
حەسەن مەحمود
دوانەیەک کەدەتوانیت پێکەوە گرێی بدەی بۆئەو گەمژانەی کە ئاقڵەکان دەخەنە تای تەرازوەکانی خۆیانەوە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، هەنگاوەکانی بەردەمیان ئەوەندە بەهوشیارانە دەنێن هوشیارو زیرەکەکانیش هەندێ جارلەگەڵیاندادەبن بۆیە لەحوکمڕانی گەمژەو ناهوشیاردا هەموو ماناکانی ژیانکردن نامێنێت بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین گەمژەکان زۆر بە زیرەکیانە گوایە ژیانمان بۆ دروست دەکەن، بەڵام کام ژیانە؟ ئەوەی گەمژەکان دەیانەوێت، وەک کۆیلەبوون، ڕازیبون. هتتتد... هەرچەندە واقعی سروشی مرۆڤ بە گەمژەیی پێناسەی بۆ ناکرێت، چونکە مرۆڤ کائینێکی جوڵاو هوشیار و بەتمووحە بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی زانستی نوێیە کەواتە بۆ دەبێت ئەم مرۆڤە هوشیارە لەلایەن کەسە سیاسیە گەمژەکانەوە یاری پێ بکرێت.
لێرەوە دێمە سەر بابەتەکە، زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە گەمژە بەناو سیاسیەکانی ئەم هەرێمە بەتایبەت کەسە سیاسیە بەدەسەڵاتەکان لەناو حکومەتدا چەندە گەمژانە و زۆر بەزیرەکیانە بەڕێمان دەکەن، سات بەسات ئاستی گەمژەبونمان لای سیاسیە گەمژەکان بەسودی ئەوان دەبێت، بەلای ئەوانەوە ئێمە لەڕەفاهیەتدا دەژین، دەوڵەتداریەکی باش وسەلیممان بۆدەکەن، زۆر بەگەمژانەو زیرەکانە کەرتەگشتیەکانیان فرۆشت لەجێیدا کەرتی تایبەتی خودیان بۆچەند کەسێک دامەزراند، زۆر بە گەمژانە چونە ناودۆزەخی سەرمایەدارییەوە، (تەندروستی+ کارەبا + پەروەردە) و تا ئاستی کۆمەڵایەتیشمان کراوە بەتاکە کەسی، دەست بۆ هەرشتێک دەبەیت دەبێت پێشتر سەرمایەداربیت یان بەلایەنی کەمەوە لەبنەماڵە و دۆستی ئەوان بیت، خۆئەگەر هەرنەبوو ئەوا بەخوێیی تێشتیش بێت دەبێت لە ئەوان نزیک بیت، کەمینەیەکی گەمژە زیرەک، زۆرینەیەک بەڕێوە دەبات، بیرو سیاسەتێک کە لە سەر هزرو مەبەستی کەمینەیەک بنیات دەنرێت کە تەنها بیریان لای پڕکردنی گیرفان و جانتاکانیانە و بەس، وەک ئەوەی هەر ئەوان لە پێناو ئەم خاک و گەلەدا خەبات و بەرخودانیان کردبێت، تێکۆشان و ڕابردوی ڕژێمە خوێنڕێژەکانیان لەبیرچوەتەوە لای ئەوان ئەم دەسکەوتە لەسەر سینی ئامادەکراو پێگەیشتووە هیلاکیەکانی کەسەکانیان لەبیرچوەتەوە، بێخافڵ وبێ ئەمەک بەرامبەریان، خەریکە وای لێدێت گەمژە مردوەکان نەخشەکێشی ئایندەمان بن ڕێک بەپێچەوانەی ڕێڕەوکردنی ژیانەوە. هەربۆیە بەم دیدگا ناشیرین وناسیاسیە ناعەقڵانیەوە ناتوانین هەنگاوەکانمان بۆ پێشەوە بنێین بەتەندروستیانە چونکە سیاسیە گەمژەکانمان ناعاقڵانە تەنها بۆ خود خودی خۆیان بیر دەکەنەوە لەکاتێکدا ئەم جۆرە بیرکردنەوانە تەنها ئەوەمان پێدەڵێت بنیاتی کۆمەڵگایەکی بەرەو ناهوشیاری دەنێین، دواتر تەنها توێژێک یان چینێک باجی نادات بەڵکوو لەکۆتادا هەموان دەبێت تاڵێتی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بنۆشین. لەکاتێکدا مێژوی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بێباکی بەرامبەر بەخەڵک وگەلەکەت ڕەنگە بۆ کاتێکی درێژ مەودا توول بکێشێت، بەڵام مردن و لەناوچونێکی کەم مەودا چاوەڕوانیان دەکات،جگە لەمەش ناتوانرێت بەردەوام خۆت وشێوازە حوکمڕانیەکەت هەر بەزیرەکانەبەلای خۆتەوە بیبینیت،چونکە دواتر گەمژەیانە خودی خۆت لەناوی دەبەیت.