
ئەبوكاروان
دوای ڕێككەوتنی فراكسیۆنە كوردستانیيەكان و شیعە و سوننە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سێ پرۆژەیاسای بەدەنگی زۆرینە تێپەڕاند .. لەوانە:-
1- پرۆژە یاسای ھەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩.
2- پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ بیست ھەزار بەندكراو كە سوننە خاوەندارێتی دەكردن.
٣- پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵك و ماڵی کورد و تورکمان لە پارێزگاری کەرکوک بۆ خاوەنەكانیان و ھەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شوڕشی ھەڵوەشاوە لەو ڕووەوە.
من نامەوێ لێرەدا قسە لەسەر ئەوە بكەم كە چۆن وەك پاكێجێك دەنگدرا بە سێ پرۆژەیاسا لە پەرلەمان لە چدند چركەیەكدا، کە هیچ شتێک نایانبەستێت بەیەکەوە، وەكو حەنان فەتلاوی ڕایگەیاند، بەڵكو دەمەوێ ئەوە بڵێم كە ئەم دەنگدانە بەپلەی یەكەم سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ فراكسیۆنی لایەنە شیعییەكان، كە خەونی زیاتر لە ٦٠ ساڵیان ھاتەدی، چونکە پڕۆژەی ھەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، ئەو پڕۆژەیەیە کە شیعەكان لە ساڵی ١٩٦٣وە كاری لەسەردەكەن بەمەبەستی گوڕینی. ئەمەش لە ڕابردوودا لە ڕێگای مەرجەعی باڵاوە کەوتنە پشتگیریکردن لە دەسەڵاتی كۆدەتاچیيەکانی ٨ی شوباتی ١٩٦٣، بەمەبەستی گۆڕینی یاسای باری كەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩و هەموارکردنەوەی، بەڵام دەسەڵاتی حەرەس قەومییەكان بەو ھەموو توانا و دڕندەیيانەوە ئەو داواکاریيەیان ڕەتکردەوە و نەچوونە ژێرباری ئەو فشار و پشتگیريیە، لەکاتێکدا باش لەوە گەیشتبوون کە یاسای باری کەسێتی ساڵی١٩٥٩ پرۆژەی شیوعییەكان و حزب و خەڵكە پێشكەوتنخوازەكانی عێراق و كوردستان بوو، كەچی لە ساڵی ٢٠٢٥ و بەدەنگی فراكسیۆنە كوردستانیيەكان ھەموار كرا.
ئاشكرایە كە ھەمواركردنی ئەم یاسایە جگە لەوەی مەترسییەکی کوشندەیە بۆ سەر کۆی پرۆسەی دیموکراسیيەت و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا و ڕێڕەوە مەدەنیيەکەی، هاوکات هەنگاوێکە بۆ پاشەکشەپێکردنی پڕۆژەی سەرخستنی خواستە مەدەنیيەکان و ئەو میکانیزمانەی کە هۆکارێکن بۆ دواكەوتوویی و مەترسییە لەسەر خێزان و ژن و منداڵ. ئەم یاساییە دەرچوێنرا بەبێ گوێدان بە ڕایگشتی و ھاتنەمەیدانی پارێزەران و دادوەران، كە ھەر لەسەرەتای پرۆژەكە ڕووبەڕووی بوونەوە لەگەل حزبەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و بۆ ئەم مەبەستەش گرووپی فشاریان دروستكرد و ھاوپەیمانی ١٨٨ یان پێكھێنا و چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان لە شار و شارۆچكەكانی عێراق و كوردستان بەڕێوەبرد.
دەتوانم بڵێم فراكسیۆنی لایەنە سوننیيەكان براوەی دووھەم بوون لەم ڕێككەوتنە، ئەویش بەبڕیاردان لەسەر پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی، كە ئازادکردنی ٢٠ ھەزار کەس لە تاوانبارانی بەعس و قاعیدە و داعش دەگرێتەوە، بەمەرجێ زۆرینەی زۆری ئەم تاوانبارانە دەستیان سوورە بە خوێنی ھەزاران كەسی ئەم وڵاتە. ئازادكردنی ئەم ژمارە زۆرەی تاوانباران كە ژمارەیان لە ئەندام و دەنگدەرانی چەند حزبێكی سیاسی زۆرترن، مەترسییەكی كاریگەرە بۆ سەر داھاتووی کۆمەڵگای عێراقی و لەگەڵ ئەوەشدا سوپایەكی ئامادەكراون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆی ئەو گۆڕانکاريیە ڕیشەیيانەی کە چاوەڕوان دەکرێ لە عێراقی داهاتوودا بێنەدی .
ئەوەشی پەیوەندی بە یاسای گیڕانەوەی موڵك و ماڵی گشتی هەیە، كە حزب و فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھەڵڵایان لە سەر كرد لە ڕێگای ھەمواركردنی چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەعسی ھەڵوەشاوە، ھەڵەیەكی گەورە بوو بگرە تاوانیش بوو دەرھەق بە ڕەوتی دیموكراسی و پێشكەوتنخوازی و لە ھەمانكاتدا پێچەوانەی بەرنامە و مەنھجی ئەو حزبانە بوو، كە ساڵانێكە خەباتی بۆ دەكەن لەپێناو ئازادی و دیموكراتیيەت و مافی مرۆڤ و مافی ژن و منداڵ. ئەمە لەلایەك و لەلایەكی ترەوە دەبوو ھەر لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەعسی ھەڵوەشاوە ئیلغابكرایەتەوە و مافی زەوتكراوی كوردەكان بگەڕێنرایەتەوە، لە كاتێكدا لایەنە كوردستانییەكان لە دامەزراندنەوەی عێراقی نوێدا ڕۆڵیان ھەبوو.
دەبێ ڕاشكاوبم زۆر جار دەوترا كە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە لە دەسەڵاتی سەرۆك كۆمارە و دەبوو ئەو ئەركەیان جێبەجێبكردایە، دواتر برادەرانی یەكێتی دەیانگوت ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە پێویستی بە بڕیاری وەزارەتی دادی عێراقە، كەچی ئێستا سەرۆكکۆمار و وەزیری داد لای كوردە، نەتوانرا ئەو ئەركە جێبەجێبكەن. خەمساردی بەرپرسانی كورد لە پەرلەمان و حكومەتی بەغدا و لەھەمانكاتدا لە ھەرێم وایکرد کار بگاتە ئەو ئەنجامە سازشكارانەی، کە ئەو سێ پرۆژەیاسایە بەیەک پاکێج بڕیاری لەسەر درا.
من لای خۆمەوە دونیایەك خۆشحاڵدەبم بە گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەكان و گێڕانەوەی ماڵ و موڵكی توركمان و كوردی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم، بەڵام سازشکردن لەسەر پێشێلکردنی مافە مەدەنی و یاسایيەکانی ژنان و پاشگەزبوونەوە لە دیموکراسیيەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و هەنگاوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، مەترسيیەکی زۆر لەوە مەترسیدارترە، کە بەعس لەسەر داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی کردی . بەداخەوە زۆر لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان و حزبەكانیشیان پیرۆزباییان لەو سازشکاری و پاشەکشە ئەخلاقی و مەدەنیيە کرد کە شیعە پێیکردن .
لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم كە ھەمواری یاسای باری كەسێتی لە ماوەی چەند ڕۆژیكدا، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەنووسراوێك گشتاندنی بۆ دەكرێت بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی، بەھەمان شێوە یاسای لێبوردنی گشتیش جێبەجێدەکرێت، بەڵام ئەو یاسایەی پەیوەستە بە كورد و توركمانەوە، پێویستی بە لیژنە و لێكوڵینەوە دەبێت و ماوەیەكی زۆری دەوێ، گەر بەدەردی ماددەی١٤٠ی دەستوور نەچێ، کە هێشتا چارەکێکی یاساکە جێبەجێنەکراوە .
پێموایە ئەگەر ھەموو ئەم یاسایەش جێبەجێبكرێت، کە لەودا بەگومانم، هێشتا بەرانبەر ئەو سازشكارییە کە کورد کردی بە لاپەڕەیەكی ڕەش تۆمار دەكرێت و لە داهاتوودا باجەکەی دەدەن، دەبێ ئەوەش بزانن کە چ هەڵەیەکی کوشندە و ڕێکەوتنێکی مەترسیداریان کرد، ئەوهاش لە ئایندەدا کۆمەڵگا تووشی مەترسی و داڕوخان دەکەنەوە .