لەسەروبەندی هەڵبژاردنی چارچووچ ، التأمیم ،  دڵ و قودسەکەی کوردستان !

بردنەوەیەك بە تامی دۆڕان !

لە زۆرینەی وڵاتە پێشکەوتووەکان و بەناو دیموکڕاتەکان ، یاسا سەروەرە ، هەڵبژاردنەک انیش سەنگی مەحەکن بۆ گۆڕانکاری ریشەیی  لە دەموچاوەکان ، بواری سیاسی ، ئابووری ، کۆمەڵایەتی و ..... ، تاکەکانیش لە پڕۆسەکەدا بە وشیاری خوێندنەوەیان بۆ پڕۆژەکان هەیە ، ژیرانە هەڵسوکەوت دەکەن ، دەنگ بەو بەربژێرە بە تواناو شارەزایە  دەدەن کە تا ئاستێك دەتوانێ بەرنامەکەی پیادە بکات لە رووی بنیادنان و ئاوەدانی و ....  .

رۆژهەڵاتی ناوین ، لە زەریا تا  کەنداو ،  ژینگەیەکی شێداری کەڕوولێدراوی بۆگەن و قێزەون ، گۆڕەپانی جلیتبازی ململانێی خێڵەکی ، شەڕ ، هەژاری ، بێکاری ،  تاکڕەوی ، چەسانەوە ، رقوقینە و ........ ، هەڵبژاردنەکان ، لە گەمەیەکی قێزەون ، لە نمایشێکی ( دیموکڕاتی ) گاڵتەجاڕیی ، بە زۆرینەی دەنگی ساختەکاری ، کۆمەڵێ بەرژەوەوەندیخوازی  چەتە ، گەندەڵ ، بێ ئابڕوو ،  پاشەڵپس ، مافیا و .....  دەهێنرێنە سەر سەکۆ و شانۆگەرییەکی نوێ لە ماڵوێرانی و نەهامەتی پەردەی لەسەر لادەدرێ .

رۆژی دووشەممەی 2023 / 12 / 18 ، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ( حکومەتی خۆجێیی ) بەڕێوەچوو . لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك دوای رووخانی بەعس کە لە ساڵی 2005 بەڕێوە چوو ، کورد زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا ، بەڵام ئەمجارەیان نەك  وەك هیچ پارێزگایەکی تری باشوور و عێراق نییە ، جیایە و تایبەتمەندێتی و ئاڵۆزبوونی  خۆی هەیە ، ج لە نێوان ململانێی بەرداشی ناوخۆ و دەرەوەی  کوردستانیبوونی ، ململانێی حزبەکان و فرە پێکهاتەکانی ، رووبەڕووبوونەوەی ناسیۆنالیستی توندڕۆیی و هەژموونی دەرەکی ( ئێران و تورکیا ) ، تەڕاتێنی هەواڵگرییەکان ، دەزگای شەڕی تایبەت  لە لایەك و جۆشدانی گڕی نەوتەکەش بۆناو تونێڵێکی تاریك وئایندەیەکی نادیار ، لە لایەکی ترەوە ، ناکرێت بە نادیدە بگیرێت ، ( لەدوای هەڵبژاردن دەبێ عەگالتان لەسەرکەین یا بە عەگالەکانتانەوە هەڵتان دەواسین ! ) ،  دوو تێڕوانینی جیا و دوور لەیەکتر ، لووتکەی شۆڤینی و راسیستی و ناخێکی بۆگەن .

کورد خاوەنی راستەقینەی کەرکووکن ، تورکمانەکان لە سەردەمی داگیرکاری عوسمانییەکان نیشتەجێکران و بوون بە میوان و بە تەبایی ژیانیان کردووە ، عەرەبەکانیش هەژموونی سیاسەتی پاوانخوازی و تاکڕەوی دەسەڵاتە یەك لە دوا یەکەکان سەپێنراون .

قامووسی ئیعلامی عوسمانی ئاماژەی بە دانیشتوانی رەسەنی کوردی ئەم شارە کردووە ، لێژنەی کۆمەڵەی گەڵانیش لە کێشەی ویلایەتی مووسڵ ساڵی 1925 و لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەکانی دیموگڕافی کەرکووك  ، دانی بە کوردستانیبوونی شارەکەدا ناوە کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن و خاوەنی راستەقینەی ئەم شارەن  بەم شێوەیە : % 63 کورد ، % 19 تورکمان ،% 18 عەرەب ،  لە سەردەمی داگیرکاری ئینگلیز % 80 کرێکارەکانی IPC کورد بوون ، پێشنیارەکەی سەدامیش ، لە پردی خاسەوە بکرێتە دوو بەش ، خوارووی بۆ عێراق و سەرووی بۆ کورد ، بەڵام بارزانی رازینابێ ( یان هەمووی یان هیچ ! ) کاتێ کەسێکی نەشارەزا و نەزان سیاسەت بە کەللە رەقیبکات ، ماڵوێرانی بەدوادادێت و باجەکەی قوڕستردەبێت ، بێ ئاگا لەوەی کەروێشکیش بە عارەبانە راودەکرێت !

کەرکووك کە قووڵایی ستراتیجی کوردستانە ، واتە ئەنفال ، سێ تاکەی  تەبعیس ، تەڕحیل ، تەعریب ، سێدارە ، راوەدوونان ،  زیندانی ، نەهامەتی ، جەنگی دەروونی ( بۆی هەبوو زەوی و خانووی بفرۆشی ، بەڵام نۆژەنکردنەوە و دروستکردن رێگەپێدراو نەبوو ) و ....... . لە قوربانی پشکی شێری بەرکەوتووە ، باجی کوردستانیبوونی بە زیادەوە بەخشیوە و بەرگەی زۆریانگرت .

ئەو شین و شەپۆڕ و داد و فیغانە و فرمێسکە درۆزناوییەی بۆ  هەیبەتی کەرکووك هەڵدەڕێژن ، راشکاوانە یەك پوولی قەڵپ ناکات ، ئەو دۆی دادەیە بۆ 78 ساڵە دەڕژێ ، بۆ شیرە رژاوەکە مەکەن شینێ ، ئەوە شوفێرە نەزانەکەی ئۆتۆمبێڵە شەق و پەقەکەی کوردایەتییەکەی  78   ساڵە لە چاوەڕوانیداین تا لە گەیشتنی هەڵیکسەی لەبەردەمدا بکرێ ، نەگەیشت ، هەرنەگەیشت هەر خەریکی تەناش و بەگ لێدان و گەڕانەوە بۆ دواوە بوو ! مێژووش هەڵوەستە لەسەر دەرهاوێشتەکان دەکات .

78 ساڵ براکوژی ، سەنگەر لە یەکترگرتن ، پەرتەوازەیی ، جاشایەتی ، شکست دوای شکست ، قەیران ، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ، جێبەجێکردنی ئەجیندای هەواڵگرییەکان ، داماڵدراو لە کوردبوون و مرۆڤبوون .

راپەڕین دەرفەتێکی مێژوویی رەخساند تا سەرانی کورد بەخۆدا بچنەوە ، بەڵام ئەو نەمامەی قەد و لق و پۆی بە چەماوەییکرد هەرگیز راستنابێتەوە ، نەبوە خاوەن دەستورێك ، دابەشبوونی بۆ دوو زۆن و زاڵبوونی دەسەڵاتی حزبی بۆ خوارەوە تا بەردەستی فەرمانگەیەك ، هێز لە سەرووی یاسا ، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و ناپاکی نیشتیمانی و ......... ، رۆمانێك لە درۆ و چەواشەکاری .

لە 2003 دەرفەتێکی تر هاتە پێش ، ئەمجارەشیان بەریهاوێشت ، لە پڕۆسەی ئازادکردنی کەرکووك ، کێ  بە پەلەبزوڕکێ ( میت ) ی ئاگادارکردەوە لەوەی لەپاڵ هێزی هاوپەیمانان ، هێزێکی کوردی هاوکار و چاوساخیانە ، کە ئەمەش مەترسیدارە لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز بۆ هاوکێشەی سیاسی لە سەر ئایندەی ئەو شارە و ناسەقامگیری ! 

لە هەڵبژاردنی 2005 ، کورد پشکی شێری بەرکەوت لە دەسەڵاتی کارگێڕی ، ئاسایش ، ئابووری ، هێز و ..... ، هەمان عەقلییەتی شکستخواردووی شاخ و راپەڕین گوازرایەوە بۆ ئەم شارە ، لە دوو ئاسایش و دوو پەروەردە دوو هێز و دوو پۆلیس دوو رەنڴ و دوو  ئەنجوومەنی تاڵان و بڕۆ و....... .

دەکرا دەسەڵاتی خۆجێیی کوردی بە کەشوهەوایەکی سەردەمیانە ،  ژینگەیەك و عەقلییەتێکی  تەندروست ، بیرکردنەوەیەکی نوێخوازانە ( نەك عەقلی شاخ ) ، تێگەیشتن و مامەڵەی بەرپرسانە و واقعیانە بۆ دۆخی فرە پێکهاتەکان بهێنابایە کایەوە ، لە پێکەوەژیان و تەبایی ، لێبوردەیی ، لەگۆڕنانی رق و قینە و توند و تیژی و ململانێی دەمارگیری و ئایینی  Ethnic Conflict ، تۆڵەسەندنەوە ، لێدوانی ئاگرین ، یەکترسڕینەوە ، دروشمی ختۆکەدان و سۆزداری نەتەوەیی و شۆڤینی..... ، وەلانانی بەرژەوەندی حزبی و پاوانخوازی و باڵادەستی   ، فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری ، ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەدواچوونی خەمەکانیان ، بنیادنان و گەشەکردن و پڕۆژە ، بنبڕکردنی گەندەڵی ، پاراستنی بەهای تاك ، لەگۆڕنانی پلانی دەستوەردانی دەرەکی ، ستراتیجییەتێکی یەکگرتوو بۆ مەبەستی پلاندانان و هەماهەنگی  گێڕانەوەی متمانە لە پڕۆسەی کارنامەی بەڕێوەبردنی دامەزراوە و جومگەکانی حوکمڕانی . سەلاحەددین بە هێزەوە چوە ناو قودس ، بەڵام فرەیی و پێکەوەژیانی هەڵبژارد !  خۆسەرێتی رۆژئاوای کوردستان ، بە زانایانە و شارەزایانە ، سەرەڕای بەربەست و  ئاستەنگە دژوارەکان ، وەکو شانەی هەنگ بە یەکەوە و هەماهەنگی ، دەستورێکی سەردەمیانەی بنەڕەتی پێکەوە ژیانیان هێنایە کایەوە !

ئاخۆ لە 2003 تا 2017 چی بۆ کەرکووك کرا چ بەها و نرخێکی بۆ دانرا تا ئەمڕۆ فرمێسکی بۆ هەڵڕێژن ؟ بەڵکو دەستکەوتەکانی راپەڕین چین کە سەرخان و ژێرخانیان وێرانکرد و ئایا ئەمانە پیاوی دەوڵەتدارین ، چییان چاند تا بیدوورنەوە  ؟ شێرپەنجەی کورد لەناو خۆیەتی ، بووکەڵەیەکی دەستی داگیرکەران لە ئەزموونێکی شکستخواردووی سیاسی ، ئابووری ، ئەخلاقی ، دەروونی و .... ، بۆ گلەیی لە دوژمنان و هێنری کێسینجەر دەکەن بۆ پاساو هێنانەوەی ئاشبەتاڵ و شکستەکان ؟ ئەوەتا کورد خۆی رێگربووە لە چارەسەری ریشەیی کەرکووك و ماددەی 140 کە دەبوایە ساڵی 2007 جێبەجێبکرابایە ( بۆ نەکرا ؟ ) ، کێ هاوپەیمانی بەرەی دژی هاوسەنگەرانی خۆی هەڵبژارد ؟ بۆ پارێزگارێکی عەرەبێکی شۆڤینی پێ باشتربێ لە کوردێکی رەسەنی ئەم شارە یا هەر هاوڵاتییەکی رۆشنبیر و مرۆڤدۆست و وڵاتپارێز ؟ بۆ  لە دوای 2017 / Oct / 16 ، هاوڵاتییانی ئەمشارە دڵخۆشبن بە نەمانی دەسەڵاتی کوردی ؟ ئاخۆ دەبێ دەسەڵاتی نا نیشتیمانی کوردی چ برینێکی قۆڵ و پڕ لە نەهامەتی و دۆزەخێکی دەروونییان بەسەر خەڵکەکە جێهێشتبێ لە بێ منەتی، لووتبەرزی ، شەوانی سوور ، فیك و هۆڕ و جرت و فرتی ئۆتۆمبێڵە مۆدێل بەرزەکان لە گەڕەکە هەژار نشینەکان و هەڵپە هەڵپی دزین تاڵانکارییانبێ ! دەکرێ کۆیلەیەك یا پاشەڵپیسێك بکەی بە فیرعەون ؟

لەو ساتە وەخت و قۆناغە هەستیارەدا ،

لێگەڕێن  پرسی کەرکووك بۆ وڵاتپارێزانی خۆی بێت ، بۆ کەسانی چاڵاك ، کاریگەر ، خاوەن ئەزموون ، دیدگای سەربەخۆ و دوور لە ئایدۆلۆجیای دیاریکراو و هەژموونی جەمسەرگیری حزبایەتی و خێڵەکی و لە ئاست بەرپرسیارێتی دا بێت ، بۆ سەرپێ خستنی نەخشە  رێگای پڕۆسەی مۆدیلێکی دیموکراسی ، ستراتیجییەتێکی هاوبەشی ئاسایش ،  ناتوندوتیژی بەڕێوەبردن و داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان و وەلانانی پرسی نەتەوە گەرایی ، پێداگری لەسەر چەسپاندنی نەریتی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕی ، بە یەکەوە و بە تەبایی کارکردن و بنیادنانەوەی سەرلە نوێی شارەکە ، خۆیان بەدوورخەن لە دەسەڵاتی خۆسەپێن و فاشی کوردایەتی و فیتی دەرەکی ، گەر سپێنۆزا ، هیگڵ ، مارکس ، رۆزا و هەزارانی دی خۆیان بکەن بە دامێنیان ، یەکناگرن و لەسەر هەسارەیەکی تریش بن وەك دوو ئاسنە ژەنگاوییەکە و دوو جەمسەرە سارد و گەرمەکە هەرگیز ناگەن بە یەك ، چیتر  ئاسنی سارد مەکوتن و بلوێر بۆ گا مەژەنن ! هاو شارییان پێویستییان بە هەست و بیر و هۆشێکی تەندروستە ، باوی سەنگەر و نەفرەت لە یەکتر گرتن و هەست و سۆزی کوێرانەی نەتەوە پەرستی بەسەرچوو ، لە شەڕی یەکتر سڕینەوە ، پاکتاوی نەژادی و رەتکردنەوە ، بۆ شەڕی دیموکراسی و زمانی گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز ، پێویستی بە پڕۆژەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی  بە یەکەوە ژیانی ئاشتییانەیە و سەقامگیری و ئاسایش و ئاوەدانی ، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان ، مرۆڤی شیاو بنبڕکردنی گەندەڵی  هەیە ، تا عەگال نەخرێتە سەری کەس و نە عەگال بکەنە پەتی سێدارە ، ئەمەش پێویستی بە نەفەسی درێژ و قوربانی هەیە و ناپاکەکانیش هەرگیز لەسەر دەستیان وڵات بنیاد نانرێ .

ئیدریس سدیق

شەممەی 2024 / 1 / 21

وتاری نووسەران