
ئاسۆس ساڵح
جیهانی کۆن خەریکە لە ناودەچێت، جیهانی نوێش لە تێکۆشاندایە بۆ ئەوەی لەدایک بێت؛ ئێستا سەردەمی بەربەرییەکانە.» ــ ئەنتۆنیۆ گرامشی.
بەخێربێن بۆ سەردەمی قەیرانی بەها. قەیران یەکێکە لەو وشانەی زۆرترین جار بەرگوێمان دەکەوێت، بەڵام لای ئێمە زیاتر ڕەهەندێکی ئابووریی وەرگرتووە، تا ئاستێک دابڕاوە لە مانا فرەڕەهەنییەکەی. لەم سەردەمەدا قەیرانی گشتی هەیە، وتا لە گشت کایەکاندا کێشەیەکی چارەسەرنەکراو هەیە تا ئاستی بنبەستی چووە. ئەم قەیرانانە خۆیان لە کایەی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی، دینی و دەستەڵات و بەهای مرۆڤایەتی و گەردوونیی دەبینێتەوە.
ئەم قەیرانانە هیچ سنوورێکیان بۆ مانا و بەها مرۆڤایەتییەکان نەهێڵاوەتەوە. گرامشی گوتەنی ئێستا «سەردەمی بەربەرییەکان»، ئەمەش بە نیشانەی داڕمانی بەها مرۆڤایەتییەکان و زاڵبوونی هێزە تاریکپەرست و هەژموونخوازەکان و دابەشبوون بەسەر دوو ڕەوتدا کە کۆنزەرڤاتیزمی- فێندەمیتالیست و کاپیتالیزمی- ئیمپریالیستدا دەردەکەوێت.
لەنێوان بەرداشی بێڕەحم و ڕوحی ئەم سەردەمەدا مەرگ و ژیان لە دیالێکتیکێکی بەردەوامدان، بەڵام مەرگ بەشێوەیەکی سیستەماتیک و بێبەزەییانە زاڵ بووە بەسەر ژیاندا، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە دەستەڵاتی سەرمایەداریی مۆدێرنیتە و ئیمپریالیزم، شانبەشانی فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی کارەسات و کوشتارگە دەخوڵقێنن لە جیاتی "ئازادی، ژیان و ئاشتی"، "ژێردەستی، مەرگ و جەنگ" بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن.
دەستەڵاتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەڕێگەی ئیمپریالیزم، بەشێوەیەکی سیستماتیک کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵکوژی و لەناوبردن دەبەن. ئەم هێزانە، بە بیانووی هێنانی ئازادی و دیموکراسی، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی تر دەکەن و سەرچاوەکانیان تاڵان دەکەن، لە ئەنجامدا شەڕ و ئاژاوە و ماڵوێرانی بەدوای خۆیاندا دەهێنن. لەم ناوچانەدا هێزی کۆنەپەرست قیتدەکەنەوە و لە شەو و ڕۆژێکیشدا ماسکەکانیان دەگۆڕن و دەیانگەیێننە دەستەڵات، دوای ئەمەش هەرچی هێزی کۆنەپەرست و فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی هەیە، بە ڕەوایەتیدان بە باوەڕی ئایینی و شەریعەت، لە هەر شوێنێک دەستەڵات بگرێتە دەست، کۆمەڵکوژی و کوشتارگە دەخوڵقێنن. ئەم دوو هێزە (هێزی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی و هێزی ئیسلامیی ڕادیکاڵ) هەرچەندە لە ڕواڵەتدا دژ بەیەک دەردەکەون، بەڵام لە ناوەڕۆک و کردەوەدا یەکتر تەواو دەکەن و هەردووکیان خزمەت بە لەناوبردنی بەها مرۆڤایەتییەکان دەکەن.
نموونەی زیندووی ئەم واقیعە تاڵەش لە سووریا بە ڕوونی دەبینرێت. لەوێ، دوای ڕوخانی دەستەڵاتی بەشار ئەسەد، ئەحمەد شەرع کە تا پێش گەیشتنە دەستەڵات تیرۆرست بوو، دوای هێنانە سەردەستەڵات بووە پیاوی ئازادیخواز و ئاشتی و بونیاتنانەوەی سوریایەکی نوێ، بەڵام ئەوە بڕی نەکرد و ئەو ماسکەی کە ئیسلامی سیاسی و ئیمپریالیزم بۆیان دروستکردبوو لە ڕووخسارە تیرۆرستییەکەی کەوت و ڕووی ڕاستەقینەی بۆ جیهان دەرکەوت. کورد گوتەنی گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە. دەستەڵاتی ئێستای سووریاش لەسەر بنجی خۆی ڕواوەتەوە کە پێکهاتەکەی تێکەڵەیە لە داعش و بەنی نوسڕە و گرووپ و کەسایەتییە توندڕەوەکان.
لە نزیکترین ڕووداودا، گرووپە ئیسلامییە ڕادیکاڵ و فەندەمێنتالیستەکانی نزیک و سەر بە دەستەڵاتی شەرع، بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی، درووزییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد. ژن و منداڵیان ئەتک کران، سووکایەتییان پێکرا و وەک کەنیزەک مامەڵەیان لەگەڵدا کرا، پاشان بە دڕندانەترین شێوە کوژران. ئەم تاوانانە لە پێش چاوی هەموو جیهان، نیشانەی ڕوخانی تەواوی ویژدانی مرۆڤایەتی و زاڵبوونی تاریکییەکی بێ کۆتاییە، کە تێیدا ژیان هیچ بەهایەکی نەماوە و مەرگی سەدان کەس تەنها بەقەد مەرگی کارێکتەرێکی ڤیدیۆگەیم مرۆڤی ئەم سەردەمە ڕادەچڵەکێنێت و بە ڕیاکتێکی گریان یان توڕەیی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆسیال میدیا ڕاچڵەکینەکەی کپدەبێتەوە.
لە غەزەش، دۆخێک خوڵقاوە ڕەنگە لە مێژوودا هاوشێوەی کەم بێت. خەڵکی غەزە، لەنێوان بەرداشی ململانێی حەماس و ئیسرائیلدا، گەورەترین قوربانین و ژیانیان لەنێو بەرداشی خۆسەپێنی دووهێزدا کارەساتبارە. هەزاران کەس، بەبێ گوێدانە ڕەگەز و تەمەن و هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی، دەکوژرێن و برسی دەکرێن. ئەمە تەنها شەڕێک نییە لەسەر خاک، بەڵکو شەڕێکە لەسەر بوون و نەبوون، شەڕێکە کە تێیدا بەها مرۆڤایەتییەکان بەتەواوی پشتگوێخراون و ژیانی خەڵکی سڤیل بووەتە قوربانیی ململانێی سیاسی و ئایینی. ئەم دۆخە، وەک گرامشی ئاماژەی پێدەکات، سەردەمێکی بەربەرییە کە تێیدا مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە. مرۆڤ لە بەها ئینسانییەکەی داڕماوە و وەک بارمتەیەک/ کاڵایەکی سیاسییە، بەکاردەهێنرێت بۆ دەستکەوتی سیاسی.
لە کۆتاییدا، ئەم دیالێکتیکی مەرگ و ژیانە لەم سەردەمە بەربەرییەدا، دەبێت وامان لێبکات کە بە قووڵی بیر لە داهاتووی مرۆڤایەتی بکەینەوە. دابڕان و کەلێنێک لەم سەردەمە دروستببێت کە ژیان و مرۆڤ بەهای هەبێت. پێویستە لە دژی ئەو هێزانە بوەستینەوە کە بەها مرۆڤایەتییەکان لەناودەبەن و هەوڵبدەین جیهانێکی نوێ بنیاتبنێین کە تێیدا ژیان و ئازادی و دادپەروەری بنەمای سەرەکی هەر کۆمەڵگەیەک بێت. ئەمە تەنها بە یەکگرتوویی و تێکۆشانی بەردەوام دەکرێت، بۆ ئەوەی جیهانی نوێ لەدایک بێت و تاریکی سەردەمی بەربەرییەکان کۆتایی پێبێت.