ئەبو کاروان

بە ئاھو حەسرەتێکی قوڵەوە، بەدڵێکی غەمگین و پڕ لە نیگەرانی، بەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢٤/٥/٣١ھەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەرێكی ڕاستەقینەمان پێگەیشت، کە ئەویش: ھاوڕێمان خەلیفە ئەحمەدە.

ئەگەر ڕۆژێک پرسیارمان لێ بکرێت کێ نمونەی خەباتکاری ڕاستەقینەی سەردەمی ڕەشی بەعسە، ئەوا بێ دوو دڵی و بە یەقین و بەرپرسیارێتیەوە هاوڕێ خەلیفە وەک نمونەیەکی پێشەنگ لە خەبات دەستنیشان دەکەین، ئەگەریش  پلەی ئازایەتی دەستنیشان بكەین ئەوا ھاوڕێ خەلیفە لە لوتكەی تێكۆشەران و لەپلەی یەكەم و لەڕیزی پێشی پێشەوە جێگەی بۆ دیاری کراوە.

  بۆیە لێرەدا دەمەوێ بەشێكی كورتی ژیاننامەی سەربازی ون ھاوڕێ مام خەلیفە باسبكەم و لووتكەی ئازایەتی ئەم شیوعییە مەردە بەیانبكەم لە سەخترین زروفی تێكۆشاندا لە دوای ئەنفال و مانەوەی مەفرەزەكانی حیزب لەگەرمیان، ئەو سەردەمەی كە كادرو پێشمەرگەی حیزبمان بەپەنجەی دەست دەژمێرران، لەو ڕۆژگارە کە ئاستی وەحشیەتگەری بەعس گەشتبووە لوتکە، کەمبوون بەرگەی ئەو ڕۆژگارە سامناکەیان دەگرتد، ھاوڕێ مام خەلیفە بەتەنھا لە خانویەكدا بوو، بەبێ دوو دڵی و سڵكردنەوە ماڵەكەی كردە بارەگاو مۆڵگەی تێكۆشانی حیزبی و پێشمەرگایەتی، شەوانە شەھید ئەبوڤیان و بازۆكەو ماموستا ئەنوەر و ھاوڕێیان ، ھاوڕێ و ڕێكخستنەكانی حیزبیان بەسەر دەكردوە، ھاوڕێیانی پێشمەرگە لە مۆڵگاكانیانەوە لە دیھاتەكانەوە دەھاتنە ئەو ماڵەو  دوای كۆكردنەوەی ئازووقەو پێویستیەكانیان دەگەڕانەوە شوێنی تایبەتەكانی خۆیان، ئەم کارە پڕ بوێریەی مام خەلیفە هەر چرکەیەکی لە ئاشکرا بوون یەکسان بوو لە پەتدان و سێدارە.

دەمەوێ لێرەدا بەشێكی تر لە ئازایەتی و مەردایەتی ئەم سەربازەی حیزبەكەی فەھدو سەلام عادل و جمال حەیدەری ھاوڕێ خەلیفە بۆ ھاوڕێیان و خەڵك بەیانبكەم، ئەویش كاتێ ھاوڕێیانی ئێمە لەسێ ڕووداوی جیاوازداو كەشەھیدبوونی فەرماندەو كادرەكانی حیزبی لێكەوتەوەو بەشێكی تری ھاوڕێیان ناوچەكەیان بە جێھێشت ھاوڕێ خەلیفە چەك و سەرجەم كەرەسەكانی ھاوڕێیانی لە ماڵەكەی خۆیدا پاراستبوو  تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ بێئەوەی تاكە فیشەكێكی لێ فەوتابێ.. 

ئەو جوامێرە پڕ لە ڕوحیەتی خۆنەویستی و ئازایەتی بوو.

ڕووحت شاد،  ئەی ڕەمزی تێكۆشان ھاوڕێ خەلیفە، تۆ بەجێتھێشتین بەڵام یادو یادەوەرییەكانت لە بیرناكرێت 

دروود بۆ گیانی پاکت.

May be an image of 1 person

 

وتاری نووسەران