
بەشی چوارەم و کۆتایی
رێواس بانیخێڵانی
١. بەڕێوەبردنی پۆل بەشێوەیەکی ئەرێنی
- دانانی یاسا و ڕێسای ڕوون لەگەڵ قوتابيیان، بەشداریکردنی قوتابییان لە یاسا و ڕێساکانی پۆلدا.
- پێدانی هاندان و پاداشت بۆ ڕەفتاری باشبوونی ئەلتەرناتیڤی سزادانی پەروەردەیی بۆ ڕەفتاری خراپ، ڕوونکردنەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو ڕەفتارە نەشیاوانە.
- دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێربوون، کە قوتابییان هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن. قوتابییان دەتوانن بەشداربن لە دروستکردنی ژینگەیەکی هێمنکەرەوە و پەروەردەیی لە پۆلەکانیاندا.
- بەکارهێنانی ستراتیژی چارەسەرکردنی بەکۆمەڵی کێشە، خودی خاوەن کێشەکان و هاوڕێیان دەتوانن پێشنیاری چارەسەر بکەن و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
٢. گەشەپێدانی کارامەیی مامۆستایان
- دابینکردنی ڕاهێنانی بەردەوام سەبارەت بە بەڕێوەبردنی پۆل، بەهێزکردنی کارامەیی مامۆستا و قووڵبوونەوە لە زانستی بابەتەکەدا.
- فێرکردنی ستراتیژی کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون و تووڕەیی لەلایەن خودی مامۆستا و قوتابییان، ڕاهێنانی تایبەت و کرداری بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون و تووڕەیی لەلایەن کەسانی پسپۆری دەروونی.
- هاندانی مامۆستایان بۆ بەکارهێنانی میتۆدی فێرکردنی نوێ و کاریگەر کە بگونجێ لەگەڵ بابەت و تواناکانی قوتابییاندا. لە هەمان کاتدا میتۆدەکان هاوشانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکردبن، کە زۆر جار قوتابییان پێش مامۆستا دەگرنەوە.
- دروستکردنی تۆڕی پشتگیری بۆ مامۆستایان لەلایەن دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بوونی کەسانی شارەزا لەو بوارەدا، کە یارمەتی مامۆستایان بدەن و لە ڕوانگەی تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە گرفتەکان شیبکەنەوە.
٣. ڕێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ خێزاندا
- بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان قوتابخانە و خێزان، لێرەدا قوتابخانە پێویستە لەسەرەتاوە خۆی هەوڵی چارەی گرفتەکان بدات، گەر سەرکەوتوونەبوو، یان سەرچاوەی گرفتەکە خێزان بێت.
- هاوکاریکردن لە نێوان مامۆستایان و دایکان و باوکاندا، ئەویش لە ڕێگەی دیداری گەشە و کۆبوونەوەی دایک و باوکان و ئاگادارکردنەوەیان لە ئاستی زانستی و گرفتەکانی منداڵەکانیان. بەشداریکردن یان وەرگرتنی بۆچوونی دایک و باوکان لە بابەتە گرنگەکان و هەندێ پلانی قوتابخانە، ئەمەش هاندەرێکە بۆ بەشداریکردنی خێزان لە پرۆسەی پەروەردەدا.
٤. دابینکردنی سەرچاوەی پێویست
- کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابیيان لە پۆلدا، یان بوونی مامۆستای یاریدەر گەر لە توانای قوتابخانەدا هەبێت.
- دابینکردنی ڕاوێژکار و دەروونناسی پەروەردەیی، کە شارەزاییەکی قووڵیان لە بوارەکەدا هەبێت و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی تاکەکان، چونکە هیچ پسوولەیەکی ئامادەکراو بۆ کێشەکان نییە، بەڵکو تاک و کۆمەڵگە و ژینگە کاریگەرییان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا دەبێت.
- پاڵپشتیکردنی مامۆستایان بە سەرچاوەی پێویست، هاندانی مامۆستا بۆ خوێندنەوەی سەرچاوەی نوێی دەروونناسی پەروەردەیی و دابینکردنی ئەو سەرچاوانە.
- دابینکردنی خزمەتگوزاری تایبەت بۆ قوتابيیانی پێویست بە گرنگیدانی زیاتر و بوونی کەسانی شارەزا، یان زۆر جار پەنابردنە بەر کەسانی شارەزا لەو بوارەدا، کە سيمینار و خول بۆ مامۆستایان بکاتەوە.
ئەو یاسا و ڕێسایانەی دەتوانین پشتیان پێببەستین بۆ پاراستنی مافی قوتابییان
١. یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان
- ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
- یاساکانی قەدەغەکردنی توندوتیژی دژ بە منداڵان.
- مافی قوتابییان بۆ خوێندن لە ژینگەیەکی ئارام و سەلامەتدا.
- مافی پاراستن لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و ئازاردان.
٢. سیستەمی ڕاپۆرتکردن و چاودێری
- دامەزراندنی میکانیزمی ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی و لیژنەی ڕێگری لە بەکارهێنانی توندوتیژی لە قوتابخانەکاندا. بەدواداچوون بۆ چارەسەی کێشەکان.
- دابینکردنی هێڵی گەرمی تایبەت بۆ ڕاپۆرتکردنی پێشێلکاری، ئەو کێشانەی چاوەڕوانی چارەسەری بەپەلە دەکەن.
- هاندانی قوتابییان بۆ ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی، کە بەرامبەریان بەکاردێت چ لەلایەن گەورەساڵان یان هاوڕێیانی خۆیان.
- چاودێریکردنی بەردەوامی قوتابخانەکان و بوونی پلانی ڕێگری لە ڕوودانی توندوتیژی.
٣. لێپرسینەوە و چارەسەر
- لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژی و هۆکارەکانی
- دابینکردنی یارمەتی بۆ قوربانیيانی توندوتیژی لە ڕێگەی کەسانی شارەزا لەو بوارەدا.
- وەرگرتنی هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
- هاندانی داهێنان لە بواری چارەسەرکردنی کێشەکان و بەبەشداری خودی قوتابییان و خێزان.
توندوتیژی لە سیستەمی پەروەردەدا کاریگەری دوورخایەنی نەرێنی لەسەر قوتابییان و کۆمەڵگەدا هەیە. تێگەیشتن لە هۆکارەکانی توندوتیژی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو پێویستییەکی گرنگە. دروستکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی کە تیایدا قوتابیيان هەست بە سەلامەتی و ڕێز بکەن، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی باشتر و فێربوونی کاریگەرتر.
گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەدا پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەکانە: حکومەت، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، بەڕێوەبەر و مامۆستایان، خێزان و قوتابیيان. بەیەکەوە دەتوانین سیستەمێکی پەروەردەیی دروستبکەین، کە تیایدا منداڵان و گەنجان بە ڕێز و کەرامەت مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دوور بێت لە هەر جۆرە توندوتیژی و شکاندنەوەیەک.
ڕێژەی بەکارهێنانی توندوتیژی لە سیستەمی پەروەردە لە وڵاتاندا
١. جیاوازی ڕێژەی توندوتیژی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا
- لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای باکوور (وەک فینلەندا، سوید، نەرویج)، سزادانی جەستەیی قەدەغەیە و ڕێژەی توندوتیژی لە قوتابخانەکاندا زۆر نزمە (کەمتر لە ٥٪).
- ئەمریکای باکوور: ڕێژەی توندوتیژی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک ویلایەتی ئەمریکا سزادانی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا ڕێگەپێدراوە.
- ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بەپێی ڕاپۆرتەکانی UNICEF، نزیکەی ٧٠-٨٠٪ ی مندالان شێوازێک لە توندوتیژی لە قوتابخانەدا ئەزمووندەکەن.
- ئاسیا: جیاوازی زۆر هەیە - لە ژاپۆن و کۆریای باشوور توندوتیژی جەستەیی قەدەغەیە، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دیکەدا وەک پاکستان و هیندستان، ڕێژەکە بەرزترە (نزیکەی ٥٠-٦٠٪).
- ئەمریکای لاتین: بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی ٤٠٪ی قوتابیيان شێوازێک لە توندوتیژی ئەزمووندەکەن.
٢. یاسا و جێبەجێکردنی لە وڵاتاندا
- تا ساڵی ٢٠٢٤، ١٣٥ وڵات لە جیهاندا سزادانی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا بە یاسا قەدەغە کردووە.
- نزیکەی ٦٠ وڵات هێشتا بەتەواوی سزادانی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە نەکردووە.
- جیاوازی گەورە هەیە لەنێوان یاساکان و جێبەجێکردنیان لە کردەوەدا - زۆرجار یاسا هەیە بەڵام جێبەجێناکرێت.
٣. فاکتەرەکانی کاریگەر لەسەر ڕێژەی توندوتیژی
- کەلتووری کۆمەڵایەتی: لەو کۆمەڵگەیانەی کە توندوتیژی بەشێکی ئاساییە لە پەروەردەکردندا، ڕێژەی توندوتیژی لە قوتابخانەکانیش بەرزترە.
- هەژاری و کێشە ئابوورییەکان: پەیوەندی بەهێز هەیە لەنێوان هەژاری و ڕێژەی توندوتیژیدا - لە ناوچە هەژارەکاندا ڕێژەکە بەرزترە.
- قەبارەی پۆل و سەرچاوەکان: لەو قوتابخانانەی قەرەباڵغن و سەرچاوەی کەمیان هەیە، ڕێژەی توندوتیژی بەرزترە.
- ڕاهێنانی مامۆستایان: لەو وڵاتانەی ڕاهێنانی باشتر دەدرێت بە مامۆستایان، ڕێژەی توندوتیژی کەمترە.
٤. گۆڕانکاری لە ڕێژەکاندا بەپێی کات
- سەرەڕای مانەوەی کێشەکە، بەراورد بە ٥٠ ساڵ پێش، ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر منداڵان لە قوتابخانەکاندا بەشێوەیەکی گشتی کەمیکردووە.
- هۆشیاری جیهانی زیادیکردووە سەبارەت بە زیانەکانی توندوتیژی لە پەروەردەدا.
- ڕێکخراوەکانی وەک UNICEF و UNESCO بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە قوتابخانە و بوارەکانی پەروەردەدا کار دەکەن.