هیوا عومەر

لەناو ئەو هەموو قەیرانە گشتگیرەی هەرێمی كوردساندا، بەجۆرێك خراپی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە  بچووكە  گەیشتووەتە ئاستێك  توانای  دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتییانی نەماوە.

باسكردنی ئەزموونی بەڕێوەبردنی پێشكەوتووی دەوڵەتی چین كە خاوەنی  یەك ملیار و چوارسەرد و نۆ ملیۆن دانیشتووە بۆ ئێمە جێگای بایەخ و پرسیارە وەك میتۆد نەك بە عەقڵیەتی كۆپیكردن .

زیاتر لە دوو هەفتەیە لە چینی میللین بۆ بەشداریکردن لە خولێكی تایبەت بە شێوازی حوكمڕانی چین. لەم ماوەیەدا لە نزیکەوە چاومان بەم ئەزموونە کەوت. لە میانەی ئەم بەشداریکردنەدا، سیمینارێكمان لەچوارچێوەی خوێندنەوە بۆ بەرگی چوارەمی كتێبەكەی هاوڕێ‌ «شی جین بینگ» بەناونیشانی «حول الحكم والاْدارە» بە زمانی عەرەبی پێشکەشکرد. ئەم دەقەی خوارەوە بەشێكە لەو بابەتە و تێگەیشتنمان بۆ  وڵاتی چین.

 ئەوەی دەیبینین، چین وەك دەوڵەت، پێگەی جوگرافی، ژمارەی دانیشتووان، زمان و كلتووری چین زۆر لایەنی تر ئەزموونێكی تەواو جیاوازە. ئەم جیاوازییە وایكردووە بوونی حزبی شیوعیی چینیش تەواو جیاوازبێت لە تەواوی ئەزموونی حزبە شیوعی و سۆسیالیستەكانی جیهان، لەسەرووی هەموو ئەوانە بوون و پێگەی فراوانی حزبی شیوعیی چین و ئەو ئەزموونەی پێشكەشیكردووە، تەواو جیاوازترە لە ئەزموونی حزبە شیوعییەکانی دیکە .

پێشكەوتنەكانی چین لە بواری گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و تەكنەلۆژیا و پیشەسازی و بوارەكانی تردا جێگای سەرنجە. لە كۆتایی حەفتاكاندا دوای ڕاگەیاندنی پرۆژەی «چاكسازی و كرانەوە»، گەشەی چین  بەتایبەتی لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی بۆ ئەمڕۆ، دەتوانین وەك جۆرێك لە شۆڕشی گۆڕانكاری و پێشكەوتن بیبینین .

لە ئەمڕۆدا چین خاوەنی دیدگایەکی تایبەت بەخۆیەتی بۆ گەشەی ئابووری و مرۆیی، نەك تەنها لە ئاستی ناوخۆییدا، بەڵكو دەستپێشخەرییەكانی شی جین بینگ لە ساڵی 2013 لە هەر سێ‌ بواری پشتێنە و ڕێگا و دەستپێشخەرییەكانی بۆ گەشەپێدانی جیهانی و گرێدانی هاوبەشی داهاتووی مرۆڤایەتی لەرووی گەشەپێدان و ئاشتی و شارستانیەتی جیهانی بە دروستكردنی كۆمەڵگەی هاوبەشی مرۆڤایەتی، بەشێكە لە پرۆژەیەكی تەواو جیاوازتر لەو پرۆژانەی لەمڕۆدا لە ناوچەكە و لە جیهاندا بەسەرپەرشتی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئامادەیە .

هەرچەندە تێگەیشتن لە مۆدێلی حوكمڕانی و نهێنی ئەو گەشەكردنە خێرایەی چین كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەو تێگەیشتنە تازەیەی «شی جین» لە هەر چوار بەرگی ئەو كتێبەدا باسی دەكات، دەتوانێت هاوكارمان بێت بۆ تێگەیشتن لە رۆڵ و پێگەی حزبی شیوعیی چین و تێگەیشتنی بۆ چۆنیەتی بیناكردنی مۆدێلێكی  تری بەڕێوەبردن بەپشتبەستن بە فكری «ماركسی و لینینی و ماوی» بەتایبەتمەندیی چینی.

ماوتسی تۆنگ، لە تێبینی و خوێندنەوەیدا بۆ كتێبی ئابووریی سیاسی سۆڤیەتی، وەك رەخنەیەك پرسی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی سۆسیالیستی دابەشدەكات بۆ دوو قۆناغ، قۆناغی یەكەم قۆناغی «سۆسیالیزمی پاشكەوتوو» (کە مەبەستی سۆسیالیزمی كلاسیكیی سۆڤیەتییە)، قۆناغی دووەم «سۆسیالیزمی پێشكەوتووە». لەرووی هەندێك بنەما و لەچوارچێوەی دەستپێشخەری و نەخشەڕێگا هەمەجۆرەكانی «شی جین بینگ»، دەتوانین بەشێك لە قۆناغی یەكەم لە مۆدێلی ئەمڕۆی چیندا ببینین، كە خۆی دەبینێتەوە لە بنبڕكردنی هەژاری و پلانی كاركردن بۆ هاوسەنگی گەشەكردن لەنێوان شار و گوندەكان و پاراستن و گەشەپێدانی سەرمایەی مەعنەوی و ئاكاری مرۆیی لەبەرامبەر گەشەكردنی سەرمایە لە قۆناغی ئەمڕۆدا، كە وایكردووە كۆمەڵێك بەهای تازە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بۆ ئەمەش سوودی لە فكری سۆسیالیستی بەتایبەتمەندی خۆیان و كلتووری چینی وەرگرتووە.

ئەوەی گرنگە شی جین بینگ لە كتێبەكەیدا پرسی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی سۆسیالیستی دەبەستێتەوە بە بوونی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو لەرووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای تازە و زیرەكیی دەستكرد و پاراستنی ژینگە و هاوسەنگیی ئیكۆلۆژی.

جیاوازی گەشەكردن و داهاتی تاك و چۆنیەتی نەهێشتنی دیاردەكانی نایەكسانی ئابووری و كۆمەڵایەتی وەك بەربەستێك دەبینێت لەبەردەم چۆنیەتی گواستنەوەی چین لە کۆمەڵگەیەکی پێشكەوتووی ئابووری بۆ كۆمەڵگەیەكی سۆسیالیستی لە 2050دا، بۆ چارەسەركردنی ئەمەش چەندین تێگەیشتنی جیاواز دەخاتەڕوو لە كتێبەكەیدا بۆ سەرلەنوێ‌ دابەشكردنەوەی داهات و  گەشەكردنی هاوسەنگ و هەنگاو بەهەنگاو و چۆن و چییەتی ئەو بنەمایانەی دەبنە هۆی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی لەچوارچێوەی بەردەوامیی پرۆژەی «كرانەوە و چاكساز»ی چین لە داهاتوودا .

ئەوەی بەكراوەیی دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەو گەشەكردن و پێشكەوتنەی حزبی شیوعیی چین توانیویەتی بەدەستیبهێنێت، پرسیاری چۆنیەتی بیناكردن و دروستكردنی ئەو كۆمەڵگە سۆسیالیستییەیە، كە حزبی شیوعیی چین لە چوارچێوەی پلان و روئیای خۆی لە 2050دا دروستی دەكات.

وتاری نووسەران