
بۆ وەزارەتی پەروەردە :
دوو دەستخۆشی، لەپەنای چەندین کەموکوڕیدا !
خدر ئیبراهیم خدر *
ڕەنگە هیچ کامێک لە مامۆستایان و خوێندکاران و تەنانەت خێزانەکانیش لاریان لەو ڕاستییە نەبێت، کە لە ئەمرۆدا پرۆسەی پەوەردە و فێرکردن بەدەست دەیان گرفت و ئاریسە و قەیرانەوە گیرۆدەبووە و، دام و دەزگا پەروەردەییەکانیش لەسەرووی هەموویانەوە وەزارەتی پەروەردە نەیتوانیوە بە بارتەقای خۆی، وەڵامدەرەوەی خواست و نیازە بنچینەییەکانی ئەو پرۆسەیە بێت . بەلکو بەپێچەوانەوە، لەڕێگەی بریاردان لەسەر ژمارەیەک ڕێکار و ڕێساوە، ئەوەندەی تر قوڕەکەی خەستتر کردۆتەوە و، لەجێگەی ئەوەی بە درووستی و لێزانی خاڵ لەسەر پیتی کێشەکان دابنێت، بە ئاراستەیەکی تردا کاریکردووە .
بەدەنگەنەهاتن و پشتگوخستنی خواستە سەرەتاییەکانی توێژی مامۆستایان لەڕووی فەراهەمکردی ژیانیکی شایستە بۆیان و، کۆکردنەوەی چەيندین خوێندنگە لەناو بۆتەی بینایەکی کلاسیکیدا و، گۆڕینی پرۆگرام و دەستکاریکردنی دوور لە پرس و ڕاوێژی لۆژیکی و زانستی و ئەکادیمی و، نەبوونی هەلوێستی جدی لەبەرامبەر دەستێوەردانی حزبی لە ناوەندەکانی خوێندندا و، بەسەنتەرکردنی ڕەهای خوێندکار لە کایەی خوێندندا، بە بێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی مندالی کورد و، بەهەندنەگرتنی پرسی پلەبەرزکردنەوە و دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مامۆستایان وەک بەشێکی گەورە لە فەرمانبەرانی ماف خوراوی ئەو وڵاتە و، دابین نەکردنی بودجەی پێویست لەپێناو کڕین و دەستەبەرکردنی کەرەستە و دەستاوردە زانستی و فێرکارییەکان و، وەلانانی ڕێسای بەخشینی خوێندکاری زیرەک لە وانەکان و، ئاسانکاریکردن بۆ زەقکردنەوەی خوێندنگە ناحكومییەکان لەبەرامبەر خوێندنگە حکومییەکان و، زۆر پرسی دی، دەبنە زنجیرەیەک خاڵی نێگەتیڤ کە مەخابن بەشی زۆریان بۆ دامەزراوەی باڵای ئەم پرۆسەیە دەگەڕێتەوە و، وەک هەقیقەتێکی ئاشکرا هیج کامێکیمان ناتوانین خۆمانی لێ نەبان بکەین .
*
لەگەل هەموو ئەو خالە نێگەتیڤانەش کە لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کردن و، بەرۆکی کایەی پەروەردە و فێرکردنیان گرتووە، ناتوانین بە ڕەهایی هێڵێکی چەپ و ڕاست بەسەر سەرجەم بریار و کارەکانی ئەو دامەزراوەیەدا بهێننین . دەکرێت بڵێین هەندێک ڕاسپاردە و بڕیاریشی دەرکردووە، شایستەی دەستخۆشی و ئافەرینکردنن، هەروەک لێرەدا مەبەستمە ئاماژە بۆ دوو لەو بریارانە بکەم کە یەکیکیان لە سالی رابردوودا و، ئەوی تریشیان لە ئەمساڵدا ڕایگەیاندووە . ئەوانیش بریتین :
- بڕیاردان لەسەر هێنانەپێشی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خوولی دووەمی پۆلە ناکۆتاییەکان بۆ نزیک لە تاقیکردنەوەی کۆتایی خوولی یەکەم .
- بریاردان لەسەر پشووی خوێندنگەکان لە ڕۆژی شەممەدا، هاوشیوەی فەرمانگە ناخزمەتگوزارییەکانی تر .
لیرەدا، دەمەوێت لەڕووانگەی تێگەیشتن و هەلسەنگاندنی خۆمەوە بۆ ئەو دوو بڕیارە، لایەنە پۆزەتیڤ و بەسوودەکەیان وەدەربخەم کە بێگومان کە میانی پراکتیزەکردنیان لە ناوەندەکانی خوێدندا، ڕوونتر و ئاشکراتر کاریگەرییان دەردەکەوێت .
لایەنە پۆزەتیڤ و بەسوودەکانی بڕیاری یەکەم :
- مامۆستایان باشتر دەتوان پابەندی کات و رۆژی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خوولی دووەم بن، چونکە زۆرینەیان بەپەسەندی دەزانن سەردان و گەشت و کارە تایبەتەکانیان بخەنە دوای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خوولی دووەم کە تا دەستپێکردنەوەی ساڵێکی نوێی خوێندن، نزیکەی سێ مانگە پشوویان لەبەردەمدا دەبێت . نەک ئەوەی سەردان و کارە تایبەتییەکانی خۆیان بخەنە ئەو ماوە کەمەی دەکەویتە نێوان هەردوو تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خوولی یەکەم و دووەمەوە .
- خوێندکار باشتر دەتوانێت پابەندی کات و رۆژی تاقیکردنەوەکان بێت، بەوپێیەی موودەتێکی زەمەنی کەم لەدوای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکنی کۆتایی خوولی یەکەم، ڕاستەوخۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خوولی دووەم ئەنجام دەدات . لەسالانی رابردوودا چەند جار شایەدحالی ئەوەبووین کە خوێندکار بەهۆی لەیادکردنی ڕۆژ و ڕێکەوتی تاقیکردنەوەکانەوە، ئامادەبوونی نەبووە و، لە وانەیەکەیدا بە کەوتوو دانراوە . یاخود بەهەلە سەعی لە وانەیەک کردووە ،لەکاتێکدا ئەو ڕۆژە وانەیەکی تر تاقیکردنەوەی تیادا کراوە .
- خویندکار کاراتر دەتوانێت زەخیرەی زانیینەکانی پەیوەست بەو وانەیە بەکارببات کە لێی ئیکمال بووە و، تاقیکردنەوەی تیادا دەکاتەوە ، چونکە نێوانێکی زەەنی زۆر نەبووە لەنێوان بەڕێوەچوونی هەردوو تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خوولی یەکەم و دووەمدا . هەروەها ئاسانتر و خێراتر دەتوانێت بەو وانەیەدا بچێتەوە کە دووبارە تاقیکردنەوەی تیادا دەکاتەوە .
- کارگێری خوێندنگە، پێشوەختە دەتوانێت سەرژمێری ژمارەی خوێندکار و، پۆلەکان و، جیاوازی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و، دەستنیشانی پێداویستییە لۆجستی و زانستی و مادییەکانی خۆی بکات و، لەمەشەوە خۆی بۆ ساڵێکی نوێی خوێندن ئامادە بکات . هەروەها بە وردتر و بەدیسپلینتر دەتوانێت ژمارەی بەشەوانەکانی مامۆستایان دەستنێشان بکات و، مشوور لەوە بخوات کە کام لە وانەکان، نیازی بە مامۆستای تر هەیە تاکو هەوڵ بدات دابینی بکات .
- هەڵبەت چەندین خالی تریش دەکرێت ئاماژەیان بۆ بکرێت کە بێگومان گرنگی و ئەولەویەتیان بەگوێرەی کارگێری خوێندنگەکان لێکجاواز دەبێت، بەلام لە جەوهەردا، هەموویان جەخت لەسەر لایەنی پۆزەتیڤی ئەو دەکەنەوە .
لایەنە پۆزەتیڤ و بەسوودەکانی بڕیاری دووەم :
- ئەم بڕیارە جۆرێک لە یەکسانی لەنێوان دامودەزگا کارگێرێیەکانی حکومەتدا لەڕووی ڕەخساندنی رۆژانی پشووەوە دەهێنێتەکایەوە، لەکاتێکداساڵانێک لەمەوبەر لە بەرەنجامی ڕەخساندنی پشووی شەممە بۆ فەرمانگە ناخزمەتگوزارییەکانی تر و، جیاکردنەوەی وەزارەتی پەروەردە لێی، نارەزایەتی لەلای فەرمانبەران و مامۆستایان و کارگێرانی خوێندنگەی ئەم وەزارەتە درووستکردبوو .
- بوار بۆ مامۆستایان دەڕەخسێنێت تاکو لەجێگەی وەرگرتنی مۆلەت بۆ ڕاییکردنی هەندێک لە کارە تایبەتییەکانیان لە ڕۆژانی خوێندندا، سوود لە پشووی رۆژی هەینی و شەممە وەربگرن . ئەمەش ڕێ کەوە دەگرێت لە هەندێک پۆلدا، بەهۆی وەرگرتنی مۆڵەت لەڕوژانی دەوامدا، گرفتی کەمی خوێندنی پرۆگرامیان بۆ بێتتەپێشەوە و، دوواتر نەتوانن وەک پێویست قەرەبووی بکەنەوە .
- ئەم بڕیارە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خواست و داواکاری خوێندکار و کەسوکارەکەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە رۆژانی دەوامدا، بەوپێیەی دەتوانن لە دوو رۆژەکەی تردا کە دەرگای خوێندنگە داخراوە، سەفەر بکەن، یاخود کارەکانی خۆیان جیبەجێ بکەن، بەبێ ئەوەی ئەو سەفەر و کارانەیان کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر خویندکار بەجێبهێڵێت، وەک ئەوەی لەڕۆژانی دەوامدا لە میانی وەرگرتنی مۆڵەتدا لەڕووی زانین و فێربوونەوە، بەسەرییەوە ڕەنگدەداتەوە . .
- ئەم پشووە، دەبێتە دەستاوردێکی باش بۆ خوێندکار تاکو بۆ پێداچوونەوە بە وانەکانی و تەواوکردنی ئەو ئەرکانە سوودی لێوەربگرێت کە مامۆستایاکانی وەک ئەرکی ماڵەوە پێیان سپاردووە، یاخود لەسەری کەڵەکەبوون .
- دەبێتە فرسەتێک بۆ دەستەی کارگێری خویندنگەکان تاکو لەو پشووەدا بەتەنگ ئەو کارانەوە بێن کە پەیوەستن بە بەڕێوەبردنی کاروباری خوێندکاران، یاخود وەڵامدانەوەی نووسراوەکانی پەروەردە، یاخود کارە تایبەتییەکانی ئیدارە و، چەندین بابەتی تر .
- بەوپێیەی لە ئێستادا، بەشێکی زۆر لە مامۆستایان بە تایبەتیش مامۆستایانی سەنتەر کەمتر لە بەشەوانەی دیاریکراو دەڵێنەوە، بەهۆی هەبوونی چەند مامۆستایەک لە پسپۆڕییەکی دیاریکراودا لە خوێندنگەیەکدا، یاخود بەهۆی کەمی ژمارەی خوێندکار و پۆلەکانی خوێندنەوە، بۆیە دابەشکردنی بەشە وانەکان بەسەر پێنج ڕۆژەکەی تری خوێندندا کە ڕۆژانی ( یەکشەممە تاکو پێنجشەممە ) دەگرێتەوە، نابێتە کارێکی هیندە دژوار کە کارگێری خوێندنگەکان نەتوانن دەرەقەتی بێن .
هەلبەت ئەم قسەیە سەرجەم مامۆستایانی پسپۆڕ ناگرێتەوە، چونکە لەوە بەئاگاین کە هەندێک لە وانە زانستی و زمانەوانییەکان بەهۆی زۆری بەشەوانەکانیانەوە لە هەفتەیەکدا، وایکردووە مامۆستاکانیان ڕێژەیەکی زیاتر لە بەشەوانە بڵێنەوە لە چاو مامۆستایانی تردا . بەڵام وردبینی و لێزانی و شارەزایی دەستەی کارگێری خوێندنگە، دەتوانێت بەشێوەیەکی لۆژیکی و ئەقڵانی، گرفتی ئەوانیش چارەسەر بکات و، لەڕێی پیادەکردنی دیسپلینێکی وردەوە، دابەشکردنی بەشەوانەکانی ئەوانیش بەسەر پێنج ڕۆژەکەی دەوامدا، تاڕادەیەکی باش هاوتاو یەکسان بکات .
- بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆرە حکومەتی هەرێم کارگوزار و پاسەوان بۆ خویندنگەکان دانامەزرێنێت، بۆیە زۆینەی ناوەندەکانی خوێندن نیازیان بەوەیە بەردەوام بەشێوەیەکی دەستەجەمی لەلایەن هەر یەکە لە دەستەی کارگێری خوێندنگە و مامۆستایان و خوێندکارانەوە چاودێری لایەنی ژینگە و پاکوخاوێنییەکەی بکرێت . هەلبەت ئەم پشووە دەبێە فرسەتێک کە تیایدا بەگوێرەی توانا، باشتر ئەو خەمخۆری و دلسۆزییەی تیادا پراکتیزەبکرێت کە سەرجەم کاراکتەرەکانی ناو خوێندنگە لە دڵەوە درکی پێدەکەن .
*
لەگەل ئەوەی ناکرێت هیچ بریارێک لە پراکتیزەکردنیدا، بە رەهایی بەلای هەمووانەوە پۆزەتیڤ یاخود نێگەتیڤ بێت، بەڵکو لێکەوتەکانی بەهەردوو دیوی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤدا بەگوێرەی هەلومەرجی باو و، جلۆنایەتی مومارەسەکردنی کارەکان و، ئاراستەی ڕووانینی کەسەکان دەگۆڕیت، بەلام لەگەل ئەوەشدا، دەکرێت، بڵێم کە ئەم دوو بڕیارە لە واقیعی حالی ئەمرۆدا، تای تەرازووی دیوە پۆزەتیڤەکەیان زۆر قوورسترە لە تا نێگەتیڤەیان ...
* مامۆستا لە ئامادەیی هەژینی تێکەڵ لە قەڵادزێ .