هۆشیاری عەبدولعەزیز  

زۆرجار گوتاری سیاسی لەخۆیدا بریتیە لە هێندێك واتا و دەستەواژەی لێكدراوی جیاوازكە لەژێر كاریگەریی كۆمەڵێك واقیعی سیاسی و ئابوری مێژوویی جوگرافی نوێدا گەشەدەكات و دەبێتە هۆكاری رەنگدانەوەی كاریگەری‌و ئاسەواری ئەو پێكهاتە ئاڵۆزەی كە هەڵگری گوتارە نوێكەیە و وادەكات لە كات و شوێنێكی تایبەتدا شوناس و چوارچێوەیەكی دیاریكراو ببەخشێتە كەسانێك كە نوێنەر یا  بەدی هێنەری ئەم گوتارە سیاسیەن ، بەمانایەكی روونتر، گوتاری سیاسی، لەكۆتاییدا، بەرهەمی كۆی ئەو گوتارانەیە كە لەكایە جیاجیاكاندا و لەبەر رۆشنای دۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا، دادەڕێژرێت و ئاراستە دەكرێ ، بەو هیوایەی كە بتوانێ‌ گوتاری زاڵ لە چوارچێوەی ناوەندی باڵادا تێكبشكێنێ ، بەڵام كە ئەمە رووی نەدا و پێچەوانە نەیتوانی سەركەوێتە سەر گوتاری زاڵدا ، ئەوە گوتاری سیاسی، لەو هاوكێشەیەدا و بەپێی تایبەتمەندییەكانی كایەی سیاسەت كە كایەیەكی پەیوەندیدارە بەسیستمی دەوڵەت‌و رێكخستنی كۆمەڵگاوە توشی تێكشكان و شكستی گەورە دەبێت و هەموو بەها سیاسی و ئابوریەكان لەدەستدەدات‌و تەنها وەك ناوێكی بێ ناوەرۆك دەمێنێتەوە و ناتوانێ ڕەوایەتی مانەوەی كۆمەڵگا و بەرژەوەندیی باڵای گەل دەستەبەر كات 

هەرچەندە ئەمە لە عێراقدا بابەتێكی فرە لاوازە و ئەوەی بایەخی نەبێ گرنگی ئەم گوتارەیە چونكە ئەوەی لەعیراقدا بەدیدەكرێت لەلایەن هەندێك سەركردەو گرووپ و هێزی سیاسییەوە ئەم گوتارە بەئاراستەی گەڕانەوەیە بۆ دوبارە بە سەنتراڵكردنەوەی دەوڵەت و نەتوانراوە بكرێتە داینەمۆی سیستمی حوكمڕانی و دەسەڵات و گەشەسەندنی وڵات وەك ئامرازو هۆكارێك بۆ خۆشگوزەرانی و پێكەوەژیانی هاوبەش و پێچەوانەش خەریكە  پڕیشكی ئەمجۆرە لەسیاسەتی نەخوازراو ململانێی نابەجێ هەموان بێ جیاوازی بەرەو ناسەقامگیری ئەمنی و لێكترازاندنی پێكەوەژیان و دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم شەراكەتی سیاسی بەرهەمدێنێ و دەبێتە هۆكاری دووبارە توندبوونەوەی ئەو كێشمەكێش و ململانێ مەترسیدارانەی كە سەردەمانێك كۆمەڵگای عێراقی لە خۆیدا تووشی قەیران و تەنگەژەی نەتەوەی و تائیفی كردبوو  

لە بەرانبەر ئەو دۆخە ئاڵۆزەی عێراقیشدا كە شەراكەتی سیاسی لە لێواری هەڵوەشاندنەوە و پوكانەوەدایە ، گوتاری سیاسی كورد لەوپەڕی قەیران و ئاڵۆزیدایە و نێوماڵی كورد پڕە لە شكست و لەبەریەك هەڵوەشانەوە و بە قۆناغێكی نەشاز و نەسەقامگیری هەستیاردا گوزەر دەكات و بەڕوونی پەرتەوازەی پێوەدیارە، لەمەشدا هەریەك لە پارتی و یەكێتی بەرپرسیاری سەرەكین و ئەوانن لە ژێركاریگەری سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەت ئێران و توركیا دا خەریكی گەمەی‌ سیاسی و سوككردنی سەنگی كوردن و بەو ئاراستەیە سەوداو مامەڵەدەكەن كە ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێ‌، ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرەڕای بانگەشەیان بۆ پاراستنی پایەكانی فەرمانڕەوای خۆیان ، دەزانن لەچی هەلومەرجێكی مێژووی دژواردان و لە چی دۆخێكی قەیراناوی كوشندەدا گیریان خواردوە كە ئەگەر فاكتەری دەرەكی نەبێ ئەوا بەرگەی یەك ڕۆژی درێژەدان بەئەزموونی رابردووی حوكمڕانێتی و ئیدارەدانی كۆمەڵگای كوردی ناگرن و لە نێوودەچن 

ئەوەشی ئەم دۆخەی خوڵقاندووە هەرخۆیانن و ئەو ناكۆكی و دووبەرەكییەیە كە جارێكی تر بەرۆكی پڕۆسەی سیاسی كوردستانی گرتوەتەوە، جیاوازییەكەشی بەبەراورد بەئاستەنگ و ناكۆكییەكانی رابردوو تۆخبوونەوەی ئەو خاڵە ناكۆكییانەیە كە بەدرێژایی مێژووی ئەم دووحزبە پارتی و یەكێتی بەدیدەكرێت و تا دێت وردەوردە بازنەی ناكۆكییەكان فراوانتر دەبێت و هاوكێشەكە بە ئاقارێكی مەترسیداردا دەبەن ، هەندێك لەلایەنەكانی تری عیراقیش كە هاوسۆزن لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمدا و لە هەوڵی خۆشكردنی ئاگرەكەدان رووبەری ململانێكان فراوانتر دەكەن و دەیانەوێ‌ لەو ڕێگایەوە هێندەی تر ناكۆكییەكانی نێوماڵی كوردی  تۆختر بكەنەوە وپارسەنگی سیستمی حوكمڕانی هەرێم بەئاقارێكی تردا بەرن 

بەكورتی تۆخبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندیش لەم هەڵومەرجەدا سەرەڕای گەشەكردنی ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیانەی كە لە ئێستای پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێدا دەبینرێ ، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گەمژەی گوتاری سیاسی كورد و ئەو كێشمەكێش و ململانێانەی كە ئەمانە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە حزبی و بنەماڵەیەكانی خۆیاندا كاری لەسەردەكەن و هیچ بڕوایەكیان بە شەراكەتی سیاسی و یەكڕیزیی نیشتمانی و سەقامگیری ئابوری كۆمەڵایەتی نیە و نەیانتوانیوە ببنە پارێزەری ماف و داخوازیە ڕەواكانی خەڵك  و بەهاو ماناكانی گوتاری نیشتمانی كوردستان كە زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە لە بازنەی گوتاری فەرمانڕەوایدا بە درۆ بانگەشەی بۆدەكەن 

 

وتاری نووسەران