
حەمەفەریق حەسەن
بەری هەر شتێک خۆناسین هۆشیارییە. خولیای گەڕان و پشکنین به شوێن نهێنییهکانی گەردووندا، بە نیازی تێگهیشتن لێیان و ئاشکراکردنیان، هۆشیارییه. ههوڵەکانی مرۆڤ بۆ ڕهوینهی گومان، لهمهڕ دیارده سروشتی، زانستی و کۆمهڵایهتییەکان، هۆشیارییه. هەوڵی بەردەوامی مرۆڤی چەوساوە و بندەست بۆ گەیشتن بە ئازادی، لە پێش هەموویانەوە پرسی سەرخۆبوون، له هۆشیارییهوه سهرچاوه دەگرێت. هۆشیاری چاوێکە نهێنییەکانی دونیای پێ دەبینین. لە سەرەتای بوون و دەرکەوتنیەوە، مرۆڤ پێچەوانەی هەرچی بوونەوەرە، کەوتۆتە پرسیار کردن. پرسیار لە هەر دیاردەیەک بینیوێتی. هەر لە ڕێی پرسیاریشەوە مرۆڤ بە هۆشیاری دەگات.
هۆ خاڵە پیرەمێرد گیان هۆو! تۆی منەوەر و هۆشیار، دوای هەرەسی ئیمپراتۆریای عوسمانی، هاوڕێکانت بۆ پارە و پایە، بوون بە سەرۆک ئەرکانی سوپا، سەرتیپ و وەزیر، لە حوکمەتی شاهانەی عیراق. تۆی منەوەریش، نەچوویتە خزمەتی عیراقەوە. لەسەر ئەرکی خۆت، ڕۆژنامەی (ژین)ت دەرکرد و ساڵانە ئاگری نەورۆزیشت دەکردەوە. ئەرخەیان بە ئێستا تۆ، لە هەموو ئەو وەزیر و سەرۆک ئەرکان و سەرتیپانەی وڵاتی عیراق گەورەتری!
بە زمانێکی زۆر سادە دەتوانین بڵێین: مرۆڤی هۆشیار خاوەنی ئەقڵێکی بێدار و چالاکە. لە ڕێی هەستەکانیەوە دەتوانێت دەرک بە جموجووڵ و گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری خۆی بکات. بە زەینی خۆی لێکیان بداتەوە و لێیان بکۆڵیتەوە. نەخشەیش بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کێشەکان دابڕێژێت.
لە دێر زەمانەوە، گەشەی زمان و هۆشیاریی بە یەکدا چوون و پێوەندییان بە یەکەوە هەبووە و هاوتەریب هاتوون. چونکە هۆشیاریی بە زمان گوزارشتی لێ دەکرێت. جا ئەگەر مرۆڤ لە ڕشتەی زماندا کۆڵ و دەسەوسان بێت، چلۆن و لە ڕێی چ ئامرازێکەوە بتوانێت گوزارشت لە تواناکانی خۆی و ئاریشەکانی و دەوروبەری بکات؟ بۆیە ڕەگەزی زمان و هۆشیاریی، تەواوکەری یەکترن.
تێگەیشتن لە دیاردەکان، لە دەوروبەر و لە ناکۆکییەکان، نیشانەی هۆشیارییە. تۆمارکردن و پاراستنی یادەوەری، نیشانەی هۆشیارییە. لەسەر یەک کەڵەکەبوونی ئەزموونەکان هۆشیاری بە مرۆڤ دەبەخشن. پێشبینیکردنیش دیسان لە هۆشیارییەوەیە. دەشێ بڵێین، هۆشیاری جۆرە مەعریفەیەکە مرۆڤ لە ئەنجامی تێکەڵبوونی لە گەڵ دەوروبەر و پێوەندی لە نێوان کۆمەڵی خۆی و ئەوانی ترەوە، لە ئەنجامی کارلێک لەگەڵیاندا پەیدا دەکرێت. هۆشیاریی لە جێی خۆیدا چەقبەستوو نییە. بۆی هەیە گۆڕانی بەسەردا بێت و گەشە بکات. لە لایەکی ترەوە، هۆشیاریی بە زەبری خوێندنەوەی بەردەوام و بەشوێنداچوون، وریایی، ڕامان، گەشت و پشکنین، گەشە دەکات.