
کەریم ئەحمەد
کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نەمان ولەناوبردنی چەکداروپارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مووچە وقوتی خەڵکی کردوەتە کارتی فشار بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان لەڕێگای عێراقەوە و هەرێمی کوردستانیش ناچارە ملکەچی ئەو بڕیارانەی عێراق وئێران بێت،چونکە توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نیە .
تورکیاش بەنیازە دوای نەمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بەهەمان میکانیزمی ئێران، لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان، بکاتە کارتێکی فشار ، چونکە ئەویش دڵنیا دەبێت لەوەی حکومەتی هەرێم،بۆ پەیداکردنی پارە بۆ فەرمانبەران هەموو بڕیار و ڕاسپاردەیەک جێبەجێبکات .
دواتریش، حکومەتی عێراق، نەمانی قەوارەی هەرێم دەکات مەرج بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران،چونکە دەزانێت ئەو دوو وڵاتە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێم هەیە، ئەو کات ئێمەش بەدەردی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و پارتی کرێکاران دەبرێن.
ئەمەش ئەنجامی ناتەبایی و پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستانە، کە لەبەرامبەر بەرژەوەندی خۆیان، هەموو پرسە نیشتیمانیەکانیان ئاڵۆز و وێران کردووە و تێکیانداوە ، بۆیە ئەگەر دۆخی ئێستای هەرێم لەم پەرتەوازەییە ڕێکنەخرێت و ئەوە هەر لە ئێستاشەوە ئێمەش وەک ئەوان لەناوبراوین .