كاوە‌ مە‌حموود

لە‌گە‌ڵ نزیكبوونە‌وە‌ی كاتی هەڵبژاردنی پە‌رلە‌مانی كوردستان، سە‌رجە‌م بە‌رنامە‌ی ڕاگە‌یاندنە‌كان بە‌ پە‌خشی تیڤییە‌ كۆن و نوێكان و، بە‌رنامە و بڵاوكراوە‌ هە‌مە‌جۆرە‌كانی تۆڕە‌كانی پە‌یوە‌ندی كۆمە‌ڵایە‌تی و، ئە‌جێندە‌ی كارە‌كانی دە‌سە‌ڵات و باسكردنی هە‌ندێ بە‌رە‌ لە‌ دە‌سكە‌وتە‌كان و هە‌ندێكی دیكە‌ لە‌ كە‌موكوڕییە‌كان، تێكڕای ئە‌م بابە‌تانە‌ بە‌ نوێژی سیاسی و زیكر و بە‌شداری لە‌ وتنە‌وە‌ی شیعر و سرووتی دینی و بوون بە‌ دە‌روێش و حاڵگرتن، دە‌چنە‌ خانە‌ی پڕوپاگەندە‌ی ڕاستە‌خۆی هەڵبژاردنە‌وە‌.

سە‌رجە‌م ئە‌م بابە‌تانە‌ كە‌ پێشتر بە‌ پێچە‌وانە‌ی ئاراستە‌ی ڕادە‌ی نزمی سیاسە‌تی گشتی بە‌رە‌و مە‌دەنیبوون و پاراستنی ئازادییە‌كان و ڕێگاگرتن لە‌ خولیای ڕاستڕە‌وی زە‌ق، بووە‌، ئە‌مڕۆ بانگە‌شە‌ بۆ گە‌ڕانە‌وە‌ بە‌روە‌ دواوە و، پڕوپاگەندە‌كردن بۆ سە‌لە‌فییە‌ت و بە‌كارهێنانی شێوازی كۆنی دابە‌شكردنی پابە‌ندبوونی خە‌ڵك بەهۆشیارییە‌ك دە‌كرێت، كە‌ پێش گە‌ڵاڵە‌بوون و پە‌رە‌سە‌ندنی بزووتنە‌وە‌ی رزگاریخوازی گە‌لە‌كە‌مان لە‌ ئارادابوو.

لە‌ كۆتایی هە‌شتاكان و سە‌رە‌تای نە‌وە‌تە‌كان و دوای ڕاگە‌یاندنی پە‌رلە‌مان و حكومە‌تی هە‌رێمی كوردستان، گفتوگۆی سە‌رە‌كیم لە‌گە‌ڵ هە‌ندێك لە‌ سۆسیۆلە‌جستە‌كانی ناوچە‌كە‌ لە‌ نە‌تە‌وە‌كانی دیكە‌، تە‌نانە‌ت ئە‌وانە‌ی خۆیان بە‌ پێشكە‌وتنخواز دە‌زانی ئە‌وە‌ بوو، كە‌ جە‌ختیان لە‌وە‌ دە‌كردەوە‌ ڕە‌وشی سیاسی كوردستان و هزری سیاسی تیایدا لە‌ بازنە‌ی دوو فاقە‌ی قادری و نە‌قە‌شبە‌ندی تێنە‌پە‌ڕی‌وە‌.

سە‌رە‌ڕای ئاماژە‌كردنم بە‌وە‌ی ئە‌و دوو ئاراستە‌یە‌ لە‌ سۆفیگە‌ری، بە‌شێكە‌ لە‌ كە‌لتوورێكی مێژوویی  و لای خە‌ڵك جێگای ڕێزە‌، بە‌ڵام هزری نە‌تە‌وە‌یی و ئاراستە‌ی فرە‌یی و بوون و پە‌رە‌سە‌ندنی بزووتنە‌وە‌ی رزگاریخوازی گە‌لی كوردستان و بڵاوبوونە‌وە‌ی هزری نوێی نە‌تە‌وە‌یی و چە‌پ و لیبڕاڵ بوونی خۆی هە‌یە و، لە‌گە‌ڵ ڕێزگرتن لە‌و ڕێگا سۆفیگە‌رییانە‌، بە‌ڵام ژیانی سیاسیی كۆمە‌ڵگای كوردستان ئە‌و بابە‌تە‌ی تێپە‌ڕاندووە‌، كە‌چی ئە‌وە‌ی لە‌ ڕە‌فتاری هە‌ندێ سە‌ركردە‌ی ئە‌مڕۆ لە‌گە‌ڵ نزیكبوونە‌وە‌ی هەڵبژاردن دە‌بینرێت، كە‌ بێگومان وە‌كو تاك ئازادن، جۆرێكە‌ لە‌و پێشبڕكێیە‌ی كە‌ ئە‌و سۆسیۆلۆجیستانە‌ ساڵانی سە‌رە‌تای نە‌وە‌تە‌كان ئاماژە‌یان پێدە‌كرد و، من بە‌ كە‌مكردنە‌وە‌ی لە‌ ئاستی هزری سیاسی كوردستانیم دادە‌نا.

ئە‌م بابە‌تە‌ لە‌ ئە‌زموونی گە‌لانی نزیك لە‌ خۆمان هە‌بووە و بۆ نموونە‌، ئاراستە‌ی ئە‌نوە‌ر السادات، كە‌ ناوی خۆی نا الرئیس الموئمن و دواتر بە‌ دە‌ستی گرووپە‌ ئیسلامییە‌ توندڕە‌وە‌كان كوژرا و بووە‌ بە‌ قوربانی ئاراستە‌ سیاسییە‌كە‌ی.

ئە‌م ئاراستە‌ سیاسییە‌ی لە‌ هە‌ڵمە‌تی هەڵبژاردندا بە‌دیدە‌كرێت هاوكاتە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌و بە‌رنامە‌ تە‌لە‌فزیۆنانە‌یە‌، كە‌ ئاراستە‌ی لاوان دە‌كرێ بۆ هەڵبژاردنی نموونە‌ی یە‌كێكی وە‌ك دۆناڵد ترامپ بە‌ ئایدیاڵ، كە‌ دە‌بێ لاوانی كوردستان وە‌ك كە‌سایە‌تییە‌ك لاسایی بكە‌نە‌وە و سیاسە‌تمە‌دارانیش شوێنپێی سیاسە‌تە‌كە‌ی هە‌ڵگڕن و، ببنە‌ بە‌شێك لە‌ هە‌ڵمە‌تی هەڵبژاردن بۆ پشتگیریكردنی كۆمارییە‌كان دژ بە‌ دیموكراسیخوازە‌كان و دژایە‌تی جە‌ندە‌ر و پە‌ناهە‌ندە و فرە‌جە‌مسە‌ری لە‌ جیهاندا بكە‌ن و، بە‌و لۆجیكە‌ شێواوە‌شهە‌ڕشە‌ی گە‌ورە‌ لە‌ "مە‌زنی" ئە‌مریكا بیری چە‌پ و ماركسیزمی ناوخۆیە‌، كە‌ گوایە‌ ئۆباما و هاریس نوێنە‌رایە‌تی دە‌كە‌ن و، مانە‌وە‌ی دیموكراسیخوازە‌كانیش مانای كۆتایی ئە‌مە‌ریكایە‌، كە‌ ئە‌وە‌ش مە‌ترسییە‌ بۆ جیهان و، ئایدیاڵ بۆ كە‌سایە‌تی گە‌نجی كوردستان ناهێڵێت!

هە‌رچە‌ندە‌ ئە‌م لۆجیكە‌ هێندە‌ چە‌واشە‌یە و زۆر ڕوونە‌، كە‌ بە‌شێكە‌ لە‌ بڵاوكردنە‌وە‌ی هۆشیاری چە‌واشە‌كاری دژە‌ بە‌ چە‌پ و ماركسیزم، چونكە‌ ڕوونە‌ بژاردە‌ی ئۆباما و هاریس پە‌یوە‌ندی نە‌ بە‌ ماركسیزم و نە‌ بە‌ بژاردە‌ی سۆشیالزمە‌وە‌ هە‌یە و، سە‌رجە‌م ئاراستە‌كان لە‌ چوارچێوە‌ی بژاردە‌یانە‌ بۆ سە‌رمایە‌داری، پرسیار ئە‌وە‌یە‌ چ بە‌رژە‌وە‌ندییە‌كی نیشتمانی بۆ كوردستان و لاوی كوردستانی هە‌یە‌ ببێتە‌ بە‌شێك لە‌ پڕوپاگەندە‌ی هەڵبژاردنی لە‌ ئە‌مریكا و پشتگیری كۆمارییە‌كان یان دیموكراسیخوازە‌كان بكات.

پێداویستی قۆناغی ئە‌مڕۆی كوردستان لە‌وە‌دایە‌، كە‌ هاوكات لە‌گە‌ڵ چارە‌سە‌ركردنی گرفتی پە‌رازوێزخستنی لاوان و جیاكاری دژ بە‌ ژنان و بابە‌تی دابینكردنی ژیانی شیاو بۆیان، بابە‌تی سە‌رە‌كی، كە‌ پە‌یوە‌ندی بە‌ بنیاتنانی لاوان و دروستكردنی ئایدیاڵ بۆیان، كاركردنە‌ لە‌سە‌ر چە‌مكی هاووڵاتی كوردستانی و چە‌سپاندنی هزری نیشتمانی كوردستانی و بوونی كوردستان و قوربانی پیشمە‌رگە‌ بە‌ ئایدیاڵ نە‌ك ترامپ‌و ئۆباما‌و، كاركردنی حكومە‌ت‌و كۆمە‌ڵگایە‌ بۆ دژایە‌تیكردنی بڵاوبوونە‌وە‌ی ماددە‌ هۆشبە‌رە‌كان، كە‌ هە‌ندێ شوێن لە‌ كوردستاندا بۆتە‌ وێستگە و ناوە‌ندی بازرگانی و بڵاوكردنە‌وە‌ی.

گرنگە‌ بە‌رنامە‌ی ئاراستە‌كراو بۆ لاوان لە‌سە‌ر بنە‌مای لۆجیكی زانستی و زمانی مە‌عریفی بێت، نە‌ك لە‌سە‌ر بنە‌مای ڕێگاخۆشكردن بۆ لۆجێكی كە‌سانێك و ئاراستە‌یە‌ك لە‌ هە‌ر سە‌نگە‌رێك بێت و بۆ هە‌ر سە‌نگە‌رێكی دژ بە‌و سە‌نگە‌رە‌ی پێشووی بازبدات، باری دە‌روونی وای لێبكات هە‌ردە‌م بە‌و پە‌ری توندڕە‌وی قسە‌ی بێ بنە‌ما بكات‌و، تە‌نیا بۆچوونە‌كانی خۆی بە‌ ڕاستی ڕە‌ەا بزانێت‌و، خۆی زۆر پێ عاقڵ بێت و لە‌ چوارچێوە‌ی پڕوپاگەندە‌یە‌كی هە‌رزانفرۆش ماركسیزم و چە‌پ بە‌ بێ عە‌قڵ بزانێت.

پە‌روە‌ردە‌كردنی لاوان و دابینكردنی ژیانی سیاسی مە‌دە‌نی و عە‌لمانی و دیموكراسی كە‌ سە‌رجە‌م ئازادییە‌كان و مافی ژنانی تێدا پارێزارو بێت، بە‌ هە‌موو جۆرە‌كانی توندڕە‌وی و بانگە‌شە‌ بۆ ڕاستڕە‌وی و سە‌لە‌فییە‌ت و هە‌ڵگرتنی دروشمی هە‌موو شتێك لە‌ پێناوی دە‌نگ، نایە‌تە‌دی.

لاوانی كوردستان پێویستییان بە‌ لۆجیكی عە‌قڵ و زانست و ڕۆشنفیكرییە‌، بۆ ئە‌وە‌ی بتوانن لە‌ پرۆسە‌ی مۆدێرنە‌كردنی كۆمە‌ڵگای كوردستان و گە‌شە‌پێدانی بە‌شداربن.

وتاری نووسەران