوتکە چیاکانی دەوروبەری ڕواندز بە (3500) پێشمەرگە مەزندە کراوە(8). بێگومان ئەمەشیان ڕاست نییە و موبالەغەیە. بەگوێرەی زۆر لەسەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ژمارەی پێشمەرگەکانی هەندرێن بە ئیدارییەکانیشەوە، دەوروبەری (250) پێشمەرگە زیاتر نەبووە(9). پێشمەرگەکانی بەرەی زۆزک و گەرووی عومەراغا و دۆڵی ئاکۆیان ئەوەندە زۆر نەبووینە، بۆیە سەرکردایەتی شۆڕش داوای پێشمەرگەی لە بادینان و لە هێزەکانی (کاوە) و (سەفین) و (دەشتی هەولێر) کردووە، چەند لقێکی پێشمەرگەی ئەم هێزانە بەهانای بەرەی زۆزک و گەرووی عومەراغا هاتن(10).
ج. هەروەها ڕێنێە مۆریس لە شوێنێکی دی کتێبەکەیدا، باسی شەڕی هەندرێن دەکات و دەڵێ: "لیوای چواری سوپای عێراق بە سەرکردایەتی عەمید (محمد سعید محمد) پێشڕەویی کرد و سەرچیای هەندرێنی گرت و لەم پێشڕەوییەدا (500) کەس کوژران(11)" بێگومان ئەمەشیان ڕاست نییە، سەیرکەن لێرە دەڵێ (500) کەس کوژران، لە شوێنێکی دی دەنووسێ (2000) !! .
عزەت سلێمان بەگ لەیەکێک لە سەرچاوەکانیدا، بە پشتبەستن بە بەڵگە بەجێماوەکانی سوپا دەڵێ: عەقید روکن (خالد حسن فرید) ئامیر لیوای چواربوو لە شەڕی هەندرێن، دوو فەوجی شەڕکەری لەژێر دەسەڵات بوو، فەوجی یەکەم و فەوجی سێیەم. ئامیر فەوجی یەکەم مقدم ڕکن (محمد رجب محمد) بوو، ئامیر فەوجی سێیەمیش مقدم رکن (ابراهیم کامل کوسر) بوو(12)..
دەمانتوانی زۆر هەڵە و زێدەڕۆیی دی بەنموونە لەناو ئەم کتێبە تایبەت بەشەڕی هەندرێن بینینەوە، بەڵام (مشتێک نموونەی خەروارێکە)!!
4- نووسەر (د. هاوکار)، وەکو زۆر توێژەری دی کە لەسەر داستانی هەندرێنیان نووسیوە پشت بە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانی عەبدوڵلا پشدەری دەبەستن، کە لەوکاتدا ئامیر هێزی باڵەک بوو، بەڵام نازانن کە لە کاتی شەڕی هەندرێندا نەخۆش بووە و لە ناوچەکەدا نەبووە. لە کتێبی بیرەوەرییەکانی فەرماندە عزەت سلێمان بەگدا هاتووە: "پاراستنی چیای هەندرێن بە هێزی ئێمە و هێزی شیوعی سپێردرابوو، لقێکی ئێمە و دوو لقی شیوعی، کە هەرسێکمان سەر بە هێزی باڵەک بووین، کاک عەبدوڵلا پشدەری فەرماندەی هێز بوو، ناوبراو لە ڕۆژانی شەڕی هەندرێن بۆ نەخۆشی لە ئێران بوو(13)" ..
هەروەها لە دەستنووسێکی (د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ)دا هاتووە: "ئیدریس بارزانی بەخۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەکانی بەرەی باڵەکی دەکرد، هەموو برووسکەکان لای ئەو دەردەچوون.. عەبدوڵلا پشدەری لەناو نوێنی نەخۆشیدابوو، کەمال نعمان یارمەتیدەری سەربازی بوو لە هێزی باڵەک و پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ کاک ئیدریس هەبوو(14)".
5- نووسەر لە بەشی دووەمی بابەتەکەیدا، بە پشتبەستن بە کتێبەکەی (شەکیب عەقراوی ــ سنوات المحنة في كردستان) ڕاست بۆی چووە کە نووسیویەتی: "بەرەی هەندرێن هێزێکی پێشمەرگەی حزبی شیوعی ئەرکی پاراستنی ئەم چیایەی لە ئەستۆ بووە، کە لە سێ شوێنی سەرەکیدا بۆ بەرگری دابەشبوون، یەکەم: خاڵی بەرگری قەڵاتگە، دووەم: خاڵی بەرگری ئەشکەوتی شەهیدان، سێیەم: خاڵی بەرگری سەر گوندی بێشوک ..(15)، بەڵام لە بەشی سێیەمدا زانیارییەکی نادروستی خستۆتەڕوو، کە دەڵێ:" .. لە ڕووی جەنگییەوە پێشمەرگە و سوپا ئەوەندە تێکئاڵابوون بواری ئەوە نەمابوو کە بۆردومانی فڕۆکە و تۆپ ڕۆڵیان بگێڕن، زۆربەی شەڕەکە بە لێدانی چەکی سپی و خەنجەر دەکرا(16)" !! کە گەڕامەوە بۆسەر ئەو سەرچاوەیەی پشتی پێبەستووە، دیتم دیسان کتێبەکەی ڕێنێە مۆریسی فەڕەنسییە!!
لە هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی شەڕی هەندرێن، لە چاو پێکەوتنەکانمدا، لەو دەستنووسانەی ملازم خدر و د. عزەدین کە لەبەر دەستمن.. زرار دەرگەڵەییش بەحوکمی پەیوەندی بەهێزی نێوانمان، چەندین جار باسی شەڕی هەندرێنی بۆ گێڕاومەتەوە.. هیچ سەرچاوەیەک باس لەوەناکات کە لە شەڕی هەندرێن پێشمەرگەو سوپا بە چەکی سپی کەوتبنە ناویەک. ئەمەش نموونەیەکی دیکەیە لە دروسکراوەکانی ناو کتێبی (کردستان او الموت). بەداخەوە بەشێک لە توێژەران بەبێ خۆماندووکردن و بەراوردکردنی نێوان سەرچاوەکان .. ئەم سەرچاوەیە و هەندێ سەرچاوەی دی گوماناوی وەکو کتێبەکەی شلۆمۆ نکدیمۆی ئیسرائیلی (العراق و دول الجوار) بەکاردێنن.
6- (د. هاوکار) لە پەراوێز ژمارە (51) کە ژیاننامەی عزەت سلێمان بەگی تۆمار کردووە، تیایدا دەڵێ: ".. ساڵی 1963 پەیوەندی بە پارتی کردووە و کراوە بە ئامیر بەتالیۆن(16)".. لە ڕاستیدا عزەت سلێمان بەگی دەرگەڵە لە دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 خۆی و سلێمان بەگی باوکی و برا و خزمەکانی پەیوەندیان بە شۆڕشی ئەیلول کردووە، کە مەلا مستەفا بارزانی ڕابەرایەتی دەکرد. پەیوەندی بە پارتی نەکردووە، خۆشی لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی: " .. دوای ئەوەی وازم لە حزبی شیوعی هێنا، بە گەڕانەوەشم بۆ ناو شۆڕشی ئەیلول،کە پارتی سەرپەرشتی ئەو شۆڕشەی دەکرد، نەچوومە ناو ڕێکخستنی پارتییەوە و هەر ئەرکی پێشمەرگایەتیم وەرگرت(17)".
عزەت سلێمان بەگ کە پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلول کردووە تاکو تەواوبوونی شەڕی هەندرێنیش هەر سەرلق بووە نەک ئامیر بەتالیۆن. دوای شەڕی هەندرێن کراوە بە ئامیر بەتالیۆن. ناوبراو خۆی لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی و دەڵێ: "لە سەروبەندی شەڕی هەندرێن، ئەو هێزەی ئێمە سەرپەرشتیمان دەکرد لە پلەی لقێکی نیمچە سەربەخۆبوو لە هێزی باڵەک، بەڵام دوای سەرکەوتنمان و دووبارە ڕێکخستنەوەی هێز کاریگەریی ئێمە و هێزەکەمان ڕۆڵی خۆی وا هێنایە پێش کە پلەی بەرزتر بکرێتەوە و کرایە بەتالیۆن(18)".
7- لە بەشی سێیەمدا هاتووە کە: "سەرکردەکانی هێزی پێشمەرگە لە هەندرێن چەند کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی دانانی نەخشەیەک بۆ ڕاماڵینی سوپای عیراق گرێدەدەن". لە پەراوێز ژمارە (68)یشدا هاتووە کە لە ڕۆژانی 9 - 10 - 11 / 5/ 1965 ! ئەم کۆبوونەوانە لەنێو جەرگەی شەڕ و بۆردومانی تۆپ و فڕۆکە ئەنجامدراون بەشداربووانیش (فاخیر حمد ئاغا مێرگەسۆری، عزەت سلێمان بەگ، رئیس کمال نعمان...هتد مەبەست دانانی پلانی هێرش بوو بۆ دەرکردنی سوپا لەسەر چیای هەندرێن ، توێژەر ئاماژەی بە کتێبی بیرەوەرییەکانی زرار سلێمان بەگ، چاپی 2007 ل (352- 355) کردووە وەکو سەرچاوە..
یەکەم: ساڵی 1965 ڕاست نییە، بەڵکو 1966تەواوە. دەبێ ئەمە هەڵەی چاپ بێت؟.
دووەم: کە گەڕامەوە بۆ کتێبەکەی زرار سلێمان بەگ ، هەمان چاپ، بۆم دەرکەوت ئەم زانیارییانە و شەڕی هەندرێن لە لاپەڕە (416) باسکراوە تاکو لاپەڕە (419) ، نەک لە ل (352 -355)! توێژەر دەبێ ورد بێت.
سێیەم: دەبوو ناوی ڕەئیس کەمال لە پێشەوە بنووسرێت، چونکە بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان کە لام پارێزراون، یەکەمجار ڕەئیس کەمال نعمان پلانەکەی داناوە و لە لێژنەی ئازادی پەسند کراوە، دوایی لە کوبوونەوەی فەرماندە مەیدانییەکاندا لەسەر چیای هەندرێن خراوەتەڕوو و گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و پەسندکراوە. هەروەها جەنابی بارزانی و کاک ئیدریسیش ئاگادارکراونەتەوە و ئەوانیش پلانەکەیان پەسندکردووە. هەروەها لە کتێبەکەی زرار سلێمان بەگیش دیارە کە ڕۆڵی بەرپرسی یەکەم کەمال نعمان بووە، هەروەها کەمال نعمان بەرپرسی یەکەمی لێژنەی ئازادی حزبی شیوعی و جێگری سەربازی ئامیر هێزی باڵەکیش بووە دواتر کراوە بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول(19).
8- لە بەشی سێیەمدا ، یەکەمین ستوون کە باس لە (60) پێشمەرگە کراوە وەکو دەستەی خۆبەختکار (فدائی) لە بڕگە (ج)دا هاتووە : (10) پێشمەرگە بە سەرپەرشتی ساڵح ئاکۆیی (20) ..
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە جگە لە (25) فیدائی شیوعی و (25) فیدائی لقی عزەت بەگ کە بەشێکی ئەمانەش شیوعی یان دۆستی حزبی شیوعی بوون، (10) فیدائییەکەی دی لە پەلی سەعید حەمەد ئاغا مێرگەسۆری بوون، سەعید خۆشی لەم داستانە برینداربوو(21) جانازانم چۆن گوتراوە ئەم 10 پێشمەرگە فیدائییە بە سەرپەرشتی ساڵح ئاکۆیی بوون؟!
9- لە بەشی سێیەمدا ، پەراوێز ژمار (82) کە ژیاننامەی زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی تۆمارکراوە، تیایدا هاتووە: "لە ساڵی 1947 لەگەڵ بارزانی چووەتە یەکێتی سۆڤیەت لەوێ خوێندنی کۆلێژی کشتوکاڵی تەواوکردووە(22)" . ئەمەشیان ڕاست نییە، بەڵکو زرار سلێمان بەگ بەشی مێژووی لە زانکۆی تاشکەند لە ئۆزبەکستانی سۆڤیەتی تەواوکردووە(23). کە گەڕایەوە بۆ شاری هەولێریش بە مامۆستای مێژوو دامەزرا.
10- نووسەر لە بەشی چوارەم و کۆتاییدا لە بڕگەی زیانەکانی پێشمەرگە لە شەڕی هەندرێن، پلەی پێشمەرگایەتی دوو لە شەهیدەکانی دروست نەنووسیوە، سەبارەت بە شەهید ساڵح مام ئەلیاس ڕواندزی، نووسیویە سەرپەل بووە، بەڵام لە ڕاستیدا باوکی ئەم شەهیدە (مام ئەلیاس) سەرپەل بوو، خۆی شەهید ساڵح پێشمەرگەیەکی فیدائی بوو لەگەڵ باوکی هەردووکیان لەم داستانەدا بەشداربوون.
شەهید خدر عەولابەگ دەرگەڵەییش سەر لق نەبوو، بەڵکو پێشمەرگەیەکی فیدائی بوو لە لقی عزەت سلێمان بەگ(24).
٭پەراوێز و سەرچاوە:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلول لێکۆلینەوەیەکی مێژوویی لە ڕێکخستن و چالاکییە سەربازییەکان (1961-1970) ماستەر نامە، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر 2012.
(2) هاوکار کەریم لە کتێبەکەیدا لە لاپەڕە 191 تاکو لاپەڕە 227 باسی لە شەڕی هەندرێن کردووە و دەقاودەق ئەم باسکردنەی کە لێکۆلینەوەیەکی مێژووییە، بۆ ڕۆژنامەی خەباتی ناردووە و بە چوار بەش لە ڕۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە.
(3) بڕوانە: د. هاوکار کەریم حەمەشەریف، لە یادی (59) ساڵەی داستانەکەدا..
داستانی هەندرێن .. سەرفرازییەکی گەورەی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول بوو، بەشی یەکەم ، خەبات، ژمارە 6971 لە 11-5-2025؛ بەشی دووەم، خەبات، ژمارە 6972 لە 12-5-2025 ؛بەشی سێیەم، خەبات،6973، لە 13-5-2025؛ بەشی چوارەم و کۆتایی، خەبات، ژمارە 6974 لە 14-5-2025
(4) بۆ نموونە بڕوانە ئەم ژمارانەی هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) : ( 1324،1325،1326،1327، 1340،1353، 1382 ) ساڵی 2023
(5) ڤیدیۆیەکی دەنگی وتەکانی کاک مەسعود بارزانیم لا پارێزراوە و ئەمساڵیش لە یادی داستانی هەندرێندا لە ئەکاونتی خۆم لە فەیسبوک بڵاومکردەوە و ئەوەی بیەوێ دەتوانی گوێبیستی بێت. بێگومان لە ئەرشیفی تەلەفزیۆنی (کوردستان TV)یش پارێزراوە.
(6) رێنێە موریس،کردستان او الموت، ترجمە و تعلیق جرجیس فتح اڵلە، دار اراس..،2012.
(7) عزەت سلێمان بەگ، داستانی شەڕی بەناوبانگی هەندرێن لە ساڵی 1966 ، ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە 1643 لە 13-5-1993
(8) رێنیە مۆریس، سەرچاوەی پێشوو، ل 149
(9) بڕوانە: زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، بیرەوەریەکانم لە ساڵانی 1943 -- 1977، چاپخانەی ڕەهەند،2007 ل 417؛ بیرەوەریەکانی بەهائەدین نوری، بەرگی دووەم چاپی دووەم ، 2009، ل 20 ؛ شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، ژینواری عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی ، ل 144
(10) حوسێن مستەفا ئەمین - حوسێن باداوەیی، یاداشتەکانی پێشمەرگەیەک ، هەولێر، چاپخانەی ڕۆکسانا،2020،ل 192 ؛ ئەردەلان مام وسو دزەیی، مام وسو دزەیی گەشتی زۆزک لە دەشتی هەولێر تا نەغەدە، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر،2022،ل 100- 104
(11) رێنێە مۆریس، سەرچاوەی پێشوو، ل 151
(12) شێرزاد عبدالرحمن، ژیان و بەرخودان عزەت سلێمان بەگ چەند لاپەڕەیەکی شاراوە لە شۆڕشی مەهابادو ئەیلولی مەزن، لە بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی برایەتی، چ 1 ،1995، ل 50
(13) شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، سەرچاوەی پێشوو،ل 144
(14) الدكتور عزالدین مصطفی رسول، هندرین الملحمە. (دەستنووسە تەنیا مانگێک دوای داستانی هەندرێن لە لایەن د.عزەدین بە زمانی عەرەبی نووسراوە. ئەوکات د. عزەدین لە ناوچەی باڵەک دەژیا لەسەر داخوازی بارزانی و حزبی شیوعی.. ئەم دەستنووسە لە سەنتەری ڕۆشنبیری د. عزەدین مستەفا ڕەسول لە سلێمانی پارێزراوە. ئێمە بۆ پڕۆژەی کتێبەکەمان وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ سوودی لێوەردەگرین.
(15) د. هاوکار کەریم حەمەشەریف ، سەرچاوەی پێشوو، بەشی دووەم.
(16) د.هاوکار کەریم حەمەشەریف،سەرچاوەی پێشوو.
(17) شانێک بە بن باری نیشتمانەوە،سەرچاوەی پێشوو، ل 121
(18) هەمان سەرچاوە، ل 192
(19) بڕوانە: 1- زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی،سەرچاوەی پێشوو، ل 416 - 418 ؛ 2- شیرزاد زکریا محمد، مجلس قیادە الثورة في كوردستان ـ العراق ۱۹٦٤-۱۹۷۰ ،دراسە تاریخیە سیاسیە عامە، تقدیم و مراجعە الدكتور عبدالفتاح علی البوتانی، مركز الدراسات الكردیە و حفض الوثائق، جامعە دهوك، ۲۰۱۰ ؛ د. عزالدین مستەفا ڕەسوڵ، دەستنووس، سەرچاوەی پێشوو.
(20) هاوکار کەریم حەمەشەریف، ڕۆژنامەی خەبات،ژمارە 6973.
(21) بڕوانە: عزەت سلێمان بەگ ،داستانی شەڕی بەناوبانگی هەندرێن لە ساڵی 1966، بەشی دووەم و کۆتایی ، ڕۆژنامەی برایەتی، 14-5-1993
(22) هاوکار کەریم حەمەشەریف، ڕۆژنامەی خەبات،سەرچاوەی پێشوو.
(23) زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، سەرچاوەی پێشوو،ل 214
(24) عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، سەرچاوەی پێشوو، ل 171.