خدر ئیبراهیم خدر

( سارا فەقێ خدر ) لەمێژە دەنووسێ، لەمێژیشە دەیناسم . هەڵبەت باکگراوەندی ناسینی من بۆ وی، بۆ هاوشاریبوون و، هاوپیشەییبوون و، کاری هەرەوەزی ڕێکخراوەیی و، فەزای وشە و نووسین دەگەڕێتەوە . هەرچەندە ئەو، وەک قەڵەمبەدەستێک خاوەن روئیا و جیهانبینی تایبەتی خۆیەتی و لە فۆرمێکی دیاریکراوی پەیوەست بە فیکر و جیهانبینی خۆیەوە ئەزموونی نووسین ڕایی دەکات و، وشە دەخاتە سەر کاغەز، بەڵام دەکرێت بڵێم کە ئاشنایەتی درێژخایەنی من بۆ وی چ وەک کەس و چ وەک نووسین، وایکردووە سەر لە ڕازی پشت زۆرینەی وشە و دێڕە نووسراوەکانی وی دەربکەم و، بەوەبزانم لە پێدەشتی شیعرەکانیدا، کە لەچەند کتێبێکدا کۆیکردونەتەوە و، لە چەند موودەتێکی لێکجیاوازدا بەچاپیگەیاندوون، مەبەستی بووە چ پەیامێک وەک کۆبەندی ویست و خواستەکانی، ئاراستەی خوێنەران بکات .

هەڵبەت، ئەو لەخۆڕادیتنەم لە توانستی درککردن بە زۆر لە وتراوەکانی خاتوو ( سارا ) و، خوێندنەوەی ئەلف و بێی شیعرەکانی بە تامی تێگەیشتن و حاڵیبوون، بەر لەوەی هەڵێنجراوی وشە بەکاربراوەکانی ئەو بێت، پەیبردنە بە نییەتی ئەو وەک وشەدۆستێکی شارەکەم . ئەگەر شیعرەکانی خاتوو ( سارا ) لەنێوان نووسینەوەی خود  و نووسینەوەی ئەوانی دیدا پۆلێن بکەین . دەتوانم بڵێم کە زۆرینەی شیعرەکانی بریتین لە وێناکردنی ڕەنج و خەم و ئومێدەکانی ئەوانی دی کە بەرلەوەی  چاوی ئاسایی بیانبینێت، بەچاوی دەروون بینیونی و، خەمی ڵیخواردوون . پاشانیس لەناو وشە و ڕستەی شیعرەکانیدا تەوزیفی کردوون و، مەبەستی بووە بە دەنگلێهێنانیان، کار بۆ پێچەوانەکەی بکات کە لە  شادی و گەشبینی و بەدیهێنانی ئومێدەکاندا، بەرجەستە دەبێت .

ئەگەرچی من لە ڕووی چییەتی فیکر و جیهانیبینیەوە لە چەند ڕووێکەوە لەگەڵ ئاراستەی فیکری و جیهانبینی ئەودا هاوتا نایەمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، بە دیوە مرۆڤی و نیشتمانی و شیعرییەکەیدا تاڕادەیەکی زۆر هاوتەریبی هەڵوێست و نووسینەکانی ئەوم .

*

شتێکی بەدیهییە کە هیچ مرۆڤێکی ژیر و فامیدە ناتوانێت لە ئەزموونکردنی ڕەنج و دژوارییەکان بەدەربێت . بەهەمان شێوە، هیچ مرۆڤێکیش ناتوانێت لە دەرەوەی ڕەنج و دژوارییەکاندا فێرببێت . هەروەک ( جوبران خەلیل جوبران ) سەبارەت بە ئەزموونی ژیانی خۆی وتویەتی : " ئازارم چەشت، بەهۆی ئازارەوە فێربووم، لە فێربوونیشەوە توانیم بگۆڕێم " .  هەروەها فارسەکانیش وتویانە : " کێو لە بەرد و، مرۆڤیش لە ڕەنج و ئازار درووست دەبێت . " . بەوپێیە خاتوو ( سارا ) ش لەو هاوکێشەیە بەدەر نییە و، نەیتوانیوە لەدەرەوەی دژوارییەکانیدا ژیان ئەزموون بکات . بەتایبەت لە شار و وڵاتێکدا کە نەک هەر ئەو، بەڵکو هەموومان وەک قەڵادزێییەک بەردەوام لەژێر جەبری جەنگ و ماڵوێرانی و تراژیدیادا، ساتەکانی ژیانمان بەڕێکردووە . بۆیە جگە لە تەوزیفکردنی خەم و ئازاری هاوزمان و هاوشاری و هاونیشتمانییەکانی بۆ ناو شیعرەکانی، ئەزموونی ژیانی خۆیشی کاریگەری لەسەر شیعرەکانی داناوە، کە بێگومان دیارترینیان لەدەستدانی دایکە میهرەبانەکەیەتی کە تا کۆچکردنی،  گشت کونجەکانی ماڵەکەیانی لە هەستی دڵنەوایی و ئارامیدا پڕکردبوو !

خاتوو ( سارا ) لە شیعرێکیدا، کۆچی وی، بە کۆچی جووانییەکان وێناکردووە کە بەردەوام ڕوودەدات و، تەواو نابێت ...

*

کتێبی شیعری ( با تامی بێدەنگی بکەین )، درێژکراوەی ئەزموونی شیعری خاتوو ( سارا ) یە و، بەشێکی زۆر لە ئەزموونە شیعرییەکانی ئەو ساڵانەی دووایی خۆی تیادا کۆکردۆتەوە . کاتێک لە ناونیشان و وشە و دێڕەکانی ئەو شیعرانە رادەمێنیت و، بە وردی دەیانخوێنیتەوە، هەست دەکەیت تاڕادەیەکی زۆر بە هەمان نەفەسی ڕابردوو نووسراون . هەڵبەت مەبەستم لە نەفەسی رابردوو، ئەوەیە کە بەهەمان نییەتی مرۆڤدۆستی و نیشتماندۆستییەوە نووسراون و، هەمان موعاناتی خودی و، لەهەمانکاتدا ئەوانی دییان گرتۆتە کە وەک مڵۆزمێکی بەدفەڕ لێیان جیانابێتەوە .

لەوکاتەی پەنجە لەسەر خەم و نائارامی دادەنێت، لەهەمانکاتێشدا لەڕێگەی گەمەی وشەسازییەوە وێنای مەحەببەت و جوانییەکان دەکات . ئەو مەحەببەت و جوانییەی موودەتێکی زۆرە هەمووان لێی بێبەشن .

ئەو، باس لە مرۆڤگەلێک دەکات کە لە بێئاگاییدا خۆیان لەیادکردووە و، سێ جار ئازار دەچێژن . جارێک بەدەست خۆیانەوە و، جارێک بەدەست یەکترەوە و، جارێکیش بەدەست هاوزمانە دەسەڵاتدارەکانییەوە کە بە بێ مروەتییەوە ئازاریان دەدەن .

خاتوو ( سارا ) لەناو دیوانە شیعرییە نوێیەکەیدا سەبارەت بە زۆر شت دەدوێت، سەبارەت بە زۆر شت هەڵوێستە دەکات، سەبارەت بە زۆر شتیش جوانی وێنا دەکات . ئەو لەبارەی ( ڕووحێک لە مەنفا ) و ( دڵشکان ) و ( ڕووحی چەند جار کوژراوی شەهید ) و ( زەمبیلەی بەتاڵ ) و ( نەورەسێکی نووستوو ) و ( داخستان ) و ( دیل ) و ( سروە ) و ( کەرنەڤاڵ ) و ( باران ) و چەندین ژانری تری ژیانەوە دەدوێت کە مرۆڤ لە میانی ڕەوڕەوەی تەمەنیدا مامەلەیان لەگەڵدا دەکات و پێیان ئاشنا دەبێت . بەشێک لە مرۆڤەکان لەتەکیاندا ئولفەت دەگرن و، بەشێکی تریشیان یاخی دەبن و، لەئاستیاندا چەمکی پێکدژی پیادە دەکەن .

*

خاتوو ( سارا ) لەڕوانگەی نیشتماندۆستی و هەستی نەتەوەپەروەرییەوە، لە شیعرێکی کورتدا کە لە سێبەری ئیحای شیعرییانەی ( هێمن موکریانی ) دا نووسیویەتی و، لەژێر ناونیشانی ( شیلادزێ ) دا، کە لەلاپەڕە ( ١٠٣ ) ی دیوانە شیعرییەکەیدا بلاوکراوەتەوە، ئاوا هەلوێستی خۆی سەبارەت بە دەنگی ناڕەزایەتی و نیشتمانخوازانەی گەنجانی شارۆچکەی ( شیلادزێ ) لە پارچەیەکی نیشتماندا بەیان دەکات:

" کە تانک و تۆپم لەژێر پێی

ئیرادەی بەرزتدا بینی

گوتم یاخوا لە ئاسمانت

نەبینم مووشەکێکی تر ! "

سەبارەت بە شارەکەی خۆشی کە تیایدا چاوی کردۆتەوە و، پەروەردەکراوە، لە ئاست کارەسات و دژوارییەکانیدا چاوی نەنوقاندووە و، هەوڵیداوە بە وشە کار لەسەر ئەو ڕووداو و تراژیدیایانە بکات کە ڕووحی شار و خەڵکەکەیان زامدارکردووە . لەو میانەدا کەسێتی ( ئەحمەدی سابیر ) ی تەوزیفی شیعرێکی خۆی کردووە کە لەپەنا خەمی خۆی لە ئاست تراژیدیای بۆردومانی شارەکە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕیکەوتی ٢٤  / ٤ / ١٩٧٤ دا نووسیویەتی و، سەدان قوربانی لە نێوان کوژراو و برینداردا لێکەوتۆتەوە . بۆیە لە شیعرێکیدا لە ژێر ناونیشانی ( دارەبەن ) دا کە لە لاپەڕە ( ٨٩ ) ی دیوانە شیعرییەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، بەو شێوەیە هەڵوێستی خۆی لە ڕێی وشەوە نیشان دەدات :

" کە لە بازاڕ گەڕایەوە

ژن و منداڵ

لەبن دار و پەردووی خانووی ڕووخاو

هەناسە بەجێیهێشتبوون

دەست و لاق و سەری پەڕیو، کۆکرانەوە

دوو ... دوو و سێ ... سێ

خرانە نێو یەک گۆڕەوە

( ئەحمەد ) ئەوکات

ڕەگی لە زەوی داکوتا

ناویان لێنا دارەبەنە ڕەشپۆشەکە ! "

بەهان شێوە لە شیعری ( تەم ) دا، سەبارەت بە شار و ڕۆڵەکانی دەدوێت و، ئەو تەمەی لە ئاسمانی شاردا دەیبینێت، دەیچوێبنێت بە هەڵمی خوێنی قوربانیان و شەهیدانی شار بە تێكرای مرۆڤەکانییەوە، بە تێكڕای هەناسە ماندوو و ئارامەکانییەوە کە لە باکگراوەندی هەستی نیشتماندۆستی و، خواستی خۆبووردوویی و ئیرادەی پڕ چەلەنگییەوە سەر و گیانی خۆیان بە پانتایی نیشتمان بەخشیوە . لەهەمانکاتدا لەسەربەرزی و پایەداریدا، سەری گەنج و لاوانی شار بە ( قەندیل ) وێنا دەکات. ئەوەتا لە لاپەڕە ( ٣٣ ) ی دیوانە شیعرییەکەیدا وتویەتی :

" هەڵمی خوێنی شەهیدانە

تەمی ئاسمانی شارەکەم

ڕۆژ نابوێرێ

هەموورۆژێ، رووحێکی نوێ

دەبەخشێتە خاکی لەت لەتی کوردستان

بۆیە هەردەم وەک ( قەندیل ) ە

سەری گەنجانی شارەکەم !"

خاتوو ( سارا ) وەک وەفادارێک، مەحەببەتی مرۆڤیانەی خۆی بۆ شاعیری کۆچکردوو ( کەژاڵ ئیبراهیم ) لەیادنەکردووە کە وەک هاوڕێ و هاوشاری و هاودەنگێک ساڵانێکی زۆر پێکەوە ئاشنایەتیان هەبووە . لەئاست کۆچی ناوادەی ویدا، لە لاپەڕە ( ٩٣ ) ی دیوانە شیعرییەکەیدا، لە ژێر ناوی ( چاوی کەژاڵ ) دا زەنگینانەی وشەکانی بەو شێوەیە هۆنیوەتەوە :

" خۆر چل جاران

ئاوا بوو و، وەدەرکەوتەوە

دیدارێکت

سەرەتاتکێیەکی نەکرد

کۆپلەیەکت

فرمێسکێکی نەنووسییەوە

خەندەیەکت نەناردەوە

بۆ دەڤەری قات و قڕی خۆشەویستی

بفڕە بۆ خۆت لەو ئاسمانە

بنوو بۆ خۆت

لەو پێدەشت و سەوزەڵانە

با چیدی چاوت تەڕ نەبێ

بۆو نیگا نابینایانە ! "

سەبارەت بە وەسفی دایکیش دڵی بەوە دانەسکاوە تەنها بەو شیعرە ئۆقرە بگرێت، کە سالانێک لەمەوبەر لە پەنای کۆچی دووایی دایکیدا لەژێر ناوی ( کۆچی جوانییەکان ) دا نووسیبوویی و، بڵاویکردبۆوە . بەڵکو جارێکی تر لەڕێگەی بەکاربردنی وشەکانییەوە، پێناسەیەک بۆ چییەتی دایک دادەڕێژێت و، لێیەوە ڕووانینی دەخاتە دەخاتەڕوو . لەو کورتە شیعرەدا کە لەژێر ناوی ( دایک ) دا نووسیوویەتی لە لە لاپەڕە ( ١١٣ ) ی دیوانە شیعرییەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، وتویەتی :

" لە هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر دەچێ

هەموو ڕەنگەکانی تێدایە

دایک ! "

خاتوو ( سارا ) لە چوارچێوەی وشەکانی شیعری ( ژیان خۆی بێدەنگە ) کە لەلاپەڕەکانی ( ١٢٢ – ١٢٣ ) ی دیوانە شیعرییەیدا بڵاوکراوەتەوە، بە وردی لەچاوی ژیانەوە پێناسەی ئەو دۆخە دەروونی و سایکۆلۆژییەی خۆی دەکات لە ساتەوەختی نووسینی شیعرەکەیدا پیایدا تێپەڕیوە و، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە دۆخێکی سەرسامهێندا ماوەتەوە و، دەستەوەستانە لەوەی بڕیار بدات چ ڕەهەندێکی ئارامبوونەوە هەڵببژێڕێت . هەڵبەت ئەمەش بەرهەمی پێگەیینی ئەقل و زەینە کە قەڵەمبەدەستێکی جدی پێیدەگات لە هەلومەرجێکدا کە زۆرینەی عەوام لەناو سیستەمی دووپات بووەوەی ژیانی نۆرمالی خۆیدا کەمتر درکی پێدەکات . خاتوو ( سارا ) لە کۆتایی ئەو شیعرەدا وتویەتی :

" ئەمڕۆ

دڵم بۆ تێڕامانیش لێنادا

ژیان خۆی بێدەنگە

دێم و دەچم

دەچم و دێم

نە حەزم لە خەوە، نە خوێندنەوە

عەمگینێکی سەیرم ئەمڕۆ

پشدەری وتەنی : بێحەجمینم ! "

خاتوو ( سارا ) بەشێکی دیوانە شیعرییەکەی بە شێوەیەکی جیا لە فۆرمی پاشبەنددا جیاکردۆتەوە و، تەرخانی کردووە بۆ ئەو شیعرانەی لەڕووی کات و زەمەنەوە بۆ ڕابردوویەکی دوورتر لە تەمەنی فیزیکی ئەو دەگەڕێنەوە . ئەو چەپکە شیعرانەش کە لەو پاشبەندەدا بڵاوکراونەوە، لەژێر ناونیشانی ( ڕابردوویەکی چاپنەکراو، بەهار لەنێو دڵی پاییزدا ) ڕیزبەندی کردوون و، لەنێو لاپەڕەکانی ( ١٣٥ – ١٨١ ) ی دیوانە شیعرییەکە کۆکراونەتەوە . بەشێک لە ناونیشانەکانی ئەم پاشبەندە بریتین لە ( ماڵئاوایی، هەتوان، بینین، نەغمەیەک کە نەمبیست، ڕەونەق، .... ) کۆی ئەو شیعرانەش لە ڕێگەی چەند سەرەداوێکەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە و، هەموویان تەعبیرن لە جۆرێک لە هەستی مەحەببەتخوازی کە بەدەگمەن مرۆڤێک هەیە لە ڕەوڕەوەی تەمەنیدابە شێوازی خۆی ئەزموونی نەکردبێت . یاخود بێ ویستی خۆی، هەژموونی بەسەر هەست و دەروونییەوە دانەنابێت .

من پێموایە ئەو کۆمەڵە شیعرەی کە لە پاشبەندی دیوانە شیعرییەکەدا بە جیا بڵاوکراونەتەوە، دەکرێت وەک یەک تەنی شیعری لێیانبڕوانرێت و، لەچوارچێوەی یەک شیعردا کۆبکرێنەوە . چونکە دیوی ناوەوەیان هێندە لێکنزیکە، وا گومان دەبەیت بە یەکجار نووسرابن، نەک ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵیان نێوان بێت . ئەم قسەیە، بەرهەمی ڕاڤەی خۆمە لە پاش خوێندنەوەی کۆی شیعرەکان، نەک ئەوەی لە کڵاوڕۆژنەی کێماسییەوە بینووسم . مادام مرۆڤ وەک کائینێکی زیندوو، بەردەوام لە ژێر کارتێکردن و گۆڕانکاریدایە و، نابێت سەرجەم خەسڵەتە بینراو و نەبینراوەکانی ئەمڕۆی لە دوێنێی بچێت، کەواتە ئاساییە لە دوێنێدا بە جۆرێک خەیاڵکاریمان کردبێت و، بە جۆرێک وشەکانمان دەربڕیببێت و، بە جۆرێکیش قەڵەممان خستبێتە سەر کاغەز کە لەڕووی تێفکرین و جیهانبینیمانەوە لە ئەمڕۆمان جیاوازتر بێت . 

*

دەستخۆشی لە خوشکی بەڕێز ( ساراخان ) دەکەم بۆ ئەو کۆمەڵە شیعرەیی و، ئومێد دەکەم خەیاڵ و جیهانبینییە شیعرییەکەی بەردەوامی بەخۆیەوە ببینێت و، ناوە ناوە وتراوەکانی بخاتە بەرچاوی خوێنەرانی شارەکەیی و، شار و ئاوەدانییەکانی تری نیشتمان .

* با تامی بێدەنگی بکەین، سارا فەقێ خدر، شیعر، ٢٠٢٢

١١ / ١ / ٢٠٢٤

 

 

 

 

 

وتاری نووسەران