
جیهانگیر سدیق گوڵپی
پێش ئه‌وه‌ی ده‌قی په‌سه‌ندكراوی یاسای بودجه‌مان به‌رچاو بكه‌وێت بۆچونه‌كان وابون كه سه‌ره‌ڕای ته‌ڵه و كه‌موكوڕییه زۆره‌كان سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێم، به‌ڵام هێشتا ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاتر بێت كه بتوانرێت سودێكی ڕێژه‌یی له‌بودجه‌كه وه‌ربگرێت به‌تایبه‌تیش كه وا ده‌رده‌كه‌وت زۆربه‌ی دهستكارییهكانی لیژنه‌ی دارایی چاككرابن.
به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌قی په‌سه‌ندكراوی یاسای بودجهكهم خوێنده‌وه، ناتوانم چاوم له‌دیوه مه‌ترسیداره‌كه‌ی دابخه‌م و پێشم وایه كه ئه‌م یاسایه چه‌قۆیه‌كه بۆ له‌تكردنی هه‌رێم و كۆتاییهێنان به‌قه‌واره‌ی هه‌رێم، هه‌موو رێكاره‌كانیش بۆ ئاسانكاری و جێبه‌جێكردنی ئه‌وه له‌یاساكه‌دا چه‌سپێنراون.
له‌یاساكه‌دا هه‌موو پاساو و ڕێكاره‌كانی گازندهكردنی پارێزگای سلێمانی و ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان له ناواخن و بڕگه‌كانی بودجه‌كه‌دا ئاماده‌كراون.
به‌هه‌مان شێوه چه‌ند خاڵ و بڕگه‌یه‌كیش دانراون بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له هه‌رێم ناچار بكه‌ن تاكو كۆی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به هه‌موو قۆناغه‌كانیه‌وه بكه‌وێته ژێر ده‌ستی به‌غدا.
ئه‌گه‌ر ناكۆكییه ناوخۆییه‌كان وه‌لانه‌نرێن و هه‌وڵه‌كان یهكنهخرێن، ئه‌و پلانه‌ی بۆ هه‌رێم دانراوه مه‌ترسییه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌یه له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌گشتی و له‌سه‌ر هه‌موو پارێزگاكانی و هه‌موو هاووڵاتییهكانیشی، ئه‌وه‌یش له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌رده‌كه‌وێت.
بڕگه و ته‌ڵه‌ی زۆر له‌یاساكه‌دا هه‌ن كه عێراق بتوانێت به‌كاریان بهێنێت بۆ گوشار دروستكردن و نه‌ناردنی شایسته‌ی هه‌رێم به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست، به‌ڵام مه‌ترسیدارترینیان دوو خاڵن، یه‌كه‌میان خاڵی هه‌شته‌می ماده‌ی 13یه تایبه‌ت به جیاكردنه‌وه‌ی ته‌مویلی پارێزگاكان، دووه‌میش بڕگه‌كانی (ب و ج)ی خاڵی دووه‌می ماده‌ی 12یه كه تایبه‌ته به ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم و خه‌رجكردنی تێچووه‌كه‌ی، لەگه‌ڵ بابه‌تی حسابكردنی ته‌رخانكراو بۆ تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم.
یه‌كه‌م/
سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم دوو خاڵی جێی سه‌رنج له‌یاساكه‌دا هه‌ن:
1- به‌پێی بڕگه‌ی (ب) له خاڵی یه‌كه‌م له ماده‌ی 12 ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ست پێنهكاتهوه ئه‌وا ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی به‌غدا بكات بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی، لێره‌دا كێشه ئه‌وه‌یه كه نرخی نه‌وت بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی كه‌متره و له عێراقدا به‌نرخی پاڵپشتیكراو ده‌درێته پاڵاوگه‌كان، له‌م كاته‌یشدا كۆمپانیاكانی نه‌وت له هه‌رێم گرفتیان بۆ دروست ده‌بێت، چونكه خه‌سڵه‌تی گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم به‌و جۆره‌یه كه دابه‌شكاریی تێچوو و قازانجی هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌مای داهاته‌كه‌یه، كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به‌نرخه‌وه.
ئه‌م گوشاره له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیاكان بۆ ئه‌وه‌یه كه كۆمپانیاكان نه‌توانن به‌رده‌وام بن له‌به‌رهه‌مهێنان تاكو ناچاربن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن، حكوومه‌تی هه‌رێمیش ناچاربێت به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌یشدا ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، لێره‌وه یه‌كێك له بۆچوونه‌كان ئه‌وه‌یه كه هۆكاری دهسپێنهكردنهوهی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له ڕێگه‌ی توركیاوه ویستی به‌غدای له‌سه‌ر بێت.
2- به‌پێی بڕگه‌ی (ج) له‌هه‌مان خاڵ و هه‌مان ماده، تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای تێكڕای تێچووی به‌رمیلێك نه‌وتی ناوچه‌كانی تری عێراق ده‌درێت، له‌كاتێكدا كه هه‌مووان ده‌زانن تێچووی نه‌وتی هه‌رێم زیاتره. به‌مجۆره ئه‌و ته‌رخانكراوانه‌ی كه دانراون بۆ تێچووی نه‌وتی هه‌رێم به‌شی نیوه‌ی تێچووه‌كه‌ی ده‌كه‌ن.
له‌م كاته‌دا هه‌رێم یان ده‌بێت له ته‌رخانكراوه‌كانی تر ئه‌و كورتهێنانه پڕ بكاته‌وه یان تێچووی نه‌وت و شایسته‌ی كۆمپانیاكان وه‌ك پێویست نه‌دات، له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا مه‌رامی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له ته‌رخانكراوه‌كانی تر كورتهێنانی تێچووی نه‌وت پڕبكاته‌وه ئه‌وكات ته‌رخانكراوه‌كانی تری هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم به‌تایبه‌تیش هی پرۆژه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه، ئه‌و كات به‌رپرسانی سلێمانی گازنده ده‌گه‌یه‌ننه به‌غدا، به‌غدایش ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پلان و ئهجێنداكهی ده‌كات.
خۆ ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم شایسته‌ی كۆمپانیاكان به‌كه‌می خه‌رج بكات و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان بۆ خه‌رج بكات كه له‌بودجه‌كه بۆیان ته‌رخانكراوه، ئه‌و كات هه‌م قه‌رزار ده‌بێت و هه‌م گرفتی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان بۆ دروست ده‌بێت.
به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسی تێچووی كۆمپانیاكان هه‌رێم تووشی گرفتی گه‌وره ده‌بێت، كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی نه‌وتی كۆمپانیاكان له‌هه‌رێم پێویستی به‌هه‌وڵی به‌غدا هه‌یه، به‌ڵام به‌غدا ئه‌و كاره بۆ هه‌رێم ناكات. به‌غدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیاكان ناچار بكات تاكو دۆسه‌ی نه‌وت ڕاده‌ستی ئه‌و بكرێت.
دووه‌م/
سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌غدا له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی خاڵی هه‌شته‌می ماده‌ی (13) ئه‌گه‌ر گرفت و گازنده دروست بوو له‌سه‌ر خه‌رجكردنی مووچه و پاره‌ی پرۆژه‌كان له لای پارێزگاكان، ئه‌وا له‌سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه ڕێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر به تهمویلكردنیشهوه، واته پشكی پارێزگاكان ڕاسته‌وخۆ بدات، واته مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات.
هه‌مووان ده‌زانن ئه‌گه‌ر پشكی هه‌رێم له‌به‌غداوه بێت هه‌موو شتێكی دیاره، پێشتریش یه‌كێك له‌و پاساوانه‌ی بۆ گوشاركردن له حكوومه‌تی هه‌رێم به‌كارده‌هێنرا بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه بوو كه ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌به‌غداوه دێت دیاره و ناتوانرێت جیاكاری و زوڵمی تێدا بكرێت.
به‌درێژایی ئه‌م بیست ساڵه هه‌ر پاره‌یه‌ك له‌به‌غداوه هاتبێت هیچ كێشه‌یه‌ك له‌دابه‌شكردن و خه‌رجكردنی نه‌بووه و هیچ گازنده‌یه‌ك نه‌بووه سه‌باره‌ت به جیاكاری و دابه‌شكردنی، پرسیار ئه‌وه‌یه ئێستا بۆچی ئه‌م هه‌موو پێداگیرییه له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه ده‌كرێت؟
به‌بۆچوونی من ئه‌و خاڵه بۆ ئه‌وه دانراوه كه ده‌ستی حكوومه‌تی به‌غدا بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات و بگه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می مه‌ركه‌زیه‌تی جاران و هه‌رێم وه‌ك قه‌واره كۆتایی پێ بێت، ئه‌مه له خۆیدا ویستی به‌غدایه، به‌ڵام هۆكاری چهسپاندنهكهی له‌م یاسایه‌دا بۆ ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له‌بودجه‌كه‌دا پێشوه‌خته پاساوی گازاندهكردنی پارێزگای سلێمانی ئاماده‌كراوه، چونكه ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی پارێزگای سلێمانی ویستی جێبه‌جیكردنی ئه‌و بڕگه‌یه‌یان هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانن به‌شی مووچه و پرۆژه‌كانی سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و ژماره گه‌ورانه حساب بكه‌ن كه وه‌ك پشكی هه‌رێم دانراون و به‌و پێیه داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ر له یاساكه‌دا كۆمه‌ڵێك خاڵ و بڕگه دانراون بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌توانێت كۆی ئه‌و به‌شه‌ی بۆی دیاری كراوه خه‌رج بكات یان دابه‌شی بكات، كه ئه‌وه‌یش ده‌بێته پاساوی گازندهكردنهكه، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
1- جگه لهكورتهێنانی ته‌رخانكراوه‌كانی تێچووی نه‌وت كه زیاتر له (2) ترلیۆن دینار ده‌بێت، چه‌ند بڕێكی تریش له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حسابن كه كێشه بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم دروست ده‌كه‌ن، له‌وانه بڕی (1) ترلیۆن و (428) ملیار دینار تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حساب كراوه له‌كاتێكدا كه ئه‌وه له‌ناو خه‌رجییه سیادییه‌كانیش هاتووه، به‌ڵام پاشتریش وه‌ك به‌شێك له ته‌رخانكراوی خه‌رجییه‌كانی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم حساب كراوه، له‌كاتێكدا حكوومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌و پاره‌یه بۆ هیچ بابه‌تێك خه‌رج بكات جگه له‌كرێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و ئه‌و بڕه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هێشتا كه‌مه.
2- وه‌ك له خاڵی 1 له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، كورتهێنانی كۆی تێچووی نه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ی كه بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ته‌رخانكراوه و دووباره له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حسابكراوه ده‌گه‌نه زیاتر له (3) ترلیۆن و (428) ملیار دینار، جگه له‌وه نزیكه‌ی (1) ترلیۆن دیناریش له‌ساڵه‌كه‌دا له پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی بانكی بازرگانیی عێراقی، به‌مجۆره نزیكه‌ی (4) ترلیۆن و (428) ملیار دینار له‌و بودجه‌یه‌ی كه به‌ژماره وه‌ك پشكی هه‌رێم حسابكراوه حكوومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت خه‌رجی بكات یان دابه‌شی بكات، لێره‌وه مه‌ترسییه‌كه ده‌ست پێده‌كات.
ئه‌گه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم نه‌گه‌نه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و دروست، ئه‌وا یه‌كسه‌ر به‌رپرسانی پارێزگای سلێمانی له‌لای به‌غدا گازنده ده‌كه‌ن و به‌غدا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی ده‌كات.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌خواره‌وه ژماره‌كان به‌مجۆره ده‌خه‌مه ڕوو:
- 16.609 ترلیۆن دینار كۆی پشكی هه‌رێم له‌ناو یاسای بودجه
- 0.228 ته‌رخانكراو بۆ پێشمه‌رگه
- 1.428 تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت كه خراوه‌ته سه‌ر پشكی هه‌رێم
- 2.000 بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی تێچووه‌كانی نه‌وت
- 1.000 بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی بانكی بازرگانی عێراقی
- 12.409 پوخته‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت خه‌رجی بكات و دابه‌شی بكات له‌كۆی ئه‌و پشكه‌ی كه له‌بودجه‌ی عێراق بۆی دانراوه.
( هه‌رچه‌نده پاره‌ی پترۆدۆلار له‌بودجه‌كه بۆ هه‌رێم به‌جیا دیاری نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌غدا ویستی هه‌بێت ئه‌وا بڕێكی تریش بۆ پشكی هه‌ریم زیاد ده‌بێت).
به‌مجۆره حكوومه‌تی هه‌رێم له‌بڕی زیاتر له 16 ترلیۆن دینار كه له‌سه‌ری حساب كراوه وه‌ك پشكی هه‌رێم ته‌نیا ده‌توانێت ده‌وروبه‌ری 12 ترلیۆن دیناری لێ خه‌رج بكات یان دابه‌ش بكات، به‌مه‌یش به‌شی پارێزگاكان به‌تایبه‌تیش له پاره‌ی پرۆژه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش ده‌كرێته پاساوی گازندهكردن لای به‌غدا.
واته به هه‌موو جۆرێك ئه‌م یاسایه وا داڕێژراوه، كه به‌غدا مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمدا بسه‌پێنێت و به فیعلی هه‌رێم وه‌ك قه‌واره بوونی نه‌مێنێت.