هەڵكەوت محەمەد

دوو ئەشکەوت، ناوی دوو ئەشکەوتن لە تەنیشت یەک هەڵکەوتوون و مێژووی ژیان تێیاندا بۆ ناوەڕاستی چاخی بەردینی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، واتا ٣٠ هەزار ساڵ و کۆنتر. لە نزیک ئەشکەوتی بەستوونن لە کرماشان. نزیکەی ١٦٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن. ٣٠٠ مەتریش لە دەشتاییەکانی بنەوەیان بەرزن. بەرانبەر شاخی مەیوالەن، دوو ئەشکەوتی تەنیشت یەکن. ناوەوەی ئەشکەوتە گەورەکەیان ٢٣ مەتر قووڵایی هەیە و ١٥ مەتریش پانە. دەڕواننە سەر پارکی کوهستان. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٦ سەردانییان کراوە و بۆ ٤ ساڵی دواتر چەند جارێک ڕووی سەرەوەی زەویەکەی ئەشکەوتە گەورەکە ڕووماڵ کراوە، هەر جارەی مانگێکی پێچووە و کۆمەڵێکی باش لە پاشماوەکانی چاخی بەردینی کۆن لەوێ دۆزراونەتەوە.

لەساڵی ١٩٩٩ ڕووماڵیک نزیکەی ڕووبەری ٧ کیلۆمتر دووجای دەگرتەوە لەو ناوچەیەدا کرا و ١٤ ئەشکەوت و بنەبەرد لەو ناوچەیەدا دەستنیشانکران. ئەو بابەتە سەرەتاییانەی دۆزرانەوە نیشانی دەدەن لەو ناوچەیەدا ژیان بۆ سەردەمی دوایین چاخی بەستەڵەک دەگەڕێتەوە. ئەو ئامرازانەی مرۆڤی کۆن لەو ناوچەیە بەجێی هێشتوون لە ماددەی خاوی هەمان ناوچە دروستکراون و لە جۆری ماوستریانن. پێشتر گەڕانەکانی خاتوو دۆرۆپی گارۆد لە ئەشکەوتی هەزارمێردی دیوی ڕۆژئاوای چیاکانی زاگرۆس و لە نزیک سلێمانی ئەو جۆرە بابەتابەی ماوستریانی دۆزیبووەوە و بوو بە سەرەتای گەڕان بەدوای نیشتەجێی مرۆڤی کۆن لەو ناوچەیەدا. تەختاییەکانی کرماشانیش ژمارەیەکی باشی لەو جۆرە نیشتەجیێانە لێیە ووکو غاری خار لە چیاکانی بیستوون، ئەشکەوتی وارواسی و کۆبێ لە تەنگی کەنەشت و دوو شوێنەواری دیکە لە نزیک هەرسین.

لە ساڵی ١٩٧٩ لەبەر شۆڕشی گەلانی ئێران گەرانەکانی شوێنەوارناسیی تا ساڵی ١٩٨٦ ڕاوەستابوون. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەڕانەکان ٣ شوێنەواری بابەتی ماوستریان دۆزرانەوە و دوای ئەوانیش ٢ شوێنەواری دیکە، یەکێکیان دوو ئەشکەوت بوو. دۆزینەوە دەولەمەندەکانی ڕووی سەرەوەی زەوی ناوەوە وایکردووە گەڕانی زۆرتر بکرێت و بە پێی ڕێوشوێنی شوێنەوارناسیی وورد، گەڕانی تێدا بکرێت. لە وەرزی زستاندا لەلایەن شونکارەکانی ئەو ناوچەیە وەکو شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵان بەکارهاتووە، بۆیە بەشێکی زۆری ڕووی سەرەوە بە پاشماوەی ئەوان داپۆشراوبووە. لە نزیک دەمی ئەشکەوتە گەورەکە کانییەکی ئاو هەیە تەنانەت لە هاوینی گەرم و وشکیشدا، ئاوی هەیە. بێگومان هەبوونی ئەو کانییە پاڵنەرێکی سەرەکیی بووە تا ژیان لەو ئەشکەوتەدا هەبێ.

دیواری ئەشکەوتەکە شوێنی هاتنە ناوەوەی ئاوی پێوە دیارە، لە بەرزی ٢ مەتر لە زەوی ئەشکەوتەکەوە دەستپێدەکات. بەو پێیە بێت بەشێکی باشی ڕووی ئەو ئەشکەوتە ئاو بردوویەتی. ڕێڕەوی ئەو ئاوە لە دەمی ئەشکەوتەکەوە بۆ دەرەوە چەند پارچەیەک لە خوڵووز، ئێسقانی ئاژەڵان و ئامرازی بجووکی بەردی تیدا دۆزرایەوە. بەشێک لەو ئێسقانانەی دۆزرانەوە سووتاو بوون، بە واتای ئەوەی مرۆڤ لەوێ ژیاوە و ئاگری کردووەتەوە. لە ناو ئەو دۆزراوانەدا چەند بەشێکی شەویلاگی خوارەوە و ددانێکی لای ڕاستی سەرەوەیی بزنی کێوی یان مەڕی کێوی بوون. لە گەڕانەکانی ٤ ساڵدا سەروو ٤٠٠٠ ئامرازی بەرد دۆزرانەوە. لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەک دەستنەکەوت دواتر ئامرازی بەردی نوێتر لەوی دروستکراوە، بۆیە هەموو ئەوانەی دۆزرانەوە لە جۆری ماوستریانی زاگرۆس بوون وهیچی دیکەیان لەگەڵ تێکەڵ نەبووە. هەموو ئەو ئامرازانە لە بەردی زۆر نزیکی ناوچەکە دروستکراون.

بەشی هەرە زۆری دۆزراوەکانی ئامرازە بەردەکانی دوو ئەشکەوت داماڵەرەکانن، واتا ئەو ئامرازانەن بۆ داماڵینی گۆشت لە ئێسقان بەکاردێن. لەگەڵ ئەوانیشدا بڕەرەکان، ئەکلاتیژەکان هەن. بەشیکی باش لەو ئامرازانە بۆ جاری دووەم و سێیەم چاکسازییان تێداکراوە و کراون بە ئامرازی دیکە. ئەوە جیاکەرەوەیەکی ئامرازە بەردەکانی ماوستریان زاگرۆسە.

لەبەرئەوەی ئەو گەڕانانە تەنیا لەلایەن شوێنەوارناسانی ئێرانەوە کراون، بۆیە نە ئەنجامەکان زۆر بە باشیی باسکراون و نە هەلکۆڵین لەو شوێنەوارەدا کراوە. ئەوەی باسکراوە هەر ئەوەندەیە لە ڕووی سەرەوەی زەوی ئەشکەوتە گەورەکەیان دۆزراوەتەوە. بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی تەهران تایمس بێ لە ڕۆژی ٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٧، مرۆڤی نیاندرتال لەو ئەشکەوتەدا ژیاوە، بەڵام ڕاپۆرتێکی زانستیی نییە باس لە ژیانی نیاندرتال لەوێ بکات. بۆیە دەکرێ ئەو هەواڵەی تەهران تایمز هەر وەکو باسێکی راگەیاندن و هاش و هوش دابندرێ. بە نەبوونی سەرچاوەی متمانەپێکراوی سەر بە دامودەزگەی زانستیی باوەڕپێکراو، هەر ئەوەندەم لەسەر ئەو ئەشکەوتە دەستکەوت. لەوەدەچی شوێنەوارناسانی ئێرانیش هەر ئەوەندە گەرانەیان کردبێ.

سەرچاوە:https://www.researchgate.net/publication/297901379_Do-Ashkaft_A_recently_discovered_Mousterian_cave_site_in_the_Kermanshah_Plain_Iran

No description available.

وتاری نووسەران