گیانفیدای دەست و قەلەم بم ،  ئەسپ و زینم بۆ چییە

تا قەڵەم هیممەتکا ، بڕنەو کڕینم بۆچییە

  پیشەی  مامۆستایەتی لە پێشە هەرە مەزن و پیرۆز و پڕ لە شکۆ و شانازییەکانە ، ئەو پێشکەوتنە خێراو بەرچاوانەی رۆژانە بەدیدەکرێ ، ئەو هەموو گۆڕانکاری و داهێنانەی بەرهەمدەهێنرێت لە سەرجەم بوارەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ، تەندروستی ، زانستی ، تێکنوڵۆجی ، پێشەسازی ، کشتوکاڵی ، گەشتی ئاسمانی و ...... ، دەرهاویشتەی ژوورەکانی قوتابخانە و تاقیگەکانە ، کە مامۆستاکان و پەروەردکاران بە شەونخوونی و بێ وچان و بێ چاوەڕوانی پاداشت ، لە ئەڕکدابوونە ، رۆڵی بەڕچاوی

مامۆستا لە دیدی خاوەندارێتی لە خاك و نیشتیمان ، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات ، پارێزەری شووناس ، مێژوو ، شارستانی و بەها مرۆییەکانی نەتەوەن ، کۆڵەگەی بەهێزی کۆمەڵگە ،  بە ئاگا و بە توانا ، متمانە بەخۆوەبوون ، شارەزا لە بوارەکەی ، پێشەنگ و رابەر لە پەیامی بەرزی بنیادنانی شارستانێتی و پێشکەوتن ، دانەری بەردی بناغەی گەشەی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی گەشی نەوەکانی داهاتووە ، داینەمۆی سەرسوڕهێنەری گۆڕانکارییەکانە . وەك مۆم دەسووتێ تا دڕ بە شەوەزەنگی دواکەوتوویی و نەزانی بدات ، میدالیای شەڕەف سینگ و بەرۆکی دەڕازێنێتەوە .

سەرجەم وڵاتانی دنیا بە شکۆوە ئەرك و ماندووبوونی مامۆستا بەرز دەنرخێنن و لەبەر چاو دەگرن . گەورە بیرمەندی رۆمانیای کۆن شیشرۆن Marcus Tullius Cicero ( 3 / 1  / 106  BC  - 7 / 12 / 43 BC ) دەڵێت : " بەنرخترین دیاری پێشکەش بە کۆمەڵگا بکرێت ، پەروەردە و فێرکردنی نەوەکانییەتی " . ڤیکتۆر ماری هۆگۆ  Victor- Marie Hugo ( 26 / 2 / 1802 - 22 / 5 /  1882 )  گەورە بیرمەندی فەڕەنسی بۆچوونی وایە : " لەگەڵ کردنەوەی هەر خوێندنگایەك دەرگای زیندانێك دادەخرێت " ،  ژاپۆن Japan ، دوای تێکشکان و شکست و وێرانبوونی لە جەنگی جیهانی دووەم ، لە سەر دەستی مامۆستا ، خێرا و دووبارە و سەردەمییانە بنیادنراوە ، بوو بە وڵاتێکی هەرە پێشکەوتوو  ، سەرجەم چین و توێژەکان پیشەی مامۆستا بە پیرۆز دەزانن ،  مامۆستا نازناوی ( بەڕێز ، سیسنی ) کە لە دوای ئیمپڕاتۆڕ دێت ،  پارێزبەندی دیپلۆماسی و مووچەی وەزیری پێبەخشرا ، هەرکاتێ مامۆستا بچێتە ژووری پۆل ،  خوێندکاران  دوای چەمانەوە بەیەك دەنگ ( ئەی مامۆستامان تکاکارین بفەرموویت و فێرمانکەیت ) ی دەڵێنەوە ، جگە لەو پەندەی کە دەڵێ : " بە حەوت هەنگاو لە مامۆستا دوورکەوە ، تا بە هەڵە سێبەرەکەی نەکەوێتە  ژێر پێیەکانت " .

لی کوان یوو Lee Kuan Yew ( 1923 / 9 / 16 - 2015 / 3 / 23 ) ی یەکەم سەرکردەی دیار و دامەزرێنەر و سەرۆکوەزیرانی سەنگاپۆری نوێ Singapore ، لە وتە بەناوبانگەکەیدا کە دەڵێ : " من لە سەنگاپۆر بە موعجیزە هەڵنەساوم ، تەنها بەرامبەر نیشتیمانەکەم بە ئەرکی سەر شانم هەڵساوم ، هەرچی داهاتی وڵات هەیە بۆ پەروەردەم تەرخانکردووە ، پێگەی مامۆستایانم لە چینێکی نەدار گۆڕی بۆ بەرزترین چین لە سەنگاپۆر ، ئەوە مامۆستایە ئەو موعجیزەی دروستکردووە ، نەوەیەکی بێ فێزی زانست و رەوشت دۆستی بەرهەمهێناوە ، پاش ئەوەی گەلێك بووین لە شەقامەکاندا تف باران دەکرد و جنێومان بە یەکتر دەدا " ، ئەوە ئەو قەڵەمبازە مەزنەبوو وڵاتی بۆ یەکەمین وڵاتانی پێشکەوتوو گۆڕی لە رووی داهات و شارستانی .وڵاتی ئاڵمانیش Germany  پاش خاپووربوونی لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم ، رێڕەوی ژیانیان بەستەوە بە سەرلەنوێ هەستانەوە و بووژانەو و بنیادنان لە سەرجەم بوارەکان بەتایبەتیش کەرتی پەروەردە ، رۆژێکیان دادوەرەکان ، پزیشکان ، ئەندازیاران و ...... داوایان لە ئەنجیلا مێرکڵ Angela Dorothea Merkel ی راوێژکاری ئەو وڵاتە کرد بۆ بەرزکردنەوەی مووچەکانیان وەك مامۆستایان ، لە وەڵامدا پێی وتن : " چۆن دەکرێت یەکسانتان بکەین لەگەڵ ئەوانەی فێریانکردوون ! " هەر لەو سەر و بەندەدا ، کاتێ کەسێ ویستی رێزەکە ببەزێنێ و بچێتە ریزەکەوە ، خاتوونێك لێیهاتە دەنگ و بەسەریدا هاواریکرد " شەڕمان دۆڕاند ، بەڵام ئەخلاقمان نەدۆڕاندووە ! "  ئەوە ئاڵمانیای ئەمڕۆیە وەك دەبینرێ . لە وڵاتی چین China یش پەندەکە دەڵێت " ئەوەی پیتێکی فێرکردووم  بە درێژایی ژیانم ئەوە باوکمە " ، هەروەها بە ( ئەندازیاری رووح ) ناوزەد کراوە . شاعیری گەورەی بە رەچەڵەك کوردی میسری ئەحمەد شەوقی دەڵێت " قم للمعلم وفه التبجیلا    كاد المعلم أن یكون رسولا ) .

کورد گوتەنی :

میللەتی نەزان و سووك و رسوایە

گەنجی بۆ خەڵکە و رەنجی بە بایە

هەر سیستەمێك لە کۆی دنیا ، لە رووی کارگێڕی و سیاسییەوە پشت ئەستوور نەبێت بە پەروەردەوە ، بە دڵنیاییەوە خۆی ناگرێ ، تووشی داڕمان دەبێت و هەرەس دێنێ ، خۆری بەرەو ئاوابوون دەچێت ، هەرلەدوای راپەڕینەوە تا ئێستاشی لە گەڵا بێت ، بەناو دەسەڵاتی خێڵەکی خۆسەپێنەری باشوور ، نەك هەر  لە خەمی کەرتی پەروەردە نەبووە ،  بەڵکو سەرجەم بوارەکانی تریشی فەرامۆشکردووە  ، لە دانانی کەسانی نانیشتیمانی ، ناشایستە ، نەزان ، بێ ئەزموون ، گەندەڵ ، نەشارەزا و ...... کە حزبایەتی کردۆتە پێوەری هەڵسەنگاندن ، بێ باکانە لەو ناڕەزایەتییەی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران کە بۆ سێ مانڴ دەچێت و داواکاری سادەترین مافی رەوای خۆیانن ، لە ژیانێکی شکۆدارانە و ئازاد ، لە خەباتێکی شارستانیانەی دژی تاڵانچییەکان ، بە گیرفانی بەتاڵ ، بە ئیڕادەیەکی بەرز و گەورەتر لە حزبەکان کە گرەویان لەسەر شکاندنی بایکۆت دەکرد ، وەك ئەوەی لەپشت گوێی گادا خەوتبن و درك بە شکۆی وڵات لە شکۆی مامۆستایاندایە نەکەن،  هەڵوێستێکی شەرمنانەی ئەرێنیینیشیان  نەنواند و بە دوای داواکارییەکانیانەوە بچن و  چارەسەری ریشەیی بکەن !

بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی خێڵەکی نەزان ، بازرگانانی حزب ، گەندەڵ و خیانەتکار ، کاتێ خاك هەرزانفرۆشبکات و بیخاتە ژێر پۆستاڵی رەش و قێزەونی داگیرکەران ، بیر  لە بەها و پیرۆزییەکانی نەتەوە و هاونیشتیمانیانی نەکاتەوە ،  چ جای ئەوەی لە خەمی هاونیشتیمانییانی دابێت و بە دوای چارەسەردا بگەڕێت ! شەڕی نەرمی داگیرکەرانیش لەرێگەی بەکرێگیراوەکانیان ، سەرەتا تێکشکاندنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنە ، بە مەبەستی بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە و بێ ئیڕادەکردنی تاکەکانی و تێکشکاندنی ئینتیمای نیشتیمانی ، بۆیە لە فەرهەنگی دەسەڵاتی بنەماڵەی خێڵەکی ،  وەك چۆن ئازادی لە ژێر فشار ، هەڕەشە ،  زیندانی ، تیرۆر و مەترسیدایە ، ئاساییە مامۆستا شەقی تێهەڵبدرێ و سووکایەتی پێبکرێ ، بەڵام  سووککردنی مامۆستاش ، واتا سووککردنی هەموو بەهاکانی بە نیشتیمانیبوون ، بە مرۆڤبوون و بەهاکانی کۆمەڵگەیە و کوشتنی شکۆی مرۆڤە تاکەکانە .

پشتیوانیکردن لە مامۆستایان ، ئەرکە و نیشانەی پێگەیشتن و هۆشیاری کۆمڵەگەیە ، تێگەیشتن و بەڕپرسیارێتی تاکەکانییەتی بەرامبەر خاك و نیشتیمان .

چی لە جوانی کەم کە نەفام دەرکەوت

مۆمێك چاکترە لە چرایەکی بێ نەوت

تێبینی

هەندێ  زانیاری لە google وەرگیراوە .

ئیدریس سدیق

سێ شەممەی 2023 / 12 / 5

وتاری نووسەران