زاهیر ئیبرهیم

لەگەڵ براکانی، بێگوێدانە ترس و تۆقاندن، و نمایشە سەربازی و هەواڵگرییەکانی دەسەڵاتی سەرکوتکەری بەعس، بووێرانە نامە و بەریدی حیزبییان لە شاخەوە دەگەیاندە سەنتەری شارەکان، تەنانەت هەر ڕاسپاردەیەکی ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبیشیان  وەک خۆی بۆ پێشمەرگە شیوعییەکانیان دەهێنایەوە.کە ئەو سەردەم شيوعییەکان لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری و تێکۆشان بۆ  ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، چیاکانیان کردبووە وێستگەیەکی تری بەرخودان و سەنگەری بەرگریی لە خاکی کوردستان.

 وەک هاوتەمەنەکانیان دەڵێن" ئەم خانەوادەیە لە هەر ئەرکێک بۆ گواستنەوەی زانیاریی لە بارەی جموجۆڵەکانی ڕژێم، سەر ڕاستانە وردەکاریی  بارودۆخ و پێشهاتەکانیان دەگەیاندەوە هاوڕێیەکانیان". جگە لە گەیاندنی کۆمەک و پێداویستی بە سەنگەرەکان و بنکەکانی حیزب. ئەمە پیشەی هاوڕێ عبداللە و برا و کەس و کارەکەی بوو کە بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕیزی حیزب خزمەتیان بە گەل و نشتیمان کردووە.

هاوڕێ عبدللە جووتیارێکی گەڕیدە و ماندوو، مرۆڤ دۆست، خاکیی و میوان خواز. ئەستێرەیەکی هەڵکەوتووی ئاسمانی گەشی شیوعییەت، لە دایکبووی گوندی دەرگەڵەی لانەی باڵا بوونی دەیان شۆڕەسوار و خەباتگێری ڕێگای یەکسانی و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان،کە بۆ هەمیشە سەرکردە و جەنگاوەرەکانی دەرگەڵە جێگای شانازی و سەربەرزی حیزب و گەلەکەیانن.

هاوڕێ عبداللە دەرگەڵەیی، هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە پەیوەندی بەڕیزی حیزب دەکات. ڕاستگۆیی و بووێریی و خۆنەویستییەکەی، وایکردووە هەر زوو ببێتە کەسێکی خۆشەویست و جێی متمانەی هاوڕێیان و پێشمەرگە شیوعییەکانی عێراق و کوردستان. ئەو بەهۆی گرفت لە پێکهاتەی زمان و ئەداکردن، ناتوانێت وەک خۆی تەواوی پەیام و قسەکانی ناخی بگەینێت! بەڵام بەکردار و ئاکاری جوان، ناوبانگی لە ناو هاوڕێیان دەرکردبوو. بەڵێ چالاکبوون و کردارەکانی، هەرگیز نەبووە کۆسپ لە بەردەم ژیانی حیزبی و کۆمەڵایەتیی، ئەم گرفتە تەندروستییە، نەک نەیتونی پەکی بخات، بەڵکو لە هەر دۆخێک بەهێزتر دەرکەوتۆتەوە، ئەمەش بە هۆی بەردەوامی ئەزموونکردن و بەریەککەوتنی لەگەڵ کادیران و هاوڕێیان، کە هەمیشە قوتابخانەی پەروەردە و فیکر و هۆشیاریی بوونە.

لە ساڵانی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد، و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمە داگیرکەرەکانی عێراق، کە شیوعییەکان خاوەن قوربانیدان و مێژوویەکی پڕ لە شکۆ و سەروەریی ئەم قۆناغەی گەلەکەمانن. ئەم هاوڕێیە پاڵاوان ئاسا پردی گەیاندنی شیوعییەکان بوو بە بنکە و بارەگاکانی حیزب،لە  هەندرێن و کارۆخ و ناوچەکانی باڵەکایەتیی. هەر شیوعییەک کە لە بەسڕا و نەجەف و شارەکانی ناوەڕاست، کاتێک دەیانویست ڕوو لە بنکەو بارەگاکانی دەڤەرەکە بکەن، ئەو هاوشانی هاوڕێیەکانی ڕێنوێنی و چاوساغی  بۆ گواستنەوەی دەکرد. 

کورد گوتەنی" کوڕی ڕۆژی تەنگانەبوون".

ئەم هاوڕێیە، لە وێستگەی خەباتی ئەمڕۆی حیزبیشدا هاوڕێیەکی پابەند و دڵسۆزە لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی ئەندامی حیزب.  بەبێ ئەوەی بەرپرسە حیزبییەکەی داوای لێ بکات، مانگانە خۆی دێتە بارەگا و ئابوونەی بڕیاردراوی حیزبیی ئەدات! لە هەر ئەرکێکی حیزبی بە هەمان گڕوتینی جاران بەشداریی هەیە، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەن، بەڵام دەیەوێت هەر پێشەنگ و ئامادەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکانیدا.

 هاوڕێ عبداللە، برای هەر یەک لە تێکۆشەری کۆچکردوو مام" احمد کەژە" و هاوڕێ" واحید". هاوڕێ تا ئێستاش هەر نیشتەجێی دەرگەڵەیە. هەر تێکۆشەر وپێشمەرگەیەکی دێرینی  شیوعیی کوردستانی یان عێراقی، کاتێک ڕێیان دەکەوێتە ئەم دەڤەرە سۆراغی مام عبداللە دەکەن و لە هەواڵ و باس و خواسی ئەپرسن.

جێی خۆیەتی بڵێن ئەم خانەوادەیە و کچ و کوڕەکانیان بە ئەوپەڕی وەفادارییەوە لە ڕیزی حیزب بەردەوامن لە تێکۆشان.

No description available.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا