
شەماڵ بارەوانی
دایکم دەیگوت: کوڕم کاتی خۆی کە منداڵێک لەدایک دەبوو، یەکسەر نەدەڕۆیشتین بۆ فەرمانگەی ناسنامە بۆئەوەی ناسنامەتان بۆ دەربێنین.
دوو لە خوشکەکانم، ڕۆژ و ڕێکەوتی لەدایکبوونیان وەک یەکە! خوشێکێکم هەیە، به تەمەن ساڵێک لە من گەورەترە، کەچی لە ناسنامەکە من ساڵێک لەو گەورەترم!
ئێمە شەش خوشک و برا، بەرهەمی دوو دایکین. هەموومانیان پێکەوە بردووە بۆ مووسڵ و بە یەک جار و بە ڕەتڵ، ناسنامەیان بۆ دەرهێناوین!
جا من بە هۆی ئەوەی دووساڵ لە ناسنامەکەم گەورە کراوم، نزیکەی دووساڵ پێش تەمەنی ڕاستەقینەی خۆم، چوومە قوتابخانە.
وەک خەونێک بیرمە، یەکەم ڕۆژی قوتابخانەبوو، کچی ئاغای دێ، کردی بە ڕۆژی حەشر.
هەموو قوتابخانە و دنیایەک پیاوی دێ، لە دەرەوەی قوتابخانەکە گردببوونەوە.
کچەکە، یەک بە دەنگ دەیگوڕاند و زۆر بە کوڵ دەگریا و دەیگوت: ئەو شیمالە پرتکەگووە چییە لە قوتابخانە وەرتان گرتووە، کەچی من وەرناگرن؟
پاشان کچەکە لەپڕ هاتە پاڵم وەستا و گوتی: ئەها سەیری باڵای من بکەن، چەند لەو بنچکە فسەیە درێژترم.
مامۆستاکان گوتیان: ڕاستە شیمال لە تۆ بچووکتر و باڵای کورتترە و هی قوتابخانە نییە، بەڵام لە ناسنامەکە شەش ساڵە و یاسا دەڵێت: دەتوانێت بێتە قوتابخانە. تۆش لە ناسنامە بچووک کراوی و یاسا ڕێگات پێ نادات، ساڵێکی تر دەتوانی بێیتە قوتابخانە.
دواتر کچەکەیان بەخاترانە و شت وەرگرت.
وەک گوتم، بە هۆی بچووکی و کەمتەمەنیمەوە، بە ئاستەم هەندێک شتی پۆلی یەکەمی قوتابخانەم بیر دێتەوە.
بیرمە، ڕۆژانە بەزۆر و بە گریان و ترسێکی زۆرەوە، دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانە.
ساڵی یەکەم هیچی وا فێر نەبووم. لە پۆل لە ترسی مامۆستاکان هەر دەگریام.
ناچار، مامۆستاکان خوشکەکەم کە لە خۆم گەورەتربوو، هێنایانە هۆبەکەی من و لەکاتی تاقیکردنەوە دەیانگوت: دەستی بگرە و لەبری ئەو وەڵام بدەوە و وانەکانی بۆ بنووسەوە.
ئەوساڵە دەرنەچووم، لە هەمان پۆل مامەوە.
ساڵی یەکەم مامۆستاکان هەموویان عارەب بوون، تەنها دانەیەک نەبێت، کوردی ئێزدایی و خەڵکی قەزای شێخان بوو.
ترسێکی زۆر لە مامۆستاکان و ڕقێکی بێئەندازەم لە قوتابخانە دەبوویەوە.
ڕۆژانە بە گریان و بەزۆر دایکم بەڕێی دەکردم بۆ قوتابخانە.
قوتابخانە لام وەک جەللادخانە و دۆزەخێک وابوو.
هەر کە پێم دەخستە ناو قوتابخانە، ترسێکی زۆر، سەراپای بوونی دادەگرتم. وام دەزانی هاتووم بۆ ژووری عیدامکردن و سزادان و لێپێچینەوە.
کاتێک گەورەبووم و ڕۆمانی(من لە ئاوشفیتز دەرباز بووم)م٭ خوێندەوە، ڕێک هەمان ئەو هەست و ترس و دڵگوشینەی سەردەمی منداڵی و قوتابخانەکەمان دایدەگرتم.
مامۆستاکان وەک جەللادێک لەگەڵ قوتابییەکان ڕەفتاریان دەکرد. جۆرەها سووکایەتی و بێڕێزییان پێ دەکردین.
لێدان بە داری ئەستوور، بە مشتەکۆڵە و پێلەقە، قژڕاکێشان، تفلێکردن و تەباشیرتێگرتن، لەسەر یەک پێ ڕاوەستاندن، جوێنپێدان، ڕۆتین و سیستەمی ڕۆژانەی خوێندنی قوتابخانەکەمان بوو.
مامۆستاکان، گەر قوتابیەک وانەکەی ئەزبەر نەکردبا، یان وەڵامی پرسیارێکی نەزانیبوایە، وای لە حاڵی و حاڵم بە حاڵی نەبێت.
هەرچەندە مامۆستاکان بەهۆی بچووکیمەوە، لە منیان نەدەدا و جوێن و قسەیان پێ نەدەگوتم، بەڵام من هەر لێیان دەترسام و زەندەقم لێ چووبوون و فۆبیای مامۆستام گرتبوو.
شەو گەر نەخەوتبام، دایکم بە مامۆستا دەیترساندم و دەیگوت: بخەوە، گەرنا مامۆستا دێت. کورە ئەها مامۆستا هات، ناخەویت؟ وەرە مامۆستا وەرە، وەرە لێی بدە.
کە دایکم وای دەگوت، لە ترسان بەتانییەکەم دەخستە سەر دەموچاوم و نققەم لەخۆم دەبڕی.
دواتر لەپڕ، ڕۆژێک بینیم مامۆستاکانمان هەموویان کوردن و هیچ مامۆستایەکی عارەبمان نەماوە! من هیچ لە بابەتەکە حاڵی نەبووم و نەمزانی بۆچی مامۆستاکانمان گۆڕاون و عارەبەکان بۆ کوێ ڕۆیشتوون و هۆکاری ئەو نەمانی مامۆستاعارەبانە چییە!؟
ئەوە نەوەتەکان و دوای ڕاپەڕینەکە دەڵێم.
دوای ڕاپەڕینەکە، هەڵە نەبم ماوەی دووساڵ دەبوو، مامۆستاعارەبەکان هەندێکیان هەر دەهاتنەوە و هەر ئەوانیش وانەیان پێ دەگوتین. مامۆستای کورد نەبوو. مامۆستا عارەبەکان، ڕێک هەر یەکە و سەددامێک بوو.
بیرمە ڕۆژێک دوو قوتابییان هەستاندەوە، لەبەرئەوەی قوتابییەکان وەڵامی پرسیارەکانیان نەزانی، هەردووکیان هێنا نزیک تەختەڕەشەکە و بەردەمی هەموو منداڵەکان. یەکێک لە مامۆستاکان ناوی(غەزوان) بوو، هێندە داری لە یەکێک لەو دوو قوتابییە دا، قوتابییەکە هاوار هاواری بوو، مامۆستا وازی لێ نەهێنا تا دارەکەی دەستی لەکاتی لێدان شکا.
ئەوەی دیکەش، لە پشتڕا دارێکی لە پشتەملی بە ژێر جلەکانیەوە شۆڕکردە خوارەوە و تا نێو سمت و ڕانەکانی برد و لە دەلینگی پانتۆڵەکەی هێنایە دەرەوە.
دیمەنەکە هەم کۆمێدی و هەم تراژیدیک بوو، کەسمان نەماندەوێرا پێشبکەنین.
دواتر کە مامۆستا کوردەکان هاتن، تۆزێک ئەو ترس و فۆبیایەی لە قوتابخانە هەمبوو، ڕەوییەوە.
ئەفسووس، دواتر بۆم ڕۆشن بووەوە، ئەوانیش جیاوازییەکی وەهایان لەگەڵ عارەبەکاندا نەبوو. لێدان هەمان لێدان، جوێن و سووکایەتی، بە هەمان شێوە. چۆن عارەبەکان بە عارەبی جوێنیان پێ دەداین و پێیان دەگوتین: وەل قەشمەر، قۆندەره، حەیوان، ئەوانەی خۆشمان هەر وەک ئەوان دەیانگوت: کوره حەیوان، قۆندەرە، گەمبوور. بە پێڵەقە و مشتەکۆڵە، دەکەوتنە سەروگوێلاک و گیانمان و دەم و لووتیان پڕی خوێن دەکردین(خۆم بە نموونە، وایان لێ کردووم)
تەنانەت مامۆستامان هەبوو، جاری وا بووە تفەنگی لێ سوارکردووین و بە تفەنگ هەڕەشەی لێ دەکردین، کاتێک لێمان تووڕە دەبوو، زۆرجار پێی دەگوتین: هەی ئەو کێرەتان بەمێ.
ئێستاش زۆر مامۆستا دەناسم کە دڵی بۆ گەڕانەوەی لێدان لە قوتابی لێدەدات و ئاواتەخوازە، ئەو توندوتیژییە و وەحشیگەرییەی لە قوتابخانە لەگەڵ ئێمە ئەنجام دراوە، دووبارە بگەڕێتەوە و لەگەڵ قوتابییەکان جێبەجێ بکرێت.
-------------
٭ڕۆمانەکە، باس لە هۆلۆکۆستی جووەکان دەکات لەکاتی دووەم جەنگی جیهانی.