
فەلسەفەی دوای مرۆڤ
(گۆڕانکارییەکانی خود لە سەردەمی بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)
د. حمدي سيد محمد محمود
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
كردوویە بە كوردی
پۆست هیومانیزم (Post humanism) ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە تێگەیشتن لە مرۆڤایەتیدا دەكات؛ چونكە لە پاش (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) چیتر مرۆڤ وەک ناوەندی گەردوون یان بوونێكی باڵا نامێنێتەوە، بەڵکە دەبێتە خاڵی گواستنەوە بەرەو پارادایمێكی نوێیی بوون، ((واتە بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)) ئیتر مرۆڤ لە پارادایمە تایبەتمەندییە بایۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژییەكان تێدەپەڕێنێت کە لە دەمێكەوە مرۆڤایەتییان پێناسە کردووە؛ بەو مانایەش فەلسەفەی (دوای مرۆڤ) وەک کاردانەوەیەک لە دژی مرۆڤگەرایی (Humanism) کلاسیک سەریهەڵداوە، کە مرۆڤایەتی بە تەوەری مەعریفە و بەها و مانا دادەنا؛ لە ڕوانگەی هیومانیزمی کلاسیکییەوە مرۆڤ وەك هێزی فیکری ڕۆشنگەری ئەوروپی لەڕێگای عەقڵ و زانستەوە توانی کۆنترۆڵی سروشت و زەمینەسازی بكات؛ بەڵام ئەمڕۆ فەلسەفەی پۆست هیومانیزم هەر تەنیا ئەم بنەمایانە ڕەت ناکاتەوە، بەڵکە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژی و ژینگەیی و دیجیتاڵی و میتافیزیکییانەی کە ئێستا کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی جێگیربوونی مرۆڤایەتی لە جیهاندا هەیە، ((واتە لەڕێگای بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان)) فۆرمێكی دیكە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دادەڕێژێتەوە.
لە ناخی ئەو فەلسەفەیەدا پرسیارێکی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئایا کاتێک چەمکە تەقلیدییەکەی (مرۆڤایەتی) کاڵ دەبێتەوە و سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر و ئاژەڵ، یان بوونەوەرە دەستکردەکان، تەنانەت ژینگە دیجیتاڵییەکان دەسڕدرێنەوە، چی لە بەهای مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە؟ هەڵبەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو فەلسەفەیە، هەڵوەشاندنەوەی دووبەرەکیی سەختی نێوان مرۆڤ و غەیرە مرۆڤە، کە لە ئەفلاتونەوە تا دیکارت بەسەر فەلسەفەکانی ڕۆژئاوادا زاڵ بووە...
فەلسەفەی دوای مرۆڤ، داوای تێپەڕاندنی ئەو دابەشبوونانە، مۆدیلی فرەیی بۆ (عەقڵ و بوون) پێشنیار كرد، کە مرۆڤایەتی لەڕووی عەقڵانییەت یان ئەخلاقەوە وەک تاکە بوونێك سەیر نەکرێ، بەڵکە وەک گرێیەک لە ناو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە ژینگەیی و تەكنۆلۆژی و گەردوونییەکاندا ببنرێت! لەم چوارچێوەیەدا، فەلسەفەی دوای مرۆڤ (پۆست هومانیزم) یەكانگیر لەگەڵ ڕەوتی ئۆنتۆلۆژیای فرەیی و تیۆری نیوکۆمەڵایەتی، ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین- ((هێزی مرۆڤ وەك هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی)) دەگرێ و پرسیارکردن لە بارەی سنوورە ئەخلاقی و سیاسییەکانی پۆلێنکردنی بوونەوەرەکاندا بەرز دەكاتەوە؛ كەواتە مەبەست لە (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) ئینکاركردنی بەهای مرۆڤ نییە، بەڵکە مەبەست لێی کردنەوەی دەرگایە بۆ فۆرمێكی دیكەی ژیان و بیرکردنەوە و بوونێكی جیاواز کە ڕەنگە لەگەڵ ستانداردە تەقلیدییەکانی مرۆڤدا نەگونجێت.
لە ڕوانگەی تەكنۆلۆژیاوە، پێشکەوتنە خێراكانی زیرەکی دەستکرد، ئەندازیاری بۆماوەیی، ڕۆبۆت، نانۆتەكنۆلۆژیا و تەواوی تەكنۆلۆژیاکانی واقیعی درێژکراوە یارمەتی خەیاڵ و بیرکردنەوەی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) دەدات، بۆ ئەوەی بیر لە قۆناغێکی نوێی بوونی مرۆڤ بكاتەوە! لێرەدا تەكنۆلۆژیا نەک تەنها وەک ئامرازێک، بەڵکو وەک درێژکراوەی مرۆڤایەتی دەبینرێت، وەک بکەرێک دەبینرێت، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی سروشتی مرۆڤ و ئاسۆی پەرەسەندنی مرۆڤی هەیە؛ چەمکەکانی ((سایبۆرگ- مرۆڤێک تێکەڵ لە جەستە و تەکنۆلۆژیا)) مرۆڤ وەك بوونەوەرێکی تێکەڵاو لە نێوان مرۆڤ و ئامێردا- كە زیرەکی ئەو مۆدیلە لە مرۆڤ لەسەرووی مرۆڤدایە، ئەو مرۆڤەی سەرووی زیرەكی ئاماژەیە بە تواناگەلێك کە تەواوی توانا بایۆلۆژی یان مەعریفییە سروشتییەکان تێدەپەڕێنێت، نەك هەر هێندە بەڵكە هەتا دێ ئەو ڕەوتە بەهۆی گۆڕینی ناسنامەی مرۆڤ بۆ بنیاتێکی دیجیتاڵی زیاتر گەورە دەبێت، ئەو ڕەوتە دەتوانێت لە سەرانسەری میدیای نوێدا قسەی لەبارەوە بكرێ و دەستکاری بکرێت و بگوازرێتەوە، ئەوەش پرسیاری بێ وێنە سەبارەت بە جەستە، ناسنامە، ئازادی و مردن و نەمری دەوروژێنێت.
كەواتە فەلسەفەی دوای مرۆڤ تەنها گوتارێک نییە بۆ ستایشکردنی تەكنۆلۆژیا- ((بەڵكە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی ڕەخنەیی لە پەیوەندییەكانی مرۆڤ، تەكنۆلۆژیا، و جیهان، بكۆڵێتەوە))- ڕەخنەیەکی قووڵە، لەو دەسەڵات و کۆنترۆڵكردن و نایەکسانییەی كە ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژییەكان بەرهەمییان هێناوە...
هەندێک لە فەیلەسوفان هۆشداری لە مەترسی گۆڕینی مرۆڤ بۆ (بەرهەمی) تەكنۆلۆژیا دەدەن، یان تێکدانی بەهاکانی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ و بە کاڵاکردنی مرۆڤ یان جیاکردنەوەیان لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی و سروشتی خۆی... هەموو ئەو نیگەرانیانە لەگەڵ مشتومڕەکانی ژینگەیی سەبارەت بە باڵادەستی تەكنۆلۆژیا و داهاتووی زەوی و زێدەبەكاربردنەكان یەکدەگرنەوە؛ بیرمەندانی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) داوا دەکەن گۆڕانکارییە بایۆپۆلیتیکەكان، مرۆڤایەتی تێکەڵ بە تۆڕی ژیان بکاتەوە، نەک بیخاتە دەرەوە.
لە لایەکی دیکەوە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئەگەرێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاق و هۆشیاری پێشکەش دەکات، نەک لە ڕوانگەی باڵادەستی مرۆڤەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی بەشداریكردنی ئەویتری جیاواز و بەهای ئەویتری جیاوازەوە- جا چ ((ئەویتری جیاواز)) ئامێرێکی هۆشیار بێت، ئاژەڵێکی زیرەک بێت، یان تەنانەت ژینگەیەکی سروشتی (هەستیار- سێنسەر)... ئەو بەرفراوانبوونەی کایەی ئەخلاقی بە تەواوی نكۆڵی لە پۆلە جێگیرەکان دەکات، وەك چۆن مۆدێلێکی دیكەی بەرپرسیارێتی پێشنیار دەکات کە سنوورە ئۆنتۆلۆژییەکانی نێوان خود و ئەویتر تێدەپەڕێنێت؛ بەم شێوەیە (فەلسەفەی دوای مرۆڤایەتی) دەبێتە بانگەوازێک بۆ پێناسەکردنەوەی بوون و دەسەڵات و مانا، نەک تەنها لە ڕوانگەی تێپەڕاندنی مرۆڤایەتییەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی دووبارە خەیاڵکردن بە شێوەیەکی زێدەخاكیی و زێدەپەیوەندی و بەشداریکردنی لەگەڵ فرەیی بووندا.
ئەوڕۆ گرنگی ئەو فەلسەفەیە تەنها لە ڕەهەندە تیۆرییەکەیدا نابینرێت، بەڵکە گرنگی لەوەدایە کە ئامرازە زیرەكەكان، بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە ئاستەنگ و چالاکییەکانی جیهانی هاوچەرخ فرەوان دەكات- بۆ ئەوەش هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بیگرە تا گۆڕانی کەشوهەوا- لە چوارچێوەیەکی نوێی ئۆنتۆلۆژی و ئەخلاقیدا، وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە کە مرۆڤبوون ((لەگەڵ فرەیی بوون)) یان لە جیهانێکدا کە چیتر بە تەنیا نین واتای چییە؛ لە جیهانێکدا کە لەگەڵ بوونەوەرە نوێیەکاندا هاوبەشین- ئەو بوونەوەرانەی كە هەندێكیان دەستكردی خۆمانن و هەندێکی دیکەیان لە پێش ئێمەوە (لە مێژووی گەردوون)دا بوونیان هەبووە! لێرەوە لەبەردەم ئەو هەموو گۆڕانکاریانەدا پڕۆژە کلاسیکییەكانی مرۆڤ هەرەس دێنێ! بەمجۆرە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئاسۆیەکی فەلسەفی پڕ لە نكۆڵی و پڕ لە دەرفەت دەخاتە سەر پشت و ناچارمان دەکات بیر لە سروشتی مرۆڤ و سنووری زانین و ئەخلاقی داهاتوو بکەینەوە.
سەچاوە:
فلسفة ما بعد الإنسان: تحولات الذات في عصر الكائنات المعززة- د. حمدي سيد محمد محمود
الحوار المتمدن- www.ahewar.org - Jul 24, 202.
ڕوونكردنەوەكانی وەرگێڕ:
-جووت كەوانەكان زێتر بۆ ڕوونكردنەوەن.
-(بوونەوەرە بەهێزکراوەکان- الكائنات المعززة) واتە ئەو بوونەوەرانەی کە توانای سروشتیان بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان زیاد دەکرێ، لەو حاڵەتەدا مرۆڤ تەنها وەك بوونەوەرێکی سروشتی نامێنێت، بەڵکە دەبێتە بوونەوەرێکی هاوبەشی مرۆڤ و تەكنۆلۆژیا.
-(ئەنتڕۆپۆسین) ناوی ئەو قۆناغەیە کە زانایان پێیان وایە ئەوە مرۆڤە هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی؛ بەڵام ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین لە كۆمەڵێ پرسیاردا خۆی دەبینێتەوە: ئایا مرۆڤەكان هەمووان بەرپرسیارن؟ یان سیستەمێکی دیاریکراو؟ ئایا مرۆڤ دەبێت ناوەندی بیرکردنەوە بێت؟ یان دەبێت جیهان بە شێوەیەکی گشتییتر ببینرێت؟!.
- چەمکی (بایۆپۆلیتیکی) پەیوەندی بە بیرۆکەکانی فۆکۆ لە سەدەی 18 و 19 ـدا لەبارەی دەسەڵات و گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتەوە هەیە... لێرەدا چەمکی بایۆپۆلیتیکی واتە بەڕێوەبردنی ژیان: گۆڕان لە سیاسەتی سزادانەوە بۆ سیاسەتێک کە ژیان و جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی زانستی و سیستەمی بەڕێوە دەبات.