
بەشی یەکەم
هۆشیاری عەبدولعەزیز
ھەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی و گۆڕینی لۆژیکی سیاسەتکردن بە پەیوەندییەکی سایکۆلۆژیی شێواو، کۆمەڵگایەکی شێواو بەرهەمدێنێ، کە پڕە لە دیاردە و حاڵەتی ئالۆز و نەخوازراو لەم کۆمەڵگایەدا، کە سیاسەت دەبێتە مەرامی کەسی و بازرگانی و سەفەقاتی ئابووری، دەرهاوێشتەی دیاردە و ڕووداوەکان دەگەنە ئاستێکی مەترسیداری وا، کە ناتوانرێ تەنھا لە گۆشەنیگایەكەوە پێناسەی بكرێ، چونکە هەرکونجێکی ئەو شێواویيەی کۆمەڵگا کە زۆرجار سیستەمی سیاسی حوکمڕان بە مەبەست بەرجەستەی دەکات، بۆخۆی هەڵگری دەیان جۆر تەفسیری جیاواز و ناڕوونە و دەبێ لە خوێنندنەوە و شرۆڤەکردنیدا بەدیقەتەوە چاوی لێبکرێ، چونکە لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا ، سەرەڕای ئەوەی کە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکەونە بەر دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوە، هێزی دەسەڵاتدار بۆ مەبەست و مەرامی خۆی كەشێكی پڕ لە ترس و تۆقاندن دروستدەكات و هەوڵدەدات هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەک کاریگەری نەمێنێ و بەئاسانترین پرۆسە کەرەستەکانی وڵاخبوون گەشەپێبدات و ڕۆحی مرۆڤبوون بسڕێتەوە و مرۆڤ لە بەرگە مرۆیيەکەی داماڵێ و وەک هەر شمەکێک مامەڵەی لەگەڵ بکات، کە لەبازاڕدا نرخ و بەهایەکی دیاریکراوی هەیە.
لەم قۆناغەدا سێستەمی سیاسی دەسەڵاتدار ئەوەی بەلاوە کرنگ نیيە کێ دەبێتە قوربانی و کۆمەڵگا بەچی ئاراستەیەکدا دەڕوات، بەڵکوو ئەوە گرنگە کە چۆن ئیحتکاری سوڵتە و سێکتەرە جیاجیاکانی ناو کایەی حوکمڕانی دەکات و چۆن جێپێی خۆی قایم دەکات، بەمەش دیاردە دزێو و نەخوازراوەکان لە مناڵدانی هەلومەرجی کۆمەڵگادا ئاسايی دەبنەوە و دەسەڵاتیش بە وەزیفەی خۆی هەڵناسێت و دادگا و دامەزراوە یەکلاکەرەوەکانیش هیچ ڕۆڵ و کاریگەریيەکیان نامێنێت و دەبنە دامەزراوەی حزب و حزبیش بەپێی مەزاج و بەرژەوەنديی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و چەتە و ڕێگر و بوودەڵەکان وەک شۆڕشگێڕ و کەسایەتی کاریگەر دەناسێنرێن و نابابەتەکانیش بێ خواستی کۆمەڵگا و ئەو هەلومەرجە بەرجەستە دەکرێن و دەبنە بابەت، قسەکردن لە دیوی دووەمی رووداوەکانیش هیچ بەها و نرخێکی نامێنێت و کەس بەپوڵێکی قەڵپی ناکڕێ.
لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا کە سێستەمی سیاسی بەمەبەست کار لەسەر شێواندنی دەکات، شەڕ لەپێناو بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانی حزب و بەتاڵکردنەوەی کەرامەتی مرۆڤ دەبێتە دیاردە و هەمووشتێک پەیوەست دەکرێت بە پارە و کڕین و فرۆشتنەوە و کۆمەڵگا وەک کۆیلە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، دواجار دۆخی کۆیلەبوونیش دەبێتە جۆرێک لە بێئومێدی لەدۆخی سیاسی و هەرچی ئاراستەی گۆڕانکاری و چاکسازیيە پەراوێزدەخرێ و کەس ئاوڕی لێناداتەوە.
لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا دەسەڵات لەپێناو چەسپاندنی بوونی خۆیدا کار لەسەر شێواندنی مەعریفە و ڕوئیای تاک دەکات و هۆشیاری گشتی تێکدەشکێنێ و ڕێگری دەکات لە فشاری بەردەوام لەسەر دەسەڵات و هەوڵدەدات لەو ڕێگایەوە زامنی دەستنەبردن بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە ئابووری و کۆمەڵایەتیيەکان بکات و بۆ ئەمەش هەموو کایەکانی ژیان تێکەڵ و ئاوێتەی بەرژەوەندی حزب دەکرێت و حزب شوێنی دادگا و یاسا و دامەزراوە ئابووری وسیاسی و ئیداریيەکان و تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە و دەبێتە فاکتەری بەرهەمهێنانی گەندەڵی و درێژەدان بە میکانیزمی بەشبەشێنە و داگیرکاری، ئەم پرۆسەیە بەوەشەوە ناوەستێ و لە ڕێگای جاشەکانی دەسەڵات و نوخبەی حوکمڕانەوە شۆڕدەکرێتەوە بۆ ناو کۆی کایەی کۆمەڵایەتی و ئەو یەکە خێزانیانەی کە کۆمەڵگا پێکدێنێ، لەوێشەوە کۆمەڵگایەکی مشەخۆر و بێبەهای دەستەمۆکراو دروستدەکرێ، کە هیچ جۆرە ئینتیمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی تیابەدی ناکرێت و بەجۆرێک شێواو و لاوازدەکرێت، کە پێیانوایە لەو قۆناغەدا جگە لە پارە هیچ دەرچەیەکی تر نیيە بۆ ژیان و پەنابردنە بەر پارەش لە ئامرازەوە دەکرێتە ئامانج لەلای خەڵک، لەبەرانبەریشدا و بۆ ڕەواجدان بەو پرۆسەیە، کۆمەڵگایەکی داڕوخاوی ئابووری دەهێنرێتە گۆڕێ و هەرچی سێکتەری بەرهەمهێنان و وزە و جووڵەی ئابووری هەیە لەکاردەخرێت و بێکاری و هەژاری دەبێتە دیاردە و ڕۆژانە هەڵکشانی نوێ تۆماردەکرێ، داهاتی تاک نزیکدەبێتەوە لە سفر و ژێرهێڵی هەژاری و تەنانەت کار دەگاتە ئەوەی لێرە و لەوێ خەڵکانێک دەستبەرداری ژیانی خۆی دەبێت و کوشتن و ململانێ و کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و تائیفی و ئاینیيەکان دەبنە بابەتی ڕۆژ و دەرئەنجام کێشەی کومەڵایەتی و ناهاوسەنگی پێکەوەژیان پەرەدەگرێ و زیاد دەکات و ژینگەیەکی مەترسیدار دروستدەبێ.
لەم جۆرە ژینگەیدا دەسەڵاتی سیاسی بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی گشتی و سەروەریيەکان کار لەسەر ئیستبداد و توندوتیژی و سەرکوت و دڕندەیی پۆلیسی دەکات و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و تاکەکانی دەدات و سەرەتای ئەم دەستپێکەش لەشکاندنی شکۆ و ئیرادە و ئومێدی خەڵک و ملکەچيی کۆمەڵگا و داسەپاندنی هەژموونی حزب و جاشەکانێوە دەستپێدەکات و هەوڵدەدەن لە ڕێگەی هێزێکی سەربازی سیاسی، یا هێزێکی مافیا ئاسا وەک باڵ و ڕەوتێکی دیاری حزب بکەوێتە پەلاماردانی نەیاران و دژبەرەکانی لە ناو دەوڵەت و کۆمەڵگادا.