
ئەبوكاروان
بەشێكی ئەو كۆمەڵ، نەتەوە و گەلانەی ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی و جینۆساید بوونەوە، دوای كارەساتەكان دەستیان بە خۆدروستكردنەوە و خۆڕێكخستنەوە كرد، جینۆساید نەك لەناوی نەبردن، بەڵكوو كردیان بە هەلێك بۆ نیشتمانسازی، خۆبەڕێوەبردن، شوناس وبەهێزكردن و تەنانەت دروستكردنی دەوڵەت. ئەم گەلانە بە لۆبیكردن، دیپلۆماسیەتی زیرەكانە و پەیوەندی دروستكردن، توانییان جینۆسایدەكەیان بە هەمووان بناسێنن و جیهان ناچار بكەن بە یاسا دان بە دۆسییەكەیاندا بنێت.
بەڵام ئەمە بۆ ئێمە وەك كورد كە قوربانی پرۆسەی جینۆساید و كوشتنی بە كۆمەڵین ڕێك پێچەوانەیە و نەك نەمانتوانی سود لە ئەو پرۆسەیە وەرگرین بە ئاراستەی ڕێگری كردن لە هەر هەوڵێك كە گەلەكەمان لەنێووبەرێتەوە جارێكی تر ئەمە جەوهەری پرسەكەیە كە سەرەڕای چەندین تاوانی جینۆساید، بۆچی سەركردەكانی كوردستان نەیانتوانی ئەم كارە بكەن كە گەلانی جینۆسایدكراو ئەنجامیان دا؟ بۆچی نەتوانرا جینۆساید لە نیشتمانسازی و دروستكردنی دەسەڵاتی كوردستانیدا كاری لەسەر بكرێت، وەك ئەوەی جوولەكە لە مێژووی خۆیاندا كردیان؟ ئەمە لەكاتێكدا كە گەلی كوردیش بە هەمان دۆخدا تێپەریوەو دەیتوانی لەو ماوە دورودرێژەدا كە كورد خۆی حوكمدارێتی خۆیدەكات ئەو هەلەی بقۆستایەتەوە
بەڵام كە سەركردەكانی كوردستان نەیانتوانێ ئەوەبكەن واتا ئێمە هێشتا لە ئاست بیركردنەوە، عەقڵ، لێكدانەوە، سیاسەت و دیپلۆماسیەتی جوولەكەدا نین و نەیان توانیوە بە شێوەیەكی بابەتیانەی بە بەرنامە كاری لە سەربكەن ، چونكە هەموومان دەزانین ئەگەر نیەتی ئەوە هەبایە و خەمخۆری ئەو جۆرە لە نیشتمانسازیە بوونایە كە جولەكە دەستی بۆ برد ، دەینتوانی لە ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ هەموو كەركووكی بكڕیایە، بەڵام ئەوەندەی كێشەی حزبایەتی و دزییان مەبەست بوو، مەسەلە نەتەوایەتییەكەیان مەبەست نەبووە، ئەمەش بێئومێدییەكی گەورەی لای خەڵكی كوردستان دروست كرد و گەیشتە ئەم قۆناغە ناڕوونەی ئێستا كە نازانرێت بەرەو كوێ دەچێت و فاكتەرەكانی دوبارەبوونەوەی ئەو جۆرە لە جینۆساید و ماڵوێرانی كورد كەی جارێكی تر دەجوڵێن و دەبنەوە پرۆسەیەكی دوبارە بوەوە ، بەمەش تێدەگەین كە هزری سیاسی و سیستمی حوكمڕانیی جوولەكەكان لە خزمەتی خەڵك و گەلی جوولەكەدایە، هزری سیاسیی و سیستمی دەسەڵاتداری كوردستان لە خزمەتی بنەماڵە، حزب و وڵاتانی داگیركەری كوردستاندایە ، چونكە دوای ڕاپەڕین هەر كاتێك پەیوەندیی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ڕژێمی بەغدا باش بووایە، لە یادی هەڵەبجە و ئەنفالدا دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە بێدەنگ دەبوون و یادی كارەسات و جینۆسایدیان نەدەكردەوە، پێچەوانەش كە پەیوەندیەكان لە گەڵ بەعس تێك بچووایە، ئەم بابەتەیان دەوروژاندەوە و بە هەمووشێوەیەك یادەكانیان بەرز ڕادەگرت و لەپەراوێزیشدا دەكەوتنە پرتە و بۆڵە و گلەی لە بەعس و ڕژێمەكەی و كارێكیان دەكرد نەشیش بسوتێ و نەكەباب، واتا ئەم هێزە حوكمڕانانەی كوردستان هەر لە سەرەتاوە پرۆسەی جینۆسایدی كوردستانیان پشتدەست خست و وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجی بۆ سەرخستنی دۆزی كوردستان كاریان لە سەر نەكرد و نەیان ویست ببێتە بابەتێكی بەهێز و كاریگەر لە پرسی نیشتمان سازی و دروست كردنی دەوڵەتدا ، هەرچەندە لە زۆر بۆنە و دانیشتنی گشتیدا وەك تاكتیك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان رووكەشانە قسەیان لەسەركردوە و هەوڵیان داوە بەكاری بێنن بۆ دەسكەوتە حزبی و بنەماڵەیەكانیان ، بەگشتی لەمەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەمانە لەناولیتاوی شەڕی بەرژەوەندی و كورسی و دەسەڵاتی خۆیاندا تواونەتەوە و بوونەتە پارێزەری سیاسەتی وڵاتانی نەیاری كورد و بە هەمووشێوەیەك خەریكی كلكە لەقە و پاسكردنی ئەوانن و بەبێ بڕیاری ئەو وڵاتانە دەست بە ئاویشدا ناكەن، بێگومان هیچ وڵاتێكی داگیركەری كوردستانیش بە عێراقیشەوە لەگەڵ ئەوەدا نین كە كورد وەك گەلێكی جینۆسایدكراو بناسرێت و سوود لەو جینۆسایدە وەربگرێت بۆ نیشتمانسازی و دروستكردنی دەوڵەت و پارێزبەندی نێودەوڵەتی
لەكاتێكدا ئەزموونی گەلانی جینۆساید كراومان لە بەردەستە و دەمانتوانی سود لە هەنگاو كردارەكانیان وەرگرین و گوێش بە نەیارانی كورد نەدەین وەك ئەوەی كە جوولەكە گوێی پێنەدا و دڵسۆزانە وەك گرووپێكی كۆمەڵایەتی جینۆسایدكراو لێزانانە كاریان لەسەر ئەم پرسە كرد، هۆڵۆكۆستیان كرد بە ئەدەب، یاسا، فەلسەفە، سینەما و هونەر و لە هەموو ڕەهەندەكانەوە كاریان لەسەر كرد و كردیان بە بەشێك لە ویژدانی تاكەكانیان. ئەوان جینۆساید بۆ نەوەكانیان دەگێڕنەوە، چەندین سەنتەری لێكۆڵینەوە كاریان لەسەر كردووە، كردوویانە بە پڕۆگرامی خوێندن و بەردەوام یادی دەكەنەوە، تۆ كاتێك دەتوانیت جینۆساید بناسێنێت بیكەیت بە بینراو و پیشانی ھەمووانی بدەیت، بەم جۆرە دەتوانیت جینۆسایدەكەشت بوەستێنیت، جوولەكە ئەمەی كرد و ئێمە نەمانكرد، ئێمە تاكوو ئێستا لە كوردستاندا مۆنۆمێنتێكی شیاومان نییە كە هاوشێوەی مۆنۆمێنتەكانی جیهان بێت كە كەلوپەلی قوربان و ڕزگاركراوانی تێدا بێت و بە زمانە نێودەوڵەتییەكان و كوردی لەسەریان نووسرابێت و خرابێتە ڕوو، تاكوو گوزارشت لە مێژووی جینۆسایدی خەڵكی كورد بكات. ئەوەی هەمانە، لە ئاستی جینۆسایدەكەماندا نییە، تاكوو ئێستا فیلمێكی گونجاومان لەسەر جینۆسایدمان نییە، كە پێویستی بە بودجەیەكی باش هەیە و دەبێ لایەنی دەسەڵاتدار خەمی بخوات و لەو ڕێگەیەوە ئازار و تاوانە گەورەكانی گەلەكەی بگاتە دەرەوەی خۆی ، تاكوو ئێستا جینۆسایدی كوردستان بەشێوەیەكی كاریگەر بەشێك نییە لە پڕۆگرامی خوێندن، پڕۆگرامێك لە وەزارەتی پەروەردە دانراوە، بەڵام پڕۆگرامێكی لاوازە، لە بەشی یاسای زانكۆی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠١٤ ئەم بابەتە جێگیر كرا، بەڵام دواتر هەڵپەسێردرا، بەبیانووی ئەوەی كە ئەم وانەیە لە زانكۆكانی دیكەدا نییە و دەبێت پڕۆگرامەكانی هەموو زانكۆكان هاوبەش بن، لە كاتێكدا ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ٦ی ٦ی ٢٠١٧وە بڕیاری داوە كە جینۆسایدی كوردستان و گەلان لە هەموو بەشەكانی زانكۆكان بخوێنرێت، بەڵام تاكوو ئێستا ئەم بڕیارە بەتەواوەتی لە زانكۆكاندا جێگیرنەكراوە جگە لە زانكۆكانی هەڵەبجە، چەرمۆ و سۆران كە بەشێكیان وەك پرۆگرامێك دەیخوێنن، ئەم بێ موبالاتی و خەمساردیەش ئەوەمان پێدەلێ كە كورد خۆی هۆكار و فاكتەری نەناساندنی جینۆسایدی كوردە و خۆشی نایەوێ وەك پرۆژیەكی نیشتمانسازی كاری لە سەر بكات ، بە دەستنەبردن بۆ ئەم بابەتەش ئێمە مەترسیەكانی دوبارەبوونەوەی جینۆسایدمان لی دور ناكەوێتەوە و كەس ناتوانێ گەرەنتیی ئەوە بكات كە خەڵكی كوردستان جینۆساید ناكرێتەوە، و جارێكی تر ناكەوینە بەردەم هەڕشە و پەلاماری مەترسیداری دوژمانی كورد و دۆزە ڕواكەی