كانیاو بایز

  به وردبوونەوە لە جیاوازی نێوان رەگەزی زۆرینەی بوونەوەرەکانی سەر زەوی، توانای جیاواز لەهێزی  مێینه بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و گرێکوێرەکان  بەدی دەکرێ.

بەهەمان شێوە لە توخمی مرۆڤ و بە شێویەکی  روون و بەرجەستە بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی بە پێی کات و پێکهاتە کۆمەڵایەتیيەکان لە زۆربەی نەتەوە و هۆز و گەل و کۆمەڵ ئەم هێزە زۆر جار وەک فریادرەسێک بۆتە کلیلی چارەسەری  کێشەو ناکۆکیيەکان . بەڵام بەهۆی ترسی لەدەستدانی دەسەڵات و هەڵپەرستی . رەگەزی بەرامبەر نەیتوانیوە دان بەم هێزە دابنێ و وەک بنەمایەکی هاوسەنگ بیخاتە ناو هاوکێشەی ململانێ و ئالنگاریيەکان هەرگیز نەبۆتە دیالیکتێکی جێگیر لە کەلتووری نەتەوەکان و مرۆڤایەتی بەگشتی لە بەشداریپێکردن هەرچەندە لەرووی سایکۆلۆژیشەوە سەلمێندراوە کە ئافرەتان لە رووبەرووبوونەوە و دانوستان و گفتوگۆکان توانای زیاتریان هەیە بۆ بە ئەنجام گەیشتن و یەکلاکردنەوە و بەرگریکردن .  وەک هەولێکی نێونەتەوەیيش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری 1325ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2000ەوە وەک  یەکەم بڕیار بۆ بەشداریپێکردنی ژن لە بنیاتنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکييەكان ناوەندە سیاسیيەکان بڕیاری لێدراوە لەسەر ئاستی جیهانیش بەپێی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا و سیاسەتی وڵاتان کاری لەسەر دەکرێ، بەڵام لە هەندێ کۆمەڵگادا نەک بوونی ئەم هێزە پشتگوێ دەخرێ، بەڵکو بە نەرێنی وەسف دەکرێ یان تەنها لە چوارچێوەی پلان و کاری رۆتینیدا جێگیردەکرێ. نموونە لە پرۆسەکانی دانووستانە سیاسی و چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆن و ئێستادا زۆر کەم بەشداری بەم هێزە کراوە و یاخود پشتی پێ بەستراوە، کەچی هەمیشە ئافرەتانی کوردستان لە رووبەرووبوونەوە و یەکلاکردنەوە یاخود بنیاتنانی ئاشتی توانای بەرچاو و روونیان هەیە، چونکە بەلایەنی کەم ئاواتەخوازی ژیانێکی ئارام و ئاشتیانەیە لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا . دیارترین نموونە بۆ ئەم پەراوێزخستنە هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانی ئەم دوایيەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا کە بەشێوەی گشتی بریتی بوون لە ناردنی وەفد و دانووستان. بەڵام لەگەڵ بوونی چەندین ئافرەتی بەتوانا لە پۆستە حکوومی و ئیداریيەکان و تەنانەت لە شوێنی پەیوەست بە کێشەکانیشەوە نەیانتوانی بەشداری بە ڕۆڵی ئافرەت بکەن و لەسەر مێزی گفتوگۆکان سوود لە تواناکانیان ببین . لەکاتێکدا لەرووی ئیداری و حکوومیيەوە باڵاترین دەسەڵاتی لایەنی بەرامبەر ئافرەتە و زۆربەی کات توانیویەتی بە ئالیەتی جۆراوجۆر و راستەوخۆ و ناڕستەوخۆ هێزی بڕیار و دەسەڵاتەکانی بسەپێنێ بەسەر وەفدە کوردیەکان . ئەمە و لەکاتێکیشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوايیدا بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو کاری لەسەر بریاری 1325 ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی پلانی نيشتمانیدا کردووە و چەندین کار و کۆنفرانس و دیبەيتی تایبەتی بۆ کراوە، بەڵام هەنگاوەکانی بەشێوەی کرداری نین، بەڵکو روون و ئاشکرایە چالاکیيەکانی تایبەت بەم بوارە تەنها بۆ بەرچاوی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی بیانی بووە .

وتاری نووسەران