
(پرسی حەرامکردنی نەورۆز بە نموونە)
مەلا ئیدریس ژاڵەیی
ماستەر لە بەراوردی ئاینەکان
فەتوادان لە جەوهەری خۆیدا، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە مورادی خودا، نەک دانیشتن لەسەر کورسیی خوداوەندی و بڕیاردان لە جیاتی ئەو. کاتێک کەسێک ڕێگە بە خۆی دەدات بەناوی "زاتی باریتەعالا"وە حوکمە ڕەهاکانی بسەپێنێت بەسەر خەڵکدا، لە ڕاستیدا خۆی وەک "وەکیل" یان "واژۆکار" لە جیاتی پەروەردگار نیشان دەدات؛ وەک چۆن ئیبن قەییم لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (إعلام الموقعین عن رب العالمین) ئاماژەی پێ کردووە. مەترسییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات: کاتێک کەسانێک دەیانەوێت "میهرەبانیی خودای تەعالا" بکەنە ئامرازێک بۆ ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و بێنرخکردنی کەرامەت، مێژوو و شوناسی گەلێک کە سەدان ساڵە بۆ مانەوەی خۆی لە خەباتدایە.
جێگەی داخە کەسانێک لەژێر پەردەی "بانگەواز"دا، جەژنێکی وەک (نەورۆز) کە ڕەگی لە قووڵایی مێژووی ئێمەدایە، دەکەنە ئامانجی تەکفیر و سوکایەتی. ئەوان بە ئاشکرا بەشداربووانی ئەم یادە بە "کافر و نەفام" ناو دەبەن، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە ئەم جۆرە گوتارانە چ برینێکی قووڵ لە جەستەی یەکڕیزیی نیشتمانی دەدەن. زانستی فەتوا تەنها شارەزایی لە دەقەکان نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە "مەقاسید" (ئامانجە باڵاکان) و واقیعی کۆمەڵایەتی.
مایەی قبووڵکردنیش نییە هەر کەسێک یەک دوو کتێبی خوێندەوە یان بڕوانامەیەکی بەدەست هێنا، ئیتر فەتوا دەربکات. من زۆرجار تووشی سەرسوڕمان دەبم لە هەندێک لە هاونەتەوەکانم؛ چۆن ئەو هەموو نادادی و خراپەیەی بەناوی خوداوە بەرامبەریان کراوە، لەبیر دەکەن؟ گەلێک کە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە، ڕۆڵەکانی بەناوی "حوکمی ئیلاهی" لە سێدارە دراون، زیندەبەچاڵ کراون و بە جۆرەها ژەهر و گازی کیمیایی خنکێنراون! تەنانەت مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانیشی خاپوور کراون. چۆن دەکرێت دوای ئەو هەموو سوکایەتییە، دیسان باوەڕ بەو تەرزە فیکر و دروشمانە بکەنەوە کە بە ئامرازی نوێ، هەمان قەوانی کۆن لێ دەدەنەوە؟
ئەم کارە مەترسیدارە، واتە خۆکردن بە نوێنەری خودا، هۆکاری سەرەکیی ماڵوێرانییەکانی مرۆڤایەتییە. خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا وەک هۆشدارییەک بەرامبەر بەم جۆرە خۆسەپاندنە دەفەرموێت:
﴿قُلْ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّيَ الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ... وَأَنْ تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ﴾ [الأعراف: 33].
هەربۆیە زانایان گوتوویانە فەتوا تەنها بڕیاردان لەسەر دەقەکان نییە، بەڵکو زانستێکە بنەما و یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە. خودای تەعالا لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: ﴿وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ﴾ [الإسراء: 36]. ئەم ئایەتانە دەبنە بنەمای ئەوەی کە فەتوا نابێت ببێتە کەرەستەیەک بۆ خاڵیکردنەوەی گرێ دەروونییەکان یان بەدەستهێنانی ناوبانگی کەسی، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی دامەزراوەیەکی نیشتمانیی باوەڕپێکراوەوە بێت کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و ئاین پێکەوە بپارێزێت.
پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) هۆشداریمان دەداتێ لەوەی کە نەمانی زانایانی ڕاستەقینە و دەرکەوتنی "سەردارە نەفامەکان" دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی:
«إن الله لا يقبض العلم انتزاعًا ينتزعه من العباد، ولكن يقبض العلم بقبض العلماء، حتى إذا لم يُبقِ عالمًا اتخذ الناس رؤوسًا جُهّالًا، فسُئلوا فأفتوا بغير علم، فضلّوا وأضلّوا» (رواه البخاري ومسلم).
ئەم فەرموودەیە پشتڕاستکەرەوەی ئەو باوەڕەیە کە ناکرێت هەر کەسێک هەستێت و بەناوی خوداوە قسە بکات. زاناکانی سەردەمی پێشوو زۆر خۆیان لە فەتوادان دەپاراست، چونکە باوەڕیان وابوو فەتوا نیشانەی زانایی نییە، بەڵکو ئەمانەت و بەرپرسیاریەتییەکی پڕ لە مەترسییە. هەروەک چۆن ناکرێت هەموو پزیشکێک نەشتەرگەری بکات، فەتوادانیش پێویستی بە ناسینی ڕۆحی ئاین، مەبەستەکانی شەریعەت و شارەزایی لە سیاقە مێژووییەکان هەیە. ئەو گوتارانەی لەسەر "سێکوچکەی تەکفیر، تەبدیع و تەفسیق" وەستاون، هیچ خزمەتێک بە ئایینداریی ڕاستەقینە ناکەن.
ئەو بەناو مەلایەی ئاگای لە مێژووی پڕ لە شانازیی نەتەوەکەی نەبێت، یان بێئاگا بێت لەو هەموو مەرگەساتانەی بەسەر گەلەکەیدا هاتووە، شایانی ئەوە نییە نازناوی "پیاوی ئاینیی کوردی" هەبێت. ئەگەریش ئاگادار بێت و هێشتا غیرەتی نەتەوایەتی نەبزوێت بۆ بەرگری لە مێژوو و یادەوەرییەکانی گەلەکەی، ئەوا دیسانەوە شایانی ئەو نازناوە نییە. زۆر لەوەش نالەبارتر ئەوەیە کە لە سەنگەری دوژمناندا بێت بۆ بەدیهێنانی پیلانە ڕەشەکانیان.
نەورۆز یادێکە کە چەندین ساڵە زانا، ڕۆشنبیر و دڵسۆزانی کورد ئاهەنگی تێدا دەگێڕن؛ هۆکارێکە بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزیی کورد. کاتێک گەلانی دونیا پیرۆزبایی لە کورد دەکەن، چۆن دەبێت لە ناوخۆدا بە "دەرچوون لە ئاین" تۆمەتبار بکرێت؟ ئەو کەسانەی لەسەر مینبەرەکانەوە تەکفیری کۆمەڵگە دەکەن، دەبێت ئەم فەرموودەیە بزانن:
«من قال لأخيه يا كافر فقد باء بها أحدهما» (متفق عليه).
لە کۆتاییدا:
بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و ئاینی لەسەر شانی هەمووانە. بەشێوەیەکی تایبەت ئەرکی پەرلەمانە یاسایەک دەربکات بۆ ڕێگریکردن لە سوکایەتیکردن بە ڕەمزە نەتەوەییەکان. هەروەها پێویستە وەزارەتی ئەوقاف ڕۆڵی خۆی ببینێت و بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەو خیتابە توندڕەوانەی کە هەندێک لە مووچەخۆرەکانیان بڵاوی دەکەنەوە. وەزارەت بەرپرسە لەوەی لە ڕێگەی مامۆستایانی زانا و نیشتمانپەروەرەوە، برەو بە بیری میانڕەوی و پێکەوەژیان بدات و ڕێز لە یاد و بۆنە مێژووییەکان بگرێت، چونکە ئەم یادو بۆنانە بە هیچ شێوەیەک پێچەوانەی جەوهەری ئاینداری نین.