هۆشیاری عەبدولعەزیز

دەسەڵات لە میکانیزمی کردەییدا پرۆسەیەکی ڕێکخراوە بۆ پاراستنی چوارچێوەیەکی یاسایی کە دەسەڵاتی یاسایی دایدەڕێژێ بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و هۆکارێکە بۆ پاراستنی گەل و نەتەوە و کۆمەڵگە و گرووپێکی دیاریکراو، ئەویش بەئاراستەی کۆدەنگی و حەقیقەت لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، کە متمانەی هاووڵاتی پێ دەستەبەردەکرێ، بەڵام تێکچوونی ئەم چوارچێوەیە و هەنگاونان بەئاراستەی چەواشەکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکان، دەسەڵات لە حەقیقەتی خۆی دادەماڵێ و وەک ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی، ھانا ئارێنت، ئاماژەی پێدەکات دەسەڵات دەکاتە دەسەڵاتێکی ستەمکاری مەترسیدار و ڕەهەندەکانی پشت ئەم مەترسییەش  چەواشەکردنی کۆمەڵگەیە لەپێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵات، کارەکتەرەکانی ئەم پرۆسەیەش لەپشتەوە هەوڵی خوڵقاندنی درۆی ئۆرگانیزەکراو و شێواندنی حەقیقەتی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری دەدەن بە ڕێگریکردن لە خستنەڕووی ڕاستییەکان و چەسپاندنی جۆرێک لە دەسەڵاتی پۆلیسی یان ڕاستتر دیکتاتۆری، کۆڵەگە بنەڕەتییەکانی ئەم پرۆسەیەش کۆنترۆڵکردنی ژینگەی گشتی و ترساندنی پێگەی تاک  و شۆڕبوونەوەیە بۆ ژینگەی خێزان و سێکتەری پەروەردە و وادەکات دیاردە و حاڵەتەکان وەک مەسەلەیەکی ئاسایی وەرگیرێت و دواجار ڕەوتە سیاسییە نەتەوەیی و دینی و پۆپۆلیستییەکان بێ سڵمینەوە لە کاریگەریییە نەرێنیەکانی ئەم سیاسەتە دەبنە هەڵگری ئەو توخمە ڤایرۆسە و بێ وردبوونەوە و شرۆڤەکردنی بابەتەکە هەموویان دەچنەژێر ڕکێفی ئەم مۆدێلە سیاسییە مەترسیدارەوە، جیاواز لە  خۆرئاوا کە بە دیموکراسیەت و پاراستنی ئازادی تاک و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە شاراوەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سیاسەت و حوکمڕانی بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم مۆدێلەی لەنێوبردووە و تاڕادەیەکی باش ڕێگری دەکرێ لە درۆی سیاسی دروستکراو، بەڵام ئەم دیاردەیە لەژینگەی ڕۆژهەڵاتدا، ئاسانترین کردەی سیاسییە و دەکرێ لە شەو و ڕۆژێکدا درۆیەکی ئۆرگانیزەکراوی هێزێکی سیاسی دەسەڵاتدار ببێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی  ژینگەی سیاسی کۆمەڵگەیەک وەک ئەوەی خۆی دەیەوێ .

چونکە تەواوی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات وەک خۆرئاوا نییە کە تاڕادەیەک هێزی سیاسی دەسەڵاتدار دابڕاوە لە ئابووری بازاڕ و سەرمایەگوزاری و هێز و پارەی لەبەردەست نییە وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتدا هێزی سیاسی ژینگەی گشتی کۆنترۆڵدەکات و دەبێتە خاوەنی هێزی ئابووری و تەواوی سێکتەرە گشتییەکان داگیردەکات و  میللەت ناچار بە دەستپانكردنەوە و درۆزەکاری دەکات وەک ئەوەی ئێستا لێرە دەبینرێ.

لە عیراق و هەرێمی کوردستانیشدا کە بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات، ئەم بابەتە بەهەمان ئاراستەدا دەڕوات و سەرەڕای تێکچوونی ژینگەی گشتی ناوچەکە و خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی کۆمەڵگە، هێزی سیاسی دەسەڵاتدار وەک بەشێک لە سیستەمی ئابووری بازاڕ و بەپشتبەستن بە سیاسەتەکانی نیولیبرالیزم و ئەو قۆرخکارییەی کە لە سیستەمی نوێی جیهانیدا دەبینرێ، بۆتە هۆکاری تێکدانی باری دەروونی کۆمەڵگە و  بەرجەستەکردنی جۆرێک لە فەوزا و خوڵقاندنی فۆرمێکی جیاوازی ئیدارەدان و وایکردووە حەشاماتێک لە پەیجی حزبی و موخابەراتی و ساختە بەرهەمبهێنرێت، ئەمەش لەپێناو بڵاوکردنەوەی درۆی ئۆرگانیزەکراوی خۆیاندا و بەردەوام لەو چاوگانەوە  خەریکی چاندنی وەهم و درۆن لای خەڵكی و دەیانەوێ بەو تونێلە تەڵخ و تاریکەدا سەرکەون و درێژە بەمانەوەی خۆیان بدەن، لە ئێستاشدا، ئەمانە نەک هیچ پەند و وانەیەکیان لە ڕابردووی دەسەڵاتدارێتی داڕوخاوی ناوچەکە نەچنیوەتەوە، بگرە لەوەش خراپتر دەکەن و لەسەر هەمان فەلسەفەی حوکمڕانی و ستەمکاری ملدەنێن و بوونەتە بەشێک لەو پرۆسە مەترسیدارەی کە بەهۆی دەسەڵاتەوە کۆمەڵگاکانیشیان وێرانکرد و لەوان خراپتر خەریکی دزی و درۆ و دەلەسەی سیاسی و دووڕوویی و دڕەندەیی و داڕمان و ستەمکارین و بەئاشکرا و بێپەردە بازرگانی بە کۆمەڵگە و هاووڵاتییانەوە دەکەن و لەولاشەوە و لە رێگای تۆڕەکانی سۆشیالمیدیا و دەزگا و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیانەوە کار لە سەر تەرویجدانی درۆ و چەواشەکاری ئۆرگانیزەکراو دەکەن و پەیامی نادروست و هەڵخەڵەتێنەرانە دەبەخشنە کۆمەڵگە و دەیانەوێ لەو گۆشەیەوە دیدوتێڕوانینی خەڵک بخەسێنن، وەک ئەوەی کە چەندین ساڵە کاری لەسەر دەکەن. ئەمانە بەجۆرێک درۆی دروستکراو بڵاودەکەنەوە، کە تەنانەت دارودەستەکانی خۆشیان لە سیحری ئەو درۆیە تێناگەن و وەک کۆیلەیەک لە داوی  قەرەباڵغی چەواشەکاریدا دێن و دەچن.

بەکورتی ئەوەشی ئێستا دەیکەن لە ئاست ئەو خۆپێشاندان و دەمکوتکردنەی هاووڵاتییاندا، پاساودانی خۆیانە لە ئاست ئەو  درۆ ئۆرگانیزەکراوەی، کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا دەیانکرد بۆ دەنگکڕین. ئەمە شەڕكردنە لەسەر پاوانكردنی دەسەڵات و قۆرخکردنی داهات و وەرگرتنی ئیمتیازاتی زیاتر و دەیانەوێ بەم ئسلووبە ببنەوە ساحێبی دەسکەوتە داراییەکە، کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بەناوی پاراستنی ئاسایش و ئارامی قەوارەی هەرێمەوە دەستیان بەسەردا گرتووە و کۆمەڵگەی پێ دەگەوجێنن.

وتاری نووسەران