ئەنوەر نجم الدین.

لە نیپاڵ گڕی ئاگری بارەگای پەرلەمان و خانووی سەرۆک و بەرپرسان، دەچێت بە ئاسماندا، موڵک و ماڵیان داگیر دەکرێت، شکۆی دەسەڵات دەشکێنرێت، وەزیرەکان بەڕوتی بەدەست ڕاپەڕینخوازانەوە بە شەقامەکاندا ڕادەکێشرێن.

 ئەوەیە دیاردەی هاوچەرخ، یاساشکێنی، خستنە ژێر پێی دەستوور، ئەو دەستوورەی مافی بەهەشتی داوە بە دەسەڵاتداران و سەرمایەدارە هاوبەشەکانیان و مافی دۆزەخیشی بۆ چینە پرۆلێتارییە هەژار و بەشمەینەتەکە دیاری کردووە.

 ئەو دەستوورەی ناز و نیعمەت و تەلاری ڕووناک و بەرزی بە سەرمایەداران و دەسەڵاتداران بەخشیوە و خانۆچکەیەکیشی بەو هەژارانە داوە کە جیهانیان بە عارەقی ناوچەوانی خۆیان دروستکردووە.

 ئەو دەستورەی مافی سەروەرێتیی بۆ چینە حوکمدار و خاوەن سەرمایەکە دیاری کردوە و مافی ملکەچیشی بە چینە هەژارەکە داوە. 

ئا ئەو دەستوورە ڕۆژ بەڕۆژ بە گڕی ئاگرێک دەسووتێنرێت کە تادێت لەژێر زەبری قەیرانە ئابوورییەکاندا، لە هەموو شوێنێک هەڵدەگیرسێت،گڕی ئەو ئاگرە بە جیهاندا دەسوڕێتەوە و درەنگ یان زوو؛ هەموو کۆشک و تەلارە بەرزەکان دەگرێتەوە. 

ئەوەیش دەرسێکە بۆ چینە هەژارەکە لە هەموو شوێنێک، بە هێرشی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، ئیرادەی دەسەڵات، ملکەچی ئیرادەی چینە شۆڕشگێرەکە دەکرێت.

 هەر حزبێکیش بە هەر بیانوویەک، داوای هێوربوونەوەی ئەو چینە شۆڕشگێرە دەکات، ئەوە بەبێ هیچ شک و گومانێک بەشێکە لە دەسەڵات، ئیتر گرنگ نییە ئەو حیزبە لەسەر پەڕۆ سوور و زەردەکەی یان سەوز و شینەکەی دەنووسێت: دەبێت ئاسایش بپارێزین!

ئەنوەر نجم الدین.

9\9\2025

وتاری نووسەران