
هۆشیاری عەبدولعەزیز
زۆر لە توێژەرانی بواری سیاسەت و دەوڵەتداری کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت خۆی لەخۆیدا فەزایەکی یاسایی و سیاسی ئەخلاقی هاوبەشە لەنێوان هاووڵاتیان و دەوڵەتدا و نابێ پشت بەهیچ جیاکارییەکی ڕەگەزی، نەتەوەی، ئایینی، تائیفی و، ڕەنگی پێست و زمان وکولتوور و ئاراستەی فیکری، یان پەیوەندی سیاسی گروپ و دەستەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوو ببەستێ کە دواجار ببێتە موسیبەتی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کومەڵگا . چونکە دەوڵەت بەرلەوەی قەوارەیەکی یاسایی دیاریکراووبێت ، پێکهاتە و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و ناکرێ لەپێناو دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی حزب و حوکمڕانیدا دیوە سروشتیەکەی کە ژینگەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتیە تێک بدرێ
بۆیە دەبینی لەو وڵاتانەی كە فیكر و فەلسەفەی سیاسی، لەسەربنەمای هۆشیاری کۆمەڵایەتی و بەرپرسیاریەتی سیاسی و نیشتمانی مامەڵە دەکات دۆخی گشتی و سەقامگیری سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئابوری لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵك هەنگاوی خۆی دەنێت و ئەم تێگەیشتنە لە تەواوی ئاستەکانی دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی کە ملكی هیچ حیزب و گروپێكی سیاسی و كۆ مە لا یەتی نابن وەك ئەوەی کە لە وەلاتانی ناهاوسەنگی دەوڵەتداری میلیشیایدا بەدی دەکرێ و میلیشیاش بە پێچەوانەی سوپا و حکومەتی فەرمی، خۆی بە بەرپرس نازانێت لە پاراستنی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا و لە ڕووی ئاسایش وسەقامگیریشەوە بەرپرسیارنابێ لە تێکچوونی دۆخی گشتی و تەنها چاوی لە سەر مانەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی و گرنگ نیە کۆمەڵگا بەچی ئاراستەیەکدا هەنگاودەنێ و خەڵک چی بەسەر دێ ، باشترین نموونەش لەم ئاستەدا حەرەکەی حەماس و حزبوڵای لوبنان و هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق و حوسیەکانی یەمەنە و چەکدارەکانی لیبیا و سودانە کەچۆن کۆمەڵگاکانی خۆیان کاول کردوە و هەموو شتێک لە پێناو مانەوەی خۆیان دەکەنە قەڵغان و ئیتر گرنگ نیە چی ڕوودەدا
لەکاتێکدا ئەم پرۆسەیە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، لە ژێر ئاستی دەوڵەتی مۆدێرن و ژیانی سیاسی و ئەخلاقی مۆدێرندا دەمێنێتەوە و ناگۆڕێ بۆ دەوڵەتی میلیشیای وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە وڵاتانی دواکەوتوودا دەبینرێ ، کە دەوڵەت پشتئەستورە بە سێستەمی دەسەڵاتخوازانە و ستەمکارانەی بنەماڵەیی، خێڵەکی، قەومی و تائیفی و ناگاتە ئاستێک ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستەبەرکات و بگرە پێچەوانە و بێبیرکردنەوە لە دۆخی گشتی دەکەونە ناو زۆنگاوی "دەوڵەتی قووڵ"ەوە و تەواوی دامەزراوە سەربازی-ئەمنیەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ڕووبەرە مەدەنییەکان هەڵدەسوڕێنن و خودی دەوڵەت کە پێکهاتەیەکی یاساییە پەراوێز دەخرێ و لەوڕێگایەشەوە دامەزراوە فەرمیەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت قۆرخ دەکرێت و کایەی (گشتی)ی دەوڵەت بچووک دەکرێتەوە بۆ ئاستی دەسەڵاتی میلیشیای وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردی و زۆر لە وڵاتانی ناوچەکەدا درکی پێدەکرێ
لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا دەوڵەت بەدۆخێكدا تێدەپەڕێ کەتیایدا سەروەری یاساو ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ پرسی دیموکراسی لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدا خولدەخوات و ناتوانێ خۆی بگرێتەوە . چونکە لە زۆربەی کاتدا میلیشا نوێنەرایەتی ناسنامەی گروپێکی حزبی میلیتاری سیاسی خۆسەپێن دەکات و ئەمەش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم دەوڵەتی دامەزراوەییدا کە تێیدا یاسا سەروەرە و هاوکات ناتوانێ بێتە نوێنەری پڕۆژەیەکی سیاسی کۆمەڵگەیی دروست و ھەمەلایەنەی نیشتمانی کە هاوڵاتی خوازیارێتی
سەرهەڵدانی ئەم جۆرە هێزە میلیتاریە لە ژینگە و کەشێکدا گەشە دەکات و گەورە دەبێ کە دەوڵەت وەک یەکەیەکی هاوبەش هیچ نرخ و بەهایەکی مرۆی نیەو مافیا بەڕێوەی دەبات و سەرڕێژە لە گەندەڵی و بەشبەشێنەی حزبی و هیچ دەزگاو دامەزراوەیەکی دەوڵەتیش ناتوانێ ڕێگری لە جوڵە و هەڵسووکەوتی ئەم جۆرە هێزە حزبیە چەکدارە بکات کە هەڵگری فۆرمێکی جیاوازی سەربازی حزبیە و پەیوەست نین بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی دەوڵەتەوە و حزب هەڵیان دەسوڕێنێ و ڕاستەوخۆ دەبنە جەبرێکی مەترسیداری میلیشای بەسەر کۆمەڵگاو دەوڵەتەوە و هەرچی تێگەیشتنی ئەقڵانیە ژێرپێ دەخرێ
بەکورتی ئەوەی لەدیمەنی ئێستای هەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا دەبینرێت، بەگەڕانەوە بۆ مێژووی ئەو ململانێیەی نێوانیان لەسەر گرتنەدەستی دەسەڵاتو پەنابردن بۆ تەسفیەكردنی یەكتر و کەڵەکەکردنی سەرمایە و چنگ خستنی بازاڕ، دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە ئەمە هەمان ئەو ئەقڵیەتە مێژووییەکە لەڕابردوودا کاری لەسەر ئاوتكردنی نەیار و بەكارهێنانی هێز و سەرانە سەندن دەکردەوەو هیچ شتێک نەگۆڕاوە بەئاراستەی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی هاوچەرخ کە پشت بە بەرگری لەخۆکردن و سەرخستنی پرۆسەی نیشتمانسازی نوێ ببەستێ و ڕەوایەتی بە دەوڵەتی دامەزراوەیی بدات و ببێتە نموونەیەکی دەگمەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و بگەینە ئەو ئاستەی کە هێزی میلیشیای حزب تێپەڕێنین و دەوڵەت و دام و دەزگاکانی سەروەربێ و هەرچی ململانێ و بەرژەوەندی حزب و دەسەڵاتی کەسی هەیە دوریخەینەوە لە خۆمان و بکەوێتە ناو چوارچێوەی یاساو ڕێسا بەرکارەکانی دامەزراوە حکومیەکانەوە ، چونکە بەردەوامیدان بەم جۆرە پرۆسەیه دواجار بۆخۆی دەبێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا و پارچەپارچەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و خراپبوونی دامەزراوەکان و تێکدانی ڕەوشی گشتی و هیچ ئارامی و سەقامگیریەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی نامێنێتەوەو پۆتانسێلی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی تێکدەدا و پێکهێنانی دەوڵەتی دامەزراوەی دەبێتە بڵقی سەرئاو دێزە بەدەرخۆنە دەکرێ .