ئاسۆس ساڵح
هاوڕێیەتی وەک پەیوەندێکی کۆمەڵایەتی لە لێواری ئاوابووندا
گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی «هاوڕێ» لە هزری کۆمۆنیستیدا
مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی لەسەرەتاوە تا ئێستا لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەردەوام بووە. جا ئەو پەیوەندییە خێزانی بێت، یان پەیوەندیی خۆشەویستی یاخوود هاوڕێەتی بێت یانیش پەیوەندی بێت لە نێوان ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵ دەکات. ئاشکرایە هەر پەیوەندێک بنەما و زەمینەی دوست بوونی تایبەتی بە خۆی هەیە. هەندێک لە پەیوندییەکان ڕەنگە ناچاری بێت و هەندێکی تر بژاردەیی خوودی مرۆڤ خۆی بێت.
پەیوەندی خێزانی/ خوێنی پەیوەندێکی ناچارانەی مرۆڤە لە چوارچێوەی خێزان، وەک پرەنسیپی کلتووری و کۆمەڵایەتی پەیوەستی دەکات تا ئاستێک پێیەوە پابەند بێت و پارێزگاری لێ بکات. بەڵام هەرچی پەیوەندی ترە بەتایبەت «هاوڕێیەتی» خواستی مرۆڤە بۆ هەڵبژاردنی هاوڕێ لە چوارچێوەی دیدگای ئەو بۆ پەیوەندی هاوڕێیەتی، ئەم تێڕوانینە بە ئاگایی و نائاگایی پاڵنەری هزری و مەبدەئی و شەخسی ...هتد لە پشتە. باسەکە ئەوەیە ئەم هاوڕێیەتییە لە کۆنتێکستی سیستەمی سیاسیی «سەرمایەداری» ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی هەڵسەنگێنین و ئەڵتەرناتیڤی هاوڕێیەتی دروست و ڕاستەقینە لە دیدێکی کۆمۆنیستی بخەینە ڕوو لە پێناو مانەوەی هاوڕێیەتیدا.
دوای ڕواخانی ڕژێمی بەعس، بە دیاری کراوی دوای ۲۰٠۳ هەرێمی کوردستان لە ژێرکاریگەری دەرەکی و سیستەمی جیهانی و ئەو بارودۆخەی تێیدا بوو هەوڵی تەواویدا لە باوەشی سیستەمی سەرمایەداری جێگەی ببێتەوە. دوای ئەو ماوەیە ئەم هەرێمە کە جاری سیستەمی سەرمایەدای و نیۆلیبراڵیزمی لێداوە هیچ پێشکەوتنێکی بەچاوی بەخۆی نەبینیوە، تەنانەت لە ژێر سایەی ئەمانەدا تاڵانی سەرخان و ژێرخان کراوە. ئەوەی هەیە گەورەبوونی ڕواڵەتی یەک دوو شارە و کۆی بەناو شارەکانی تر ماونەتەوە لە جەوهەری فیودالیی کشتوکاڵیی گوندیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوشێوەی کاڵا زۆر و زەوەندە توجارییەکان کولتووری سەرمایەدای هاوردەکردووە بەسەر کۆمەڵگەی فەرز کردووە. دەتوانین وا ناودێری سیستەمی هەرێم بکەین کە سەرمایەدارییەکی پاشکۆ و دواکەوتووە و بەرخۆرە.
بەهەرحاڵ، هەرچەندە ئەم بابەتە زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەگەر تابلۆیەکی بچووک و لێڵیش بێت بەسە بۆ ناساندنی هەرێمێک کە خۆمان له ناویدا دەژین و بەرکەوتەمان لەگەڵ کۆی سیستەمی بەڕێوەبردن و ژیار و ژیانی کۆمەڵایەتی ناوی هەیە.
بابەتی سەرەکیی هەڵوەستە کردنە لەسەر هاوڕێیەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی لە باشووردا؛ وەک دەزنین لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک و ئاڵۆگۆڕێکی زەمەنی و سیاسی و تێپەڕینی ڕۆژگاری خێرای مرۆڤایەتی لە ئێستادا پیوەندییەکانیش بەرەو کاڵبوونەوە و سنوورداری ڕۆشتوون، تا ئاستێک کە بەرەونەمانە. ئەوەی ماوەتەوە لە چوارچێوەیەکی بچووکدایە و لە واقیعی مەجازیدا خۆی فۆرمولەکردووە و لە واقیعی ڕاستەقینەدا هاوڕێیەتی وەک بەپرسیاریەتێکی قورس مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
پەیوەندی و هاوڕێیەتی لە سیستەمی سەرمایەداریدا پەیوەندێکی بەرژەوەندیخوازنەیە، پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای مرۆڤانە و خۆشەویستی بوونیادنەنراوە. ڕەخنە جەوههەرییەکانی «کاڕڵ مارکس» لە مەڕ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ، لە کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا، بە ڕوونی ڕەخنەکانی لە مەڕ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ دەخاتەروو. ئەو پێی وایە کە پەیوەندییەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی چینایەتیدا لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا هاوڕێیانە و مرۆڤانە نییە بەڵکوو پەیوەندێکی کاڵایی نامۆکراوە. واتا لە نێو سیستەمی سەرمایەداریدا مرۆڤ لە جەوهەرە مرۆڤانەکەی خۆی خاڵی دەبێتەوە و فەزیلەتی هاوڕێیەتی لێ دادەماڵرێت و جەوهەری کاڵایی وەردەگرێت. مرۆڤی بەکاڵاکراو، مرۆڤێکی ڕواڵەتیی ئابوورییە کە چی تر ناتوانێ جەوهەریانە و مرۆڤانە بیر بکاتەوە و لە مەڕ شتەکان ڕابمێنێت کە لە خەمی چاکەی گشتی دابێت، بە دەربڕینێکی تر چی تر ئازادی و یەکسانی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی و کۆمەڵگەی بێ چینایەتی بۆ ئەو ماهیەت و گرینگی نییە. بەڵکوو بەرژەوەندی شەخسی و کەسی بۆ ئەو گرینگە. واتا دەبێت بە مرۆڤێکی بەرخۆری خۆویست کە بەدەر لە قازانجی ئابووری و بەدەستهێنانی پارەی زیاتر ناپرژێتە سەر شتی تر بۆ ئەم ئامانجەش ئامادەیە گشت ئامرازێک بخاتە خزمەت ئەم ویستە کەسییە. سەر ئەنجام ئەم تێڕوانین و ژیانکردنە دەبێتە هۆی دروستکردنی کەسایەتێکی خۆپەرست.
ئەم جۆرە مرۆڤە بەکاڵابووە نامۆکراوانە شوناسی خۆیان لە شوناسی جەوهەریی مرۆڤانە وەرناگرن، بڵکوو شوناس لە کاڵا و پارە کۆکراوەکانیان وەردەگرن، لای ئەوان شوناس واتا کاڵا بە نموونەی هەمووی ڤێلا و ئۆتۆمبێلی گران بەها و جل و سعاتی مارکە ...هتد شوناس لە ڕواڵەتیدایە نەک لە جەوهەریدا. سیستەمیش تەبەنی و ئەم جۆرە لە شوناسە دەکات چونکە خوودی شوناسی سیستەمە. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤی ئابووری شوناس ڕواڵەتیی خۆی دەبێت به کاڵا، تا زیاتر ڕۆبچێتە ناو ئەم تێگەیشتنە زیاتر ماهیەتی بوونی خۆی بە کاڵاوە هەڵدەواسێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئیعتیباری کۆمەڵایەتی ئەم مرۆڤە لە کاڵاوە سەرچاوە بگرێت. دەبینین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەم جۆرە ئیعتیبارە کۆمەڵایەتییە بەناوی جۆراوجۆر زۆر بووە.
سیستەمی سەرمایەداری هەموو شتێک بە قازانجی ئابوورییەوە دەبەستێتەوە، تەنانەت ئەو پەیوەندییەی لە نێوان مرۆڤەکانیشدا هەیە. مرۆڤی ئابووری ناتوانێ پەیوەندێک دابنێت لە چوارچێوەی قازانجی ئابووریی و بەرژەوەندیخوازی نەبێت. بۆیە هەمیشە هاوڕێیەتێکی شکستخواردووە، چونکە بەندە بە قازانجی ئەم پەیوەندییە. مارکس تێڕوانینی وابوو کە سەرمایەداری بۆ سەرمایەدارەکانیش خراپە، چونکە هاوسەرەکانیان لەبەر خوودی خۆیان هاوسەرگیریان لەگەڵ ناکەن بەڵکوو لەبەر کاڵا و دەوڵەمەندیی هەڵیان دەبژێرن. بۆیە کۆی پەیوەندییەکان لە مانا سەرەکییەکانی خۆیان دەکەون؛ چیتر ئەو ماتەوزەیە نییە مرۆڤەکان لێک نزیک بکاتەوە و خۆشەویستی و سۆز و ڕوحیەتی هاوکاری دروست بکات.
لە کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا کە لەسەر نا عەدالەتی بوونیاتنراوە، لە ژێر کاریگەری کلتوری سەرمایەداری و بەژەوەندیی کەسی و ڕاکەڕاکی پارە پەیاکردن بۆ ژیان و مرۆڤێکی نامۆکرا و بە کاریکرێگرتەیی دۆزینەوەی هاوڕێیەتی لە دەرەوەی چوارچێوەی مەفهومی سەرمایەداری بۆ هاوڕێیەتی، بەدەستهێنانی گرینگترین سەرمایەیە بۆ مرۆ لەم ڕۆژگارەدا.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کۆمۆنیزم بدەینەوە، دەبینین دوو ڕابەری هزری، فەلسەفی و کۆمۆنیست «کاڕڵ مارکس» و «فریدریک ئەنگلس» نموونەییترین هاوڕێی مێژووی مرۆڤیایەتین. «لینین پێی وابوو هاوڕێیەتی نێوان مارکس و ئەنگلس یەکێکە لە دەسکەوتە ئێستاتیکییەکانی کۆمۆنیزم کە کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەیتوانیوە هاوشێوەکەی بەرهەم بێنێت. ئەو بە ئاشکرا تەحەدای کردن ئەگەر نموونەی هاوڕێیەتێکی هاوشێوەی پەیوەندیی نێوان مارکس و ئەنگلس پێشکەش بکەن. لینین لەو باوڕەدا بوو کە تەواوی مێژووی هزریی مروڤایەتی نموونە و مۆدێلێکی لە چەشنی خۆبەخشی و خۆنەویستیی دوولایەنەی نێوان ئەو دوو بیرمەندە پێشکەشنەکردووه.»
ئەم دوو هاوڕێیە بەهۆی یەکێتیی هزریی نێوانیان و مەبدەئی شۆڕشگێڕیی و خەبات لە پێناو نەهێشتنی نا عەدالەتی و جیاوازیی چینایەتیی توانیان هاوڕێیەتی ڕاستەقینە پیشانی مرۆڤایەتی بدەن، لینین گووتەنی هاوڕێیەتێکی ئێستاتیکیی باڵایە.
هاوڕێیەتی نێوان مارکس و ئەنگڵس سەرئەنجامی هێنانە کایەی مارکسیزمە وەک ڕەوتێکی هزری و ڕزگاریی پرۆلیتاریا و بەردەوامیدان بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی خەباتی چینایەتی. درێژەی ئەم تێگەیشتنە لە هاوڕێیەتی و خۆنەویستیی و هاوکارییە لە نێو گیانی کۆی چەپەکان، مارکسییەکان، سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان درێژەی هەیە و ئیلهام لە یەکسانی نێوان مرۆڤەکان وەردەگرێت.
چەمکی «کۆمڕاد» هاوڕێ لە کاتی شۆڕشەکانی ۱٨٤٨ (بەهاری خەڵک) بەکاردەهێنرا و دواتریش گواسترایەوە بۆ زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی، بۆ یەکەمجار وشەی "کۆمڕاد" لە گۆڤاری دادی سۆسیالستی لە ساڵی ۱٨٨٤لە زمانی ئینگلیزیدا بەکارهێنرا. دواتر پارتە چەپە شۆڕشگێڕەکان بەکاریان هێنا و لە دوای شۆڕشی بۆلشەفیکی لە یەکێتی سۆڤییەت بە تەواوی جێکەوتە بوو و بەناو وڵات و پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهاندا بڵاوبووەوە تا ئێستاش بەکاردێت.
کۆمۆنیستەکان وشەی «هاوڕێ» بەکاردێنن، لە جیاتی وشە گەلێکی تر کە بنەچەیەکی چینایەتییان هەیە و ئامانج لێی سەرداری و کۆیلایەتییە و نایەکسانی لە ناوەڕۆکی وشەکەدا خۆی مەڵاس داوە وەک: گەورەم، شێخ، قوربان، برا، کاکە، ئاغا، ئەزبەنی ...هتد. لە هاوڕێیەتیدا، جۆرێک لە ئاسۆییبوون و یەکسانی هەیە و کەس لە خۆڕا سەردار و سالاری ئەوی تر نییە.
لە ئەمڕۆدا پێویستە هاوڕێ بخرێتەوە جێی زاراوەیەکی ئەبستراکت و ڕووتی وەک فڕێند (برادەر)، چونکە هاوڕێیەتی، بەو مانا سیاسییەی کە کۆمڕادشیپ هەیەتی، لەو هاوڕێیەتییە شەخسی و سۆزدارییەش باڵاترە کە فرێندشیپ هەیەتی؛ چونکە ئەگەر فرێندشیپ پەیوەندییەکی سۆزداری و وەفادارانەی نێوان دوو کەس بێت، ئەوا کۆمڕادشیپ پەیوەندییەکی سیاسیی نێوان کۆمەڵەیەکی گەورەیە و وەفادارییە بەرامبەر بە بازنەیەکی فراوانتر. فڕێند یان برادەر گەرچی جۆرێک لە ماتەوزەی هاوڕێیەتی لەخۆیدا هەڵگرتووە و ئەگەری واقیعیبوونی تێدایە، بەڵام لە بنەڕەتدا وشەکە ڕێژەیەکی زۆر نا واقیعیبوونی تێدایە و بنەچەیەکی پتەوی ماتریاڵی و واقیعی نییە، بوونیادێکی فانتازی و خەیاڵیی هەیە. بۆیە لەسەر برادەر/ فرێندشیپ ناتوانی هیچ خەیاڵێکی سیاسی مەزن بوونیات بێیت، چونکە لەسەر بنەمای مەبدەئێ هزری و یەکێتیی ئایدۆلۆژی بوونیاد نەنراوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەستی پێدەکرێت، تێکشکاندن مرۆڤە لە ڕێگەی سیستەمێکی دژە مرۆڤەوە؛ هەر لە نامۆبوونەوە، تا بە کاڵابوون و پەراوێزخستن و بەڕواڵەتبوون و دروستکردنی مرۆڤی ئابووری و بەرخۆر ...هتد، هەموو ئەو لێکەوتە خراپانەی سەرمایەداری هەیەتی لە کۆمەڵگەی ئێمە بەدەرکەوتوون. نموونە هەرە بەردەست و پەیوەست بە بابەتەکە پرسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە و لە نێویشیدا پرسی هاوڕێیەتییە، ئەو هاوڕێیەتییەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کەسی و ئابووری بنیاتنراوە. هاوڕێ چیتر ئەو کەسە نییە کە کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەهای باڵا کۆیان بکاتەوە و لەسەر پرسە گرینگەکان بدوێن و ئامانج لێی نیشاندانی فۆڕمێکی تری هاوڕێیەتی بێت لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیستەمی خێزانی، عەشیرەتی یاخوود بازاڕی ئەمڕۆی هاوڕێیەتی. ئەوەی ئەلتەرناتیڤە لەم دۆخەدا، هاوڕێیەتیکردنە لە دەرەوەی کۆی سیستەمی پیوەندی نەریتی و سەرمایەداری، واتا هاوڕێیەتی کردنێک کە بەرژەوەندی سەنتەر نەبێت بەڵکوو خود مرۆڤ سەنتەر بێت و یەکێتییەکی هزری و کۆمەڵێک بنەما و مەبدەئی مرۆڤانە ئەم هاوڕێیەتیە دروست بکات، ئەمە وەک دوا هیوایە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندی مرۆڤانەی نێوان مرۆڤەکان. «جودی دین» دەڵێت: هاوڕێیەتی تەنها پەیوەندییەک نییە بۆ خەباتی سیاسی، پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و ژیارییشە، ئاخر ئەوە هاوڕێکانن کە لەپاش شۆڕش کۆمەڵگایەکی یەکسان و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی نوێ دروست دەکەن.

وتاری نووسەران