
شێوە خەلیل
لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، مرۆڤ بوارێکی
فراوانی بۆ دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانی بۆ ڕەخساوە . ئەم تۆڕانە دەکرێت ببنە مەیدانی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەو زانیاری و بنیاتنانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی. بەڵام لەگەڵ ئەم دەرفەتە گەورەیەدا دیاردەیەکی تریش سەری هەڵداوە کە ئەویش کۆمێنتی نەشیاو و هەڵسوکەوتی ناشایستەی زمانە لە ژێر بابەت و ڤیدیۆ و وێنەکاندا.
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری بەڵکو درووستکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان و پاراستنی ڕێز لەنێوان تاکەکاندا دروست دەکات. کاتێک وشەی توند و جنێو و سووکایەتی جێ بەھاندان و دەستخۆشی لەق دەکات ئەوە نیشانەی لاوازیی و کەمبوونی هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە.
هۆکارەکان بۆ ئەم دیاردەیە زۆرن
لەوانە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ھەموو کەس بە ئاسانی دەتوانێت لە پشت شاشەیەکەوە قسە بکات بێ ئەوەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات. نەبوونی فێرکردنی کلتووری گفتوگۆ و هەڵچوونی هەست و توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا وایکردووە کە کۆمێنتەکان بگەنە ئاستی سووکایەتی و ناشایستی
کاریگەریی ئەم دیاردەیە تەنها لە سنووری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نامێنێت، بەڵکو دەگوازرێتەوە بۆ ناو کەلتوور و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی کۆمەڵگە. کاتێک مرۆڤ عادەت دەکات بە بەکارهێنانی زمانێکی ناشایستە، ئەوە بە شێوەیەکی نەرم ڕێزگرتن و گفتوگۆی مەدەنی لاواز دەکات.
ئایا یاسا دەتوانێ ئەم دیاردەیە بنەبڕ بکات؟
بەڵێ: یاسا هەنگاوێکی گرنگە بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە، چونکە دەتوانێ ڕێسا و سزا دابنێت بۆ ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ئاشکرا سووکایەتی یان هەڕەشە بەرامبەر کەسانی تر بەکاردەهێنن. لە زۆر وڵاتدا یاسا هەوڵدەدات بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ڕێگری لە توندوتیژیی زمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
پێویستە چەند هەنگاوێکی گرنگ بگیرێت لەوانەش پەرەپێدانی هۆشیاریی کەلتووری لەسەر ئەخلاقی گفتوگۆ و بەکارهێنانی زمانێکی ڕێزدار. ھەروەھا دامەزراندنی ڕێسای ڕوون لەلایەن بەڕێوەبەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سنووردارکردنی زمان و هەڵسوکەوتی توند، نەوەی نوێ لە قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکاندا ڕابھێنرێ لەسەر کەلتووری گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە جیاوازیی بیر و بۆچوون.
لە کۆتاییدا، ئەگەر بمانەوێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببنە شوێنێکی دروست بۆ گۆڕینەوەی بیر و پەرەپێدانی زانیاری، پێویستە هەموومان بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و کلتوری بگرینە ئەستۆی خۆمان. چونکە کەلتووری قسەکردن، لە ڕاستیدا ئاوێنەی ئاستی فکری و مەدەنییەتی کۆمەڵگەیە.