هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

هەر حكومەت و كۆمەڵگەیەك ئەگەر بەدرێژایی تەمەنی هەر لە شەڕ و ئاژاوە و ململانێی خوێناوی و قەیرانی بەردەوامدابوو، ئەوە بەدڵنیاییەوە جومگەكان و ئەندامەكانی لێكدەترازێن و وەكو حكومەت و كۆمەڵگەیەكی هیلاك و ماندوو ناتوانێ وەكو پێویست تەكانێكی بابەتییانە بەخۆی بدات بەئاراستەی بەرەو پێشچوون و ئاساییبوونەوەی دۆخی گشتی و كۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری. كاتێك ئەمە كۆتایینایەت و دەسەڵات لە گێژاوی قەیران و تەنگەژەكاندا دەخولێتەوە، بازرگانی و گرووپی مافیای سیاسی گەشەدەكات و كۆمەڵگە دەبێتە كەرەستەی بەردەست  و بە هەموو جۆرێك مامەڵەی پێوەدەكرێ و ئیتر دەسەڵات تێكڕا بەهۆی سەرقاڵبوونیان بەكاری بازرگانی و كۆمپانیا و حیسابی بانكەكانی دەرەوە و كڕینی ڤێللا و مەزرەعەی گەورە گەورە، ئاگایان لە كاروباری وڵات و خزمەتگوزاری خەڵك نامێنێ و كۆمەڵگە بەرەو داتەپینی یەكجاری و داڕوخانی كۆتایی مل دەنێ . 

كاتێك دیمەنێكی ئاوا وەك شریتی بازنەیەكی سینەمایی دێنینە پێشچاومان، ڕێك عێراق و هەرێمی كوردستان دەبینین، درامایەك دەبینین كە زیاتر لە نیو سەدەیە غەرقی چەواشەكاری و دزی و فزی و دووڕوویی و ماڵوێرانی كراوە . 

 بەرپرسە گەورە و بچووكەكانی ئەم جوگرافیایە ئەوەندەی سەرقاڵی مامەڵە و بازرگانی و كۆمپانیا و كۆشك و تەلاری دڵڕفێنن، نیو ئەوەندە سەرقاڵی كاری سیاسی و خزمەتگوزاری و‌ گوێڕایەڵی داخوازییەكانی خەڵك نین، ئەوەندەی خەریكی پڕۆژە و قۆنتەرات و بەدواداچوونی بۆندی گەورە گەورەن، نیو ئەوەندە خەریكی كاروباری میللەت نین. لەكوردستاندا هەموو تاكێكی كۆمەڵگە بەڕواڵەت خۆشبەختە و لە كامەرانیدایە، بەڵام لەناخدا وانییە و هەمیشە هەست بەدڵتەنگی و بێزاری دەكات، چونكە لەوە ئاگادارن كە دەسەڵاتدارانی كورد ئەوەندەی لەبواری بازرگانی و تێكەو لێكە و مامەڵەی ورد و درشت شارەزاییان هەیە، نیو ئەوەندە لەبواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری شارەزا نین، بەتایبەت ئەحزابی دەسەڵاتدار لە مەسەلەی مامەڵە و بازرگانیدا زۆر لە خەڵكەكە زیرەكتر و بللیمەتترن و زۆر زیرەكانە گرەو لە كۆمەڵگە و خەڵكەكەی دەبەنەوە . 

تۆ هەر كارێك یان هەر مامەڵەیەك بدۆزیتەوە، تەماشا دەكەی ئەوان بەنیوەیان كردووە. هەركارێك ئەگەر دوو عانەی تێدابێ، هەتا تۆ دەڵێی بیسمیللا، ئەوان دەڵێن ئەلحەمدوللا. ئەوان لەبواری بازرگانیدا زۆر بلیمەت و زیرەكن و كەس ناتوانێ شان لەشانیان بدات، بۆیە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتی ئەگەر دۆلارەكانیان لەسەر یەك دابنێن، بەقەد قەڵای هەولێر دەبێت، یاخود ئەو مەزرەعە و زەوی و زارەی كە ئەوان هەیانە ئەگەر بەیەكسانی بەسەر خەڵكی هەژاردا دابەشبكرێ، تەنانەت یەك كرێچیش لە كوردستان نامێنێ . 

 ئێمە لەم رۆژگارەدا چەند پێویستیمان بە ژێرخانێكی ئابووری پتەو هەیە، لەوە زیاتر پێویستیمان بە زانست و مەعریفە هەیە، چونكە هەر كۆمەڵگەیەك ئەگەر لەسەر بنچینەیەكی فیكری و مەعریفی قووڵ دانەمەزرابێت، لەبەردەم نزمترین ڕەشەبادا خۆی ناگرێت و هەرەسدەهێنێ. 

 لەدنیای ئەمڕۆدا ئەوانەی خەریكی مامەڵە و بازرگانین لە كاری سیاسی و دبلۆماسیدا زۆر بێبەهرەن و بیركردنەوەیان لاوازە، هەر بۆیەش دەبینین نەخشە و پلانەكانیان ئاراستەی خۆی وەرناگرێ. كەسێك كە خۆی بە بەرپرس و دەسەڵاتدار بزانێ، دەبێ بازرگانێكی سیاسی و دەسەڵاتدارێكی دوكاندار نەبێ و هەموو كات و ساتی خۆی بۆ خزمەتكردن و ڕێنماییكردنی خەڵكەكەی تەرخانبكات. هەر سیاسەتمەدار و بەرپرسێك ئەگەر ڕاستگۆبێ لەگەڵ میللەتەكەی خۆی، دەبێ تەواوی ئەو كارانەی لەژیانی ڕۆژانەیدا ئەنجامیدەدا، بریتی بێ لە بەدیهێنانی ڕەزامەندی ئەوخەڵكەی، كە خۆی بە گەورە و چاوساغیان دەزانێ. لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا سیاسەتمەدار و بەرپرسەكان خۆیان بە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی میللەت دەزانن و لە خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكەیان بەولاوە هیچ پڕۆژەیەكی تریان نییە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بەرپرس و كاربەدەستەكان هەر كاتێ جڵەوی فەرمانڕەواییان گرتەدەست، دەكەونە ململانێ  لەگەڵ خەڵكەكەی خۆیان، ئەوەش وادەكات كە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتداران و هاووڵاتی لەسەر بنەمای گومان و دوودڵی دروستبێ و هیچ ئینتمایەك نامێنێتەوە بۆ نیشتمان و پەرەپێدانی كۆمەڵگە. 

سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی ئێمە تێڕوانینێكی فەلسەفی و مەعریفییان نییە بۆ واقیعی كۆمەڵگەكەی خۆیان، بەڵكو خیبرەیەكی بازرگانی باشیان هەیە و دەتوانن ئەوەی كە هەیە كۆنتڕۆڵی بكەن و ئەوەی كە نییە هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن. یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كە پێویستە بەجددی كاری بۆ بكرێ، بریتییە لە سڕینەوەی كەڵچەری خۆبەزلزانی و ستەمكاری و  دەبێ كاری گەورەی بۆ بكرێ لەئاستی سیاسی و رۆشنبیری و پەروەردەییدا. لەساڵانی ڕابردوودا كە وڵات بەسەر دوو بەرەی سیاسی دژبەیەك دابەشببوو، كە دواتر شەڕێكی ماڵوێرانی لێ كەوتەوە، ئەوە كلتووری بەعس بوو وەكو ڤایرۆس لەگەڵ خوێنی ئەم میللەتە تێكەڵببوو، بەڵام ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ستراتیژی وەكو ئێستا، گەلانی ئەم كۆمەڵگەیە بەهەموو پێكهاتە و نەتەوەكانیەوە لەبەردەم ئەزموونێكی گەورەدان، كە ئەویش پڕۆسەی بنیاتنانەوەی حكومەتێكی نیشتمانییە، حكومەتێكی ئەوتۆ كە كەسایەتی لێهاتوو و پڕۆفیشناڵ بەڕێوەیببات نەك پیاوی بازرگان و خاوەن كۆمپانیا، چونكە هەتا جڵەوی فەرمانڕەوایی لەدەستی بازرگان و خاوەن كۆمپانیا و سەرمایەدارەكان دابێ، خەڵكی ئەم وڵاتە لە قەیران و كێشەی سیاسی و دارایی و كومەڵایەتی رزگاری نابێت و هەردەبێ بەو زامە قووڵەوە بناڵێنێ، كە لەئاكامی ئەو دۆخەوە لە جەستەیدا ئاخێنراوە.

وتاری نووسەران